کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بكوژانى (كاوە گەرمیانى) مەرگى خۆیان راگەیاند!!

Saturday, 07/12/2013, 12:00




(1)
ئەگەرچى بیست و دوو ساڵە دەتانەوێت سیستمى بێدەنگى و ملكەچى و سەرەونگون كردن و فەرهەنگى دیزە بەدەرخۆنەكردن پیادە بكەن بەڵام لێرەوە، لە ساتى شەهیدكردنى كاوە گەرمیانیەوە، لەم چركەساتە هەستیارەوە، هەموو تاكێكى ئەم كوردستانە وەكو رۆژنامەنوسێك و بیرمەندو ئۆپۆزسیۆنێكى ویژدان تەندروست رەفتار دەكەن، چونكە لەم سەردەمى جیهانگیرییەدا، تاكگەرایی و بەهاى تاكێتى مرۆڤ دروست دەبێت، ئیدى لەم سیستمە نوێیەدا، كەس نابێتە كۆیلەى كەس، كەس نابێتە ئاغاو كوێخاو خواوەندى كەس، كەس بۆ پارووە نانێك مەسینەدانەرى قبوڵ نییە.. برا براى خۆى ناكاتە كۆیلەى خۆى و كەسیان ئەوەیان قبوڵ نییە گەورەترو كوێخاى ئەوەكەى دیكە بن..
لەم سیستمە نوێیەدا، كۆمەڵگاى نوێ و گەنجى نوێى كوردى: بێدەنگى و زەلیلى قبوڵ نییە، گەنجى ئەمڕۆ باوكى كۆنەخوازو خۆسەپێن و ئاغاو كوێخاى خۆى ناناسێت، ئەگەر دڕندەش بوو، لێى بێبەرى دەبێ.. گەنجى نوێى ئەمڕۆى كۆمەڵگاى هاوچەرخى كوردى، كوڕێكى پراگماتییەو دونیاى دیگیتاڵ هزرى ئەوى تەنیووە، ئەو هاوڕێى كۆمپیوتەرو سەتەلایت و ئینتەرنێت و مۆبایلە، بە واتاى ئەوەى راستیەكان لاى ئەمە، دزى و گەندەڵى و درۆو خۆڵ كردنە چاوى بەرپرسانى لا ئاشكرایەو ناتوانرێت گێلى بكەیت.. مامەڵەى ئەم نەوەیە جیاوازەو ناكرێت دەستەمۆو كۆیلەو مەسینە هەڵگرو حزبى و ئایدیۆلۆژیست و زەلیل بكرێن.. ئایدیۆلۆژیاى بكوژان و گەندەڵكارانیش، ئێكسپایەر بووەو كۆنەخوازو چەقبەستوون.. بۆیە عەقڵییەتى ئەوانى بەرپرس و نەوەى نوێى رۆژنامەنووس و قەڵەمبەدەست دوو شتى جیاوازن..
ئەم گەنجانە زۆر زوو درۆكانتان و بەرنامەكانتان ئاشكرا ئەكەن، پشوویان درێژ نییە، چونكە ژیانیان دژوارە.. تووڕەو نادەربەستن.. چونكە بێكارو بێپارەو بێهیوان.. بێزارو بێسەبرو سەرچڵن، چونكە ئێوە هیچى پێشكەش ناكەن لە ئەركى زۆرو ناخزمەتگوزارى نەبێت.. ئەم نەوەیە، راستگۆو سەرچڵ و بڕیاڕدەرن.. پراگماتیى و واقیعین زیاتر لەوەى كە رۆمانسى و خەیاڵى بن.. توندو پتەون زیاتر لەوەى كە نەرمونیان بن.. تۆڵەسێنەرن بەرامبەر بە غەدرو چەوساندنەوەو مافخواردنیان.. لێبووردەشن بەرامبەر بە جەورو لێدان داپڵۆسینى پۆلیس و دژە تیرۆر..
ئەوەش بزانن كە ئەم نەوەیە: دزیان قبوڵ نییە.. نهێنیان لا رەفزە.. شەفافییەت و ئاشكراكردنى حەقیقەت مەبەستیانە.. بڕوایان بە شتى دروستكراو و هەڵبەستراو و درۆى حازربەدەست نییە.. لە راستەقینەیی شتەكان دەگەڕێن.. سەریان كز نەگرتووە و مەراقیان ئەوە نییە كە كڵاوەكەیان با نەیبات.. لە مەرگ ناترسن.. لە پۆلیس و ئاسایش و دژە تیرۆرو بكوژانى نێو دەزگاكانى زانیاری و پاراستنەكانتان ناترسن.
ئەم نەوەیە باوەڕیان بە مێژووە خوێناوییەكەتان نییە، بۆیە رۆژنامەكانتان ناخوێننەوە ئەگەرچى بەخۆڕاییش بێت و دەیكەن بە سفرەى نانخواردن.. تەماشاى تەلەفزیۆنەكانتان ناكەن كە سوودى بۆ ئەوان نەبێت و خۆیانى تیا نەبیننەوە ئەگەرچى زۆرینەى بودجەكەش هەقى ئەوانەو دەیخۆن، بودجەیەكەو ماف و هەقى میللەتە.. گوێ لە رادیۆ ئێكسپایەرەكانتان ناگرن.. سەیرى وێنەكانیشتان ناكەن و لە ماڵەكانیاندا هەڵیانناواسن.. نابن بە پۆلیس و ئاسایش و هەواڵگرو جاسووس، هەرگیز سەلام و تەحیەتان بۆ ناكەن. ئەوان سەرفرازو روو سوورن بۆیە پاڵ بە عەرەبانەیەكەوە دەنێن یان بێكارى هەڵدەبژێرن.
ئاگادار بن، ئەم نەوە نوێیە ئازاو بوێرن و كارى تیرۆریش كردارێكى ترسنۆكانەیە، ئەوان ترسنۆك و بودەڵ و تۆقیویان خۆش ناوێت.. زیاتر قینتان لێهەڵدەگرن.. باشتر وایە ملكەچى بڕواو باوەڕو بۆچوونى ئەم نەوەیە بن كە دەبنە پیاوى دواڕۆژ.. باشتروایە بەربەست نەخەنە بەر شەپۆلى ئازادى و سەربەستى ئەوان كە سنوورى بۆ نییە.. گەنجى ئەم سەردەمە رقى لە كۆت و بەندە.. رقى لە چەوساندنەوەو چەك و پیاوى سەر بە دەسەڵاتە.. حزب و ئایدیۆلۆژیاكەى قبوڵ نییە.. ئینتەرنێت و سایتەكان سنووریان نەهێشتووەتەوە بۆیە ئەوانیش حەزیان لە سنوور نییە.. حەزیان بە یاساى تۆتالیتارى و حزبى شمولى و دۆڕاو و خۆسەپێن نییە.. ئەگەر باوەڕیش بە وتەو بۆچوونەكانم ناكەن، فەرموو بزانن كوڕو كچە لاو و منداڵەكانتان فەرمایشت و ئەمرى ئێوەیان قبوڵە! (مەگەر پارەكانتان بێدەنگى كرد بن).
(2)
واز لە كارى ترسنۆكانەو كوشتن و پیلانى تیرۆركردن بێنن، واز لە بێدەنگكردن و سەرشۆڕكردن و ملكەچكردنمان بێنن، واز لە درۆكردن و خۆڵكردنە چاومانەوە بێنن.. واز لە بنەماڵەخوازى و دوژمنایەتى میللەت و رۆڵەكانى هاونیشتمان و هاونەتەوەتان بێنن.. واز لە ماشینەوەى بودجەو سامانى منداڵ و پیرو ژن و گەنجانمان بێنن.. واز لە قەڵەوكردنى پیاوە بەكرێگیراوەكانتان بێنن.. واز لە كڕینى نوسەرو رۆژنامەنوس و هونەرمەندە نەفسنزمەكان بێنن.. واز لە گەندەڵى و گەندەخۆرى بێنن.. واز لە ڕەشكردنەوەى مێژووى خوێناویتان بێنن.. واز لە خنكاندنى منداڵى تینووى گەرمیان و كوشتنى خەونى كیژە گەنجەكانى شارۆچكەو گوندو شارەكانمان بێنن.. واز لە كورسیپەرستن و سەماى شەوانى سوورو هەڵدانى پێكە ویسكى ئەمەریكى و دۆنم داگیركردن و دۆلار هەڵچنین و مووچەى خەیاڵى وەرگرتن بێنن بەسەر خۆتان و بنەماڵەو خزم و كەسەكانتانەوە.. واز لە حەیاچوونى دیموكراسى و ئازادى و شۆڕش و كوردو كوردستان بێنن.. واز لە تفەنگ و چەك و گوللەو خوێنڕشتن بێنن.. تۆزێك مرۆڤدۆست و ئینساندۆست و خوداپەرست و ویژدانبەرزو ئاكاربەرزو مەدەنى بن.. هەوڵ بدەن خۆتان و منداڵتان بگۆڕن.
هەتاكەى ئێمەى كوردى باشوور: كۆیلەو بێنەواو هەتیو و جگەرسووتاو بین. هەتاكەى بێ نیشتمان و بێ باوك و براو هاوڕێى خۆشەویست بین. هەتاكەى جلى دایكانمان ڕەش بێت و دڵیان كون كون بێت.. هەتاكەى ئێوە خوداو ئاغاو كوێخاى ئێمە دەبن.. هەتاكەى ئێمە مەسینەدانەرو زەلیل و كۆیلەى دەست حوكمى قەرەقۆشى كوردى بین.. هەتاكەى رقمان لە سەرۆك و وشەى سەركردەو پۆلیس و ئاسایش بێت.. هەتاكەى بڕوامان بە یاساو رێسا نەبێت و فشەمان بە ژیان و خۆشییەكانى بێت.. هەتاكەى دەمانكوژن و سامان و داهاتمان دەدزن.. هەتاكەى ئاواتەخواز بین بكوژرێین و باوەش بەمەرگدا بكەین.. هەتاكەى بەرەو سەراب و هەندەرانى سیخناخ لە غوربەت هەڵبێین و لە نیشتمان بتۆرێین.. تۆزێك لێبووردەو روناكبیرو مەدەنى و قارەمان و ئازاو ئازاد بن.. هەوڵ بدەن بگۆڕێن و بۆ خۆتان و خۆشییەكانتان مەژین.. هەوڵ بدەن خزمەتكارى خاك و نیشتمان بن.
تاكى كورد لە ئەزەلەوە چەوساوەتەوە، هەتاكو سەر ئێسقانى تینووى ئازادییە.. ئەگەر ئێوە ئازادیخواز نین، بڕۆن و واز لە كورسیپەرستن بێنن، ئەگەرنا، نەوەى نوێ دەتانگۆڕن. ئێوە سۆرانى مامە حەمەو سەردەشت عوسمان و ئەوا كاوە گەرمیانیتان تیرۆر كرد، كەواتە ئێوەى دەسەڵاتداران تیرۆرستن و مەوخەڕیبن.. بەڵام ئیچمەى قەڵمبەدەست و هەقبێژى ئەم هەرێمە هەناسەساردەش كاوە گەرمیانین.. ئیتر ئەو ئومێدەى هەتانبوو بۆ هەستانەوەتان لە دۆڕان ئەوەش نەما.. قوڕبەسەرینە ئیتر لە گەرمیانیش بوون..!!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە