کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەى ئافەرین... رووى شەهیدانتان سوور كرد

Thursday, 19/02/2009, 12:00


زۆر دەمێكە بەتاسەى دووری باوكێكەوە رۆژ دەكەمەوە كە تەنها لە وێنەیەكی تەڵخی كۆندا كە بە قەد لادیوارى ژوورەكەمان (دانیشتن + نانخواردن + خەوتن) بەبێ ناز هەڵواسراوە ، ئەوە ئاهو ناڵەى دایكە كڵۆڵەكەم بەدیار من و چوار خوشكی خوارو ژوورمەوە لەولاوە بوەستێ ، بەكولەمەرگی و سكە گوشێ ، بەكاری قورسی رۆژ تا ئێوارەو پارەیەكى مەمرەو مەژی لەگەلأ شەهیدانەكەى رەحمەتی باوكماندا لە كونجی قەناعەت بەو بۆنی ئازادییەى كە لە سەرووى كەركوكەوە هەڵیكردو ئاسمانی كەركوك و هەندێ شوێنی دیكەشی گرتەوە ، دەژین . ئێمەى كوڕو كچانی شەهید باوكمان هەرچی چۆنێ ژیا بێ بە دەوڵەمەندی و هەبوونی كە (قەت بڕوا ناكەین !) یا بەهەژاری (بەیەك سك تێرو بە سەد برسی) كە دڵنیام سەدی سەد وایە ، خۆمان بە كوڕی پاشاو كێ و كێ ناگۆڕینەوە ، بەڵێ چونكی ئێمە كوڕو كچی پیاوێكین كە گیان و سەری خۆی لە پێناوی خاك و نیشتمان و خەڵكێكدا بەخشیوە كە ئەوانیش كورد و كوردستانن . خۆ بوردەیی مرۆڤ لەوەوە دەردەكەوێ كەكاتێك گیان وەكو جەستە لەلای ئەو هیچ ماناو واتایەكی مەعنەوی نامێنێ و خۆی و سەرو ماڵ و منداڵی بەقوربانی هەناسەیەكی ئازادی و بەسەربەرزی ژیان و سەرفرازی خەڵك و خۆڵی ووڵاتی دەكات ، زۆر ئاسان بوو كە باوكی ئێمەش وەكو سەدان هەزار باوكی دیكە دەستی بخستایەتە سەر كڵاوەكەی خۆیەوە تا (با) نەیبردایە ، یاخوود بەو سادەیەی خۆی بیتوانیبا ئێمە بژێنێ و لەپاڵیشیدا هەندێ شەوان بچوایەتە مونەزەمەكەو لە هەفتەی چەند شەوێك خەفارەتی جەیشی شەعبی بگرتایە ..! بەڵام ئەو یەك (نا) یەكی لەدەم دەرچوو كە هەزاران (نا) ی بەدواوە هات ، رووی لە شاخ و پشتی لە شار كرد ، ئەوەشی كە هەڵیبژاردووە هەڵبەت لە بڕواو قەناعەتێكی تەواوی خۆیەوە بووەو دایكە كڵۆڵەكەیشم هەمان هەڵوێستی تێكۆشەری و خەباتگێڕی ئەوی تیابووە بۆیە بەو بڕوا پۆڵاینەوەو بە دوو سێ منداڵی سەرو پێچكەوە كەوتۆتە دوای باوەڕێك كە تەنها و تەنها مەگەر ئەو كەسانە بڕیاری وا بدەن كە تا سەر ئێسك ژیانی سەرشۆڕی و ژێر دەستەیی رەتدەكەنەوە . زۆربوون ئەو پیاوو ژن و لاوانەی كە بە بڕوای پۆڵاین و ورەی بەرزی كوردایەتییەوە ئەو ژیانە پڕ چەرمەسەرییەیان هەڵبژاردو زۆربەیان گیان و سەرو ماڵیان پێشكەشی ئەو رۆژە نادیارە كرد كە ئێستا ئێمەی كوردی كوردستانی خواروو لەسایەیدا دەژین و هەناسەى ئازادی هەڵدەمژین ، بەڵام حەیفێ (بێ ئەمەكین !) .
بەڵێ هەڤاڵان .. برادەرینە .. ئەم پێشەكییەی كە هێناومەتەوە پێم چاكە پەیوەستی كەم بەم یاری (مشك و پشیلەیە) ى ئەم دواییەى كە ئەو هەڤاڵە تێكۆشەرانەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەستیان داوەتێ وەكو ئەوەی شەهیدەكان چش كە واوە چوون و ئێستا لەسەر میراتێك بەشەڕ دێن كە هێشتا زیندووەو موڵكی نیوەی زیاتری ئەو میللەتەیە ، نازانم سەد بریا بگەیشتمایەتە ئەو راستییەی كە ئایا ئەگەر باوكی ئێمەش شەهید نەبوایەو ئەم رۆژی ئازادییەى بدیایە وەكو ئەم هەڤاڵەنەی ئێستای هاوسەنگەری خەریكی پڕكردنی گیرفان و بەرزكردنەوەى قەسرو بوونی دەیان سەیارەی جۆراوجۆرو زەوی چەند هەزار دۆنم باخ و دەواجن و ڤێللا و چی و چی دیكەی دەكرد ..؟ دەنا بەو خاك و خۆڵەی كە بۆ بیست ساڵ زیاتر دەچێ لەسەر لاشەو بەدەن و روخساری ئەو باوكە شەهیدەمە ئەگەر وا بایە نەك حاشا لە خۆی وەكو باوك بگرە حاشا لە باوكایەتی و خەبات و تەنانەت ووڵاتەكەشیم دەكرد . رەنگبێ بڵێن ئەمە موزایەدە دەكات و قسەی پاش باران دەكات ، دەنا بەپیرۆزی هەموو پیرۆزییەك خۆزیا وابوایە و منیش باوكم بمایە (حاشا لەوەی كە ئێستا شەهیدەو حەددی ئەوەم نییە هیچ قسەیەكی ساردو سڕی پێبكەم) ئەگەر بەو شێوەیەی هەندێك لەو سەركردانەمان بوایە نەك حاشام لە باوكایەتی دەكرد بگرە سەری خۆم هەڵدەگرت و زمان و نەتەوەی خۆمیش دەگۆڕی ، ئەمەشی دەیڵێم زۆر چاك دەزانم كە باوكی من و لە سەدا سەدی ئەوانەى بەهەق لە سەنگەرو لەژووری قەسابخانەكانی بەغداو موسڵ و لە ژێر تەعزیب و كێبڵی هەیئەكانی كەركوك و بەغداو كوێ و كوێی تر گیانی مقاوەمەت و خۆبەخشیان پێشكەش بە كوردو كوردستان و رێبازە پیرۆزەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كردووە هەرگیزاو هەرگیز وا نەدەبوون و تەنانەت مەودای بیركردنەوەشیان نەدەهێشت بەو ئاقارەدا بڕوا ! سەیرم دێ ئەم سەركردانەمان كە رۆژانێك هەندێكیان سمبول بوون بۆ نەوەی داهاتوو ، ویژدان بوون بۆ لاوان ، پیرۆز بوون لەلای گشت ، خاوەن مەقام و سەربەرز بوون بۆ ووڵات و نیشتمان ، بەڵام حەیف و مەخابن ئەگەر بدرێنە بەر مەددی نەزەر و وورد تەماشا بكرێن و ئەم پرسیارانەیان بە سووكی ئاراستە بكرێت دەبێ وەڵامیان چی بێ و چۆن جورئەت بكەن زار هەڵبێنن ؟ :-
1. ئەرێ لە چیتان كەمە : ؟
- سەیارە بە (مەعرەز و بەسێت) هەتانە . (ئێمەش تەنانەت سێتی قازان و مەنجەڵی نەك ئیستیل بگرە فافۆنیشمان نییە !) .
- خانوو بە (گەڕەك) هەتانە .
- پارە بە (تریلۆن) هەتانە .
- حمایە بە (فەوج) و شتی تر هەتانە .
- كۆمپانیا لە ژمارە نایات .
- پرۆژە ، خۆ بەناوەوە نەوەستاون ، ئەی ئەوانەی هەندەران .
- ژن و كچی جوان (بەئارەزووی خۆتان) .
2. ئەى بۆ وادەكەن :؟
- لەسەر بڕین یا كەمی خزمەت و یارمەتی خێزانی شەهیدان؟
- لەسەر بێكاری و ئاوڕنەدانەوەی بەهەق لەلاوان؟
- فەرامۆشكردنی میللەت و بێ كارەبایی یا بێ ئاوی شارو شارۆچكەكان .
- دزی و فزی كۆمپانیای ئەهلی (لەسەدا نەوەدو نۆی هی خۆتان) یا تەواو نەكردن و سەقەتكردنی پرۆژە نیوەناچڵەكان؟
3. چیتان ئەوێ؟
- پلە و پایە هەموو (كول فی كول) ن .
- جەبروتان فیرعەون ئاسا .
- ئەوەی ئێوە دەیڵێن دەبێ بە یاسا .
- ئەی كێ ئەوێرێ لەقسەی ئێوە لادا .
- ئێوە نەك خۆتان بگرە پاسەوانەكانتان ، جەللادو جەبەرووتن لە كۆڕا .
من زۆرم ووت و ئێوەش كەمتان بیست ، ناچارم ناوتان بهێنم و هەریەكەی بەچەند دێڕێك باستان بكەم .
جەنابی كاك كۆسرەت، جەنابتان جێگری یەكەمی سكرتێری گشتین ، جێگری سەرۆكی هەریمن ، ئەندامی مەكتەبی سیاسین ، ئەوەی پێت باش بێ و ئارەزووت بێ دەیكەیت ، كێ ووتوویەتی بەری چاوت برژانگە ، یا ئەمە گۆڵمەزەو بەو میللەتە هەژارو مەڕ ئاسایەی دەگێڕی ، ئێمە تەنها دوژمنێكی سەرەكیمان هەیە كە ئەوانیش خۆیان لە شۆفێنی و مەزهەب و نەتەوە پەرستەكان دەبیننەوە ، كەچی پشتتان كردۆتە ئەوان و دژایەتی حزب و حكومەتێك دەكەیت كە رەنگبێ هەر بە بڕیارو مەركەزیەتی خۆت سەدان و سەدان كوڕی یەكی یەكیت تیا بە شەهید دابێ ، ئەی تۆ وا لەم حزبەی خۆت دەكەی چۆن و بەچی وەڵامی من و دایك و خوشكی من و هەزاران كوڕو ژن و كچی شەهید دەدەیتەوە . چۆن دڵت دێ ئازاری پارچەیە لاشەی خۆت .. جگەرت دەدەی ، ئەی ئێمەو شەهیدان و حزبەكەت پارچەیە لە جگەرت نین ؟ . نازانم بێزار بووی لە یەكێتی دەبەئاشتەوایی و لە كات و ساتی گونجاودا بانگەشەی دانیشتن و وازهێنانی خۆت بكە ، ئەتەوێ درێژە بەكار بدەی فەرموو ئەوە ئەرزو ئەوە گەز سوڵتە هەموو بەدەستی خۆتە ، سەیرم دێ كە جەنابتان بەم شێوەیە بیردەكەنەوە . هیوادارم بیركردنەوەت هێندە كورت مەوداو بەر تەسك نەبێ ، ئێمە ئێوەمان كردووە بەباوك و براو پشت و پەنامان . گەر برا گەورەیی ئاوابێ نەكردنی چاترە . دڵنیاشم كە ئەگەر زڕ براشبن ئاوامان لیچ ناكەن ، خۆ ئێمە دەزانین چیتان هەیە و چی دیكە دەكەن ئەگەر دوێنێ چاوبەستەكێ كرابێ ئەمڕۆ ماڵی ئەو ئازادییە ئاوا بێ كە شتی شاراوە ناهێڵێ و لە رێی راگەیاندنەكانەوە هەموو شتی ژێر بەڕ هاتۆتە سەر بەڕ ، ئەوا نزیكترین و نوێترین راگەیەندراو ژمارە (66) ى هەفتەنامەى (ستاندەر) لە دووشەممەی 16/ 2 / 2009 ، باشترین گەواهیدەرو هەقبێژە !. ئەمە تۆ وای كە براو پشت و پەنامان بووی ئەى ئەبێ ئەوانی دیكە چییان هەبێ ؟! . پارە و سەروەت وسامانیش هیچی بە هیچ ناچێ ئەگەر سبەی كۆچت كردو ماڵئاوایت لێكردین توخوا با بەجوانی بمێنی ، چونكە ئەوەی باقی بێ چاكە و پیاوەتی و ناوە ، خۆتان ناشیرین مەكەن.
جەنابی كاك عومەری سەید عەلی و كاك عوسمانی حاجی مەحمود و جەلال جەوهەرو مستەفای سەید قادر ، ئەرێ بەس نییە ، كورد ئەڵێ (تف كرا وەكو خۆی هەڵناگیرێتەوە) ، ئێوەش ئەمە چەند جارە ئەم ئیستقالەیە دەدەن ، دە سەرفرازمان كەن یا دانیشن و كارەكانتان بەرنامەكانتان پرۆژەكانتان هەڵگرن بۆ ئەم كۆنگرەیەی كە بڕیار وایە لەم ساڵی 2009 یەدا بەخێر ئەنجام بدرێ ، یا جەنابتان بۆ كۆنگرە و لەكاتی كۆنگرە هیچ پرۆژەو بەرنامەو كارتان نامێنی َ و هەموو كانسڵ دەكرێن و دەبنە قوربانی (فسی فسی) وسێرە لەیەكگرتن و كاری كوتلەو كوتلە بازی تا بۆ خولێكی چەند ساڵی تر هەڵبژێردرێنەوەو چەورتر بیخۆن !؟ ئەی ئەگەر وانییە كەی ئێستا كاتی ئەم شەڕی ناوخۆیەیە ، ئێوە كوڕی ئاشتین لەبەرامبەر عەرەبە فاشست و رەگەزپەرستەكانی كە لە بەغدا شەوو رۆژ لە بەرنامە رێژی درزخستنە نێو كوردو پەرتكردنی ریزەكانی یەكێتی خاك و حزب و هەرێمن .. كاك عوسمان لەچیت كەمە ، چی ترت دەوێ ، ئەوەی كە دەتەوێ و مەتڵەبتە بێ ئەم قیڕو بڕە .. بێ ئەوەی دوژمنان ئاوا بووروژێنن ، زۆر بەئاسانتر نەتدەتوانی بیبەیت و كەســیش نەزانی ، داواكاریت زانینی درامەتی یەكێتییە ؟ بۆ یەكێتی لەئێوە بترازێ كەســی دیكە شـــــك دەبەن خاوەنی بێ ؟ بۆ جەنابی تاڵەبانی رۆژێ لەرۆژان دەستی خستۆتە پێش داخوازی و لیف لێدانی ئێوە ؟ حەز ناكەم هەندێ قسە هەیە لەرووتدا بیكەم ، بەڵام ناچارم دەكەی بە ووتنی : (بیرتە لە ســــاڵانی هەشتا پاتەی لاستیكت لەپێ دا بوو ، توانای ئەوەت نەبوو (ئەدیداس) ێك بۆ خۆت بكڕی ؟ ئەی ئێستا چیت نییە ، ئێوە هەموو لەســـایەی ئەو یەكێتییەی كە تاڵەبانی ســـكرتێریەتی و بەرامبەر بەئێوە نەیوتووەو ناڵێ لەل ، لەپـــای ئەو بێدەنگییە نەبوونەتە (كۆمبرادۆر)؟ دڵم .. زمانم رێم نادەن پێت بڵێم (مافیا) چونكە هیچ نا رۆژێك لەرۆژان هاوسەنگەری باوك و خاڵم بوویت .. قارەمان بوویت .. سەنگەر چۆڵنەكەر بوویت !. كاك عومەری سەید عەلی جەنابیشت تەمەنت .. خەباتت .. سەقەت بوونت لەو قەسفەی تەیارە عیراقییەكانی بەعس كە جەمیل رەنجبەر شەهید و تۆش بۆ ئەم پەتپەتییە مایتەوە ، كوڕی زیندانەكان بووی ، كوڕی شاخ بووی ، هاوسەنگەری سەدان هەزاران شەهید و كەم ئەندامی ئەم ووڵاتەی و ئەندامی مەكتەب سیاسیت ، كارگێڕی ، لە هیچت كەم نییە ، هەتا رەحمەتی (جەبار فەرمان) مابوو تا سەر ئێسك دژایەتی كاك كۆسرەتت كرد ، دەستی ئاژاوەو كوتلەو كوتلەبازیت مەڵبەندی سلێمانی تەرت و پەرت كرد ، دەیانی وەكو شەماڵ عەبدالوفاو كێو كێی دیكەت دروست كرد بۆ شەڕی كوڕە چاك و ساغڵەمەكانی رۆژانی سەخت و مقاوەمەت ! بەو كەم ئەندامییەتەوە ئێستاش خەریكی شەروالأ پیسیت (ناوی ئەو ژنانەشم لەلایە كە كاری سیكسیان لەگەلأ دەكەی) .. نازانم جەنابتان لە چیتان كەمەو چیترتان دەوێ ؟ ئەگەر جەنابی تاڵەبانی كوردی خۆش بوێ و لە ریزەكانی یەكێتی بترسێ كە پەرت بێ دەبێ بەزووترین كات واژۆ لەسەر دەسلەكاركێشانەوەی تۆو جەلال جەوهەر بكات .! چونكە ئێوە دوژمن بە خەڵكی دڵسۆزو پەرتكەری یەكریزی رێكخستن و ناموستەحەقی ئەو شوێنەن . مستەفای سەید قادر نازانم چی بڵێم بۆ جەنابت ، ئەوەندە بەسە كە پرسیار بكەم ئەرێ ریفۆرم لەلای ئێوە یانی چی ؟ ریفۆرم وابزانم لەلای بەڕێزتان لەگەلأ دوو خوشك رابواردن و شەو خەوە بێئەوەی یەك بەیەكتر بزانن ، ئەی ئافەرین .. عومر كورت بیت ، خۆ ئەو دوو خوشكەش ماڵیان لە بەختیارییە ! یا ئەو هەموو دەفتەرە دۆلارەی كە مانگانە وەری دەگری كێ دەزانێ لە چی و بۆ چی سەرفی دەكەیت . تۆ كوڕی زیندان و كوڕی شاخ و بەڵام ئێستا بووی بە كوڕی (كوتلە و ......) تەنانەت ...! بۆ جەلال جەوهەر بۆیە بۆ دوامین كەس هێشتمەوە چونكە ئەم پیاوەی كە ئێستا بووە بە مونەزیرو ووتارخوێن و مەقالە نووس ، یەكە پیاو نا عەفوو (كچە تاقانەكەی تاڵەبانی) بوو ، تاڵەبانی نازانم بەچی پێوەرێك ئەم كەسەی هێناو ئەو شارە پڕ كێشەو گرفتەی كە بە قودسی كوردستان (كەركوك) ناوی بردووە ئیداری و سیاسی تەسلیم كرد ، ئەو درز و كەلەبەرەی ئەم كەسە (جەلال جەوهەر) لەوشارە دروستی كرد لە نێوان كوردو كورد ، كوردو عەرەب ، كوردو توركمان بەعس بەو هەموو سیاسەتە شۆفێنییەی خۆی نەیتوانیوە نیو ئەوەندە بكات . لەو كاتی ئیمزا كۆكردنەوەیە لە ساڵى 2005 كاتێ لە كەركوك ئیمزا كۆ كرایەوە گوایە دژ بە تاڵەبانییە و بۆ پشتگیری یاداشتە سـێ قۆڵییەكەی كاك (نەوشیروان مستەفاو عومەری سەید عەلی و كۆسرەت رەسوڵ) بوو ، جەلال جەوهەر خەڵكی ئەخزانە ناو كۆمەڵێ كادرو كوڕانی تەنگانەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە گوایە ئەمە دژی (مامۆستا جەلال) ـە نەك (مام جەلال) خەڵكیش تا سەر ئێسك بەئێستەشەوە دوژمن بەجەلال جەوهەرو ئەتوارە نامەعقول و شەرواڵ پیسییەكەی بوون بۆیە ئیمزایان دەكرد ، پاشان ئەو ئیمزایانە كۆكرانەوە و جەلال جەوهەر بۆ خۆشەویست بوون و ماستاوكردنی لەلای جەنابی تاڵەبانی لەسەر سینییەك و لەبەرامبەر بە چەند ئافەرینێكی هەزیلانە پێشكەشی تاڵەبانی كردو پاش دەست لەپشت دانی لەلایەن تاڵەبانییەوە كەوتە وێزەی ئەو كادیرانەو زۆربەیانی لەریزەكانی رێكخستن دوورخستەوەو بە زۆریش پاكانەی بەهەندێكیان پڕ كردەوە . ئەم پیاوە ئەوەی كاری فەسادی بێت لەوشارە بڵاوی كردەوە ، هەرچی كارە نابەجێ و دووبەرەكی و كوتلە و كوتلەكاری هەبوو گواستێوە بۆ ناو كەركوك و چەندین خەڵكی جادەو چەقۆ كێش و قۆڵتاغچی و كۆنە بەعسی و پیاوی ئەمن و منداڵ بازو حەبخۆرو حەبفرۆش و چی و چی تر بوو هەمووی هێناو كردیانی بە (بەناوكادر) وپیاو بەسەر زۆربەى زۆری كوڕانی چاك و خاوەن هەڵوێست و كوڕی شەهید و كوڕانی تەنگانە ، ئەوە رێكخستنەكان و بزانن كێی تیایە رێكخستنی كۆن یا پێشمەرگەو كادری كۆن بێ ؟! . ئەم پیاوە بەناو پیاوە پێى دەڵێن (جلال جەوهەر) ی (قووتە ....) خۆی و كۆمەڵێ چاكی خەڵك دەزانن (قووتە) یانی چی . دوا داوام ئەوەیە كە تاڵەبانی لەسەر هیچیان نا بەڵام لەسەر دەستلەكاركێشانەوەى ئەم (قووتە) ناوە رازی بێت و كوردو یەكێتی و باڵی ریفۆرمیش لەو نەگریسە پاك بكاتەوە . ئەرێ بەراست دەڵێن دوای زانیاریت كردووە لەسەر ئەموال و دارایی یەكێتی ، ئەی كێ دواوای حسابات و ماڵ و موڵكی ئێوە بكات كەچی بوون و ئێستا خاوەنی چین؟
دوا پێشنیارم بۆ كاك (نەوشیروان) یش ئەوەیە ئەگەر دڵت بەكوردو بە خەڵكانی بەئەمەك دەسووتێ و دڵت بە ئایندەی ئەم میللەتە خۆشە ، ئەوا لیستی جیاواز مەخەرە روو (چونكە تەنیا دەبی) ، وەرەو ببە بە شۆڕە سوارەكەی جاران و سەرۆكایەتی لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بكە ، كە دەرچوویت (دلنیام سەدی سەد) دەردەچی ، ببە بە سەرۆكی حكومەت یا سەرۆكی پەرلەمان ئەوەی تۆ بەباشی دەزانی بۆ ئێستا و ئایندەی ئەم میللەتە بە (دەركردن ، كوشتن ، ئیعدام كردن ، مەحكەمە ، لێپرسینەوە ، پاككردنەوە ، .... هتد تا ئەوەی لێپرسراوان و كاربەدەستان و عمومی میللەت دێنەوە سەر خەت و ووڵات دەبێ بەشامی شەریف ...) ئەوسا ئێمەی كەس و كاری شەهیدان ، خەڵكی سادە .. هەموو میللەت لەگەڵتاین لە دەنگتاین .. پشت و پەناتین .. تا دەمرین لەدواتین .. دەفەرموو ئەم داوایەو بیری لێ بكەوە و ئێمەش سەف سەف لە حزورتا وەستاوین و چاوەڕێی دوا بڕیارو دوا نوتقی جەنابتانین بەرامبەر بە میللەت بە شەهیدان و كەس و كارى شەهیدان و پێشمەرگەى كۆن و نوێ ، رێكخستنی دوێنێ و ئەمرۆ ، وەرەو با دوژمنانمان شەق بەرن و ناحەزانیشمان لەداخا یەخەی خۆیان دادڕن ..... ! چاوەڕێین .. چاوەڕێ .


كەركوك
17/ 2 / 2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە