کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەپەلە/ لە كەركوكەوە لیواجەمال هەڕەشە دەكات و خالد شوانى قەوانى كۆن لێئەداتەوە

Wednesday, 23/02/2011, 12:00


بەپەلە/ لە كەركوكەوە
لیواجەمال هەڕەشە دەكات و خالد شوانى قەوانى كۆن لێئەداتەوە
كارزان محەمەد
ماوەى چەند رۆژێكە حزبە كوردییەكانى كەركوك (یەكێتى و پارتى) لەترسى تەقینەوەى توڕەیى هاووڵاتیان نیگەرانى و دڵەراوكێیەكى زۆریان تێكەوتووە، ئەوەبوو لە چەند رۆژى رابردوودا لیوا جەمال بەڕێوەبەرى پۆلیسى كەركوك كە پیاوى ئەو 2 حزبەیە رایگەیاند، ئەوەى خۆپیشاندان دەكات دەبێت تەحەموولى ئەنجامەكەشى بكات ، ئەمەیش هەڕەشەیەكى ئاشكرایە لە دانیشتوانى بەشەرەفى شارەكە كە لە گەندەڵیى و ناهەقییەكانى یەكێتى و پارتى بێزاربوونە و ئێستا گەیشتووەتە ئەوەى كە چیتر رازى نەبن لەوە زیاتر بچەوسێنرێنەوە و بە بەڵێنە دۆوینەكانیان فریو بخۆن، دواى ئەو هەڕەشە دڕندانەیەى جەمال تاهیر كە مەكەر تەنها خۆیان بزانن چى ئەگەرێكى ترسناكیان بەرامبەر بە دانیشتوانى شارەكە هەڵگرتووە لە كاتێكدا ئەگەر بێنە سەر شەقامەكان و دەنگى ناڕزاییان لێ بەرزبێتەوە ، ئێوارەى ئەمڕۆیش (23/2/2010) جارێكى تر جەمال تاهیر هاتە سەر شاشەى تەلەفزیۆنەكان كەركوكییەكانى لەوە ئاكاداركردەوە كە گوایە زانیاریان لە بەردەستدایە تیرۆریستان لە هەوڵى ئەوەدان لە خۆپیشاندانە چاوەڕوانكراوەكەى رۆژى 25ى مانگ هەوڵى تیرۆریستى ئەنجامبدەن..
لە راستیدا بە دوورى نازانم هەوڵى لەو جۆرە ئەنجامبدرێت ، بەڵام لە هەمانكاتیشدا ئەگەر كارى لەو جۆرە روویدا ئەوا پەنجەى تۆمەت بۆ لیوا جەمال و ئیدارەى شارەكە و هەردوو حزبە (زل)ـەكە درێژ دەكەم ،چونكە وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد ئەو پێشوەخت هەڕەشەى لەكەركوكییەكان كردووە كە خۆپیشاندان نەكەن ،، بە دوورى نازانم هەر خودى خۆیان لە رێى خەڵكى تێكدەرەوە ئاراستەى خۆپیشاندانەكان بگۆڕن ، بۆ ئەوەى خۆپیشاندەران گوللەباران بكەن ، یاخود بەبیانووى گومان لە بوونى تیرۆریست لە ریزى خۆپیشاندەران بكەونە دەستگیركردنى خۆپیشاندەران .ئەمە زەنگێكى مەترسیدارە و پێویستە لە ئێستاوە هەموو كەركوكییەكان لێى بە ئاگابن و تا ئەتوانن كامێراى مۆبایلەكانیان كراوەبێت ، بۆ ئەوەى ئەگەر هەر دەستدرێژییەك كرایە سەر خۆپیشاندانەكان لانى كەم بۆ راى گشتى بەڵگەى پێویست لە بەردەستدابێت .. هەر سەبارەت بە خۆپیشاندانە چاوەڕوانكراوەكە ،ئێوارەى ئەمڕۆ خالد شوانى پەرلەمانتارى یەكێتى لە پەرلەمانى عێڕاق لە بەرنامەیەكى راستەوخۆى تەلەفزیۆنى كەركوك قەوانە كۆنەكەى خستە سەرى و دەستى كردەوە بە بەڵێندان وەك ئەوەى بیەوێت جارێكى تر دڵى كەركوكییەكان نەرمبكاتەوە لە هەمووى مەترسیدارتر لە قسەكانیدا شوانى باسى لەوەكرد "كە عەرەب و توركمانەكانى كەركوك هەوڵى تێكدانى رەوشى ئەمنى شارەكە ئەدەن " خالید شوانى لە رێى قسەكانییەوە ئەیەوێت بە نانەوەى ئاشووپ لە نێوان نەتەوەكانى شارەكە ، داخوازییە سەرەتاییەكان لە بیرى هاووڵاتیان بەرێتەوە و مەترسى لەسەر یەكێتى وپارتى نەمێنێت كە بەردەوام لە چەوساندنەوەى كەركووكییەكانن ، بە كورد و توركمان و عەرەب و مەسیحییەوە ، نەتەوەكانى ئەم شارە لە كەموڕى وناهەقییەكان هاوبەشن ، كاتێك كە ناڕەزایى دەردەبڕن هەموو پێكەوە تەعبیر لە نەهامەتییەكانیان دەكەن و بەبێ جیاوازیى ، من پرسیارى ئەوە ئەكەم ئەگەر ئەوان لەمى خەمى كەركوكییەكان ئەى بۆچى لە كاتى خۆپیشاندانەكەى تایبەت بە ماددەى23 كەسیان لەو پەلامارە خوێناوییە ئاگادرنەكردەوە ، ئەى كاتێك كە هەر خودى خۆیان (یەكێتى و پارتى) ئەنجامدەرانى پەلامارى سەر خۆپیشاندەرانیان دەستگیركر د بۆ رەوانەى دادگایان نەكردن نەك هەر ئەمە بەڵكو رەوانەى توركیایان كردن و ئازادكران..
بۆیە چیتر كەركوكییەكان لە پیلانى حزبە كوردییەكان بێ ئاگانین ، چیتر بڕوایان بە قسەى زل زل نەماوە و زۆر بە باشى ئەزانن كە خالید و جەمال تاهیر و تەواوى مەسئولەكانى ئەو شارە نەك لە گەڵ خواستى هاووڵاتیان نین ، بەڵكو لە رێى ورووژاندنى هەستى نەتەوایەتى و ماددەى 140ــەوە كە ماددەیەكى تاقەت بڕوكێن و تا ئێستا بێ ئەنجامە ، لەتەقەلاى ئەوەدان خواستەكان بكوژن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە