دكتۆرە حزبیەكەى پسوڵەى نەخۆشخانەى قەڵادزێ ی تەزویر كردبوو بەكەفالەت ئازادكرا
Friday, 14/09/2012, 12:00
ساڵێك بەر لەئاشكرابوونى باندە تەوزیرچیەكەى نەخۆشخانەى قەڵادزێ كارمەندێكى خەمخۆرودڵسۆزى نەخۆشخانەكە وەك ئەركێكى ئەخلاقى و ئینسانى سەرشانى ئیدارەى نەخۆشخانەكە لەو كارە نایاسایى و تەزویراتە ئاگادار دەكاتەوە ،لەجیاتى بەدواچوون و لێكۆڵینەوە بۆ تەزویرات و كارەنایاسایەكان بكەن مووچەى كارمەندە دڵسۆزەكە ڕادەگرن و دەڵێن تا پێمان نەڵێیى كێ ئەو زانیاریانەى بەتۆ داوە موچەت پێ نادەین ؟ دوایى ساڵێك لەو بینەو بەرەیە باندەكە بەڕاستى ئاشكرا دەبن و چەندین بەڵگەو نووسراوى تەزویریان لێ ئاشكرا دەبێت كەمەزندە دەكرێت بایى زیاتر لە بیست دەفتەر دۆلار تەنها پسوڵەى نەخۆشیان تەزویركردبێت سەرۆكى باندەكە ناوى (ع . ی) ئێستا لەلایەن ئاسایشى قەڵادزێوە دەستگیركراوە ناوى چەندین كەسى تریشى لەكەرتى تەندروستى سنورەكە ئاشكرا كردووە لەسەرووى هەموویانەوە دكتۆرە حزبیە ناسراوەكەى نەخۆشخانەى قەڵادزێ و بەرپرسانى یەكێتى دكتۆر (ه) كەئەویش دوایى تەداخولاتى بەڕێوبەرى گشتى تەندروستى ڕانیەو لێپسراوى مەڵبەندى ڕێكخستنى ڕانیەیى یەكێتى و ئاگاداركردنەوەى وەزیرى تەندروستى بەكەفالەت ئازاد دەكرێت ، چونكە دەڵێن ئەو ماددەى ئەوى پێ تۆمەتبار كراوە كەفالەت نایگرێتەوە .
بەرپرسانى (تەندروستى و حزبى) ڕانیەو قەڵادزێ دەیانویست ئەم كارە نایاسایی و تەزویراتە بۆ ئەو باندەى نەخۆشخانەى قەڵادزێ پەردەپۆش بكەن و وەك بەرزەكى بانان بۆى دەربچن بەڵام بەهەوڵ و هیمەتى خەڵكى دڵسۆزو كارمەندان و فەرمانبەرانى بەڕێوبەرایەتى تەندروستى ڕانیەو نەخۆشخانەى قەڵادزێ هەموو لایەكیان ئاگاداركردەوە كەقبوڵ ناكەین ئەم پسولە تەوزیركردنە هەروا بەئاسانى تێپەڕێ چەند جارێك لێرەش لەڕێگەى كوردستانپۆستەوە لایەنى پەیوەندیدار ئاگادار كرایەوە كەبەدواداچوون و لێكۆڵینەوە بكەن و پەردەپۆشى مەكەن خۆشبەختانە ئێستا دۆسیەكە دووبارە بەهەوڵ و هیمەتى خەڵكى دڵسۆز و چەكوشەكەى كوردستانپۆست جوڵێنراوەو چەند ڕۆژێكە سەرۆكى باندەكە دەستگیركراوە ئێستا خەڵك و كارمەندانى دڵسۆزى نەخۆشخانەى قەڵادزێ چاوەڕێیی بڕیارەكانى دادگان بۆ دەستگیركردنى تەواوى باندەكە و ئاشكرابوونى ڕاستیەكان بۆ دكتۆر و كارمەندانى تەندروستى قەڵادزێ و خەڵكى ناوچەكە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست