ئایا شێرکۆ ئەتوانێ ببێ بە لۆرکا؟
Sunday, 15/03/2009, 12:00
خوێنەرێکی بەڕێز سەرنجێکی دەربارەی ئەو بابەتە نووسیوە کە لەسەر شێرکۆ بێکەس و رەفیق سابیر بڵاوم کردۆتەوە. پێشەکی زۆر سوپاسی ئەو خوێنەرە ئەکەم بۆ ئەو سەرنجەی. لێرەدا دوو خاڵ ھەیە جێگای باسکردنە.
١. راستە شانۆگەری گێژەن لە دەرھێنانی فازیل جاف بو بەلام نوسەرەکی پۆڵۆنیە و چەند ھونەرمەندێکی تر لەو شانۆگەریەدا دەوریان ئەبینی ، لە وانە پشکۆ ناکام کە لە کوردستانە و ئێستاش نووسینی بەرەخنەی ھەیە لە سایتی سبەیدا ھەندێکیان بڵاوئەکاتەوە . ھیچیشیان نە پیاوی رژێم بوون و نە دژی پێشمەرگە بوون. ا
لەگەڵ رێزما بۆ ئەو خوێنەرە ، بەپێچەوانەی ئەوەی ئەو خوێنەرە ئەینوسێ ، شانۆگەری گێژەن ئیھانە نەبو بۆ پێشمەرگە بەڵکو لەراستیا داکۆکی بو لە پێشمەرگە . داکۆکی بو چونکە رەخنەی لە کەشتیەوانێک (سیمبۆڵ بۆ دەسەڵات) ئەگرت کە تاقمی کەشتیەکەی بەرەو فەنا بون ئەبرد . ئەو کەشتیەوانە سیمبۆڵێ بوو بۆ سەرکردەیەکی دکتاتۆر کە رازی نەبو گوێ لە کەس بگرێ . ھەنێ لایەنگرانی یەكێتی بڕیاریانا کە ئەو شانۆگەریە دژی یەکێتیە و کەشتیەوانەکە مام جەلالە . ھۆی ئەم جۆرە لێکدانەوەیە چی بو ئەوە پێویستە لەو برادەرانە بپرسین . بەڵام ئەوەی جێگای باسە ئەوەیە بۆ کەس بۆی نەبێ رەخنە بگرێ لە کاری ھەڵە ، لە دکتاتۆریەت ، لە تاکڕەوی و خەڵک لێ خوڕین. ئایا رەخنە گرتن لە کەشتیەوانێ کە تاقمی کەشتیەکەی بەرەو فەنا بوون ئەبا ھەڵەیە ؟ بۆچی خەڵکی کورد بۆی نیە تەنانەت دژایەتی سیمبۆڵی دەسەڵات بکات؟ لەو ھەموو کوردەی ئەو شانۆگەریەیان بینی ، جگە لە خەڵکی حیزبی (ئەویش ھەمویان نا)، کەسی تر پێی وا نەبوو ئەو شانۆگەریە ئیھانە بووبێ بۆ پێشمەرگە. بەڵکو ھەموو ئەوانەی قسەیان لەسەر نووسی زۆر بەرزیان نرخان، چونکە دژی دەسەڵاتی تاکرەوی و دکیتاتۆری بوو. ئەو شانۆگەرییە دژی ئەوە بوو پێشمەرگە بۆ یاری و ھەوەسی تاکڕەوی دهسەڵات بەرەو ھەڵدێر ببرێ . ا
٢ . ئێمە ئەبێ دو شت لە یەکتر جیا کەینەوە ھەر شتەش ھەقی خۆی بەینێ. ئەگەر ئەمڕۆ فازیل جاف بیر و ھەستی وشکی کردوە ئەوە باسێکی ترە . با ئەو خوێنەرە بەڕێزە زیاتر ئاگادارمان کاتەوە لەو ھەڵوێستە تازانەی فازیل جاف . من خۆم دەسخۆشی لێ ئەکەم ئەگەر ئەو کارە بکا . سوپاس بۆ ئەو خوێنەرە، کە ئەو بێ ھەڵوێستیەی فازیل جافی خستە روو
لە وتارەکەما ناڵێم شێرکۆ شاعیر نییە . بە پێچەوانەوە من نوسیومە شێرکۆ شاعیرێکی بە توانایە . ئەوە راستییە ئەگەر بشمەوێ ناتوانم پێچەوانەکەی بسەلمێنم، چونکە شێرکۆ کەڵە شاعیرە، بەڵام شێرکۆ بێ ھەڵوێستە و غەدر لە میلەتی کورد ئەکەین ئەگەر بە شاعیری میلەتی کوردی ناوبەرین جێگای داخە شێرکۆیەکی کوڕی بێکەسی نەمر و خاوەنی ئەو بەھرە ناسکە ھەڵوێستی بەرامبەر دەسەڵات نەبووە تەنیا لەبەر ئەوەی دەسەڵات سەر بە حیزبەکەی خۆیەتی. شاعیر کە بو بە موڵکی حیزبێک لە مەزنی ئەکەوێ و ناتوانێ ببێ بە شاعیری میللەتێک، چونکە حیزب خەڵک ئەیبا بەڕێوە و قابیلی ھەڵەیە . ئەگەر شاعیر ھەڵوێستی نەبێ بەرامبەر ئەو ھەڵانەی حیزبەکەی ئەیکات، ئەو کاتە ناراستەوخۆ لایەنی خەڵک بەر ئەدا و ئەبێ بە پاساو بۆ ھەڵەی حیزبەکەی . ا
لە نوسینەکەی پێشوما زۆر دوودڵ بوم لەوەی شێرکۆ بێکەس و رەفیق سابیر لە یەک وتارا جێی بکەمەوە چونکە جیاوازیەکەی زۆر گەورە ھەیە لە نێوان رەفیق سابیری کۆنە شیوعی و شێرکۆی شاعیری شاخ . شێرکۆ شاعیرە بەڵام رەفیق بیرەوان قەڵەمگریش نییە بەڵکو زۆرزانێکی بلیمەتە لە پەت پەتێنا وەکو زوربەی شیوعیە کۆنەکان . ھیوادارم خوێنەر خۆی ئەو جیاوازییە لە بەینی ئەو دوو کەسەدا ببینێ . جێگای سەرنجە ئەوە چەند رۆژێکە کوردسات کۆمەڵێک ھۆنراوەی شێرکۆ پەخش ئەکات . لە یەکێکیانا شێرکۆ باسی شەھیدان ئەکات، کە ئێستا ئامادە نین بگەڕێنەوە بۆ وڵات، چونکە ئەبینن بەرھەمی خوێنی ئەوان چۆن بەھەدەر دراوە. ھیوادارم ئەمە دەستپێکێ بێ بۆ ھەڵوێست نیشاندانی شێرکۆ . بەڵام با بزانین ئایا دەسەڵات ڕێ بە شێرکۆ ئەدات ھەڵوێست نیشان با لە کوردساتەوە ؟ بزانین دەسەڵات کەی ھەست بەوە ئەکات کە شێرکۆ خەریکە رەخنە بگرێ؟ ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە شێرکۆ ئەیتوانی لای کورد ببێ بە بابلۆنیرۆدا و لۆرکا بەیەکەوە ئەگەر ھەڵوێستی بەرامبەر ناھەقیەکانی دەسەڵاتی کوردی وەربگرتایە و لایەنی خەڵک بگرتایە، نەک حیزب. تۆ بڵێی دەسەڵات ئەتوانێ چی بەرامبەر شێرکۆ بکات ئەگەر شێرکۆ ھەڵوێست وەربگرێ و لایەنی خەڵک بگرێ نەک گەندەڵەکان ؟ شێرکۆ ئەمڕۆش ئەتوانێ خۆی بکڕێتەوە بەڵام ئەمڕۆ یانی ئەمڕۆ نەک سبەینێ . شێرکۆ ئەبێ وەکو بێکەسی نەمر بەرامبەر دەسەڵات بوەستێتەوە و پێی بڵێ
وا ھەژدە ساڵە من رەنجبەری تۆم
بە نان و خوێن و بە شەھیدی خۆم
خزمەتم کردی وەکو کوڕی خۆم
کەچی ئەمجارە کۆیلەی دەستی تۆم
گوناھم چی بو بەم دەردەت بردم
بۆچی، بێویژدان زەلیلت کردم
وا ھەژدە ساڵە من ژێر دەستی تۆم
بوویت بە مڵۆزم، بە دکتاتۆر بۆم
وام زانی ئەمبێ، منیش ئاڵای خۆم
کەچی ھێشتاکە دیل و دەستخەڕۆم
گوناھم چی بوو بەم دەردەت بردم
بۆچی بێویژدان زەلیلت کردم
وا ھەژدە ساڵە ئەمخەڵەتێنی
چیت ئەوێ ئیتر بۆ واز ناھێنی
ھەر جارەی سوپای دوژمنێ دێنی
بەتەمای تۆ بم ھەقم بستێنی؟
گوناھم چی بو بەم دەردەت بردم
بۆچی بێویژدان زەلیلت کردم
وا ھەژدە ساڵە تۆ ئەمڕەتێنی
وامزانی ئاو و کارەبا دێنی
پیس و گەندەڵی فلسێک ناھێنی
تۆ حکومەتی؟ خوا لێم بستێنی
.............
ھیوادارم شێرکۆ خۆی ئەویکەی لە داھاتویەکی نزیکا تەواو بکات و بیدا بە رووی دەسەڵاتدا ، یان خۆی شیعرێکی زۆر بە پێز و ناسکتر بنووسێ و بیدا بە رووی دەسەڵاتی گەندەڵدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست