کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامه‌یه‌کی گرنگ بۆ به‌ڕێز فاروق ڕه‌فیق

Thursday, 24/02/2011, 12:00






به‌ڕیز کاک فاروق، من وه‌ک تاکێکی کورد له‌ پاش ده‌ستخۆشیه‌کی گه‌رمم بۆ هه‌ڵوێست و ره‌فتاری مه‌ردانه‌ت له‌ مه‌ڕ بارودۆخی ئێستای کوردستان؛ وه‌ک ئاشکرایه‌ به‌ڕێزت یه‌کێکیت له‌وانه‌ی که‌ ڕابه‌رایه‌تی ئه‌م دۆخه‌ی گه‌نجان و لاوان و خوێندکارانی شاری سلێمانی ده‌که‌یت و هه‌وڵده‌ده‌یت داواکانیان و مافه‌ شه‌رعیه‌کانیان به‌رز بکه‌یته‌وه‌ بۆ سه‌روتر له‌ گوێی ئه‌و حاکمه‌ که‌ڕو بێ ده‌ماخانه‌ی له‌م کاته‌دا وڵات به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، ئه‌مڕۆ له‌ وته‌کانتدا داوات کردبو که‌ سه‌رۆکی هه‌رێم یا سه‌رۆکی حکومه‌ت بێنه‌ مه‌یدانی ئازادی و قسه‌ له‌سه‌ر کێشه‌کان بکه‌ن... ئه‌گه‌رچی حکومه‌ت به‌ سه‌رشۆڕی له‌م کاته‌دا ئاماده‌یه‌ هه‌مو ته‌نه‌زولێک بکات بۆ مانه‌وه‌ له‌سه‌ر کورسیه‌ ڕزیو و بێ به‌هاکه‌ی ده‌سه‌ڵات، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هاتو ئه‌و حاڵه‌ته‌ ڕویدا و هه‌رکام له‌و سه‌رۆکه‌ ته‌زویرانه‌ هاتنه‌ مه‌یدانی ئازادی، ئێوه‌ به‌ ناوی خوێندکاران و لاوانه‌وه‌ به‌هیچ جۆرێک په‌یمانی چاره‌سه‌رکردنی گه‌نده‌ڵیه‌کانیان له‌گه‌ڵدا نه‌به‌ستن؛ هه‌موو بڕیاڕێکی ئه‌وان بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی خوێندکاران و لاوان درۆیه‌ و هیچ باکگراوندێکی ڕاستی و یاسایی له‌ پشتی په‌یمانه‌کانیانه‌وه‌ نیه‌ ! تکایه‌ زۆر به‌ وردی هه‌ڵوێستی خۆت له‌ بارودۆخه‌که‌دا بنوێنه‌ و ئاگاداری ئه‌و خاڵه‌ به‌ که‌ ئامانج و داوای میلله‌ت له‌م ساته‌وه‌خته‌دا ڕوخاندن و نه‌مانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستایه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ی عه‌دنان عوسمان له‌ دانیشتنه‌که‌ی په‌رله‌ماندا و له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ ده‌بێ هه‌ر سێ سه‌رۆکی (په‌رله‌مان، حکومه‌ت، هه‌رێم) ده‌ست له‌ کار بکێشنه‌وه‌و ئیستیقاله‌ که‌ن، تۆش له‌و داوایه‌ لا نه‌ده‌یت ئه‌وه‌ یه‌که‌مین داوایه‌ که‌ له‌ ڕێوه‌ ده‌بێت ئه‌و سێ سه‌رۆکایه‌تیه‌ بگۆڕدرێت و ڕه‌وانه‌ی دادگا و به‌ نه‌عله‌ت کرێن ...

وه‌ک به‌ بیرهێنانه‌وه‌یکیش بۆ به‌ڕێزت و سه‌رجه‌م هاوڵاتیان ساڵی ڕابردوو له‌ که‌ناڵی کوردسات چاوپێکه‌تنێکت له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام درا له‌سه‌ر ته‌وه‌ری سیاسی ده‌سه‌ڵات و تیشک خستنه‌ سه‌ر خاڵی لاوازی و به‌هێزی له‌ سه‌رکرده‌دا له‌گه‌ڵ بێژه‌ر (ڕه‌نج سه‌نگاوی)، له‌ یه‌کێک له‌ وته‌کانتدا ئاماژه‌ت به‌وه‌ کرد که‌ : (‌ یه‌کێک خاوه‌نی پله‌و پایه‌ی سیاسی نه‌بێت و به‌ ته‌نها خاوه‌نی بیروڕای خۆی بێت، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ک بکات، ئه‌وه‌ ته‌نها خودی خۆی به‌رپرسیاره‌ و ده‌بێت به‌ ته‌نها خۆی باجه‌که‌ی بدات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سیاسیه‌ک یان سه‌رکرده‌یه‌ک هه‌ڵه‌یه‌ک بکات ، ئه‌وه‌ ئه‌و کات میلله‌ت باجه‌که‌ی ده‌دات! چونکه‌ به‌ ناوی میلله‌ته‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات)

بۆیه‌ داواکارم به‌ڕێزتان به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌که‌دا بکه‌ن، به‌ زمانی هیچ سه‌رکرده‌و سیاسیه‌ک فریو نه‌خۆن، ته‌نها پشت به‌ خودا و میلله‌ت ببه‌ستن و نه‌که‌ونه‌ هه‌ڵه‌ی سیاسیه‌وه‌، چونکه‌ له‌م کاته‌ ناسکه‌دا ئێوه‌ به‌ ناوی خوێندکارن و گه‌نجانه‌وه‌ داکۆکی ده‌که‌ن نوێنه‌ری سه‌رجه‌م لاوانی ئه‌م شاره‌ن، ئه‌گه‌ر بێت و ڕێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ حکومه‌تدا بکه‌ن بۆ چاکسازی و دواتر وا نه‌بو به‌ زه‌ره‌ر به‌سه‌رماندا شکایه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و کات ده‌بێت لاوان و میلله‌ت باجه‌که‌ی بدات... له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ هه‌ر کۆڵ ناده‌ین له‌ پاش هه‌موو بارودۆخێک تا دوا هه‌ناسه‌ داوای مافه‌کانی خۆمان ده‌که‌ین و داوای سه‌ره‌کیشمان گۆڕین و لابردن و دادگایی کردنی ئه‌م ڕژێمه‌یه‌ به‌سه‌رجه‌م وه‌زیر و سه‌رۆکایه‌تییه‌کانه‌وه‌، هه‌ر له‌ سه‌رۆکی کاره‌با و ئاو و باخچه‌کان و وه‌رزش و لاوان و زانکۆ و په‌روه‌رده‌و .....هتد تا ده‌گات به‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان و حکومه‌ت و سه‌رۆکی هه‌رێم.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە