دەزگای ستاندەر داخستنی رۆژ تیڤیی بە هەوڵێک بۆ تەسفییەکردنی کورد دەبینێت

Saturday, 06/03/2010, 12:00


داخستنی رۆژ تیڤیی تاکە کەناڵی داکۆکیکار لە مافە زەوتکراوەکانی برایانمان لە باکوری کوردستان، بە درێژەپێدراوی ئەو کردە نامرۆڤییانە و نادیمۆکڕاتییانە دەزانین کە دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری هەندێک دەوڵەتی ئیقلیمی و جیهان بەردەوامیپێدەدات بۆ تەسفییەکردنی جوڵانەوەی بزوتنەوەی رزگارییخوازیی کورد لە باکور و بێدەنگکردنی شەقامی تورکیا لە هەمبەر کارە دزێوەکانی دەوڵەت.
دوای داخستنی دەتەپە و دەستگیرکردنی سەدان سیاسەتوانی کورد و دەستگیرکردنی هەزاران منداڵی بێتاوان لە تورکیا، هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا دژی رۆژ تیڤییش گەیشتە ئەوڕوپا. ئەو هەوڵانەی تورکیا سەرەتا هەر لە ناوخۆی وڵات بو، بەڵام ئێستا دەوڵەتانی دیکەش بەشداریدەکەن لە بێئیڕادەکردنی گەلی کورد و تێكشکاندنی ئەو بزاڤە شۆڕشگێڕ و مەدەنییەی کە لە تورکیا بە خوێنی هەزاران رۆڵەی دلێر و گەریلای شۆڕشگێڕ دروستبووە.
دەبووا بەلجیکا وەک دەوڵەتێک کە بە داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕێن و دیمکوڕاتیک خۆی دەنوێنێت، هەوڵی بدابووایە فشار بخاتە سەر دەوڵەتی تورکیا بۆ پێدانی مافە سروشتی، یاسایی، ئینسانی، کولتوری و سیاسییەکان بە کوردەکان کە نزیکەی 80 ساڵە لەژێر جەور و ستەمی کەمالیزم ئەتلێنەوە نەک بێت و تاکە کەناڵێک کە کوردانی باکوری پێهۆشیار دەکردەوە، دابخات.
جێی داخە هێدی هێدی ئەوڕوپا زیاتر رۆڵ دەگێڕێ لە تەسفییەکردنی کوردان لە باکور لەبری ئەوەی هەوڵبدات بۆ چارەسەریی کێشەی کورد لە ناوچەکەدا. وڵاتانی ئەوڕوپا دەتووانن ببنە هێزێکی فشاری گەورە بۆ کەمکردنەوەی ستەمی تورکیا و دیکتاتۆرییەت و شۆڤێنیزمی تورک.
جارێکی تریش پشتیوانیی خۆمان بۆ رۆژ تیڤی رادەگەیەنین و داواش دەکەین دەستبەجێ سیاسەتمەدار و دەستگیرکراوەکان ئازادبکرێن.

5ی ئاداری 2010
هەولێر
باشوری کوردستان
www.standardkurd.net

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە