کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


وه‌سیه‌ت ‌بۆ‌ خامه‌

Thursday, 12/07/2012, 12:00




هاوڕێی ‌ژیانی ‌غوربه‌تم‌‌ خامه‌که‌م‌ هاوه‌ڵی‌ گیانم
بنووسه ‌‌ئه‌مشه‌و ‌‌ڕۆمانێ ‌له ‌‌‌هه‌نسکی بێ ‌گریانم
له ‌خه‌رمانی ‌ئه‌و ‌ته‌مه‌نه‌ی ‌کامم ‌نه‌کرد و ‌‌ئاو‌بردی
له ‌گه‌روویه‌ک‌‌ که‌ نه‌یکێشا‌ بێجگه ‌له ‌هه‌ناسه‌ ساردی
پڕ‌ که‌ره‌وه‌ دێره‌کانی ‌لاپه‌ڕه‌ی‌ ڕه‌شی ‌ئه‌م ‌ژینه‌م
‌زنجیر و کۆتی ‌‌ئه‌م ‌دڵه ‌پڕ‌حه‌سره‌ت ‌و‌ پڕ‌ برینه‌م
باسی ‌بێ هیوایی ‌و ‌ڕه‌نجی ‌بێبه‌ری ‌‌که‌سێکی‌ نامۆ
بێ‌ سه‌لیقه‌ی‌ چه‌رخی ‌چه‌پگه‌ر ‌‌که‌ ئاوا ‌کردی‌ ڕه‌نجه‌ڕۆ
بیری‌ ئاڵۆزی ‌کاسه‌ی ‌سه‌ر ‌بهۆنه‌وه ‌به ‌هۆنراوه‌
هانده‌ر ‌به‌ بۆ‌ به‌رده‌وامی ‌ئه‌م ‌یادگاره‌ به‌جێماوه
وه‌سێت ‌بێت‌ خامه‌ی ‌ڕه‌فیقی ‌شه‌وانی ‌سه‌ختی ‌نامۆیی
دوای‌ ماڵئاوایی ‌و‌ کۆچه‌که‌م‌ پڕ‌ به ‌گه‌رووی‌ شیعر‌ بگری
بڵێ ‌داخ‌ بۆ‌‌‌ ڕه‌نجی ‌بیری ‌بۆ‌ هه‌ناسه‌ی ‌سه‌خت ‌و‌ سه‌ردی
بۆ ‌خه‌ونی به‌دی‌ نه‌هاتووی ‌‌بۆ ‌‌دڵی ‌ساف ‌و‌بێگه‌ردی
تا ‌مردنیش ‌چاوه‌کانی ‌‌دوور ‌ده‌یڕوانی‌ به‌و‌ هیوایه
شه‌وی ‌ڕه‌شی ‌و ‌نه‌هامه‌تی ‌ڕۆژێکی ‌ڕوونی‌ له ‌دووایه
‌میراتی ‌‌ووشه‌م ‌بسپێره‌ به‌ که‌سێ ‌‌‌‌‌ئازا و ‌به‌ توانا
قه‌ت ‌نه‌هێڵی ‌ده‌ست‌ به‌ سه‌ر‌ بی ‌له ‌نێوان ‌دووتوێی ‌گیرفانا
نه‌هێڵی ‌پێت ڕه‌ش‌که‌نه‌وه‌ په‌ڕاوی ‌ماستاو و ڕیایی
ئازادی ‌فیکر و ‌‌‌شه‌فافی‌‌ بنووسه ‌به‌ ئاشکرایی
دیلی ‌قه‌ڵه‌م‌ کاره‌ساته ‌‌که‌ڕ ‌بوونی ‌میلله‌ت ‌تاوانه‌
‌پاکی ‌و‌ پاراو ‌بوونی ‌خامه ‌به‌هایه‌کی‌ زۆر‌ گرانه.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە