کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مه‌سعود بارزانی: سه‌رده‌شت عوسمان قوتابیی بووه‌، نه‌ک رۆژنامه‌نووس

Saturday, 22/05/2010, 12:00


مه‌سعود بارزانی: سه‌رده‌شت عوسمان قوتابیی بووه‌، نه‌ک رۆژنامه‌نووس، ڕێگه‌ش به‌ كه‌س ناده‌ین.
سایتێکی پارتی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ باره‌ی تیرۆركردنی (سه‌رده‌شت عوسمان)ه‌وه‌ دووپاتیكرده‌وه‌، مكوڕم له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌ ڕاستییه‌كان و ڕێگه‌ش به‌ كه‌س ناده‌ین مه‌سه‌له‌ی له‌و جۆره‌ بۆ مه‌به‌ستی ته‌سكی حزبایه‌تی بقۆزێته‌وه‌.

(مه‌سعود بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی (رۆژنامه‌ی حه‌یات)، له‌ باره‌ی تیرۆركردنی سه‌رده‌شت عوسمان ، ڕایگه‌یاند؛ زۆر به‌ داخه‌وه‌ بۆ ئه‌و ڕووداوه‌، من به‌ پله‌ی یه‌كه‌م به‌رپرسیارم له‌ ژیانی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، شانازیش به‌وه‌ ده‌كه‌م ئێمه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادی بۆ ئه‌و گه‌له‌ خه‌باتمان كرد و به‌ده‌ستیشمان هێنا، ئێستاش به‌ چاوی خۆت له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌می ئه‌و خه‌باته‌ ده‌بینی.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتی: ئه‌و ڕووداوه‌ به‌ شێوه‌كی زۆر خراپ هه‌ڵقۆزرایه‌وه‌، كه‌ دوور بوو له‌ هه‌ر ئاكارێك، پێویسته‌ ده‌رفه‌ت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بده‌ین، ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌سه‌ر كه‌سێك ساغ بۆوه‌ یاخود گومان له‌سه‌ر هه‌ر كه‌سێك دروست بوو، ئه‌وا ئه‌و كه‌سه‌ له‌سه‌روی یاساوه‌ نییه‌ و ده‌بێت له‌ به‌رده‌م دادگا ئاماده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و ڕووداوه‌ قۆسترایه‌وه‌ و تۆمه‌تی پێش وه‌خته‌ ئاراسته‌كرا.

بارزانی گوتی: ئاماژه‌ی زۆر هه‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ڕاستییه‌كان، غه‌درلێكراویش قوتابی زانكۆ بوو، نه‌ك رۆژنامه‌نووس، ته‌رمه‌كه‌شی له‌ موسڵ دۆزرایه‌وه‌، گه‌یشتۆته‌ موسڵ له‌ كاتێكدا به‌ خاڵی پشكنینی هاوبه‌شی ئه‌مه‌ریكی- كوردی عێراقی ده‌وری موسڵ گیراوه‌، هه‌ندێ لایه‌ن كه‌ خۆیان به‌ ئۆپۆزسیۆن داده‌نێن له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ سه‌ربه‌خۆكان ئه‌و ڕووداوه‌یان قۆستۆته‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بده‌ن.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه‌، مكوڕم له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌ ڕاستییه‌كان و ڕێگه‌ش به‌ كه‌س ناده‌ین مه‌سه‌له‌ی له‌و جۆره‌ بۆ مه‌به‌ستی ته‌سكی حزبایه‌تی بقۆزێته‌وه‌ و تۆمه‌تی بێ به‌ڵگه‌ ئاراسته‌ بكه‌ن و داواشمان كردووه‌ هه‌ركه‌سێك به‌ڵگه‌ له‌ به‌رده‌ست دایه‌ پێشكه‌شی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی بكات و پێویسته‌ هاوكاری لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ین بۆ گه‌یشتن به‌ ڕاستییه‌كان نه‌ك سڕینه‌وه‌یان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە