کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کابوسی سەردەشت عوسمان و خەوزڕانی بارزانی

Monday, 08/05/2017, 14:07


کاسیان شەماڵ/ فینلەند
حەوت ساڵ بەسەر یەکێک لە قێزەونترین ئەو تاوانانەدا تێدەپەڕێت کە لەمێژووی کوردیستاندا پەڵەیەکی ڕەشە بەناو چەوانی دەسەڵاتدارانی کوردەوە.
غاندی: دوای تیرۆرکردنی و بەر لەوەی گیانی بسپێرێت بەبکوژەکەی خۆی وت: هیوادارم کەس ئازارت نەدات و نەتکوژنەوە، چونکە ئەگەر زانیبات، مرۆڤەکانم چەندە خۆشدەوێن، نەک نەتدەکوشتم، هەرگیز بیریشت لەکوشتنم نەدەکردەوە، سەردەشتیش وتی: لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بۆیەکەمین جار پێیان وتم، کە تەمەنت چەندی نەماوە، یان بەوتەی خۆیان مۆڵەتی هەناسەدانم لەم شارەدا نەماوە، بەڵام نەباکم بەمردنە و نەئازاردان، لەچاوەڕوانی کۆتایی هاتنی مۆڵەتەکەمم، تابەدیداری بکوژەکانی خۆم بگەم، دوعاش دەکەم مردنێکی تراژیدیام پێببەخشن کە شایستەی ژیانە تراژیدیاکەم بێت، بۆیە ئەم قسانە دەکەم تابزانن ئەوەی ئێمە دەترسێنێ بەردەوامی ئەم ڕۆژگارەی ئێستایە بۆ نەوەیەکی داهاتوو، نەک مردنی خۆمان، کاری منیش خۆشبەختی برا بچوکەکانمە، نەک خۆم، زۆر بەسادەیش تاکە هۆکاری نیگەرانی من لەم هەڕەشانە ئەوەیە، کەهێشتا زۆر شت ماون قسەیان لەسەر بکەین و هەرئاوا بەجێیان بێڵین، بەدبەختی ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە، کەباکی بە مردنی نەوەکانی خۆی نییە. بەڵام تائەو شوێنەی کە ماوین دەبێ قسە بکەین، لەو شوێنەش کەتەمەنمان کۆتایی هات با هاوڕێکەم خاڵێکم بۆ دابنێ و بێتە سەر دێڕێکی نوێ و سەرلەنوێ دەست پێبکاتەوە. 
حەوت ساڵ لەمەوبەر و لە بیست و سێهەمین بەهاری تەمەنیدا ، لە ٥ی ئایاردا گەنجێک کە دەسەڵاتێک ڕۆحی لە پێنوسەکەی چوو بوو، لەم هەولێرەی کە دەسەڵاتدارانی میرنشینی زەرد سەری قسەو بنی قسەیان ئەوەیە کە پایتەخت شارێکی سەقامگیرە و بەقەولی خۆیان مێرولە دەربازی نابێت، بەڵام سەردەشتەکەم لەبەر دەم زانکۆکەیدا بەبەرچاوی خەڵکەوە، بەبەرچاوی پۆلیس و ئاسایشەوە، دەڕفێندرێت. دوای ڕۆژێکیش بەقودرەتی قادر لە دەیان بازگەی چڕو توند ئاودیو دەبێت بەرەو موسڵ. بۆ ئەوەی گومانەکانیش بەلایەکی تردا بڕۆن دوای شەهید کردنی تەرمەکەی لە نزیک کۆمیتەیەکی یەکێتی نیشتیمان کوردستان فڕێدەدرێت. سادەترین بەڵگەش بۆ یەکلایی کردنەوەی گومانەکان بۆ لای بنەماڵەیەی دەسەڵاتداری بارزانی، ئەمەنە بەسە کە فیشەک بە ناو دەمیەوە نراوە، ئەم دەمەی کە بە قەولی خۆیان شەڕەفی ئەوانی پێ لەکەدار کراوە. جارێ هەتا ئێستا من نازانم ئەم شەڕەفە چییە؟ لە کوێیە؟ ڕەنگی چۆنە؟ ئەم شەڕەفەی ڕۆحی مرۆڤی قوربان دەکرێت من ناتوانم نە بیبینم، نە دەستی لێدەم، نەبیدۆزمەوە، داخەکەم زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی هەموو شەڕەف و نرخی ژیانیان لەناو ڕانی ژن و کچەکانیاندا ئەدۆزنەوە، لای هەردوک بنەماڵەی دەسەڵاتداری جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی تەنها شەڕەف خەتی سورە، نەک ڕۆحی مرۆڤ، بەڵام لەڕاستیدا شەڕەف هەرچیەک بێت، زۆر لەوە بچوکترە کە مرۆڤی لەسەر بکوژرێت، بەڵام سەردەشت نەک شەڕەفی کەسی لەکەدار نەکردووە، بەڵکو تەنها وتی من عاشقی کچەکەی سەرۆکم، ئەرێ باجی ئەم قسەیە کوشتنە؟ ئاخر ئەگەر من کچێکم هەبوایە و سەردەشت عاشقی بوایە، من کچەکەمم پێشکەش دەکرد نەک بیکوژم. دیارە وەک بنەماڵەکەی دەڵێن تەنها بەیەک وشەش بێت، هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی نەبووە جگە لەو بابەتەی کە بەناونیشانی (عاشقی کچی سەرۆکم) کە بەڵگە نەویستە و وە هەموو دونیا دەزانێت لەسەر تەنها ئەم بابەتە کوژرا، ئەو مناڵەی کە هێشتا لەناو بێشکەدایە و تەنها دایە و بابە فێر بووە، ئەگەر لێی بپرسین ئەرێ سەردەشت کێ کوشتی، تەنها بۆ ئەم وەڵامە دێتە گۆ و وەڵامی دروستمان ئەداتەوە. سەردەشت چەمکی موقەدەساتی بنەماڵەی کاڵ کردەوەو ئەمەی چرپاند بەگوێی دەسەڵاتداران کە لەم وڵاتەدا هیچ بنەماڵەیەک موقەدەس و مەرجەع نییە، وە کچی سەرۆک خەتی سور نییە، بەڵکو تیرۆر و کپ کردنی دەنگی ئازاد خەتی سورە. لەسەرەتای ڕووداوەکە، خەڵکی ئازادیخواز و گەنجانی وڵات و ڕۆژنامەنوسان هەموو هاواریان کرد بێدەنگ نابین، بەناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری لەشارو شارۆچکەکانی کوردیستان فشارێکی توندیان خستە سەر دەسەڵات، بەبێ ئەوەی پەنجەی تۆمەت بۆ کەس درێژ بکەن، بەڵام وەک پەندێکی پێشینان هەیە دەڵێت (دار هەڵبڕە سەگی دز دیارە) بۆیە هەر زوو بنەماڵەی بارزانی توشی قەلەقی هاتن و هەروەک لەلایەن خۆپیشاندەران ختوکە بدرێن، ئیتر لەهیکەوە پارتی توشی بەرز بونەوەی زەخت و شەکرە بوو. 
نمونەی ئەم دەسەڵات و ئەم حوکمڕانیە لە کوێی دونیادا بوونی هەیە؟ تیرۆری دەنگی ئازاد دەکات، دواتر خۆڵ ئەخاتە چاوی خەڵکەوە و وەڵامێکی مەنتیقی نییە بۆ ئەم پرسیارگەلەی لای ڕای گشتی دروست بووە، لەمەش سەیروسەمەرەتر ئەوەیە کە نە شەرم دەکات، نە حیساب بۆ دادگا و یاسا دەکات، نە ترسی هەیە، نە گوێ دەگرێ، نە تێدەگا، نەک هەر تێناگا بەڵکو بڕیاریداوە تێنەگا. تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان، کوشتنێکی ئاسایی و تاوانکاری نەبوو، بەڵکو سەردەشت ڕۆژنامەنوس بوو، کوشتنیشی هێما بوو بۆ کوشتنی ئازادی، بۆیە سەردەشت لەوە دەرچووە کەتەنها کوڕی بنەماڵەیەک بێت، ئێستا موڵکی نیشتیمانە، موڵکی هەریەکێک لە ئێمەیە، کەیسەکەشی بەنەتەوەیی کراوەو هاوشان لەگەڵ سۆرانی مامە حەمەو دەیان ڕۆژنامەنووسیتری شەهیدی پێش و پاشخۆیان نازناوی سومبول و ڕەمزی ئازادیان پێبەخشراوە. بەگوێرەی ئەم داتایەی لای من هەیە دەبێژێت: سەبارەت بەسەردەشت لەئینتەرنێت بەدیاریکراویش لە گۆگڵ و یوتوب یەک ملیۆن دۆکومێنت و ڕاپۆرت هەیە. هەروەها سەدوچل هەزار پەڕەگرافی لەسەر نوسراوە، ئەمە شتێکی دەگمەنە لەمێژوودا، بۆیە ئێمەی ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنوسان، ئەم لیژنەیە وە ئەم ئەنجامی سیناریۆ ئامێزە ڕەت دەکەینەوە، وە هەرگیز ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەین ئەم کەیسە دابخات، بەڵکو بەکراوەیی دەمێنێت هەتا ئەو ڕۆژەی لیژنەیەکی سەربەخۆ لەژێرچاوەندێری نێودەوڵەتی و دادگایەکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوەی جددی دەکات. سەردەشتی ڕۆژنامەنوس، بە گیانی خۆی ئاڵای ئازادی بەرز کردەوە، ئێمەش بەهەر فیداکاریەک بێت ئەم بەرزیە شەکاوەترو بەرزو بەرزتر دەهێڵینەوە، چونکە ئازادی بۆ مرۆڤ ناهێتە خوارەوە بەڵکو دەبێت مرۆڤ بۆی بچێتە سەرەوە. ئێمە کە ئەمڕۆ یادی هاوڕێ و هاوپیشەمان دەکەینەوە، بەهەمان شێوە سۆرانی مامە حەمەو دەیان ڕۆژنامەنووسیتر کە دوای ئەوان شەهید بوون و سیلسیلەی کردەوە تیرۆریستییەکان و ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و سوکایەتیپێکردنی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن گشت حیزبە عێڕاقییەکان و بەدیاریکراوی لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە بەردەوامی هەیە، کەهەموو ئەم ڕۆژنامەنووسانە قوربانی هەمان ڕێگا و هەمان دەستی ڕەشی هەرسێک دەسەڵاتی سوننی، شیعەو کوردن بەتایبەتی بنەماڵەی دیکتاتۆری بارزانی و تاڵەبانی مێژوویەکی قێزەون و تاریکیان هەیە لەکوشتنی نوسەران و دەنگە ڕەخنەگرەکان. هیچ گومانێک نییە کەوا بکوژەکانی سەردەشت و سۆران دوو دەستی یەک جەستە و یەک بنەماڵە و یەک عەقڵیەتن، کە بنەماڵەی بارزانییەو ڕاستەوخۆ کردەوەکە بە فەرمانی کوڕی بارزانی ئەنجامدراوەو یەکێتیش بەهەمان شێوەی پارتی تاوانبارە، جونکە ڕۆژنامەنووسیتر کاوە گەرمیانیش هاوشێوەی سەردەشت لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە شەهیدکرا، زۆربەدیاریکراوی لەلایەن جەللادەکانی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە بەناوی مەحمود سەنگاوی، کە وەکو بەرپرسێکی کوردی چەندین هەزار چەکداری شەخسی خۆی هەیەو بەهێزی ئەم چەکدارانە چەند بیرە نەوتێکی داگیرکردووە، کەسێک کەبتوانێت بیرەنەوت داگیربکات زۆر ئاسانیش ئەبێت لای ئەو کە ڕۆژنامەنووسێک بکوژێت کەڕەخنەی لێدەگرێت. دواتر یەکێتی تەنانەت ئاگاداری پێشوەختەی کوشتنی سەردەشت بووەو هەم هاوکاری بکوژانی سەردەشتیان کرد لە موسڵ. یادکردنەوەی ئەم شەهیدەی ڕێگای قەڵەم وەک کولتورێک بابچەسپێ و لەهەر ساڵوەگەڕێکدا، کورزێکی کوشندە و شەرم ئامێزە بۆ دەسەڵاتدارانی ویلایەتی زەرد و هەم سەوزیش، بۆیە میرنشینی سەوزیشی دەخەمە پاڵ چونکە، ئەم ئینتیفاقەی دابەشکردنی پارەوپول و دەسەڵات، وایکردووە کە لەبەرانبەریەکتریدا و لەئاستی تاوانی ئەوا قێزەوندا بێدەنگ بن، یەکێتی و پارتی هێندە بەخراپ باوەشیان بەیەکا کردووە، کە قسەیەک هەیە دەڵێت جیاوازیەکانی یەکێتی و پارتی تەنها وەک کۆکاکۆلا و بیبسی کۆلا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە