تهنها چینی کرێکار و جەماوەری ئازادیخواز دەتوانێ نەخشەی پارتی بۆ داسەپاندنی سەرکوتی سیاسی پووچەڵ بکاتەوە!
Monday, 27/09/2010, 12:00
کرێکاران.. ئازادیخوازان!
ههروهک ئاشکرایه دهسهڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان له ههر جێگایهکی کوردستاندا باڵادەست بووبێت، سهرکوتگهرانه و ملهوڕانه بووه. ئهم حزبه که ئهمڕۆ بۆته حزبی دهسهڵاتداری یەکەمی ناسیۆنالیزمی کورد له کوردستاندا، نهخشهی قایمکردنی ههرچی زیاتری دهسهڵاتی تاقانەی خۆی بەسەر ناوچهکانی بندهستیدا و پهلڕاکێشانی بۆ ناوچهکانی دیکەی لەبەرنامەی خۆیدا داناوه. پارتی و دەزگا و دامەزراوە رێکخراوەییەکانی دەمێک ساڵە له ناوچهکانی بن دهسهڵاتی خۆیدا بوونەتە دهزگاو دامەزراوەی زهبهلاحی پۆلیسی و سیخوڕی کە ههر کهس بهو ئهندازهیه لەسایەیاندا لهژیانو ئایندهی خۆیو منداڵهکانی دڵنیایه کهملکهچی دەسەڵاتی پارتی بێت. داهاتێکی زۆر و زهبهندیش کە لە بودجەی کوردستان و بازرگانی نەوت و قازانجی کۆمپانیا جۆراو جۆرەکانیانەوە دەرژێتە گیرفانی پارتی و بەرپرسانیەوە کراوەتە پاڵپشتی پتهوکردن و تۆکمهکردنی دهزگاکانی سهرکوت و داپڵۆسین و باندەکانی چاودێری و سیخوڕیەوە. دیارە ئەم سەرکوتگەریەشی لەرێگای پەرەدان بە کۆنەپەرستی سیاسی و ژیاندنەوەی دواکەوتوویی فەرهەنگی و ئایدیۆلۆژیای کوردایەتی و پیرۆزکردنی رەمزە ناسیۆنالیستی و ئاینیەکانەوە دادەسەپێنێت و هێڵە سورەکان بۆ نارەزایەتی دەربڕین و ڕەخنەگرتن دیاری دەکات. بە بەردەوامیش نموونەی دزێوی تۆڵەکردنەوەی دڵڕەقانەی دژی ئەوانەی ئیلتیزام بەو هێڵە سورانەوە ناکەن، نیشانداوە.
کردهوهکانی چهند مانگی ڕابردووی پارتی و ههڕهشهی ئاشکراو نهێنی، یاسایی و نایاسایی له ڕەخنەگران و نەیارانی سیاسی و ڕۆژنامهنووسان، تیرۆر و لهناوبردنی جهستهیی ڕهخنهگران، پیلان داڕشتنی بهردهوامی بۆ پاکتاوکردنی ئەوانی دیکە، هەڵخڕاندنی ئیحساساتی کۆنەپەرستی و دواکەوتوانەی ناو کۆمەڵگا و بەکارهێنانی مزگەوت بۆ دەمکوتکردنی نەیارانی خۆی، هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە پەراوێزێک لە ئاوەڵایی سیاسی کە تائێستا لە کوردستاندا ماوەتەوە لەبەردەم هەڕەشەی گەورەدا وەستاوە. ئەگەرچی فاکتەرێکی هێشتنەوەی بارودۆخی ئاوەڵایی سیاسی لەکوردستان کە لەدوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە تائێستا درێژەی هەیە، ئامادەیی و هەوڵەکانی جەماوەر و کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازان بووە بۆ بەرینکردنەوەی، بەڵام لەسەرێکی دیکەیەوە یەکسەرە نەبوونەوەی دەسەڵات و چەند دەستەیی ناسیۆنالیزمی کورد فرسەتی درێژەکێشانی ڕەخساندوە. ئەمڕۆکە بەو ئەندازەیەی کەتەرازووی هێز لەنێوان هەردوو حاکمیەتی میلیشیایی یەکێتی و پارتیدا بەقازانجی دووەمیان شکاوەتەوە، خەریکە ئەو ئاوەڵایی سیاسیەش تا دێت بەرتەسک تر دەبێتەوە.
بەڵام سەرکوتگەریی پارتیو پەلاماری ئەم هێزە بۆسەر ئازادی سیاسی و ئازادیی بیروڕا و راگەیاندن و رەخنەگرتن، دەبێ لەبەر ڕۆشنایی ئاڵوگۆڕە ئابووریو سیاسیەکانی کوردستان و گەورەبوونەوەی درزو قەڵەشتی چینایەتی لەنێوان چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش لەلایەک و کەمایەتیەکی کەم لە سەرمایەدار و چینه داراکانی کوردستان، لێکبدرێتەوە، کە ئەم کەمایەتیە بۆ بەردەوامیدان بە کەڵەکەی سەرمایە و چەوساندنەوە و بێبەشیی موتڵەقی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش و زەحمەتکێشی کوردستان پێویستی پێیەتی. ئاشکرایە کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە سروشتی خۆی وەکو نوێنەرێکی سیاسی تەقلیدیی بۆرژوای کورد، هێزێکی کۆنەپەرست و دوژمنی ئازادیە و لە پەیوەندیە ناوخۆییەکانی خۆشیدا زۆرتر لە دەزگایەکی سەربازی و موخابەراتی دەچێت تا حزبێکی سیاسی، کە تیایدا تەواوی دەسەڵاتەکان لە بازنەیەکی زۆر تەسکی بنەماڵەییدا قەتیسکراوە و لەوێشدا بڕیارەکان بۆ سەرۆکی بنەماڵەیە، بەڵام سەرکوتگەریی پارتی لەو جێگایەوە مەترسیدارە کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ پێداویستیە سیاسی و ئابوریەکانی بۆرژوازی کورددا لەدژی زۆربەی کۆمەڵگا، واتە کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگای کوردستان، یەکدەگرێتەوە!. پارتی دیموکراتی کوردستان و خانەوادەی بارزانی لەو سەرکوت و داپڵۆسینە هەر ئامانجێکی تایبەتیان هەبێت، بەڵام خەریکن وەڵام بەو پێداویستیەی بۆرژوازی و سەرمایە و درێژەکێشانی دەسەڵاتی نەگریسییان، واتە سەرکوتی سیاسی، دەدەنەوە. مەرجی سەرەکی بۆ بەرهەمهێنان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سەرمایە و سەرمایەداری لە کوردستان هێزی کاری هەرزان و کرێکاری بێ دەنگ و ملکەچە. بۆرژوازی کورد وەکو چینێکی کۆمەڵایەتی ناتوانێت بەبێ سەرکوتی سیاسی و داسەپاندنی کۆنەپەرستیی سیاسی و پایماڵکردنی ئازادیەکان ئەم مەرجەی گەشە و مانەوەی خۆی فەراهەم بکات. هەر ئەمەشە ئازادیخوازیی سەرجەم توێژەکانی بۆرژوازی بێناوەرۆک دەکات. هەربۆیە قورسایی هەڕەشەی سەرکوتگەریی پارتی و باڵادەستبوونی لەئاستی کوردستاندا، بەتەنها لەهێز و توانای مالی و سەربازیی زەبەلاحی ئەو حزبەدا نییە، بەڵکو لەو چاوپۆشی و هاوکاری و پاڵپشتیەشدایە کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ، لەلایەن چینی سەرمایەداریی کوردستانەوە، لەداسەپاندنی ئەم سەرکوتە دەکرێت. ملکەچ کردنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و تاڵەبانی، زمانبەستراوی بزوتنهوهی گۆڕان و پشتیوانی هەلپەرستانەی ئیسلامیەکان لە هەڕەشە و هێڵە سورەکانی پارتی، دەبێت لەم ڕوانگەیەوە ببینرێت و بخوێنرێتەوە.
کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا ئازادیخوازانی کوردستان لە خەباتیاندا بۆ ئازادی ناتوانن بێجگە لەهێز و توانای خۆیان پشت بەهیچ هێزێکی دیکە ببەستن. تەنها زامنی بەرپەرچدانەوەی پەلامارەکان بۆ سەر ئازادی سیاسی، ئازادی بیروڕا و رەخنەگرتن و ئازادی راگەیاندن، کۆبوونەوە و یەکگرتوویی و ڕێکخراوبوونی ڕیزەکانی کرێکاران و هاتنەمەیدانیانە وەک هێزیکی سیاسیی پەیگیر بۆ بەرگری لە ئازادی بێ قەید و شەرتی سیاسی و تەواوی ئازادیە مەدەنییەکان.
کۆمیتهی ناوهندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانەی سەرەوە، لەکاتێکدا سەرکوتگەریی و ملهوڕیی پارتی و دوژمنایەتی لەمێژینەی ئەو حزبەی کوردایەتی لەگەڵ ئازادیە سیاسی و مەدەنیەکاندا ڕیسوا و مەحکوم دەکات و لێبڕاویانە لەکهنار هەر هەوڵێک که بۆ بەرپەرچدانەوەی ملهوڕی و نەخشە کۆنەپەرستانەکانی پارتی دێته مهیدانهوه ڕاداوهستێت. هاوکات جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بێبەشانی کوردستان بۆ هاتنە مەیدان دژ بەپەلاماری پارتی بۆسەر ئازادی و ئازادیخوازی بانگەواز دەکات. لایەنگرانی ئازادی و ئازادیخوازانی کوردستان تەنها بە هەڵپێکانی ڕیزەکانیان لەگەڵ ڕیزی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستاندا دەتوانن لە بەرپەرچدانەوەی سەرکەوتوانەی هێرشی کۆنەپەرستانەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی دڵنیا بن.
بژی ئازادی بێقیدو شەرتی سیاسی!
پیلینۆمی حەوتەمی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان ئابی ٢٠١٠
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست