خەڵات
Saturday, 25/03/2017, 20:07
پێشکه شه به گیانی پاکی زه کیه ئەلکان که جه سته ی خوی کرد به مه شخه ڵی ئاگری نه ورۆز لە ٢١ نەورۆزی ١٩٩٠ له ئامەد
نێرگز لە شاخ
گوڵ لە گولزار
بەیبوون لە باخ
لە بەهاردا کۆ بوونەوه و
بڕیاریان دا
لە بۆ دەنگ دان
چاویان گێرا بە چوار چێوەی
گشت کوردستان
بۆ دیار کردنی جوانترین ئاگر
کە بۆ نەورۆز هەڵ ئەگیرسێ
لەبەرزایی و بناری چیا
لەسەر گردو لە دەشت و دەر
لە نێو گوندو لە سەر بان و
کۆڵانی شار
لە سەر ڕێگای کاروان سەرا
لەهێمنی و گەرمەی شەڕا
هەواڵیان دا
گشت دەنگەکان کۆ کەنەوەو
ئاگرەکانیش بەدی بکەن
بەر لەبڕیار
بۆ بەخشینی جوانترین خەڵات
بۆ یەکەمی گڕی سووری
جەرگەی وڵات
کەو لە کوێستان
بە قاقبە قاق
ووتی کەوا ئاگری شوان
له بەرزایی و نزمی تەلان
بەبلوێرو ئاوازی خۆش
کەمرۆڤ له دوور
ئەکا بێ هۆش
ئەو یەکەمه
مانگ لە ئاسمان ووتی نەخێر
ئاگری دڵدار وەیا دولبەر
لە گردو بان یا ن دەشت و دەر
لە گەڵ خزم و براو برادەر
ئەو یەکەمە
مەل و بولبول بە نەغمه خوان
لە باوەشی خۆڵەمێشی
گوڵ و ڕەیحان
ووتیان ئاگری گوڵ و خونچە
لەناو باخ و لە سەرکانی
بەدەم سووتان تا بەیانی
بەبێ گوومان ئەو یەکەمە
باران ووتی نەخێر گیانه
گڕی موڵك و پادگای دوژمن
بە دووکەڵی چڵ و ڕەشی
کە لەیەکەم دەست ڕێژەوە
لە پارێزی پێشمەرگەو گەریلادا
ئاسۆی گرتە نێو باوەشی
بەبێ گوومان هاوتای نیه و
ئەو یەکەمه
لەپڕ هات و کۆترێ سپی
لەشەقەی باڵ کەوتوو ووتی
سەرانسەری گشت کوردستان
گەڕام پێوام کەچی نەم دی
جوان و بەتێن
وەك ئەو گڕەی
کەبەجەستەی ناسکی زەکیه
بۆ نەورۆزو یادی نەورۆز
بەرزو پتەوتر بێ گڕی
بەڵێن ڕواندزی
بەهاری ١٩٩١
سوید
تێبینی/ئەم هۆنراوەیەم له سەر شێوازی هۆنراوەیەکی شێرکۆ بێکەس
داڕشتراوە ، کەکاتی خۆی، خۆی لە سەر تیرۆر کردنی ئۆلف پاڵمەی
... سەرۆکی سوێدی بە ناوی خەڵات نووسیوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست