کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ترسی دەسەڵات و خۆپیشاندانی هەولێر

Friday, 25/02/2011, 12:00




ئەوە دیارە کاسەی توورەیی چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکانی شارو شارۆچکەکانی کوردستان ئەوەندە پڕ بووە کە ئیدی لێی دەرژێ و پارێزگای سلێمانی و شارۆچکەکانی دەوروبەری ئەوە ماوەی حەوت ڕۆژە بە بەردەوام لە خۆپیشاندان، بەردەرکی سەرا یان مەیدانی ئازادی، ڕۆژانە شیعرو ووتارو هوتافی تێدا دەکێشرێ لە دژی گەندەڵی، ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی، میراتگری دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ هتد. جەماوەر کۆمەڵێ داواکاری عادیلانەیان هەیەو دەیانەوێ دەسەڵات گوێیان بۆ بگرێ. بەڵام بەداخەوە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە خەڵتانی خوێن کرا، بەڵام ئێستا توندوتێژی کەمتر بۆتەوە.

سبەی دیارە لاوانی هەولێری قەڵاو منارەش، بە تەمان خۆپیشاندانێکی هێمنانە بکەن، بۆیە منیش داواتان لێدەکەم کە ئەوەی لەتوانایدایە با بچێت و بە چالاکی خۆتان مێژووێکی نوێ بنووسنەوە، ئاواتی دێرێنی شەهیدەکانمان شاد بکەن، بەڵام تکایە نارەزایی خۆتان، بیروڕاکانی خۆتان، توورەیی خۆتان، شارستانیانە دەرببڕن، خۆتان ساز بدەن، پاساو بۆ هێزە ئەمنیەکان دروست مەکەن بە دەسرێژی گوللە شەقام خەڵتانی خوێن بکەن، بواری خەڵکی ئاژاوەگێڕ نەدەن ڕیزەکانتان تێکبدات، پێم باشە لاسکە گوڵ بەدەستەوە بگرن وەک هێمایەکی وەڵامدانەوەی گوللە بە گوڵ و بە ووشەی ئاشتیانە. ئەگەر دەکرێ تیمی موسیقا ببەن و سروود بڵێنەوە، چالاکی شیعر خوێندنەوە ئەنجام بدەن.

هەروەک لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵاتەوە، چەند کەسێکی وەکوو فەرهاد پیرباڵ و مەلا مەسعودو دام و دەزگا حیزبیەکانەوە ڕایانگەیاندووە کە بارودۆخەکە مەترسیدارەو خوێن دەرژێ بۆیە دەڵێن مەڕۆن بۆ ناڕەزایی دەربڕین. خۆ دیارە لە خۆپیشاندانی هەولێر دەترسن چونکە بڕیاردەرە، بەڵام ئەی خەڵکینە ئەوە بزانن کە ئەم دەسەڵاتە تەنیا ئەو کاتە گوێ لە قسە دەگرێ کە کورسی دەسەڵاتیان لە لەرزینە، بۆیە سڵ بە جۆشکردن و بەشداری خۆپیشاندان مەکەنەوە.

دەمەوێ پێتان بڵێم کە دەسەڵاتی کوردی بە ناڕەزایی دەربڕین و خۆپیشاندان ئاشنا نین، بە دیموکراسی ئاشنا نین، بە زمان و بیری سەردەم ئاشنا نین، تا ئێستا چەندین هەڕەشەیان جۆراو جۆریان بۆ خەڵک ناردووە، کە لێیاندەدەن، دەیانکوژن، بەداخەوە دەسەڵاتی خۆمان زۆرتر لە شێوازی ووڵاتێک دەچێ کە کورسی دەسەڵاتی خۆی، بە خواپێداوی و ئەبەدی دەزانێ، بۆیە ژیان و مانی خۆیان لە بوونی کورسی دەسەڵات دەبیننەوە. هەروەها ئەم دەسەڵاتە شارەزایی کوشتنی بێرەحمانەی براکوژیە، بە زمانی هەرەشەو بە دەسڕێژی گوللە دەیەوێ خەڵک بتۆقێنێ تا دەنگ هەڵنەبڕن، زمانتان ببڕن، بێدەنگ بن، ئەوان دەیانەوەی ئێوە هەر کۆیلە بن، هەروەک لە شاری سلێمانی دەرکەوت بەڵام ئازایانە کڕنۆشیان بۆ دەسەڵات نەبرد. ئەوەش سیفەتی ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی جیهانە، بەڵام ئەو ڕۆژە بەسەرچوو، ئێستا رەورەوەی مێژوو لە قازانجی ئێوەو لە زیانی ئەوانە، بۆیە گوێ بەقسەی پیاوەکانی دەسەڵات مەدەن، و بڕۆنە سەرجادەکان. هەر سەرکەوتوو بن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە