کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


راپۆرتێکی کورت ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی کوردستان

Saturday, 01/08/2009, 12:00


سه‌ره‌تا:
هه‌ڵبژاردن گرنگی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، بۆ به‌هێزکردنی هه‌ستی هاونیشتمانیان به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات و به‌هێزکردنی هه‌ستی ده‌نگده‌ر، که ‌به‌شێکن له ‌ده‌سه‌ڵات. ده‌نگده‌ران بڕیاریانداوه ‌له‌ڕیگای ده‌نگدانه‌وه‌ ‌نوێنه‌ره‌کانیان هه‌ڵبژێرن.
ده‌سه‌ڵاتێک دروست بێت که‌ له‌گه‌ڵ راکانی خه‌ڵکیدا بگونجێت، دیموکراتیه‌کی نوێنه‌رانه ‌دابمه‌زرێت. له‌م ریگایه‌وه ‌‌خه‌ڵکی نوێنه‌ری خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت، به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵک و گرووپه‌کان به‌ئازادانه‌ کێبڕکێ ده‌که‌ن له‌بازاڕی ده‌نگداندا،‌ به‌تاییبه‌تی ‌ده‌سه‌ڵات که دوای ده‌بێت به‌براوه‌ی زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کان دابمه‌زرێت.
دیاره‌ ئێمه‌ زۆربه‌مان که‌ گه‌ڕاوینه‌ته‌وه ‌بۆ کوردستان وه‌کو چاودێری نێوده‌وڵه‌تی، له‌ڕووی هه‌ستکردنه ‌به‌خزمه‌ت، ویستومانه‌ به‌ڕاستگۆیی، به‌بێلایه‌نی به‌ردێک بخه‌ینه ‌سه‌ر پڕۆسه‌ی دیموکراسی له‌هه‌رێمی کوردستان، هه‌ربۆیه‌ به ‌په‌رۆشه‌وه ‌گه‌ڕاوینه‌ته‌وه ‌بۆ نیشتمان بۆ چاودێریکردنی هه‌ڵبژاردن، ‌به‌بێ گوێدانه ‌هیچ شتێک.
من وه‌کو چاودێڕێک ده‌مه‌وێت رۆڵی خۆم وا پێناسه ‌بکه‌م که‌هه‌وڵم داوه‌ پێوه‌رێکم هه‌بێت، که ‌به‌رگری کردن بێت له‌ ده‌نگده‌رانی هاونیشتمانیانی کوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ئازادانه ‌ده‌نگ بده‌ن، پرۆسه‌ی ده‌نگدان به‌بێ ساخته‌کاری و پێشێلکاری بڕوات و ده‌ستێوه‌ردان روو نه‌دات له‌کاتی ده‌نگ دان له‌لایه‌ن هیچ لایه‌نێکه‌وه‌، له‌و بنکانه‌ی که‌من چاودێر بووم، هه‌وڵمداوه ‌ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ دیاربکه‌م که‌ڕێگا له‌ده‌نگده‌ری کوردستان ده‌گرێت که‌ به ‌ئازادانه ‌ده‌نگ بده‌ن.
من ده‌توانم بڵیم که ‌ئێمه ‌زۆربه‌مان هاتوینه‌ته‌‌وه ‌بۆ ئه‌وه‌ی رووی جوانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان بگوێزینه‌وه ‌بۆ رای گشتی جیهان، به‌ڵام تێبینی زۆرمان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كه ‌هه‌یه ‌بۆ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ باشتر بکرێت.

هه‌ڵبژاردن له‌هه‌رێمی کوردستان:
هه‌ڵبژرادن له‌که‌ش و بارودۆخێکی ئارامدا بووه ‌له‌ناوه‌نده‌کانی هه‌ڵبژاردندا به‌گشتی، دیاره ‌رۆڵی داموده‌زگای ئاسایش و ده‌وڵه‌ت ده‌کرێت باش دابنرێت لێره‌دا.
لایه‌نێکی گرنگ و بایه‌خدار ئه‌وه‌یه ‌که ‌بابه‌تی هه‌ڵبژاردن له‌کوردستان دا، به‌بوونی ده‌نگ، ره‌نگی جیاواز و لیستی جیاوازه‌وه ‌هه‌روه‌ها بوونی پێنج کا‌ندیدی جیاواز بۆ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، که ‌ئه‌مه‌ش یه‌کێکه ‌له ‌نیشانه ‌جوانه‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌هه‌رێمدا به‌گشتی ئه‌گه‌رچی‌ سه‌رپێچی‌ له‌پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدانه‌كه ‌ده‌بینرا‌ به‌ڵام كۆی‌ پرۆسه‌كه‌ دیارده‌یه‌كی‌ شارستانی‌‌ و باش بوو، بۆیه‌ هاووڵاتیانی کوردستانی دڵشادن به‌وه‌ی که‌سه‌رجه‌می پرۆسه‌که ‌باش بووه‌و تاراده‌یه‌ک رازی بوون و ده‌کرێت هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌باشتر بکرێت.
کوردستان دوایی ساڵی 1992 بۆ یه‌که‌مجار په‌رله‌مانی خۆی هه‌ڵبژارد و ‌زۆرینه‌ی ده‌سه‌ڵات که‌وته‌ده‌ست پارتی دیموکراتی کوردستان PDK و یه‌کێتی نیشتمانی PUK له‌ناوچه‌ ئازادکراوه‌کاندا. به‌ڵام دوایی هه‌ڵبژاردنه‌کان ساڵانی 1994 تاک و ساڵی 1998 تووشی شه‌ڕی ناوخۆ بوو له‌نێوان پارتی و یه‌کێتیدا، ‌ناوچه‌ کوردیه‌کان بوون به‌دووبه‌شی حیزبیه‌وه. ‌ساڵی 2003 رژێمی به‌غدا رووخا و ‌ساڵی 2005 هه‌ڵبژاردن کرا بۆ په‌رله‌مانتی عێراق و پارێزگاکان، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵ بۆ په‌له‌مانی کوردستان چه‌ند جار دواخرا تاکو 25 مانگی ته‌مموز.
له‌ کوردستانیشدا له‌ژێر کاری دروشمی گۆڕاندا که‌دروشمێکی سیاسی سه‌رۆکی نوێی ئه‌مه‌ریکا (ئۆباما) بوو کرا به‌دروشمی گروپێکی به‌‌هێز له‌کوردستان که‌تێکه‌ڵ بوو له‌لایه‌ن و ئایدۆلۆجیایی جیاواز، به‌ڵام به‌به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش به‌ناوی لیستی گۆڕانه‌وه ‌به‌سه‌رۆکایه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فا، که ‌که‌سی دووه‌می یه‌کێتی نیشتمانی بوو، ‌هه‌ر زوو هه‌ڵوێستی وه‌رگرتبوو به‌رامبه‌ر‌ گه‌نده‌ڵی کوردستان، ‌ده‌کرێت لیستی گۆڕان دابنرێت به‌ته‌نها لایه‌نی به‌هێز به‌رانبه‌ر دووحیزبی ده‌سه‌ڵات (لیستی کوردستانی). لیستی کوردستانی که ‌لیستی دوو پارتی ده‌سه‌ڵات بوون،، لیستی چوار حیزبه‌که ‌به‌ناوی لیستی خزمه‌تگوزاری و چا کسازی ...هتد.
به‌گشتی نزیکه‌ی زیاد له‌20 پارت و رێکخراو کێبڕکێی سیاسیان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌کرد.
له‌ڕاستیدا من وای بۆ ده‌چم ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت هه‌ڵبژاردنه‌که ‌هه‌ڵبسه‌نگێنین به‌ته‌واوی پێویست به‌کارێکی ووردتر ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ی ‌سه‌یری هه‌ڵبژاردنه‌که‌ بکرێت له‌زۆر رووه‌وه ‌له‌ڕۆژی بانگه‌شه‌وه ‌تاکو ژماردنی ده‌نگه‌کان.
من وه‌کو چاودێر زووتر ئاماژه‌م پێکرد ده‌بێت کاره‌کانمان له‌خزمه‌تی ئازادی ده‌نگده‌ردا بێت، که ‌به‌ئازادی بتوانن ده‌نگ بده‌ن ‌ئه‌و به‌ربه‌ستانه ‌دیاری بکه‌ین که ‌له‌به‌رده‌م ئازادی ده‌نگده‌ردایه ‌له‌کاتی ده‌نگدان دا.
هه‌ندێ به‌ربه‌ست هه‌ن به‌گشتی له‌زۆر جێی جیهاندا و ‌له ‌کوردستانیشدا ده‌بینرێن که‌ ئه‌مانه‌ن:
1. هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی دیمۆگرافی: بۆ نمونه‌ گواستنه‌وه‌ی گروپیک ده‌نگده‌ر له‌شوینێکه‌وه ‌بۆ شوێنیکی تر، یاخود هه‌ندی گروپ له‌کاتێک، یاخود شوێنێکی تایبه‌تیدا ده‌نگ بده‌ن وه‌کو به‌ندیخانه ‌و نه‌خۆش ...هتد.
2. ترساندنی ده‌نگده‌ر له‌ڕیگای هه‌ڕه‌شه‌و فشاری نه‌فسیه‌وه.
3. فشارکردنه ‌سه‌ر ده‌نگده‌ر له‌ڕێگایی پاره‌و دیارییه‌وه.
4. به‌هه‌ڵه‌بردنی خه‌ڵکی نه‌خوێنده‌وار له ‌وڵاتانی دواکه‌وتوودا. له‌نا و زۆربه‌ی بنکه‌کاندا نه‌خوینده‌واره‌کان هاریکاری ده‌کران له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌رانی بنکه‌که‌وه، ‌به‌ڵام ئێمه‌ی چاودێر نه‌مان ده‌زانی چیان پێده‌وترێت، ده‌کرێت گومان بکه‌ین که ‌هانده‌ربن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ بده‌ن به‌لیستیێکی تایبه‌تی له ‌هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا.
5. نایه‌کسانی کاندیده‌کان و لایه‌نه‌کان چ له‌ڕووی مادی و ئابوری و به‌کار‌هێنانی داموده‌زگای میدیایه‌وه، ‌بۆ نمونه ‌دوو حیزبی ده‌سه‌ڵات توانیان ده‌وڵه‌ت و میدیا بخه‌نه ‌خزمه‌تی خۆیان.
6. ده‌رکردنی هه‌ندێ له‌ فه‌رمانبه‌ران له‌کاره‌کانیان به‌هۆی سۆزیان بۆ لا یه‌نێکی سیاسی تر که ‌له‌ده‌ره‌وه‌ی دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتن.
7. بڵاوکردنه‌وه‌ی درۆ و پڕوپاگه‌نده‌ی نابه‌جێ به‌رانبه‌ر به‌یه‌کتری له‌کاتی هه‌ڵبژاردندا.
8. بوونی که‌سی حیزبی و کارکردنیان له‌ناو بنکه‌ی ده‌نگداندا بۆ مه‌به‌ستی کارکردنه ‌سه‌ر ده‌نگده‌ران وه‌کو ده‌بینران له‌هه‌ندێ بنکه‌ی ده‌نگداندا له‌ هه‌ولێر.
9. هه‌ندێ ده‌نگده‌ر توانیویانه ‌چه‌ند جار ده‌نگ بده‌ن.
من چاودێر بووم له‌هه‌ردوو هه‌ڵبژرادنی تایبه‌ت له ‌23 ته‌مموز و هه‌ڵبژاردنی گشتی دا واته‌ رۆژی 25 ته‌مموز.
به‌گشتی سه‌ردانی ئه‌م بنکانه‌ی خواره‌م کردووه و هه‌وڵده‌ده‌م به‌کورتی رووه‌خراپ و لایه‌نی نێگه‌تیفی و پۆزه‌تیڤی بخه‌مه‌ روو.
1. بنکه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری له ‌هه‌ولێر.
له‌م بنکه‌یه‌دا نه‌خۆشه‌کان دڵیان خۆشکردم که ‌ده‌هاتن به‌جلی نه‌خۆشیه‌وه ده‌نگیان د‌ه‌دا. له ‌خه‌وشه ‌خراپه‌کانیش ژماره‌یه‌ک نه‌خۆش به‌نامه‌و ته‌ئیدی به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ ده‌هاتن ده‌نگیان ده‌دا.
2. بنکه‌ی بارزانی نه‌مر.
بوونی که‌سی حیزبی له‌ناو بنکه‌که‌دا، هه‌روه‌ها هه‌ندێ که‌س به‌ وێنه‌ و ریکلامی لیستی کوردستانی ده‌هاتن و ده‌چون له‌ڕۆژی هه‌ڵبژاردندا. هه‌ندێ که‌س به‌ناسنامه‌ی تایبه‌تی و فۆرمی 111 ده‌نگیان ده‌دا، هه‌ندێ جار لێپرسراوی بنکه‌ نامه‌ی پشتگیری ده‌دا به‌ ده‌نگده‌ر بۆئه‌وه‌ی ده‌نگ بدات، واته ‌رێسایه‌کی چوونیه‌ک نه‌بوون بۆ هه‌موو بنه‌که‌کان. به‌رپرسی ناسینه‌وه‌ی هاونیشتمانان ده‌یانتوانی بڕیاربده‌ن.
3. ئاماده‌یی هێمنی کوڕان.
له‌نا و بنه‌که‌که‌دا که‌سێک به‌جلی کوردیه‌وه ‌کاری ده‌کرد بۆ لیستی کوردستانی. و ‌ژماره‌یه‌کی زۆر به‌فۆرمی 111 توانیان ده‌نگ بده‌ن. بوونی که‌سی لێپرسراوی حیزبی و له‌ناو بنکه‌ی ده‌نگدان و هه‌ندێجار له‌به‌رده‌م بنه‌که‌که‌دا ده‌بینران.
4. بنکه‌ی قوتابخانه‌ی ئه‌حمه‌دی خانی.
بوونی میدیای هه‌ردوو حیزب له‌ناو بنکه‌ی ده‌نگدان و چاوپێکه‌وتنی ساز ده‌کرد له‌گه‌ڵ لێپرسراوی بنکه‌که‌دا.
5. قوتابخانه‌ی کوێستانی بنه‌ڕه‌تی.
له‌م بنکه‌یه‌دا نزیکه‌ی 179 که‌س ده‌نگیان داوه ‌به‌ناو زیادکردنیان به‌ده‌ست له‌ناو لیسته‌ی ده‌نگدان دا. من ئه‌مه‌م ئاگاداری لێپرسراوی بنکه‌که ‌کرد و ته‌له‌فۆنم کرد بۆ یه‌کێک له‌ئه‌ندامانی کۆمیسیۆنی باڵا (کاک سه‌رداو عه‌بدولکه‌ریم)، له‌ئه‌نجامدا ئه‌وانی تر که ‌له‌سه‌ره‌دا وه‌ستا بوون بڵاوه‌یان پێکرد...
ژماره‌یه‌کی زۆریش به‌فۆرمی 111 توانیان ده‌نگ بده‌ن، ئه‌مانه ‌هه‌موو نزیکه‌ی سه‌عات 17 روویدا. نامه‌که‌ی من به‌ڕێوه‌به‌ری بنکه ‌وه‌ریگرتوو منیش کۆپیه‌کیشم بۆ خۆم گلدایه‌وه. که‌سێک ده‌نگی دا که ‌ساڵی 1994 له‌دایک ببوو.
6. ناوه‌ندی چناری کچان.
كه ‌زیادكردنی سه‌عاتی‌ كۆتایی هیچ پاساوێكی نه‌بوه‌، له‌وه‌ده‌چو پیلانێكی پێشوه‌خت بێت‌ و رێكخرابێت، چونكه ‌ژماره‌ی ده‌نگده‌ران له‌بنكه‌كاندا ئه‌وه‌نده‌ زۆر نه‌بو، كه‌ پێویست بكات كاته‌كه‌ی بۆ زیاد بكرێت ‌و هیچ جه‌نجاڵی‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ك به‌سه‌ر بنكه‌كانه‌وه ‌نه‌بوه ‌که ‌منی لێ بووم‌. ژماره‌یه‌کی زۆر به‌فۆرمی زه‌رد ده‌نگیان ده‌دا. ‌نزیکه‌ی 26 که‌س ناویان نه‌بوو ناویان زیادکرا.
لێره ‌ژماره‌یه‌کی زۆر به‌فۆرمی 111 ده‌نگیان ده‌دا. ‌له‌کاتژمێری دوایی 17وه ‌ده‌نگده‌رانی لاوان زیادی کرد، ئه‌وه‌بوو به‌ڕێکه‌وت داوای هه‌ویه‌م کرد له‌که‌سێک که‌ ده‌یویست ده‌نگ بدات ‌لێپرسراوی ناسینه‌وه‌ی ناسنامه ‌رێگای پێدا که ‌ئیمزا باکات، بنکه‌که‌یان جیهێشت به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌نگ بده‌ن. هه‌ر له‌هه‌مان بنکه‌دا لێپرسراوی ناوچه ‌زوو زوو ده‌هاته‌بنکه‌که...
بوونی میدیای هه‌ردوو حیزب له‌ناو بنکه‌ی ده‌نگدان و چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ لێپرسراوی بنکه‌که ‌له‌ناو که‌رتی ژماره‌یه‌کدا.
23 مانگی حه‌وت، من له‌سه‌عات، 8وه ‌له‌ مه‌ڵبه‌ندی ده‌نگدانی ناو نه‌خۆشخانه ‌بووم، دوایش رووم کرده ‌قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی ئه‌حمه‌دی خانی تاکو نزیکه‌ی سه‌عات 15.30 دواییش چوومه‌ مه‌ڵبنه‌دی قوتابخانه‌ی کوێستان.

ده‌رئه‌نجام:
سه‌ره‌تا که‌مێک زه‌حمه‌ت بوو بزانرێت که ‌کاری ده‌نگدان چۆن ده‌کرێت، که‌ڕووم کرده ‌بنکه‌ی یه‌که‌م زۆر به‌ڕێزه‌وه‌ پێشوازی کرام، به‌ڵام هه‌ر زوو پێیان وتم که‌شوێنم ئه‌و کورسییه‌و نابێت بجوڵیم، ئه‌مه‌ش دووباره‌ کرانه‌وه‌بوو بۆ من له‌زۆربه‌ی بنکه‌کاندا. که ‌سه‌یری خۆم و چاودێرانم ده‌کرد خۆم و چاودیره‌کانی تریش وه‌کو قوتابی سه‌ره‌تایی له ‌قوتابخانه‌یه‌کی زۆر کلاسیکی کۆن ده‌هاته‌به‌رچاو، که‌نابێت بجوڵیین و ده‌بێت ئاقڵانه‌ به‌داخوازی مامۆستای وانه ‌بجوڵێینه‌وه‌، ‌کرابوونه‌ ته‌ماشاکه‌رێکی پاسیف و ناچالاک. ئه‌م دیارده‌یه ‌تاکو له‌کاتی ژماردنی ده‌نگه‌کانیش که‌پێمان وترابوو ده‌بێت له‌دووره‌وه ‌ته‌ماشا که‌ین، نابێت نزیک بینه‌وه ‌له ‌وه‌ره‌قه‌ی ده‌نگدانیش.
یه‌كێكی دیكه‌ له‌چاودێره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌چاوی خۆی بینیویه‌تی كه‌ كه‌سێك له‌بری ناوێكی تر ده‌نگیداوه‌‌ و مه‌ره‌كه‌بیش به‌په‌نجه‌یه‌وه ‌بوه‌.
من سه‌رسام بووم بۆ چی ده‌بێت که‌سێک به‌ناوێکی تر ده‌نگ بدات له‌یه‌كێك له‌بنكه‌كانی هه‌ولێر، ناوه‌ندی چناری کچان ده‌نگده‌رێك داوای ناسنامه‌مان لێكرد، ناوی (ئارام ئه‌حمه‌د) بو، به‌ڵام له‌شوێنێكی دیكه‌ناوی (ئه‌حمه‌د خزر) بو ئیمزای کرد، ئایا چه‌ند که‌س به‌م شێوه‌یه ‌ده‌نگی داوه‌؟
هه‌روه‌ها له ‌قوتابخانه‌ی كوردستان، نزیكه‌ی (179) كه‌س ناویان به‌ده‌ستنوس زیاد كرابو له‌ لیستی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌نگ ده‌ده‌ن. ئایا چه‌ند که‌سی تر له‌بنکه‌کانی تر ئه‌مه‌کروه‌؟
ئایا فه‌رمانبه‌ری ناو بنکه‌کان حیزبی بوون؟، کاری ده‌نگدانه‌که ‌مۆری ئه‌ركێکی حیزبی پێوه‌دیاربوو بۆ ده‌نگدان، سه‌ربازه‌کان، ئه‌فسه‌ره‌کانیان وه‌کوو چاودێر له‌به‌رده‌م هۆڵی ده‌نگدان له‌وێ بوون. ‌گروپ گرروپ به‌پاس و سه‌یاره‌ ده‌یانهێنان بۆ ده‌نگدان، هه‌ندێک له‌و که‌سانه‌ گوایه ‌توانای نوسین و خوێندنیان نییه‌، به‌ڕیوه‌به‌ری هۆڵه‌کان یاخود، فه‌رمانبه‌رێکی تر له‌ ته‌نیشتیوه‌ ده‌وه‌ستا و پێی ده‌وترا که ‌چۆن ده‌نگ بده‌ن. ئه‌وه ‌جێی سه‌رنجه‌ له‌قوتانخانه‌ی خانی له‌م کاره ‌زۆر ده‌بینران. هه‌روه‌ها له‌ نه‌خۆشخانه‌ش به‌وه‌ره‌قه‌یه‌کی به‌ڕیوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه ‌ده‌کرا نه‌خۆش ده‌نگ بده‌ن. ئه‌مه ‌دوو لایه‌ن بوو، یه‌که‌میان دیمه‌نێکی جوان بوو که‌ نه‌خۆش به ‌به‌رگی نه‌خۆشیه‌وه ‌روو ده‌کاته ‌ده‌نگدان و ‌هه‌ر ‌لایه‌نێکی تری، کێ ده‌ڵێت که‌ چۆن به‌ته‌ئیدێکی به‌ڕیوه‌به‌ر بتوانێت ده‌نگ بدات.
له ‌قوتابخانه‌ی کوێستان زیاد له ‌179 که‌س توانیان ده‌نگ بده‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی ناویان له‌ناو لیسته‌ی تۆمارکراودا هه‌بێت و به‌ده‌ست ناوه‌کان زیاد ده‌کران، من لێره ‌ئیستماره‌ی ژماره‌110م پڕکرده‌وه ‌وه‌‌کو سکاڵا، به‌ڵام دوای وتیان تۆ نابێت سکاڵا بکه‌یت، چونکه ‌چاودێری ده‌ره‌وه‌ییت، ده‌بێت ئیستماره‌ی 111 وه‌رگریت، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌و ئیستیماره‌یان لا نه‌بوو، وتیان راپۆرت بنوسه‌، منیش راپۆرتی خۆمم نوسی و به‌ڕیوه‌به‌ری مه‌ڵبه‌نده‌که ‌ئیمزای کرد. ئه‌وه ‌سه‌یره‌ که ‌نوێنه‌ری لیستی کوردستانی داوایه‌کی زۆری لێده‌کردم که ‌من ‌هیچ شکات نه‌که‌م، هه‌ندێ قسه‌ی که‌مێک له‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ناسک ده‌کرا.
لێپرسراوی ریکخراو زوو زوو ده‌هاته ‌ناو بنکه‌که‌وه ‌و ‌چاودێری لیستی کوردستانی بانگده‌کرد و دوایی بڵاوه‌یان ده‌کرد (پیاوێکی قه‌ڵه‌وی بوو)، بانگی چاودێری لیستی کوردستانی ده‌کرد..

بۆ زانیاری زیاتر ده‌توانن ته‌له‌فۆن بکه‌ن بۆ ئه‌م ژماره‌یه‌
009647507408616
‌ڕیبوار حه‌سه‌ن (چاودێری نێوده‌وڵه‌تی)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە