کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یه‌كێتى ده‌ستى له‌ سلێمانى شۆرد یان سلێمانى ده‌ستى له‌ یه‌كێتى شۆرد؟

Thursday, 28/04/2011, 12:00


ئاشكرایه‌ كه‌ شارى سلێمانى و ده‌وروبه‌رى هه‌ر وه‌ك چۆن هه‌میشه‌ پشت و په‌ناو لانكه‌ى هه‌موو شۆڕشگێڕان و شۆڕشه‌ یه‌ك له‌ دواى یه‌كه‌كانى گه‌لى كورد بووه‌ به‌ پارتى دیموكرتى كوردستانیشه‌وه‌، یه‌كێتى نیشتمانى كوردستانیش هه‌ڵێنجراوى هه‌ڵوێست و بوێرى خه‌ڵكى ئه‌م شاره‌ بوو له‌ سه‌رده‌مێكدا كه‌ هه‌موو جووڵه‌و چالاكییه‌كى سیاسى بڤه‌ بوو. سه‌باره‌ت به‌ ته‌ڵاقدانى پارتى له‌ لایه‌ن خه‌ڵكى سلێمانییه‌وه‌ زۆر ده‌مێك بوو كۆتایى پێهاتبوو، چونكه‌ خه‌ڵكى به‌ جه‌رگى ئه‌م شاره‌ بۆ ئه‌وه‌ پارتییان دروست نه‌كردبوو كه‌ سه‌رۆك و به‌چكه‌ سه‌رۆك و براى سه‌رۆك و برازاى سه‌رۆك و ئه‌م جۆره‌ ده‌عبایانه‌ به‌ جامانه‌یه‌كى سووره‌وه‌ و له‌ ژ‌ێر په‌رده‌ى دروشمه‌كانى پارتیدا (ئاشتى - ئازادى - دیموكراسى) دا هه‌رچى خیانه‌ت هه‌یه‌ له‌ گه‌لى كوردی بكه‌ن، ئێمه‌ نازانین ئاشتى پارتى له‌ كوێدایه‌ له‌ كاتێكدا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان ئاشتییه‌ تا كه‌س نه‌ڵێت له‌ل، تا كه‌س نه‌ڵێت نه‌ك جامانه‌ سووره‌كه‌تان به‌ڵكو خۆشتان نه‌ك هه‌ر پیرۆز نین به‌ڵكو ڤڵاویشن، ئێوه‌ وه‌فاتان بۆ شه‌هیده‌كانى خۆتان و ماوه‌ى په‌نجاو ئه‌وه‌نده‌ ساڵى به‌ناو خه‌باتى خۆتان نییه‌، ئیتر وه‌فاتان بۆ خه‌ڵكى سلێمانى چۆن ده‌بێت كه‌ كردنى به‌ خاوه‌نى ئه‌م كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌ى پاره‌په‌یداكرردن به‌وه‌ى كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ سلێمانى جامانه‌ى سووریان خستووه‌ته‌ ژ‌ێر پێ و سووتاندوویانه‌، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ خائین نه‌بن خه‌ڵكى سلێمانى زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌ترن كه‌ به‌ شتى پڕو پووچى وه‌ك سووتاندنى پارچه‌ په‌ڕۆیه‌كه‌وه‌ خۆیان خه‌ریك بكه‌ن. سه‌باره‌ت به‌ ئازادییه‌كه‌شتان گومانى تێدا نییه‌ ئه‌و ئازادییه‌ى له‌م دوو سێ ساڵه‌ى دواییدا به‌ گشتى و به‌ تایبه‌تیش له‌م دوو مانگه‌ى دواییدا به‌ خه‌ڵكى هه‌ولێرتان به‌خشیوه‌ شازی ئازادییه‌، ئازادییه‌ك بێ وێنه‌ له‌ جیهاندا، هه‌رچی دیموكراتییه‌كه‌شتانه‌ به‌ لاى ئێوه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چه‌ند شتێكى پڕ و پووچى وه‌ك كۆنسێرتى گۆرانى و دروستكردنى كلیپى كوردى ڕووت و بانگهێشتكردنى هه‌ندێك ڕاقیێه‌ى عه‌ره‌بى و ئه‌م جۆره‌ شتانه‌یه‌، ئێوه‌ هه‌موو شتێكتان وه‌ك ئه‌و سێ دروشمه‌ داماوه‌ وایه‌، كه‌ ته‌نها ڕوخساره‌و له‌ ناوه‌وه‌ ئه‌وپه‌ڕى بۆگه‌ن، به‌ڵگه‌ش دوا كۆنگره‌تانه‌ كه‌ زیاتر كۆنسێرت بوو نه‌ك كۆنگره‌، كه‌ زیاتر ته‌قدیس كردنى جامانه‌ سووره‌كان و وه‌چه‌كانى خۆتان بوو نه‌ك له‌ ناوه‌رۆكه‌وه‌ كه‌مێك باش كردنى حیزبه‌كه‌تان، ئاخر پێمان ناڵێن سه‌رۆكه‌كه‌تان چییه‌ هه‌تا ئه‌وانى ترى وه‌كو نێچیر و مه‌سرور و مه‌نێورو مه‌جبور و مه‌عجوب شت بن؟؟؟ به‌ڵگه‌ى تر له‌سه‌ر بایه‌خدانتان به‌ ڕوخسار و له‌ ناوه‌رۆكه‌وه‌ ڕزیوو داته‌پیو چاكردنى ده‌مودانى مه‌سعووده‌ تا كه‌مێك ده‌موچاوه‌ تاوانباره‌كه‌ى جوان بنوێنێت كه‌ هه‌رچى ووڵاتى ئه‌وروپا هه‌یه‌ له‌و پێناوه‌دا سه‌ردانى كرد به‌ڵام سوودى نه‌بوو، هه‌روه‌ها لافاوه‌كه‌ى چه‌ند ڕۆژ‌ێك له‌مه‌وبه‌رى شارى هه‌ولێر یه‌كێَكى تره‌ له‌و به‌ڵگانه‌ كه‌ به‌ بارانێكى كه‌م لافاوێك هه‌ستا كه‌ بێ وێنه‌ بوو له‌ مێژ‌ووى كۆنه‌ هه‌ولێردا، كوان ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ پڕوپاگه‌نده‌تان بۆ ده‌كه‌ن گوایه‌ هه‌ولێرتان كردووه‌ به‌ دوبه‌ى، هه‌ولێر چى بۆ كراوه‌ جگه‌ له‌ ڕازاندنه‌وه‌یه‌كى سه‌قه‌تى جاده‌ى شێستى نه‌بێت بۆ به‌رچاوى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ڕوو له‌و شاره‌ ده‌كه‌ن كه‌ ملیاره‌ها دینارو دۆلارى ئه‌م ووڵاته‌تان تیا خه‌رج كردووه‌ و ئه‌وه‌ش پرۆژ‌ه‌ پێشكه‌وتووكه‌تانه‌ كه‌ به‌ كه‌مێك باران ئه‌و لافاوه‌ گه‌وره‌یه‌ى تیا دروست بوو، خۆ ئه‌گه‌ر پاساوتان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوایه‌ له‌ هه‌ولێر به‌ ده‌گمه‌ن بارانى وا ده‌بارێت ئه‌وه‌ هه‌ر قسه‌ نییه‌. جگه‌ له‌وه‌ش خۆ ئه‌گه‌ر ته‌نها 50 مه‌تر له‌ جاده‌ى شێستى دووركه‌ویته‌وه‌ ئایا بۆ ناوه‌وه‌ یان بۆ ده‌ره‌وه‌ واته‌ بۆ ناو گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه‌كان ئه‌و كاته‌ بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌ولێر ئه‌گه‌ر له‌ جاران خراپتر نه‌بێت باشتر نییه‌. ئاى قوڕ به‌سه‌ر ڕوخسارى بێ ناوه‌رۆك، ئاى كه‌واته‌ قوڕ به‌سه‌ر ئێوه‌ش كه‌ له‌ ژ‌ێر په‌رده‌ى ئه‌و دروشمانه‌دا چه‌ندین ساڵه‌ غه‌در له‌ هه‌ولێر و هه‌ولێرییه‌كان ده‌كه‌ن، بزانن چۆن له‌ كۆتاییدا به‌ڕووتاندا ده‌ته‌قنه‌وه‌و نه‌قڵى ئه‌و شوێنه‌تان ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ لێوه‌ى ئامدیو بوون.
با واز له‌ مه‌سه‌له‌ى ڕوخسارو ناوه‌رۆكى پارتى بهێنین كه‌ وه‌كوو ووتمان ده‌مێكه‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵكى سلێمانییه‌وه‌ نه‌هى لێكراوه‌ چونكه‌ له‌ له‌گه‌ڵ سروشتى ئه‌م شاره‌دا ناگونجێت، با بێینه‌ سه‌ر بابه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ كه‌ سلێمانى و یه‌كێتییه‌. یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، ئه‌و حیزبه‌ى كه‌ ده‌یان هه‌زار ڕۆڵه‌ى ئه‌م شاره‌ى كرده‌ قوربانى بۆ گه‌یشتن به‌ ڕۆژ‌گارێك كه‌ چیتر جه‌ورو سته‌م باوى نه‌مێنێت، یه‌كێتى 35 ساڵه‌ به‌ ناوى ڕزگارى و كوردایه‌تییه‌وه‌ خوێن ده‌ڕێژ‌ێت، كه‌م ماڵ هه‌یه‌ له‌م شاره‌دا لانى كه‌م شه‌هیدێكى به‌ یه‌كێتى نه‌به‌خشیبێت، به‌هه‌ر حاڵ ئه‌وه‌ى لێره‌دا ده‌مه‌وێت باسى بكه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێك كه‌س له‌وانه‌ى كه‌ شه‌هیدیان به‌خشیوه‌ به‌م حیزبه‌ وه‌كو ڕێز و وه‌فایه‌ك بۆ شه‌هیده‌كانیان و به‌ فیڕۆنه‌چوونى خوێنى گه‌شیان نایانه‌وێت بڕوا به‌ شكستى یه‌كێتى بهێنن، دان به‌و ڕاستییه‌دا نانێن كه‌ یه‌كێتى فینیش بووه‌. له‌ ڕاستیدا ده‌بوایه‌ ئه‌مانه‌ یه‌كه‌مینى ئه‌و كه‌سانه‌ بوونایه‌ كه‌ حاشایان له‌ یه‌كێتى بكردایه‌ چونكه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ تا ئێستا كارێكى ئه‌وتۆ بۆ ئه‌و شه‌هیدانه‌ نه‌كراوه‌ له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌وه‌ى ئێستا یه‌كێتى ده‌یكات ئه‌وپه‌ڕى بێ ڕێزییه‌ به‌ خوێنى ئه‌و شه‌هیدانه‌ چونكه‌ ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ خۆیان به‌ كوشت نه‌دا كه‌ گه‌له‌كه‌یان به‌و شێوه‌یه‌ به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتى كوردییه‌وه‌ تازه‌ به‌ تازه‌ ئه‌نفال و ئه‌بوغرێب بكرێت. به‌ڵێ گومانى تێدا نییه‌ له‌ هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كاندا هیچ حیزبێك نه‌بوو شان له‌ شانى یه‌كێتى بدات له‌ هیچ ڕوویه‌كه‌وه‌، من خۆم هه‌وادارێكى سه‌رسه‌ختى یه‌كێتى بووم تا 18و 19ى نیسانى 2011ش. به‌ڵام له‌و مێژ‌ووه‌ به‌دواوه‌ حاشا له‌ یه‌كێتى ده‌كه‌م، هه‌موو خه‌ڵكى سلێمانیش به‌هه‌مان شێوه‌ جگه‌ له‌ هه‌ندێك كه‌سى نه‌فس نزم و خاوه‌ن به‌رژ‌ه‌وه‌ندى. یه‌كێتى له‌ نه‌وه‌ده‌كاندا 3 شتى ئه‌نجام دا كه‌ بووه‌ مایه‌ى زیاتر به‌هێزبوونى ئه‌م حیزبه‌و جێگاى شانازى بۆ سه‌رانى حیزبه‌كه‌، ئه‌وانیش زانكۆى سلێمانى و كۆلێجى سه‌ربازى و كه‌ناڵى كوردسات بوو، به‌ڵام هیچ كام له‌مانه‌ چیتر نابێت یه‌كێتى شانازییان پێوه‌ بكات، زانكۆى سلێمانى ئه‌گه‌ر تا 19ى نیسان موڵكى یه‌كێتى بوو، له‌و مێژ‌ووه‌ به‌دواوه‌ له‌ده‌ستى دا، ئێستا زۆرینه‌ى خوێندكارو مامۆستاو فه‌رمانبه‌رانى زانكۆى سلێمانى كه‌ خۆى له‌ نزیكه‌ى زیاتر له‌ 25 هه‌زار كه‌س ده‌دات ئه‌گه‌ر نه‌یارى یه‌كێتى نه‌بن پشتگیریشى ناكه‌ن جگه‌ له‌ هه‌ندێك كه‌سانى كه‌م وه‌كو سه‌رۆكى زانكۆو راگرو سه‌رۆك به‌شه‌كان كه‌ حیزب دایناون و به‌رژ‌ه‌وه‌ندى مانه‌وه‌یان له‌ پۆسته‌كانیان ده‌م و ده‌سى به‌ستوون و چاووگوێى داخستوون، هیوادارم ئه‌وانیش بێنه‌وه‌ هۆش خۆیان چونكه‌ چیتر مانه‌وه‌ له‌ژ‌ێر چه‌تره‌ شه‌قو شڕه‌كه‌ى یه‌كێتیدا خه‌ونه‌كانیان بۆ به‌دى ناهێنێت. كۆلێجى سه‌ربازی ئه‌گه‌ر به‌ پاساوى دروستكردن و پێگه‌یاندنى ئه‌فسه‌ر و فه‌رمانده‌ى سه‌ربازى بۆ به‌رگریكردن له‌ سنووره‌كان و پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كان دامه‌زرا، ئه‌و هێرشه‌ى كه‌ پێی كرایه‌ سه‌ر شارى سلێمانى ئه‌و پیرۆزییه‌ى سه‌ربازى كوردى لاى خه‌ڵكى ئه‌م شاره‌ نه‌ك هه‌ر نه‌هێشت به‌ڵكو قێزه‌وونیش بوون. سه‌باره‌ت به‌ كه‌ناڵى كوردساتیش كه‌ یه‌كێك بوو له‌ ڕاستگۆترین كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌ كوردییه‌كان كه‌ به‌ تواناو ئاستێكى به‌رزه‌وه‌ به‌ناو میدیاى كوردیدا گوزه‌رى ده‌كردبه‌ڵام زۆر به‌ داخه‌وه‌ دواى 17ى شوبات هاوشان و هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌كانى ترى دوو حیزبه‌ هاوپه‌یمانه‌كه‌ بووه‌ته‌ كارگه‌ى درۆ هه‌ڵبه‌ستن و چه‌واشه‌كارى و هێرشى ڕاگه‌یاندنى دوور له‌ ڕاستى و به‌ڵگه‌ى بێ ماناو بێ هێزو بێ مسته‌وا، به‌ ڕاستى شه‌رم و شووره‌ییه‌ بۆ كه‌سێك كه‌ كات بكوژ‌ێت به‌ دیار ئه‌م ته‌له‌فزیۆنانه‌وه‌ له‌ كاتێكدا درۆ له‌ چاوى بێژ‌ه‌ره‌كانیانه‌وه‌و پاشانیش له‌ شاشه‌ى ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌وه‌ به‌ ئاشكرا دێته‌ ده‌ره‌وه‌. ئاخ له‌ ده‌ست ئه‌م پیره‌ سكرتێره‌ چۆن سلێمانى و یه‌كێتى و مێژ‌ووى یه‌كێتى زینده‌به‌چاڵ كردو كردى به‌ قوربانى پۆستى سه‌رۆك كۆمارى، ئێ باشه‌ ئه‌وا زانیمان كه‌ به‌سه‌رۆك بوونى كوردێك له‌ عێراق موعجیزه‌یه‌ به‌ تایبه‌تى بۆ كه‌سێكى وه‌ك جه‌نابت كه‌ گوایه‌ كاتى خۆى سه‌ددام حسێن لێبووردنى بۆ هه‌موو كورد ڕاگه‌یاندووه‌ جگه‌ له‌ جه‌لال تاڵه‌بانى، با ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ به‌ سه‌رۆك بوونى جه‌نابت جێگاى شانازى هه‌موومان بوو، به‌ڵام ئایا به‌دیهێنانى ئه‌و خه‌ونه‌ ئه‌وه‌ى ده‌هێنا كه‌ له‌ پێناویدا ئه‌و هه‌موو كاره‌ساته‌ به‌سه‌ر یه‌كێتى و شارى سلێمانى بهێنیت؟؟ له‌ خولى یه‌كه‌مدا به‌ هه‌ر حاڵ، به‌ڵام خولى دووه‌مت بۆچى بوو، ئه‌زانى هه‌ر له‌و پێناوه‌دا بوو واته‌ له‌پێناوى دووباره‌ هه‌لبژ‌اردنه‌وه‌ت بۆ ئه‌م پۆسته‌ ته‌نازولى دنیا نه‌ما نه‌یكه‌یت؟ ته‌نازولیش بۆچى؟ بۆ گه‌وره‌كردنى چارتى له‌لایه‌كه‌وه‌و له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ نه‌ك بچووك كردنه‌وه‌ به‌ڵكو نه‌هێشتنى یه‌كێتى. ئه‌مانه‌ش قه‌یناكه‌، باشه‌ زه‌حمه‌ت نه‌بێ پێمان ناڵێیت هه‌ركه‌سێك ببێت به‌ سه‌رۆك كۆمار ئیتر ئه‌بێت سه‌ددام ئاسا ده‌ست بداته‌ داپڵۆسین و قه‌معو سه‌ركوتكردنى گه‌له‌كه‌ى؟؟؟ ئه‌و هه‌موو تاوانه‌ى كه‌ سه‌ددامى هاوپیشه‌و هاوسه‌نگه‌رت له‌گه‌ڵ كورد ئه‌نجامیدا ئازارێكى ئه‌وتۆى نه‌بوو له‌ چاو ئه‌وه‌ى كه‌ جه‌نابت ئه‌نجامى ئه‌ده‌یت؟؟ ئه‌زانى بۆ؟؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر بیرت نه‌ماوه‌ تۆ خۆت به‌ كورد له‌ قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌یت، له‌وه‌ش ناخۆشتر له‌گه‌ڵ شارێكدا ئه‌م تاوانانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌یت كه‌ ته‌نها خه‌ڵكى ئه‌و شاره‌ تۆیان گه‌یانده‌ ئه‌و شوێنه‌..... ئه‌زانى لوه‌ته‌ى بوویت به‌ سه‌رۆك كۆمار ئیتر بیرۆكه‌ى كورد داپڵۆسین له‌ كه‌لله‌تدا به‌ ته‌واوى سه‌رى هه‌ڵداوه‌؟؟؟ به‌ڵگه‌ش جگه‌ له‌و هه‌موو هێزه‌ چه‌كدارو تێلا به‌ده‌ست و ..... هتد، گۆڕینى لۆگۆى یه‌كێتییه‌كه‌ته‌ له‌و گوڵ و چڵه‌ گه‌نمه‌ى كه‌ له‌ ناو ده‌ستێكى خاراودا هه‌ڵگیرابوو بۆ مارێكى كۆبراى ژ‌ه‌هراوى (خه‌ڵكینه‌ به‌راوورد بكه‌ن له‌ نێوان لۆڤۆ كۆنه‌كه‌ى یه‌كێتى و ئه‌وه‌ى ئێستایان، كه‌ ده‌سته‌كه‌ بووه‌ به‌ مار) كه‌ میلله‌ت هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ ده‌بوایه‌ جه‌نابیشتیان وه‌كو مه‌سعودى ئاغات ته‌ڵاق بدایه‌، ئه‌وه‌ش بزانه‌ كه‌ چیتر گه‌نجان و خه‌ڵكى كوردستان به‌ گشتى و سلێمانى به‌ تایبه‌تى له‌ مارو چه‌ك و ده‌بابه‌و ئه‌م جۆره‌ شتانه‌ سڵ ناكه‌نه‌وه‌. چ ده‌ست شۆردنى سلێمانى له‌ یه‌كێتى و چ ده‌ست شۆردنى یه‌كیًتى له‌ سلێمانى هه‌مان ئه‌نجامیان هه‌یه‌ ئه‌ویش فینیش بوونى یه‌كێتییه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە