کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێیان بڵێن ئیره کوێه

Friday, 08/08/2014, 12:00




ئێره نیشتیمانی تۆڵه و زێدی شێرانی میژووه
ئێره پێده‌شتی ئه‌سپه ‌شێ وسمکۆڵه‌ی ڕقی جوانووه
ئێره وڵاتی زریانه و جێی بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌ستیه
ئێره ده‌سپێکی ژیانه و مه‌نزڵگه‌ی خۆشه‌ویستیه
ئه‌وه‌ی مرخی له بستێکی خاکی ئێمه خۆش کردووه
ئه‌وه‌ی ڕقی له ئاسمان و زه‌وی ئێمه هه‌ڵگرتووه
ئه‌وه‌ی به زۆر و تۆپزی بیه‌وێ جیی خۆی کاته‌وه
ئه‌گه‌ر سه‌ری خۆی لێته‌وقه ، با بێ و تاقی بکاته‌وه
ئه‌مه نه‌عره‌ته‌ی هه‌ولێره ، لافاوی ڕقی زاخۆیه
خه‌می خانه‌قینی شێره ، دڵی قه‌ندیلی پڕ سۆیه
ئه‌مه وره‌ی دوهۆکیه ، زه‌بری مه‌چه‌کی گه‌رمیانه
ئه‌مه‌کی گه‌وره‌ی بادینان ، نرکه‌ی ده‌ڤه‌ری سۆرانه
چاونه‌ترسی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ و ڕه‌شه‌بای شاری بابانه
هێرشی لاوی مه‌نده‌لی و خوێن گه‌رمی به‌دره‌وجه‌سانه
ئه‌مه وته‌ی لای مه‌خموره و ڕۆحی قه‌راج و گوێره
ئه‌مه زامی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ وزمانی شه‌نگالی شێره
عه‌شقی لاوێکی سیمێل و هۆره‌ی خه‌لکی هه‌ورامانه
ئه‌مه داستانه نه‌به‌ردی شاره‌زوره‌که‌ی کوردانه
چاوی پر کلی سه‌عدیه‌ و هه‌نسکی قووڵی که‌لاره
زه‌بری قه‌راخی دێرین و قه‌ڵادزه‌ی پر له هاواره
تینی خه‌ڵکی چه‌مچه‌ماڵ و باسکی به‌هێزی بازیانه
شه‌پۆلی هێرشی کۆیه وتوڕه‌یی ته‌کیه‌ی کوردانه
سه‌نگی ده‌روازه‌ی ڕاپه‌رین ، هه‌ڵمه‌تی شه‌قڵاوه‌ی دلێر
په‌یامی پێنجوێنی عه‌شق وتینی ڕۆڵه‌ی عه‌ربه‌تی شێر
شه‌پۆلی توڕه‌ی دوکان و گۆمی پر مه‌رگی سیروانه
تاسه‌ی رقی نازه‌نین وگه‌رده‌لوله‌که‌ی هیرانه
ته‌می دلی ناوچه‌ی شوان و گڕی هه‌ناوی جه‌باری
سه‌رگه‌رمی ناو سه‌یسادق و ده‌ربه‌نه‌که‌ی کورده‌واری
باڵای به‌رزی که‌رکوکی کورد گڕی گه‌رمی بابه‌گوڕگوڕ
شه‌به‌نگی ئه‌و تیشکه سوره‌ین ، که به تاریکی ده‌دا دڕ
زێوێ و سورداش وخه‌له‌کان هه‌رسێک وه‌ک هه‌ڵۆی کێوانه
ده‌ڵین رۆح و دڵی ئیمه ، فیدای خاکی نیشتیمانه
قه‌ندیل هاواری کرد ئه‌زمه‌ڕ چاوت له هه‌ڵپه‌ی سه‌فینه؟
سه‌رهه‌ڵبڕه‌و ئه‌م بورکانه‌ی گاره‌ ومه‌تینمان ببینه
بالیسان و له‌یلان و دوز هه‌تا ده‌گاته لای حه‌مرین
ده‌ڵێن بۆ به‌رزی ئاڵاکه‌ت نیشتیمان هه‌مومان ده‌مرین
سنوری وڵاتی کوردان له زاخۆوه تا خانه‌قین
ده‌ڵێن ده‌ستێک سه‌رکێشی کات له بن باڵه‌وه‌ ده‌یبڕین
به‌کرحه‌بیب


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە