ژن
Monday, 14/10/2013, 12:00
1
ئەی ژن
دەمەوێت لەجیاتی پێکێك
لەشەڕاب،
پێکێك لەفرمێسکەکانی تۆ
نۆش بکەم و
سەر بخەمە سەسنگی
تۆ و
خاڵیت بکەمەوە
لەخەم.
2
دەمەوێت ڕێز لەبوونت
بگرم
ئایدیا جیاوازەکانت
بگرمە باوەشەوە و
نەتکەمە قوربانی
ژیانێکی کۆنەپەستانە.
3
من لەکۆمەڵگایەکدا
دەژیم
رێزی بەهاکانت ناگرن،
تۆ لەلایان
مرۆڤی پلە دوویت
وەڵام دانەوەی جوانییەکانت
بەچەقۆیە.
4
ئەی ژن
تۆ هەموو رۆژێك
لەکۆڵانمدا،
لەشارمدا،
لەوڵاتمدا
دەبیتە قوربانی
شەرەف پارێزی،
گۆمی خوێنت هەڵساوە.
کەچی منیش خەوتووم.
5
دەمەوێت
سەدەیەك بێدەنگی
بهاڕم،
بەڵام لەمخەوەدا خەبەرم نابێتەوە،
و
گوێچکەم هاوارت
نابیستێت.
6
نازانم
کام ئایین
ڕەوایەتی داوە بەکوشتنت؟.
7
ئەوان
نازانن،
کەخودا دڵی ژنە.
8
دەمەوێت
سەدەیەك نزا بکەم
ئەی ژن
تا پاك ببمەوە
گوناهەکانم.
9
ژن
تۆ خوداوەندی جوانی و
پاکیت
چۆن دەستیان
تێدەچێت
لاشەت
شەتاڵی خوێن بکەن؟.
10
ئەوان
نامۆن بەجوانیت
نامۆن بەخۆنیان،
ئەگەرنا
چۆن دەستیان دەچیتە خوێنی تۆ؟
11
ژن
منێك دەبێت خۆم
پاك بکەمەوە
لەگوناهەکانی کوشتنی تۆ.
12
تۆ لەوسەری جوانییەوە هاتوویت
منیش
پڕم لەڕق و لەخوێن ڕشتن.
13
هاوارت
عەرشی ئاسمانی هەژاند،
کەچی دڵی من
هێشتا نەهاتۆتە لەرزین
و
دەستی هەر سوورە بەخوێنی تۆ.
14
تۆ
لەتووخمی بارانیت
منیش لەجنسی
دۆزەخم
15
من هێشتا تینووم
بەخوێنی تۆ
ئەی ژن.
ڕانـیــــــــە
هاوار تهیب
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست