با وەزارەتی ڕۆشنبیری چیتر سوکایەتی بە گەنجانی کورد نەکات ....
Saturday, 25/12/2010, 12:00
لە چەند ڕۆژی ڕابوردوودا خەڵاتی لاوی ساڵ بەخشرایە کۆمەڵێک گەنجی کورد کە نەک شایەنی ئەو خەڵاتە نین بەڵکو دیوە جوانەکانی گەنجی کوردیان شاردۆتەوە و وەک پۆلە گەنجێک ڕوخساری گەنجانی کورد ناشرین دەکەن .. نازانم لای وەزارەتی ڕۆشنبیری چ پێوەرێک هەیە بۆ پۆلێنکردنی گەنجان و چ کەسانێک دانراون بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو گەنجانەی کە سیڤیان پێشکەش کردوە بەمەبەستی کێبڕکێ کردن لەسەر تواناکانیان .. بەڵام گومان لەوەدا نیە کە چۆن لە هەموو کایە جۆربەجۆرەکاندا دەست ماچکردن و خزم خزمێنە و کاسە لێسی و مامە حەمەیی و خزمەتکاری دەوری هەیە بۆ بەدەستهێنانی هەموو مەرامێک لە کوردستاندا بە هەمان شێوەش خەڵاتی باشترین لاوی کورد لەو جۆرە کارانە بەدەر نەبوو ، وە تواناکانی گەنجانی کورد بەو هۆیەوە چویە ژێر پێ و پلی هەموو ئەو کەسانەی کە لە سوکردنی تواناکانی کورد و گەنجانی کورددا دەورێکی دێوەزمە ئاسایان هەیە ، ئێستا من هەموو کەسانی خاوەن ئەزمون و ئینسان دۆست دەخەمە بیری ئەو خەیاڵەوە کە ئایا ئەمە توانا راستەقینەکانی گەنجانی کوردە ؟ ئایا ئەمە بەهرەی کەسانێکە کە شەو و رۆژ دەخەنە سەریەک بۆ پێگەیاندنی خۆیان ... بە دڵنیایەوە نا .. ئەمە ئەو کارە نیە کە شایەنی کردن بێت بەڵام کە دەگەڕێمەوە سەر ئەو ڕاستیەی کە دەسەڵات لە کوردستاندا لە دەست کۆمەڵێک کەسی پاوان خوازدا گیرۆدە و پەنگ خواردوە .. ئیتر خەیاڵمان بە شێوەیەک نائاسودە دەبێت کە لە دڵنیایدا بین لەسەر ئەوەی کە دەبێ فیستیڤاڵ و بەرهەمە ئەدەبی و هونەری و ڕۆشنبیریەکانی کوردیش وەک هەموو شتەکانی تر لە کوردستاندا هەر بۆ کەسانێک بن کە راستیەکان دەشێوێنن و لمۆزی خۆیان دەبەنە پێشەوە لە هەموو کارێک کە ئایندەی ڕۆشنبیری لە کوردستاندا دەخاتە ژێر هەوری ناپاکی و سێبەری ناپاکیەوە ...
نازانم لێرەدا سەرۆکی حکومەت ئەوەندە ئاگای لە گەنجان و تواناکانی گەنجان هەیە کە بە وەها هەڵسەنگاندنێکی وەزارەتە بەناو رۆشنبیریەکەی ڕازی بێت و ئامادە بێت خەلاتی گەنجانی کورد کە چینی هیواو و دواڕۆژی میللەتن ببەخشێتە کەسانێک کە نەوەک ئەو خەڵاتە ، شایەنی هیچ ڕیزلێنانێک نین ؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست