کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامه‌یه‌کی کراوه‌ له‌ هاووڵاتیه‌که‌وه‌ بۆ کۆسره‌ت ڕه‌سول

Monday, 07/12/2009, 12:00


سه‌لام سه‌لامی خوایه‌، 
پاش هێرشه‌که‌ی جه‌نابت بۆ سه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا زۆر که‌س وه‌ڵامی قسه‌کانتیان دایه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌م نامه‌یه‌ی من زۆر گرنگه‌ که‌ بیخوێنیته‌وه‌ چونکه‌ له‌ هاووڵاتیه‌کی ساده‌وه‌یه‌ و بۆ تۆش چاکه‌ بزانیت میلله‌ت چۆن تۆ ده‌بینن و ڕایان به‌رانبه‌رت چۆنه‌‌؟
یه‌که‌م شت که‌ ده‌مه‌وێت پێت بڵێم که‌ که‌سمان بڕوا ناکه‌ین ئه‌و نوسینه‌ی که‌ به‌ناوی خۆته‌وه‌ بڵاوت کردۆته‌وه،‌ خۆت نوسیبێتت، چونکه‌ هه‌مومان باش شاره‌زات بوین و کاتێ‌ له‌ ته‌له‌فزیۆندا ده‌رده‌که‌ویت چاوی خۆمان ده‌گرین و ته‌ریق ده‌بینه‌وه‌ که‌ ناتوانیت یه‌ك ڕسته‌ی ڕاست‌وڕه‌وان له‌ زارت بێته‌ ده‌رێ. هیچ شوره‌ییش نیه‌ گه‌ر یه‌کێك نه‌زانێت قسه‌ی ڕێك‌وپێك بکات به‌ڵام شوره‌یی ئه‌وه‌یه‌ که‌ یه‌کێك بیه‌وێت خۆی وا ده‌رخات له ‌هه‌موو شتێك ده‌زانێت و له‌ هیچێش نه‌زانێت. 
تۆ ده‌کوڕوزێیته‌وه‌و ده‌ڵێیت له‌ پاش ڕاپه‌ڕین هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی ئابوریمان نه‌بوه‌ به‌ڵام بیرت چوه‌ باسی ئاودیو کردنی شۆڤڵ‌وگه‌ڵابه‌کانی کوردستان بکه‌ی که‌ کردتان به‌ودیو ئێراندا! خۆ خه‌ریك بوو دارودیواری وڵاته‌که‌ش له‌ بێخ ده‌ربهێنن و ئاودیوی که‌ن! یان ده‌ڵێیت که‌ هیچمان نه‌بوه‌ پاداشتی خه‌ڵکی پێبده‌ینه‌وه‌! حه‌زده‌که‌م بزانی که‌ خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ چاوه‌ڕێی پاداشت نه‌بون به‌ڵکو چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بون که‌ کوردستان له‌ سایه‌ی ئێوه‌وه‌ ببێته‌ وڵاتی یاسا! چاوه‌ڕێی کردارو پیشه‌ی جوان بوون له‌ ئێوه‌وه‌! به‌ڵام مه‌خابن ئه‌وه‌ی بینیان کۆمه‌ڵێك یاسا شکاندن و پاشاگه‌ردانی بوو که‌ له‌ زه‌مانی به‌عسیشدا شتی وایان نه‌ دیبوو! یان ده‌ڵێیت که‌ خانو و ئه‌رزه‌مان به‌سه‌ر خه‌ڵکدا دابه‌شکردوه‌! به‌ڵام ڕاسته‌ به‌ دۆنم ئه‌رزتان داوه‌ به‌ هه‌ندێك و بێ هیچ یاساو ڕێسایه‌ك خانوتان له‌سه‌ر ڕه‌عیه‌ته‌کانتان تاپۆ کردوه‌ و خه‌ڵکی واش هه‌یه‌ له‌زه‌مانی به‌عسدا هیچی پێنه‌بڕاوه‌و له‌کاتی ئێوه‌شدا که‌س ئاوڕی لێنه‌داوه‌ته‌وه‌! با من یه‌ك نموونه‌ت بۆ بهێنمه‌وه‌ که‌ به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ به‌عس له‌ ئێوه‌ زیاتر پابه‌ند بوو به‌ یاساوه‌! له‌ پێش ڕاپه‌ڕیندا به‌ فه‌رمانێکی به‌عس بڕیار درا که‌ خانوه‌ حکومیه‌کان بفرۆشرێت و تێدا ڕێگه‌ نه‌ درا به‌ ئه‌و که‌سانه‌ی خێزانیان نییه‌ که‌ ئه‌و خانوانه‌ بکڕن، له‌ ئه‌نجامدا کۆمه‌ڵێك کوڕو‌کچ که‌ خێزانیان پێکه‌وه‌ نه‌نابوو هه‌مویان ناچار بوون خانوه‌کان به‌جێ بهێڵن و یه‌ك که‌س نه‌یتوانی سه‌رپێچی له‌و یاسایه‌ بکات که‌ له‌ به‌غداوه‌ هاتبوو، به‌ڵام که‌ تۆ هاتی، به‌ڕیز خانوه‌کانی دورالامن و خانوی ئیداره‌ محه‌لیت له‌سه‌ر ده‌ست‌وپێوه‌نده‌کانت تاپۆ کرد بێ ڕه‌چاوکردنی هیچ یاسایه‌ك! ئایا ئه‌م پاشاگه‌ردانیه‌ شتێکی چاکبوو؟ ده‌ڵێن حکومه‌ت باوکی میلله‌ته‌، به‌ڵام پێم ناڵێیت چ مناڵێك فه‌خر به‌ باوکیه‌وه‌ ده‌کات گه‌ر به‌ دزی و ساخته‌ په‌روه‌رده‌ی بکات؟ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و که‌سه‌ شه‌رمه‌زاری بۆ ده‌مێنێته‌وه‌ که‌ خه‌ڵکی ده‌ست بۆ باوکی ڕاکێشن و بڵێن ئه‌وه‌ دزه‌که‌یه‌! بۆیه‌ گه‌ر منه‌تی ئه‌وه‌مان به‌سه‌ردا ده‌که‌یت که‌ نایاساییت له‌ به‌ر خاتری ئێمه‌ کردوه‌ هه‌رگیز ئافه‌رینت ناکه‌ین.
به‌قسه‌ی خۆت سلێمانی و کوردستانت خۆشده‌وێت! به‌ڵام که‌سێك شوێنێکی خۆشبوێت کاولی ناکاو له‌سه‌ر ئاسه‌واره‌که‌ی دانیشێت! پێم نه‌ڵێیت به‌و دوسێ پرد و باڵه‌خانه‌یه‌ کوردستانتان ئاوه‌دانکردۆته‌وه‌! کوردستان کاولی بێ یاسایی و نه‌مانی خوره‌وشتی ڕه‌سه‌نێتیه‌! خه‌ڵکتان فێری هه‌لپه‌رستی و ته‌مه‌ڵی و ده‌یان شتی خراپ کرد! ڕێژه‌ی ده‌ستدرێژکردنه‌ سه‌ر ژنان له‌ سایه‌ی ئێوه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئاسمان! گه‌نجه‌کان هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیان تێدا کز بوو! مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌ت جێی کارامه‌یی و چالاکی گرته‌وه‌! 
یان منه‌تی ئه‌وه‌مان به‌سه‌ردا ده‌که‌یت که‌ زانکۆتان کردۆته‌وه‌! ئێمه‌ پێت ده‌ڵێین ئایا کوردستان سێ زانکۆی پێشکه‌وتوی تێدا بوایه‌ یان ده‌یانی بێ مامۆستاو پسپۆڕ؟ سێ زانکۆ و کۆمه‌ڵێك پێداویست و به‌شی ناوخۆ و تاقیگای له‌ ڕیزی زانکۆکانی جیهان باش بوو یان ئه‌و هه‌موو زۆر و بۆره‌ی که‌ قودسیه‌تی زانکۆشی شکاندو پڕتانکرد له‌ ده‌ستوپێوه‌نده‌کانی خۆتان تا ماسته‌رو دکتۆرای ساخته‌ی تێدا وه‌ربگرن؟ 
ئایا خۆت ده‌زانی که‌ که‌س باوه‌ڕی به‌ تۆ نه‌ماوه‌و بویته‌ته‌ ڕه‌مزی په‌شیمان بونه‌وه‌؟ به‌جۆرێك ئێسته‌ ئه‌گه‌ر که‌سێك بیه‌وێت له‌ کارێك په‌شیمان بێته‌وه،‌ پێی ده‌ڵێن تۆش مه‌به‌ به‌ کۆسره‌ت! ئیتر چۆن خه‌ڵك متمانه‌ی به‌ قسه‌کانی تۆ ده‌بێت؟ خۆ هه‌مومان ئاگامان لێیه‌ که‌ له‌زوه‌وه‌ کاك نه‌وشیروان هه‌موتانی کۆ کرده‌وه‌و ووتی با حکومه‌ت بده‌ینه‌ ده‌ست خاوه‌ن ئه‌زمونه‌کان و ئێمه‌ ئه‌زمونی شاخمان هه‌یه‌و له‌ وڵات به‌ڕێوه‌بردندا شاره‌زا نین! به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ڕون و ئاشکرایه‌ چونکه‌ تا ئێسته‌ نه‌وشیروان مسته‌فا هیچ کارێکی حکومی وه‌ر نه‌گرتوه‌. که‌چی تازه‌ جه‌نابت ده‌ته‌وێت پێمان بڵێیت که‌ گوایه‌ ئه‌و ده‌ستی هه‌یه‌ له‌ تێکه‌ڵ کردنی حزب و حکومه‌ت! ئه‌و کاته‌ هه‌موتان حسابتان بۆ ئه‌و ده‌کرد به‌ڵام ئێسته‌ خاوه‌ن پاره‌و ده‌سه‌ڵاتن بۆیه‌ منه‌تی که‌س نازانن و ده‌متان ڕاستبۆته‌وه‌و هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر کاك نه‌وشیروان. هه‌تاکو چڵیتێکی وه‌ك مه‌لا به‌ختیاریش که‌ کاتێك له‌ سجندا له‌ ترسی کاك نه‌وشیروان هه‌ڵده‌له‌رزی که‌چی ئێسته‌ زات ده‌کات قسه‌ی پێبڵێت! ئه‌مه‌ش تاوانی کاك نه‌وشیروان خۆیه‌تی که‌ په‌تی بۆ شلکردن تا به‌که‌یفی خۆتان له‌ کوردستاندا په‌تپه‌تێن بکه‌ن!
من گه‌ر باسی سیسته‌مه‌ خوار و خێچه‌که‌ی ئێوه‌ بکه‌م هێنده‌ زۆره‌ به‌ یه‌ك نامه‌ کۆتایی نایه‌ت بۆیه‌ له‌ کۆتاییدا ده‌ڵێم تۆ نه‌خوشیت و دکتۆره‌کانیش پێیان ووتویت پێویستت به‌ ئیسراحه‌ته‌! بۆچی ناڕۆیته‌وه‌ ماڵه‌وه‌؟ خۆ ملیۆنه‌کانت هێنده‌ زۆرن‌ حه‌وت پشتیشت به‌ ملیۆنێر کۆتایی دێت! به‌قسه‌م ده‌که‌یت واز بهێنه‌و ئێمه‌ش با ئاهێکی ئاسوده‌یی هه‌ڵکێشین. له‌وه‌زیاتریش خۆت ناشرین مه‌که‌و ڕه‌حمێك به‌ ڕابوردوی خۆت بکه‌.
هاوڵاتییەک

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە