جەلال تاڵەبانى هەموو خەبات و خوێنى كوردى دۆراند
Wednesday, 13/06/2012, 12:00
ئەگەر بڵێین سەركردەى وەك جەلال تاڵەبانى نە هەبووە و نەدەبێت لە مێژووى مرۆڤایەتییدا لەوەیە شتێكى راست بێت، تەنها خاڵێكى رۆشن لەم پیاوەدا ئەوەیە توانیەى ببێتە ركەبارێك بۆ بنەماڵەى بارزانى و شتێك لە سیستەمى پاشایەتى كەم بكاتەوە كە ئەو بنەماڵەیە پەیرەوى دەكەن.
بەڵام سەیرە سەركردەى ملەتێكى بێ دەوڵەت كە روبارێك خوێنى داوەو كەس نازانێت ئایندەى چى دەبێت پیاوێكى لەم جۆرەى هەبێت. بۆیە دەكرێت زۆر لە ناهامەتیەكانى ئەم بیست ساڵەى هەرێم پشكى شێرى بەر تاڵەبانى بكەوێت.
ــ جەلال لە بەر ئەوەى هەر لە بنەمادا هەوڵ وكۆششى بۆ دەسەڵات بووە و لاى ئەو هیچ كێشەیەكى نەتەوەیى و ئینسانى بوونى نییە هەر لە پاش رووخانى سەدام حسین تەنها شتێك ئەم پیاوە بیرى لێكردبێتەوە پۆستى سەرۆك كۆمار بووە، هەموو هەوڵێكى بۆ ئەوە بووە هەموو لایەنە عێراقییەكان و تەنانەت دەوڵەتانى دەوروبەریش رازى بكات بۆ ئەوەى لەو پۆستە قەبوڵى بكەن، بە هۆى ئەو پۆستەشەوە هەم خۆى هەم حزبەكەى كە بریتیە لە دۆمایەك بە دەستى خۆیەوە سرو بێكاریگەر هێشتووەتەوە لە كێشە نەتەوەیەكاندا، نوشێروان مستەفا كە نزیكترین كەسى تاڵەبانى بووە بۆ ساڵانێكى دوورو درێژ دەڵێت(لە نووسینەوەى دەستووردا تاڵەبانى دوو جار تەدەخولى كردووە هەر دوو جارەكەش دژى كورد بووە)، ئەو هەر كێشەیەكى كورد هاتبێتە پێشەوە ئەم چەند ساڵە، بەو بیانوەی سەرۆك كۆمارى عێراقە خۆى لێ دزیوەتەوە.
ـــ لێرەدا ئەتوانین پرسیارى ئەوە بكەین: ئایا هیچ سەركردەیەكى تێكۆشەرى ئەم دونیایە هەیە خاوەن ئامانجى نەتەوەیى بێت، خۆى بە پۆستێكەوە بوەستێتەوەو بەو هۆیەشەوە دەستبەردارى ئەو دروشمانە بێت كە چەندین ساڵە گەنجى كوردى بۆ بە كوشت دەدات، هەر سیاسەتى تاڵەبانییە واى كردووە كورد لە جەلەولاو دووز و زۆر جێگاى دیكە شارەكانیان چۆڵ دەكەن، رۆژ بە رۆژیش لە كەركوك كورد دەسەڵاتى كەم دەبێتەوە، هەروەها تاڵەبانى پەرپرسێكى سەرەكییە لە جێبە جێ نەكردنى مادەى (140) نەوەك توركیاو شۆڤێنیە عەرەبەكان لێى زۆیر بن و بە سەرۆك كۆمار قەبوڵى نەكەن، لە جێبەجێكردنى مادەى: (140) دا تاڵەبانى وەك ئەو دادوەرانە دێتە بەرچاو كە بریارى گرتن بۆ تۆمەتبارێكى دەسترۆیشتو دەردەكەن، كاتێك بریارەكەیان جێبەجێ ناكرێت دەڵێن ئەوە ئێمە بریارمان دەركردوە ئیتر هەقمان چیە، تاڵەبانى ئەگەر شتێكیشى بۆ مادەى (140) كردبێت بە نەقیزەو گوشارێكى زۆر كردویەتى لە هەوڵى شەرمنانەو ناچارانە زیاتر بەولاوە نەبووە.
ــ هەمومان دەزانین دروستبوونى دەوڵەتێكى بە هێز لە بەغداد لاوازى كورد دەگەیەنێت، كەچى ئەم جەلالە تەنها كاتێك دێتە دەنگ پۆستەكەى خۆى لە مەترسیدا بێت، كاتێك جەعفەرى وتى (نابێت سەرۆك كۆمار كورد بێت) ئەوە جەلال گرى گرت و ئارام نەبووەوە تا گۆریەى، كە بێ گومان لەمەدا لایەنە كوردیەكانى دیكە كێشەیان بۆ دروست نەكردو یەك دەنگ بوون لە گەڵیدا، ئەوەى راستى بێت عێراق بۆ پێك هێنانى حكومەت لەم كابینەیەدا كەوتە تەنگەژەیەكى گەورەوە، بە پێى وتەى راوێژكارەكەى تاڵەبانى مەسعود رازى نەبووە بە دانانەوەى مالیكى، بەڵام ئەوان گوشارێكى زۆریان خستوەتە سەر بۆ رازى كردنى بە دوریش نازانرێت، هەر تاڵەبانى تەگبیرى بۆ شیعەكان كردبێت كە رۆڵى سەرەكى بدەنێ لە پێكهێنانى حكومەت بۆ ئەوەى رازى بێت.
ئێمە هەردەم قەناعەتمان وابووە عێراق نابێتە دەوڵەتێكى دیموكراتى، ئەگەر ببێتیش وەك و توركیا بۆ كورد نابێت، بۆیە باشتر وایە ناوەند (بەغداد) هەردەم لە قەیراندا بێت و ملاملانێ بەردەوام و توند لە نێوان لایەنە عەرەبیەكاندا خۆیان هەبێت، كێشەكە مالیكى یان عەلاوى یان جەعفەرى..... نییە، گرنگ ئەوەیە كەس بۆ ماوەیەكى زۆر لە پۆستى سەرۆك وەزیراندا نەمێنێتەوە، هەروەها یەك حزبیش بۆ ماوەیەكى دورو درێژ حزبى حاكم نەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست