کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ورده‌كاریی تیرۆركردنی‌ زه‌رده‌شت عوسمان له‌زمانی‌ براكانییه‌وه‌

Friday, 14/05/2010, 12:00















ورده‌كاریی تیرۆركردنی‌ زه‌رده‌شت عوسمان له‌زمانی‌ براكانییه‌وه‌

"تیرۆركردنی‌ زه‌رده‌شت سوتفه‌ نییه‌‌و ئه‌گه‌ر به‌بێ ئاكام تێپه‌ڕێت، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی چه‌ندین قوربانی تر بین"

به‌رزان عه‌لی‌ حه‌مه‌‌و ئالان ساحیبقران له‌هه‌ولێر
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌فته‌ی‌ پێشوو زه‌رده‌شت عوسمان له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكی‌ نه‌ناسراوه‌وه‌ له‌به‌رده‌م زانكۆی‌ سه‌ڵاحه‌دین ده‌ڕفێنرێت، دوا تێپه‌ڕبوونی‌ دوو رۆژ ته‌رمه‌كه‌ی‌ له‌نزیك موسڵ ده‌دۆزرێته‌وه‌و ئه‌وه‌ش نیگه‌رانییه‌كی‌ جه‌ماوه‌ریی به‌رفراوانی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌و شه‌پۆلی‌ ناڕه‌زایی‌و ئیدانه‌كردنی‌ تیرۆركردنی‌ زه‌رده‌شت رۆژ به‌رۆژ به‌رفراوان ده‌بێت.
به‌كر عوسمان، 39ساڵ، برای گه‌وره‌ی سه‌رده‌شته‌و پێری ئێواره‌ هه‌واڵی‌ تیرۆركردنی‌ براكه‌ی‌ ده‌بیستێ‌و ده‌ستبه‌جێ له‌وڵاتی سویده‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان.
دوێنێ له‌نێو ئاپۆڕه‌ی‌ پرسه‌ی سه‌رده‌شت له‌شاری هه‌ولێر، نم نم هه‌وڵێكی‌ زۆری‌ دا تا له‌گه‌ڵ دایك‌و باوكی‌ زه‌رده‌شت وتووێژ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ ناڕه‌حه‌ت‌و بێزاربوون نه‌یانده‌توانی قسه‌ بكه‌ن، دواتر هه‌ریه‌ك له‌به‌شدارو به‌كر دووان له‌برایانی‌ زه‌رده‌شت قسه‌یان بۆ نم نم كرد.

نم نم: ئیشوكاری‌ سه‌رده‌شت چی‌ بوو؟
به‌كر: ئه‌و ته‌نها وه‌ك وه‌رگێڕێك له‌زمانی ئینگلیزییه‌وه‌ بۆ زمانی كوردی له‌هه‌فته‌نامه‌ی ئاشتینامه‌ كاری ده‌كرد، به‌ڵام سه‌رده‌شت پێشتر چه‌ند وتارێكی نوسیوه‌و كاری ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی هه‌رئه‌وه‌نده‌ بووه‌، له‌و وتاره‌ی كه‌ نوسیویه‌تی به‌ناوی "دوواین زه‌نگی مردنم لێدرا" ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێشووتر هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێكراوه‌‌و زانكۆی ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌و دواتریش پۆلیسی ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هیچ هه‌وڵێكی بۆ نه‌دراوه‌، ئه‌وه‌ی له‌هه‌مووی ناخۆشتره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ش ئاگادارنه‌بووین.
زه‌رده‌شت كه‌سێكی خوێنه‌ر بوو به‌به‌رده‌وامی ده‌یخوێنده‌وه‌، هه‌میشه‌ به‌منی ده‌وت چاپخانه‌ی كوردی كتێبی زۆر كه‌مه‌، زۆرجار من كتێبم بۆ ده‌نارده‌وه‌.

نم نم: كه‌ هه‌واڵه‌كه‌تان بیست چ هه‌ڵوێستێكت هه‌بوو؟
به‌كر: ته‌ێه‌ورم نه‌ده‌كرد ئینسان له‌سه‌ر نوسین بكوژرێت، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌نه‌بێت له‌جه‌نگه‌ڵێكدا بژی، پرسیاری گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ چۆن ئینسان له‌سه‌ر نوسین ده‌كوژرێت؟ هه‌تا ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ش بێت.

نم نم: هیچ ده‌زگایه‌كی حكومی په‌یوه‌ندی پێوه‌ كردوون؟
به‌كر: ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت كه‌ ده‌زگای پۆلیس‌و ئاسایش ده‌ڵێن لیژنه‌ی تایبه‌ت بۆئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ دروستكراوه‌، پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن له‌شارێكی وه‌كو هه‌ولێر كه‌ ده‌وترێت ئارامه‌و چه‌ندین ده‌زگای گه‌وره‌ی ئاسایشی تێدایه‌، چۆن له‌به‌رده‌می زانكۆدا كه‌ له‌وێش ئه‌فرادی ئاسایش‌و پۆلیس هه‌یه‌، كه‌سێك ده‌فڕێنرێت؟ ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ش كه‌ بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ له‌هه‌ولێر چه‌ندین بازگه‌ هه‌یه‌و هه‌مووو شتێك كۆنترۆڵی گه‌وره‌ی له‌سه‌ره‌، چۆن ئاوا به‌ئاسانی ئه‌وه‌ تێپه‌ڕی؟ ئه‌مه‌ كه‌مته‌رخه‌می ده‌زگای ئاسایشه‌؟ یان نه‌بوونی ئه‌و ده‌زگایه‌؟ ئه‌م پرسیارانه‌ زۆرن، تاوه‌كو ئه‌مڕۆش كه‌ له‌چواری مانگه‌وه‌ ون بووه‌، ده‌كرا ده‌زگایه‌كی ئاسایش به‌دوای كێشه‌كه‌وه‌ بچووایه‌و ده‌سته‌كه‌ی كه‌شف بكردایه‌.
پاراستنی ئه‌منیه‌ت‌و ئاسایشی ئه‌و خه‌ڵكه‌ وه‌زیفه‌ی ده‌سته‌ڵاته‌، له‌كاتێكدا گه‌نجێك له‌هه‌ولێر ون ده‌بێت، هه‌موو شاره‌كانی كوردستان هاتوونه‌ته‌ ده‌نگ، چونكه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كی خێزانی نییه‌، كێشه‌ی گه‌نجان‌و كچان‌و ئازادییه‌، كێشه‌ی ڕۆژنامه‌نووسییه‌، هه‌موو خه‌ڵك هاتوونه‌ته‌ ده‌نگ‌و قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م كێشه‌یه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ساردییه‌كی زۆر گه‌وره‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ڵاته‌وه‌ ده‌بینرێت له‌به‌دواداچوونی ئه‌و كێشه‌یه‌دا.

نم نم: چۆن ته‌رمه‌كه‌یتان په‌یدا كرد؟
به‌كر: پێشتر له‌كوردستان تیڤیدا بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ كه‌سێك به‌ناوی سه‌رده‌شت عوسمان له‌به‌رده‌می زانكۆوه‌ ون بووه‌و هه‌ركه‌سێك زانیاری له‌سه‌ری هه‌یه‌ په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ بكات، یه‌ك دوو ڕۆژ دوای ئه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌كه‌ی تیڤییه‌وه‌ نوسرابوو كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌گه‌ڕێت به‌دوای سه‌رده‌شت عوسمان با په‌یوه‌ندی بكات به‌م ژماره‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌، هاوڕێیه‌كی سه‌رده‌شت په‌یوه‌ندی كردووه‌ به‌ماڵی ئێمه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ین به‌و ژماره‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌، ئه‌وه‌ ژماره‌ی كابرایه‌كی موسڵی بوو كه‌ ته‌رمه‌كه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه‌، ئه‌و پیاوه‌ش به‌یانی زوو چووبوو بۆكڕینی سه‌موون كه‌ پێی زانیبوو.

نم نم: گومانی چیتان له‌لا دروست بووه‌؟
به‌كر: ده‌كرێت گومانی زۆر زۆر دروست ببێت، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی مرۆڤ گومان بكات به‌دووای یه‌قیندا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ ئێمه‌ ده‌یكه‌ین پرسیاری هه‌موو خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان‌و هه‌موو ڕۆژنامه‌نوسانه‌، ئه‌وه‌نه‌ی ئێمه‌ش ئاگادارین هه‌موو ڕۆژنامه‌نوسه‌كان ئه‌م پرسیاره‌یان ڕووبه‌ڕووی ده‌سته‌ڵات كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ سوتفه‌یه‌ك نییه‌، به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه‌ بۆسه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگای كوردستان، هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆسه‌ر گه‌نجان، ئه‌گه‌ر ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌بێ ئاكام تێپه‌ڕێت، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی چه‌ندین قوربانی تربین.

نم نم: ئه‌ی تۆ چۆن به‌تیرۆركردنی براكه‌تت زانی؟
به‌شدار: وه‌ڵا ئه‌و كاته‌ی كه‌ فڕاندبوویان مه‌لزه‌مه‌و شته‌كانی له‌ده‌ست كه‌وتبووه‌ خواره‌وه‌و براده‌ره‌كانی بردبوویانه‌وه‌، په‌یوه‌ندییان به‌منه‌وه‌ كردو وتیان فڕاندوویانه‌، براده‌ره‌كانی فڕاندنه‌كه‌یان نه‌دیبوو، به‌ڵام ته‌له‌به‌و مامۆستا بینیبوویان، تا ئێمه‌ش نه‌چووین هیچ ده‌زگای ئه‌من‌و ئاسایش ئاگادار نه‌بوو، به‌ڵام به‌بیست ده‌قیقه‌ دواتر گه‌شتینه‌ شوێنه‌كه‌.

نم نم: قسه‌یه‌كتان له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی زانكۆكه‌ی هه‌یه‌ كه‌له‌به‌رده‌م ئه‌وێدا فڕاندیان؟
به‌شدار: ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌حكومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ با ئێمه‌ شته‌كه‌ بچوك نه‌كه‌ینه‌وه‌ ته‌نیا بۆ زانكۆ، په‌یوه‌ندی به‌ده‌زگای ئه‌من‌و ئاسایشه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ زیاتر ڕای ئازاد‌و دیموكراسی خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.

نم نم: پێتان وایه‌ چۆن به‌بازگه‌ی هه‌ولێردا براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌؟
به‌شدار: ئێمه‌ دنیایه‌ك پرسیاری له‌و جۆره‌مان هه‌یه‌، جا ده‌كرێت ده‌زگای ئه‌منی‌و حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵاممان بداته‌وه‌، بێده‌نگی ده‌زگای ئه‌من‌و ئاسایش تائێستا ئه‌وه‌ خۆی له‌خۆیدا گومانێكی تره‌ له‌لای ئێمه‌، له‌ڕووی یاساییشه‌وه‌ سكاڵامان تۆمار كردووه‌.

نم نم: زه‌رده‌شت له‌دوا ساڵی‌ خوێندنیدا بوو؟
به‌شدار: هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ی فڕاندیان به‌حسی ته‌خه‌ڕوجی ئاخیر ڕۆژی ته‌سلیم ده‌كرد، ئه‌وه‌شی له‌ده‌ست كه‌وتبووه‌ خواره‌وه‌، شێوازی بردنه‌كه‌شی دوو كه‌س‌و سایه‌قێك بوون، ئێمه‌ لێناگه‌ڕێین خوێنی سه‌رده‌شت به‌فیڕۆ بڕوات.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە