کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مامۆستایان لەئاست ئەم گەندەڵیە بۆبێدەنگن ؟

Tuesday, 02/03/2010, 12:00



لاى هەموومان ئاشكرایە تەنها ئەندامبوون لەحیزبى بەعسى هەڵوەشاوە بەزۆر بو ، بەڵام ئەوەى جێگاى داخ و نیگەرانیە كەهەمان دیاردەى حزبى بەعس لەكوردستان بەدى دەكرێت ئەویش لەیەكێتى مامۆستایانە!!! دیاردەیەكى نەخوازراو هەیە كەئەویش جێگاى نیگەرانیە لەلاى مامۆستایان ئەویش ئەوەیە كەهەر لەوستەى كەمامۆستا دەست بەكاردەبێت لەیەكەم مانگى موچە وەرگرتنیدا یەكێتى مامۆستایان لێى دەبێت بەشەریك و بەبێ ویستى مامۆستا بەئیجبارى دەكرێتە ئەندامى یەكێتى مامۆستایان !!!هەر لەیەكەم موچەشیدا لەلایەن یەكێتى مامۆستایانەوە ئابونەوەى لێدەسەنرێت كەئەمەش جێگاى نیگەرانى مامۆستایانە ، بەزۆر كردنە ئەندام و بەزۆر لێسەندنى ئابونە لەكام كوچەى ئازادى و دیموكراسى جێگاى بۆدەكرێتەوە ؟ یەكێتى مامۆستایان بۆ ئەم كارە نەخوازراوە كۆتایى پێناهێنێت ؟ بۆ یەكێتى مامۆستایان رونكردنەوە لەسەرئەم مەسەلە نادات ؟یەكێتى مامۆستایان نزیكەى (100) هەزار مامۆستاى هەیە و لەهەر مامۆستایەكیش تامانگى 1 ى 2010 مانگانە برى (750) دینارى وەكو ئابونە لەموچەكەى دەگێردرایەوە كەمانگانە دەكاتە (75 ملیۆن دینار) كە لاى زۆربەى مامۆستایان روون نیە ئەم برە پارە زۆرە دەچێتە گیرفان و قاسەوكاسەى كێ ؟ مامۆستایانیش كەمتەرخەمن لەلێپێچینەوە لەم داهاتەى یەكێتى مامۆستایان ، لەهەموویان گرنگتر كەدەمەوێ قسەى لەسەربكەم ئەویش ئەوەیە كەچەند رۆژێك لەمەوبەر لەلایەن پەروەردەى گشتى هەولێرەوە گشتگیر كرا بۆپەروەردەكان و لەپەروەردەكانیشەوە گشتگیركرا بۆقوتابخانەكان كەتیایدا هاتووە (رەزامەندى بەرێز پارێزگارى هەولێر وەرگیرا لەسەر زیادكردنى ئابونەى مامۆستایان لە 750 دینارەوە بۆ 1000 دینار) هەرچەندە سەرنج و تێبینى زۆر هەیە لەسەرئەم نوسراوە كەئایا لەدەسەڵاتى كێیە بریار لەسەر زیادكردنى ئابونەوەى مامۆستایان بدات ؟ بەڵام لەهەمووى گرنگتر ئەوەیە كە لەنوسراوەكەى پەروەردەى گشتى هەولێرەوە هاتووە ئابونە لە 750 دینارەوە زیادكراوە بۆ 1000 دینار ، بەڵام لەگەڵ دابەشكردنى مووچەى مانگى 2 ى 2010 لە لیستى مووچەى مامۆستایان دا دەبینرێت لەبرى 1000 دینار 1250 دینار وەكو ئابونەوەى یەكێتى مامۆستایان لەمامۆستایان گێڕدراوەتەوە !!! كێ وەڵامى ئەم یارى كردن بەپارەى مامۆستایان ئەداتەوە ؟ مامۆستایان چەندیان ئاگادارن كەئەم مانگە 1250 دیناریان لێگێڕدراوەتەوە ؟ پێویستە یەكێتى مامۆستایان رونكردنەوە لەسەر ئەم بابەتە بدات و لاى ئێمە و سەرجەم مامۆستایان رون و ئاشكرابێت كەیاریكردن بەمووچەى مامۆستایان بەمجۆرە بە چ یاسایەك دەكرێت ؟ لەكوێى یاسا جێگاى بۆكراوەتەوە ؟ لەكام برگەى یاسا هاتووە ؟ وەكو لەزارى بەرپرسانى یەكێتى مامۆستایان گوێبیست بووین وابریارە لەچەند ماگى داهاتوو یەكێتى مامۆستایان كۆنگرەى خۆى ببەستێت و تێیدا ستافێكى تازە بۆئەم یەكێتیە هەڵبژێردرێت ، من داوا دەكەم لەدواى تەواوبونى كۆنگرەى یەكێتى مامۆستایان چاوێك بەو بریارى بەزۆر ئەندامكردنەى مامۆستایان لەیەكێتى مامۆستایان بخشێندرێتەوە و ئالیەتێكى تازەى بۆ بدۆزرێتەوە كەلەكوچێكى دیموكراسى و ئازادى جێگاى ببێتەوە .

سەمیرهەمزە شێخ مەموندى / نوسەر و رۆژنامەنوس
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە