بۆ/ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان + سەرۆكی هەرێمی كوردستان
Sunday, 03/07/2011, 12:00
بەرێز مەسعود بارزانی: خۆشم دەوێى، بۆيه دەمەوێت سەبارەت بە بابەتێك كە یەك هەفتەی بەسەردا تێنەپەریوە، ڕاشكاوانە لەگەڵتدا بدوێم. ئەویش كوشتنی پێشمەرگەیە بەدەستی جاش و خاوەن (نوگ) الشجاعەكان و پشتگیری ئاشكراتانە لێی، رۆژی 28-6-2011 پێشمەگەریێك بەناوی (سیف الدین زكری یەحیاخان گەردی) لەوكاتەی كە بۆ ئەركی پێشمەرگایەتی بەرەو مەقەری خۆی لە سۆرانەوە بەڕێ دەكەوێ، لە نزیك شارۆچكەی حەریر لەلایەن مافیاو جاشەكانی (محمد قادار ئاغای سورچی) بە ئەنقەست تەقەی لێدەكرێت و بەبەرچاوی پۆلیس و ئاساییشەكانتەوە شەهید دەكرێ.
شایانی باسە: شەهیدی ناوبراو كوڕی شەهید زكری یەحیاخانەو برازای هەردوو شەهیدی قارەمان فكری و جخسی یەحیاخانە، كە هەرسێكیان لەشەرەكانی دژ بەسوپاو جاشەكانی بەعس شەهید بوونە، بەڵام بەداخەوە جەنابتان هیچ وەفایێكت نەبوو بەرامبەر بەخوێنی ئەو شەهیدانە، چونكە هێشتا بكوژی (سیف الدین زكری) لای محمد قادر ئاغای سورچیەو ئامادە نییە تەنانەت تەسلیم بە یاساشی بكات. جەنابتان زۆر جار بە موناسەبەو بێ موناسەبە گوتوتە كە پیرۆزترین كەس لای من پێشمەرگەیە، بەلام وا دیارە لەگەڵ ئەو دروشمانە ڕاستگۆنیت كە بەگوێماندا دەدەیت، ئەگەر راست دەكەی فەرموو مەهێڵە خوێنی ئەو شەهیدە بەناحەق كوژراوە بەفیڕۆ بڕوات و تاوانبار بەسزای عادیلانەی خۆی بگەیێنە، سەدان جار گوێمان لێ بووە باس لە سەروەری یاسا دەكەیت، بەڵام لەو هەرێمەدا كە تۆ سەرۆكایەتی دەكەیت، جاش و مافیاكان بەنوێژی نیوەڕۆ شەقامی سەرەكی دەگرن و خەڵك بەناحەق دەكوژن و میننەتت نازانن، كەچی خۆت بە كوێخای كوردستان دەزانی و پێتوایە حاكمی موتلەقی هەرێمی كوردستانی ، بەلام بەرامبەر بەجاشێك كە هەموو تەمەنی بریتی بووە لە خزمەت كردنی بەعس و تالان كردنی سەروەت و سامانی خەڵكی هەژارو خاوەنی چەندین (نوگ الشجاعه)یە، چۆك دادەدەی و ناتوانی پیاوكوژێك رادەستی یاسا بكەیت، من نەخزمی ئەو شەهیدەم و نەعەشیرەتی ئەوم بەڵكو لە نزیكەوە ئەو خانەوادەیە دەناسم و دەزانم چ قوربانیێكیان لە پێناو كوردایەتی و رێبازی بارزانیدا داوە، كەچی تۆ بەو شێوەیە پاداشتیان دەدەیتەوەو سەودا لەسەر خوێنی شەهیدەكانیان دەكەی، ئەگەر وەفای تۆ بۆ خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە هەر ئەوە بێت، ئەوا دڵنیابە رۆلەكانیان ئامادە نین سەری بەندایەتی بۆ جاشێك شۆڕ بكەن و دەستەوەستان دابنیشن سەیری بكوژی رۆلەكانیان بكەن، ئێستا تۆ لەبەردەم ئەزموونێكدای كە راستگۆیی و دڵسۆزی خۆت بۆ خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە بسەلمێنی و دڵی هەزاران رۆلەی شەهید بەدەست بێنی، بە پێچەوانەوە خەڵكێك دەبێت ئەو كەلێنە پر بكاتەوە، ئەوكات پەشیمانی دەهانا نایەت، چونكە هەرچی خزم و كەس و دۆستی ئەو خانەوادە هەیە چاوەڕێی هەڵوێستی تۆی سەرۆك دەكەن، تاوەكو بیسەلمێنی كە پێشمەرگە لای تۆ پیرۆزەو قەدری خەبات و قوربانیدان دەزانی، ئەگەر نەتتوانی بیسەلمێنی ئەوا دلنیابە ئەو مەسەلەیە بەبێ وەرگرتنی هەلوێستی دڵسۆزان ناگوزەرێ. من هەر ئەوەندەت پێ دەڵێم و ئیتر ئەگەر كەسێكی ژیربی تێدەگەی.
لەگەل رێزم
لە هاوڵاتیێكی دلسۆزی ئەم كوردستانەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست