روونكردنەوەیەك بۆ هاوپیشە رۆژنامەوانەكانم لە شارى سلێمانى..
Saturday, 20/03/2010, 12:00
وەك هەموو لایەك ئاگادارە تا ئێستا تارمایی دوو ئیدارەییو دوو حكومەتى بە رەنگو رووى هەرێمەكەمانەوە دیارەو دەبینرێت!، وەك دەبینن سەرجەم دامو دەزگاوو رێكخراوەكانیش كە دروستكراوى حیزبن دوورنین لەم پەتای دوو ئیداریو دوو بڕیارییە، وەك دەشزانن سەندیكاكەى ئێمەش سەندیكایەكی پێكهاتەیە لەو دوو حیزبەو پاشكۆكانیان!. هەر ئەو هۆكارەشە كە پێدانی زەوی بۆ رۆژنامەوانان لە هەولێردا جیاوازیی هەیە لەگەڵ شارى سلێمانیدا؟!..
رۆژنامەوانانى خۆشەویستى شارى سلێمانى، ئەگەر هەر خۆتان تێبینى بكەن ئەو گۆڕانكارییو ناكۆكییە سیاسیانەى كە بە بەسەرناوچەكەى ئێمەدا هات، خۆتان دەزانن پشكى شێر بەرۆكی شارى سلێمانی خۆشەویستى گرت!.. كە من وەك رۆژنامەوانێكی شارى هەولێر دەتوانم بڵێم: هەر خۆتان لە رێی پیشەكەتانەوە هۆكارێك بوون بۆ بەرچاورۆشنكردنەوەى خەڵكی لەو نا عەدالەتیو گەندەڵییانەى كە زیاتر لەو شارەدا پیادە دەكرێت!.. من نایشارمەوەو دەمەوێت بێ پێچو پەناو وەك هاوپیشەیەك كە دەنگم لەگەڵ دەنگتاندایە بۆ مافێكی سارەتایتان كە مافی هەر هاوڵاتییەكە، ئەویش مافی نێشتەجێبوونو پێدانى زەوییو ژیانێكی شەرەفمەندانەیە لەو نیشتمانەدا كە لەسەر خاكەكەى رۆژەكانى تەمەنمان بەرێ دەكەینو لە كۆتایشدا دەچینەوە ئامێزی ئەو خاكە!.
بەڵام ئەگەر ئێمە لەشارى هەولێر چاوەڕێ بكەین تا رۆژنامەوانانى شارى سلێمانى لەلایەن كاربەدەستانى ئەو شارەوە زەوییان بۆ دابین دەكرێت.. ئەوا دەبێت بێ شوێنو جێگا سەر بنێینەوە!، ئەویش لەبەر ئەوەى سلێمانی موڵكى كۆمپانیایەكەو كۆمپانیاكەش موڵكى حێزبێكى هاوشێوەى كۆمپانیایە؟!، ئەویش بە بەڵگەى ئەو بەرنامەیەى كە تەلەفزیۆنى (كەى ئێن ئێن) پێشكەشى كرد لە رۆژەكانى بانگەشەى هەڵبژاردندا سەبارەت بەو كۆمپانیا زەبەلاحە، كە زەبەلاح بوونى بریتییە لە خواردنى جەستەى شارى سلێمانیی خۆشەویست!، كە دەتوانم بڵێم: زەوی بۆ هیچ كەسێكی ئەو شارە نییە غەیرى كەسە نزیكەكانى دەسەڵاتدارانی ئەو شارە، یان ئەگەر باشتر بڵێم داگیركارانی ئەوشارە!.. هەر بۆیە من وەك ئامۆژگارییەك بۆ هەر تاكێكی ئەو شارە خۆشەویستو ستەمدیدەیە داوا دەكەم كە بۆ داواكردنى زەوى نیشتەجێبوو، داواكارییەكانیان پێشكەش بە كۆمپانیای نۆكان بكەن باشترە لەوەى كە خۆیان جنجاڵ بكەن بە دامو دەزگا رەسمییەكانى تایبەت بە بوارى پێدانى زەوی لەو شارەدا!.. لەبەر ئەوەى پێنج ساڵ چاوەڕێكردنەكەى ئێمەش پەیوەندیی بە ئێوەوە هەبوو، كە دەوترا زەوى لە سلێمانیدا نەماوە!. كە ئەم وەڵامە زۆر تێبینى لەخۆی دەگرێت!. كە ئێوەى رۆژنامەوانانى بوێر دەتوانن بەدواداچونى بۆ بكەن!.
وەك رۆژنامەوانێكو هاوپیشەیەك حەزم كرد ئەو رونكردنەوەیەتان پێشكەش بكەمو پێتان بڵێم بە هەموو شێوەیەك پشتگیری داوا رەواكەتان دەكەین بۆ پێدانی زەوی نیشتەجێبوون!.. پێش ئەوەى گلەیش لە (سەندیكاى رۆژنامەوانانى كوردستان) بكەن!.. بپرسنو بزانن بۆچی زەوی لەشارى سلێمانیدا نییە!، ئەو شارە خۆشەویستە پاش چەند ساڵێكی تر دەبێت خێزانە تازەو نەوەكانى روو لە كوێ بكەن؟.. ئەى باشە شارێكی وەك ئەستەمبوڵو تارانو چەندین شارى تر بۆ تائێستا سنوریان نییە بۆ وەستاندن؟!. كە ئەمە پرسیارێكی دروستەو دەبێت كاربەدەستانى ئەو شارە وەڵامی بدەنەوە؟!..
ئەى ئەگەر هەر ئێستا (كۆمپانیاى نۆكان) داواى چەند سەد دۆنمێك بۆ پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون بكاتو بەرژەوەندی ئەو كۆمپانیایەو سودمەندەكانى تێدا بێت؟!، ئایا بەهەزان دۆنمی ناخەنە بەر دەست.. یان هەر وەكو ئێوە وەڵامیان دەدەنەوە؟!.
رۆژنامەنوسو دۆستێكی شارى هەولێر
21/3/2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست