Friday, 23/04/2010, 12:00
عەلی غەریب
بەتەنیا جێیان مەهێلن ئەمشەو لافاوی ئەنفالیکی کوردی ئەیان بات
بەتەنیا جێیان مەهێلن ئەمسەو لە ژورە ساردو سرەکانیاندا رەق هەلدین
بەتەنیا جێیان مەهێلن نەوەک توشی کۆرەوێک بن
بە تەنیا جێیان مەهێلن نەوەک بریار بدەن و ئیتر هەرگیز نەگەرێنەوە
یادی ئەنفالو کیمیا باران مەکەنەوە کاتێک کورو کچی کورد لەبەرزترین ئاستی خوێندنو رۆشن بیریدا بە دەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنفال دەکرێن
یاسای بودجە تێمەپەرێنن کاتێک خوێندکارانی ماستێرا و دوکتورا بێبەشن لێی و نان نیە بخۆنو کرێخانویان بۆنادرێ یان ئامێری لێکۆلینەوەو ماددەو بابەتی موختەبەریان پێ ناکردرێت
لاشەی گۆرە بەکۆمەلەکان جارێ مەهێننەوە لە کاتێکدا بە دەستی حکومەتی هەرێم نەوەکانی دوارۆژمانو کلیلی پێشکەوتنی ولاتمان زیندەبەچال دەکرێت
خوێنەری بەرێز کام لەو سەردێرانەی سەرەوە بۆ ئەم بابەتەمان هەلدەبژێری سەرپشکبە
زۆر خۆشحالبووم کاتێک بیستم پۆلێک گەنجی بەتونا لەلایان حکومەتی هەرێمەوە دەنێردرێن بۆ بەریتانیا بۆ خوێندنی بالا (ماستێر و دوکتورا)بەلام ئەم خۆشحالیەم زۆری نەخایەند کاتێک زەنگم بۆ هات پێم راگەیێنرا کە زۆربەیان بۆ وەرگرتنی ڤیزە رەفسیان وەرگرتووە ئەمیش بەهۆی بێسەرەو بەرەیی بریارەکەی حکومەتی هەرێمو وەزارەتی خوێندنی بالابوو کەتیایدا نەبونی نامەی پشتگیری کە بیسەلمێنێت بانکێک یان وەزارەتێک یان حکومەتێک بەرپرسیارێتی مەسرەفی کۆرس و بژێویو کرێ خانوو و بیمەی تەندروستی دەکات ئەمە لەلایەک لە لایەکی ترەوە لە بەر ئاست نزمی زانکۆکانی کوردستان ئەم بەرێزانە نەیانتانیوە خۆیان بە بێ وەرگێری زمانی ئینگلیزی بچنە چاوپێکەوتنی وەرگرتنی ڤیزە بۆیە بۆیان کرا بە مەرج کە دەبێت وەرەقەی قبولی کۆرسی زمانیان پێبێت ئینجا ڤیزەیان پێدەدەن، پاش دواکەوتنێکی زۆر و کێشەوبەرە گەیشتنە بەریتانیا ،ئیتر ئەمە کۆتایی کێشەکانیان نەبوو بگرە یەکەم کیشەی کە توشیان بوو کەم ئەزمونی خوێنکاران بوو لە مامەلەکردن لەگەل ولاتێکی پێشرەفتەو جیاوازی کەلتورو شۆکێکی کۆمەلایەتی بوو بەلام ئەم کێشانە زوو ئاسایی دەبێتەوە ،بەلام ئەوەی کە جێگەی سەرنجە ئفلیجی بریارەکانی حکومەتی هەرێمو وەزارەتی خوێندنی بالایە کە لەراستیدا شەرمە بلێین ئەمانە بریارگەلێکن لە لایەن وەزیرو پرۆفیسۆرو دوکتورەکانی وەزارەتی خوێندنی بالای ولاتەکەمانەوە دەرچووە چونکە هەرچۆنیک زائیدو ناقسی بکەین ئۆتۆماتیکی زەربی سفر دەبێت, دیارەزۆربەمان دەزانین کە لە بەریتانیا زانکۆکان ئازادنو لە زانکۆیەکەوە بۆ زانکۆیەکیتر قانونو پەیرەوو پرۆگرام جیاوازەو نرخی کۆرسەکانیان جیاوازەو مەرجی وەرگرتنیان جیاوازە و ....هد. بەلام بەرێزانی حکومەتی هەرێمو وەزارەت هیچ بیرێکیان لەمە نەکردۆتەوە
کیشەی ئەم خوێندکارانە لەوەوە دەستپێدەکات کە وێرای گرانی نرخی کالاو پێداویستی ژیانی رۆژانە لە بەریتانیا برە پارەیەکی زۆرکەمی مانگانە کە بە شەش مانگ جارێک وەردەگرن کە لە ئاستی پێداویستی هیچیان دانییە ،ئەو برەش بۆ خوێندکاری تەنها 1000دۆلارەو ئەگەر خیزاندار بێت و چەند منالیشی هەبێت 1750دۆلارە کە ئەمبرە پارەیە بە دیناری عێراقی ئەدرێت بە کەفیلەکانیان لە کوردستان زەرەری گۆرینەوەی بۆ دۆلار و بۆ پاوانی بەریتانی لە سەر خودی خوێندکارەکانە ئە میش لە رێگەی نا رەسمیو هەوالەوە دەکرێت پاش گۆرینەوەی لەو 1000 دۆلارە
هیچ زیاتر لە 500پاوەن ناکات بەپێی بەرزو نزمی نرخی دۆلار لەوانەیە کەمتر بکات، لەکاتێکدا نرخی یەک ژوری کرێ هەرزانترێیان لە 300پاوەن کەمتر نییە ئەم نرخە لە بەرز بونەوەدایە بە جیاوازی و قەلەبالغی شارەکان بێجگە لە مەسرەفی خواردنو کرێ پاسو بیمەی تەندروستی کە زۆری لەبەردەبرێت بەلام خوێنکارانی عەرەب یان ئەوانەی لەلایەن بەغدادەوە نێردراون بۆ خوێنکاری تاک 1750دۆلارە مانگانە بۆ خێزاندار 2625دۆلارە مانگانە ئەم پارەیە بە چەک ئەدرێت لەرێی سەفارەتەوە سەرەرای ئەوەش سالی 1200دۆلار بۆجلوبەرگ و 1200دۆلار بۆ کتێب و 2000دۆلار بۆ لاپتۆپو ئامێری لێکۆلینەوە سالانە بۆیان سەرف دەکرێت سەرەرای موچەی خۆیان لە عێراق ئەگەر کاربەدەست بن, بەلام هیچکام لەوانە بۆ خوێندکاری سەر بە حکومەتی هەرێم سەرف ناکرێت بەلام خوێندکاران هێشتا شوکورو سابیرن ئەگەر پارەی خوێندنە کەیان بۆ بدەنو مانگانەکەیان لێ نەبرن
بەپێی بریاری وەزارەتی خوێندنی بالا خوێنکار دەبێت لە ماوەی 3 سالدا دوکتورا تەواو بکاتو مەسرەفی 3 سالەکەی بۆ دەدرێت ئەگەر پێویستی کرد 1 سال درێژ بکرێتەوە ،بەلام زۆربەی خوێنکارەکان وەک لەسەرەوە باسمان کرد سالی یەکەم کۆرسی زمانیان خوێندووە پاشان دەستیان کردووە بە دوکتورا وە هەندێکیان بۆ ماستەرو دوکتورا نێردراون، لێرەدا ئیفلیجی وەزارەتی خوێندنی بالا دەردەکەوێت چونکە بەلایکەمەوە 6 مانگ یان 1 سال بۆ کۆرسی زمان 1 سال بۆ ماستێر کەواتە یەکەم سالی دەستپێکردنی دوکتوراکەی دەبێت سالی کۆتایی دوکتۆراکەی بێت بە پێی بریاری وەزارەت ئیتر لێرە بەدواوە کاتی تەواو بووەو دەبێت بگەرێتەوە بۆ هەرێم و بروانامەش لەگەل خۆی بباتەوە ئەگەرنا ئیدی پارەی کۆرسو پارەی ژیانی بۆ نادەن وە یان ئەگەر 1 سالی بۆ درێژ بکەنەوە کە تەنها پارەی ژیانی بۆ دەدەن دەبێت خوێندکار لە کوردستان 120 ملیون دینار بکات بە کەفیل.
ئەمە جگە لەوەی کە هەندێک خوێنکار پارەی بە نیوە چلی بۆدراوە چونکە بریارەکەی وەزارەت سەقفی هەیەو بارزترین برە پارە کە بۆ کۆرس سەرف دەکرێت 10000پاوەنە لەکاتێکدا زۆربەی کۆرسەکان لەو برە پارەیە گرانترن لەزانکۆیەکەوە بۆ زانکۆیەکیتر جیاوازیەکی زۆری هەیە، خویندکار هەیە پارەی سالی خوێندنێ سێیەمی لێکۆلینەوەی بردراوەو پارەی سالی خوێندنی چوارەمی نوسینەوەی دوکتوراکەی بۆ نادرێت ، وە خوێندکار هەیە لە مانگی 9.\2009 وە پارەی بژێوی بۆ نەدراوە.
بەلگەمان هەیە کە بە پێی بریاری وەزارەت خوێندکار دەبێت لە ماوەی 3 سالدا ماستێرو دوکتورا تەواو بکات بەلام ئەمەش نەزانیەکی تری وەزارەتە چونکە تەنها دوکتورا 4 سالەو 3 سالی یەکەم لێکۆلینەوەو 4 رەم سال بۆ نوسینەوەی نامەی دۆکتوراکەی دەبێت زۆرجار زیاتریش دەخایەنێت ،بێجگە لە سالێکی ماستێراکەی
ئەم کردار گەلە سەرشێتانەیەی وەزارەت نەک هەر لەروی دەرونیەوە کاردانەوەیەکی زۆر خراپی کردۆتە سەر چالاکی خوێندکاران و سەرگەردانو بێخاوەن ماونەتەوەو کەس خۆیان لێ ناکات بەساحەب لە جیاتی هەولوو لێکۆلینەوەی دوکتوراکەیان کێشەیان بۆتە لێکۆلینەوە لە کێشە دەرونیەکانیان لە سایەی وەزارەت و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
لەرووی زیندەگیو بژێویو ژیانی رۆژانەشیانەوە بێبەش نەبوون زۆر لە خوێندکاران چەند سەعاتێک رۆژانە بە پێ دەرۆن بۆ زانکۆ لەبەر ئەوەی تکیتی پاسیان بۆ ناکردرێت هەندێکیتریان لەبەر ئەوەی پارەی کرینی گاز یان کارەبایان پی نییە بۆ گەرم کردنی ژورەکانیان شەوو تادرەنگ لە کتێبخانەی زانکۆ دەمێننەوە ، خوێندکار هەیە نامەی ئاگادارکردنەوەی بۆ چووە ئەگەر پارەی کۆرسەکەی نەدات ئوا ئەدرێت بە دادگاو لە کۆتایدا بروانامای پێنادرێت ،ئەم هەموو کێشەو بێنەو بەردەیە کە مەلۆیەکە لە خەرمانیک بەلام زۆر بەداخەوە کە هیچ خوێنکارێک لە ترسی ئەوەی ئەگەر کەچە موچەیەکیان هەبێت نەبرێتو توشی لێپرسینەوەی توند نەبن ئامادە نین بۆ هیچ میمبەرێکی راگەیاندن و نوسەران بدوێن
جالێرەدا با هەمومان بەیەکەوە پرسیار بکەین ،باشە کوردستان چاوەڕێی چ پێشکەوتنو بە سەردەمی بونێک بکات کە خوێندکارانمان لەو ئاستە هەستیارەدا ئابلوقەی ماددیو مەعنەویان لەسەربێت لەلایەن وەزارەتێکەوە کە رادەی پێشکەوتنی هەر وڵاتێکی لەسەر بەندە, ئیتر بۆ گلەیی لەو هەموو پرۆفیسۆرو دوکتۆرە کوردانەی تاراوگە بکەین و سەرکۆنەی ئەوەیان بکەین کە بۆ نا گەرێنەوە بۆ نیشتیمانی دایک کە لەهەموو کات زیاتر پێویستی پێیانە بۆ پێشخستنوو رەنوێ نانەوەی ،لەکاتێکدا کە سەرە زلەکانی دەم راستی ئەم نیشتیمانە زەمینە خۆشدەکەن بۆ دووبارە ئەنفالکردنەوەی هزرو بیرو رۆشنگەری, زانست بەرەو هەڵدێرو تاریکی ئاراستە دەکەن
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست