دووفاقێتی یەکێتی و سیاسەتێكی چەواشەکارییانە
Saturday, 28/01/2017, 21:34
ئەو سیاسەتەی کە چەند ساڵە پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکەکەی لە کوردستانی باشور پیادەی دەکات و لە سەری دەڕوات سیاسەتێکی ڕاشکاوانەیە و تێگەیشتن لێی ئاسانە، خەڵکی کوردستان و میدیاو حیزب و لایەنەکانی تر دەبێت بە سیاسەتی پارتی ئاشکرا ببن و ئەو ڕێباز و مەنهەجەشی کە ئەو پارتە لە سەری دەڕوات هیچ پێویست بە مێزگرد و کۆڕ و سیمینار و شیکردنەوەو دیبەیتی سیاسی نییە، ڕێبازێکی دامەزراوەیی بنەماڵەیی و قوتابخانەیەکی نا ئەکادیمی خێڵەکی مێژوو ڕوونە، هەموو ئەندام و لایەنگر و شوێنکەوتووانی ئەو پارتە لەسەر دەسەڵاتی بنەماڵەیی یەک خێزانی گۆشکراوە وهیچ پێچ و پەناو و دووفاقێکی پێوە دیار نیە و بە زارەکی و کردارەکی بۆ هەمووانی ڕوونکردووەتەوە و ڕێچکەیەکی دیار و ڕوونە.
بەڵام ئەوەی کە جێگەی شەرم و شەرمەزاریە سیاسەتی چەندساڵەی یەکێتیی نیشتیمانییە کە سیاسەتێکی جیاواز و چەواشەکارییانە و بە شێوەی چاو لە ژێری لە سەری دەڕوات و بووەتە هۆی درێژکردنەوەی دەسەڵاتی پاوەنخوازی سەپێنراوی بنەماڵەیی لە کوردستاندا، لەم سەروبەندەدا هەریەکە لە ئەندام مەکتەب سیاسیەکان و سەرکردایەتی و وەزیر و پەڕلەمانتاران و بگرە ئەندام مەڵبەندەکان و ئۆرگانەکانی خوارەوەی ئەو حیزبە لە ئاواز و سەودایەکی زۆر جیاواز دەخوێنن هەروەک ئەوەی کە لەسەری گۆشکرابن، پەتپەتێن و تەراتێن و چەرخ و فەلەق وەگەڕخەری سیاسەتی یەکێتییە و ڕیتمێکی ڕاستەوانەی نییە، لە لایەک: هەردوو جێگرانی سکرتێری ئەو حیزبە کەوتوونەتە سەر (الصراط المستقيم)ی ڕێبازی نەمرانی بارزانی و لە هەوڵی تەواودا بوون کە یەکێتی لە ڕێکەوتنی ستراتیجی ئەو دوو حیزبە لانەدات و درێژەپێدەری ئەو کاروانە بن، وە تازە بە تازە ئەو ڕێکەوتنە دەهێننە پێشێ وەک ئەوەی بەسەرچوو بێت، وە ئەو پەڕی هەوڵی خۆشیاندا بۆ ئەوەی ڕێکەوتنی گۆڕان و یەکێتی هەڵبوەشێننەوە و نەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە لایەکی ترەوە، خانمی یەکەمی عێراق دەڵێت: (ئەو هاوپەیمانێتیەی کەلە نێوان یەکێتی و گۆراندا هەیە هاوپەیمانێتێکی دۆستانە و واقیعانەیە و زەرورەتێکە کە بەقەناعەتەوە لەنێوان هەردوولادا بەستراوە)، ئەم لێدوانە تازەیە تازەکردنەوەی دووفاقییەو سیاسەتێکی تەواو جیاوازە، خەڵکی کوردستان پيویستی بە لێدوانی دووفاقی نییە و گەلی هۆشیار لەو هۆکارانە تێگەیشتوون کە خۆیی و کوڕی و هێوەرزا و چەندکەسێکی تر بوونەتە هۆی پەککەوتنی ڕێکەوتنەکان و پاڵپشتی یەکەمن بۆ پاوانخوازییەکان و سیاسەتی قۆرخکاری.
خۆ ئەگەر بێینە سەر سیاسەتی مامی بچووکیش ئەوا هەر مەپرسن! ئەو زیاتر ئەو وێنانەی بڵاوبوونەتەوە کە لەگەڵ کوڕەگەورەی سەرۆکی حکوومەتدا دەردەکەوێت و تەواو هۆگری بووە و بووەتە توانج و سەرنجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەکتڤی پەیجەکانی پێ بەرز دەکەنەوە، لێدوانەکانیشی هیچ لە ئاستی جێبەجێکردندا نییە و تەنها بە جانتا هەڵگرەکە ناسراوە.
لە درێژەی تەراتێن و پەتپەتێنی سەرکردەکانی ئەم حیزبەدا، کەسی باڵای سەربازیان فەرمان و وتەکانی بارزانی زیندوو بە ئایەتی قورئان تێ دەگات و ئامادە نییە هیچ لادانێک بگرێتە بەر و بە پێویست و فەرزی دەزانێت کە جێبەجێیان بکات کە ئەوەش پەیامێکی ڕوونە بۆ پاڵپشتی هێزی سەربازی لە دەسەڵاتە بەسەرچووەکان.
بێینە سەر ئامۆزا گەنجە دەسترۆیشتووەکەی دەزگای دژەتیرۆر، بەم درەنگ وەختانە لە چەندین شار و شارۆچکەی زۆنگی سەوزدا بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ چەند کەسێکی حیزبەکەی دەربڕیوە بە تایبەت ئەوانەی کە بە ئاشکرا بوونەتە پاڵپشتی پارتی و هەڕەشەی هەڵدانەوەی ئابڕوبەرانەی ئەو کەسانە دەکات و وەک خۆی دەڵێت ڕێگە نادات چیتر لەوە زیاتر یەکێتی ناشیرینتر بکرێت و ببێتە پاشکۆی پارتی.
چەند ئەندام پەڕلەمانێکی ئەم حیزبە، دووان و سیان، لێرە و لەوێ، لێدوانی بە ڕووکەش جووان و ڕاست و یاسایی دەدەن و بابەت و شیکردنەوە بڵاو دەکەنەوە و دژایەتی خۆیان بۆ یاسا شکێنان دەکەن و پاڵپشتی خۆیان بۆ دادو دادگەری دەردەبڕن و ڕای دەگەیەنن کە چیتر جێگەی قبووڵ نیە بەو شێوەیە سووکایەتی بە پەرلەمان و دامەزراوە شەرعییەکان بکرێت.
بە کورتی ئەم حیزبە بە چەند سیاسەتێکی جیاوازدا دەڕوات و یەک سیاسەت پیادە ناکات و وە هەر بەم شێوەیەش خەڵکی کوردستانی گرتووە و بە هەزاران بۆچوونی جیاواز درێژە بە کاروانی پاوانخوازی و دەسەڵاتی ناشەرعی دەدات و وە لە ئێستادا ئەنجام و درووشمی ئەم حیزبە بووە بە (پاشکۆبوون بەرخۆدانە)، وە خەڵکی کوردستان دەبێت ئەوە بزانن کە هەموو ئاڕاستەکان ئەوە نیشان دەدەن کە یەکێتی تاکە حیزبە، کەسی یەکەمە، دەستباری یەکەمە کە هاوپشت و ڕاگرتن و بەهێزکردنی دەسەڵاتی پارتییە لە یاسا شکێنی و دەسەڵاتی پاوانخوازی و بەهەدەردانی سامانی وڵات، ئەو لێدوانە پێچەوانانە هیچ ڕاستیان پێوە دیار نیە و بە ڕێباز و سیاسەتێکی دووفاقییانە وێنا دەکرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست