بنكەى تەندروستى لەمزگەوتدایە سەدان ملیۆنى بودجەى تەندروستى ڕانیەش گەڕێنراوەتەوە
Saturday, 09/02/2013, 12:00
ئەى ئافەرین تەندروستى ... تۆ داهێنەرى بەڕاستى
مەلا بنێرە بۆ دەورە ... فێربێت نەشتەرگەرى گەورە
ژوورى مردوو شۆرەكان ... شوێنى تەداوى و ددان كێشان
مۆرى نووسراوەكان خڕە ... موئەزنیش بلیت بڕە
چارەى ئەنفلۆنزا و پەتا ... مسۆگەرە بەدوو دوعا
لێمان مەكەن كۆسە كۆسە ... مەملەكەتى فەنتەڵۆسە
((دكتۆرێك .. ئەكاونتى سەردەشتى هەمیشە زیندوو لەفەیسبووك)) .
باسى نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەیەكەى قەڵادزێ و 300 قەرەوێڵەیەكەى ڕانیە ناكەم باسى نەبوونى دكتۆر و ئیسعاف و دەرمانیش ناكەم ، ئەوەى باسى دەكەم نوكتەش نیە بەڵكو واقیعى حاڵى كەرتى تەندروستیە لەپشدەرو بیتوێن لەسایەیى بودجە زەبەلاحەكەوە ، كێ بڕوا دەكات لە 2013 بنكەى تەندروستى (گوندى تۆسووران _ ناحیەیى سەنگەر _ قەزاى قەڵادزێ _ پشدەر) لەناو حەوشەى مزگەوتدایە ؟ جگە لەكەمى دەرمان و نەبوونى دكتۆر یان بێ ئەوەى هیچ مەرجێكى تەندروستى تێدابێت واتا بنكەكە خۆى هیچ مەرجێكى تەندروستى تێدانیە جاوەرە منداڵێكى بێ گوناح یان گوندنشێنێكى هەژار لێی بقەومێ چۆن چارەسەر وەردەگرێت و چۆن كەشێكى تەندروستى بۆ بەدەست دەهێنى ؟ جگەلەوەى سەدان و سەدان نمونەى لەمە كارەساتبارترو سەیرتریش هەیە بەڵام ئەوەى من دەمەوێ بەرواردى بكەم و باسى كارەساتە گەورەتركە بكەم ئەوەیە دوو ساڵە لەسەر یەك سەدان ملیۆن دینارى كەرتى تەندروستى پشدەرو بیتوێن بۆ خەزێنەى حكومەت دەگەڕێتەوە تەنها بۆ وەرگرتنى ئافەرینێك و ملشكاندنى خەڵكانى پێش خۆى كەپۆستیان هەبووە ؟ كێ لەمە بەرپرسیارە ؟ گوندنشینێك و هاوشاریەكى قەڵادزێ و ڕانیە چ تاوانێكیان هەیە ؟ من لێرەوە ڕوو دەكەمە پەرلەمانتارانى ئۆپۆزسیۆن لەپشدەرو بیتوێن كوا چیتان كردووە بۆ كێشەو هۆكارى گەڕانەوەى ئەم بودجەیە ؟ ساڵى 2011 نزیكەى ملیارێك دینار لەبودجەى كەرتى تەندروستى پشدەرو بیتوێن بۆ حكومەت گەڕایەوە كوا بەدواداچوونتان ؟ لەكاتێكدا كەى ئێن ئێن خۆى ڕاپۆرتێكى لەسەر كرد ؟ كەچى لە 2012 دیسانەوە بەهەمان شێوە سەدان ملیۆنى تر گەڕاێنراوەتەوە بۆ حكومەت كوا بەدواداچوونتان ؟ كوا لێدوانتان ؟ لەكاتێكدا ئەمە حاڵى كەرتە تەندروستیەكەیەتى .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست