کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌كوردستاندا هه‌ڕه‌شه‌ی‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوسان زیادیكردوه‌

Tuesday, 02/02/2010, 12:00


دوای هەڵبژاردنەکانی 25-7-2009ی هەرێمی کوردستان، هەڕەشەکردن بۆ سەر گیانی رۆژنامەنوسە سەربەخۆکان زیادیکردووە. لە چەند هەفتەی رابردوشدا، هەڕەشەکان چڕتر بونەتەوە‌و له‌چه‌ند شوێنێكی‌ جیاوازدا رۆژنامه‌نوسان توشی‌ گرفتی‌ جۆراوجۆر بون.

هەوڵی رفاندنی رۆژنامەنوسی سەربەخۆ سەباح عەلی قارەمان، مەترسیدارترین روداوێکە کە ئێواره‌ی رۆژی 19012010، ئه‌نجامدرا‌و تێیدا چه‌ند كه‌سێك هه‌وڵی‌ رفاندنی‌ سه‌باحیان له‌شاری‌ كفری‌ (200 كم باشوری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ شاری‌ سلێمانی‌) دابو.

سه‌باحی‌ 28 ساڵان، کە بە رەخنە توندەکانی بەرامبەر یەکێتیی نیشتیمانیی‌و پارتیی دیموکڕاتیی لە وێبسایتەکاندا ناسراوە، روداوی هەوڵی رفاندنی به‌م شێوه‌یه‌ بۆ نیقاش گێڕایەوە "ئۆتۆمبیلێکی جۆری جێبی رەساسیی هاتە پێشم‌و یەکێک دەستی هێنا تەوقەم لەگەڵدا بکات، من زانیم بە تەمای چین، ئەوەندەی هێزم لەبەرما بو رامکرد‌و خۆم کرد بە ماڵێکدا‌و لە دەستیان رزگارم بو".

سەباح ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە یەکێک لە کەسەکانی ناسیووە‌و دووەکه‌ی تریشیان "دەمامکدار بون، بۆیه‌ نەمتووانی‌ بیانناسه‌".

ئەو وتی "ئەوەی ویستی بمڕفێنێ، باشی‌ ئەیناسم. ناوی (ع.ن)ـه‌‌و خەڵکی شارەکەی خۆمە. خانەنشینکراوێکی یەکێتیی نیشتیمانییە‌و پێشتر پۆستێکی باڵای هەبو لەناو ئەو حیزبەدا".

هەر لە سەرەتای ساڵی نوێشدا، پۆلیسی کفری بەکەلەپچەکراوی‌، پەیامنێری رۆژنامەی ئاوێنە (رۆژنامەیەکی سیاسییە‌و کۆمپانیای ئاوێنە دەریدەکات) لەهه‌مان شاردا دەستگیردەکەن.

روداوی‌ ده‌ستگیركردنه‌كه‌ له‌پاش سكاڵایه‌كی‌ بەڕێوەبەری‌ دابەشکردنی کارەبای‌ کفری هاتوه‌ کە پەیامنێری رۆژنامەی ئاوێنە ویستویەتی‌ هەواڵێک لەسەر نەبونی‌ کارەبای گەڕەکێک ئامادەبکات، له‌ئه‌نجامی‌ ئه‌و سكاڵایه‌شدا، پۆلیسی کفری‌ ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ ده‌ستگیرده‌كه‌ن.

ئیحسان مەلا فوئاد بۆ نیقاشی‌ رونكرده‌وه‌ "سوکایەتی بەرامبەرم کراوه‌‌و داواکارم سەندیکای‌ رۆژنامەنوسان لەم سوکایەتیکردنە بێدەنگ نەبن"، چونکە ئەو سکاڵایەی لەسەرم تۆمارکراوە "دەبووایە بەپێی ماددەی‌ 433 بانگهێشتی دادگا بکرێم، نەک ماددەی‌ 434"، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ پۆلیسیش "به‌سوكایه‌تیپێكردن‌و كه‌له‌پچه‌كراوییه‌وه‌ منیان گرت".

جێی‌ ئاماژه‌پێدانه‌ کێشەکەی ئیحسان مەلا فواد، به‌پێی‌ یاسا، تاوان (جنایات) نەبووه‌‌و نابێت کەلەپچە بکرێت.

ئیحسان ئەوەشی‌ وت "پاش ئەوەی‌ بەڕێوەبەری‌ دابەشکردنی کارەبای‌ کفری چووه‌ دادگا‌و تەنازولی لەداواکەی‌ کرد، ئه‌وجا دادوەر ئازادی کردم".

له‌روداوێكی‌ تریشدا، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان هه‌ر زۆر دور له‌هه‌رێم كوردستان، هه‌ندێ‌ له‌كادیرانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌، له‌شاری ستۆکهۆڵمی‌ پایته‌ختی‌ سوید، رۆژی 17-01-2010، هه‌ڕه‌شه‌ له‌نوسه‌ر‌و رۆژنامه‌نوس قادر نادر ده‌كه‌ن.

ئه‌م روداوه‌ له‌كۆڕێكی‌ مەلا بەختیار کارگێڕ‌و وتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رویداوه‌، له‌كاتێكدا رۆژنامه‌نوسی‌ ناوبراو ویستویه‌تی‌ رەخنە لەقسەکانی مەلا بەختیار بگرێت.

قادر نادر هاوکات بەرپرسی راگەیاندنی رێکخراوی (چاک)ـه‌ بۆ داکۆکیکردن لە ئەنفالکراوان‌و کیمیابارانکراوان، بە نیقاشی راگه‌یاند "دوای ئەوەی مەلا بەختیار قسەکانی تەواو كرد، ویستم بەشداریی بکەم، ناوی خۆم نوسی‌و شەشەم کەس بوم، بەڵام ناوی منیان نەخوێندەوە، دواتر ویستم قسەبکەم، بەڵام چەند بەرپرسێکی یەکێتیی لەوێ هەڕەشەیان کرد کە ئەگەر بێدەنگ نەبم ئەوا خۆیان ئەزانن چی ئەکەن".

قادر ناد جەختی‌ لەوەش کردەوە کە سەرەڕای ئەوەی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ رێگرییان لێکرد‌و بواری‌ قسه‌كردنیان پێنه‌داوه‌، "هەڕەشە"شیان لێکردووە. ئەو سەرسوڕمانی خۆی لەوە نیشاندا کە لە وڵاتێکی دیموکڕاتی‌ وه‌كو سویدیشدا "یەکێتی‌و پارتی واز لەهەڕەشەکانیان ناهێنن".

ناوبراو ئاشكراشیكرد "من هەڕەشەکانی ئەوانم بەجدیی وەرگرت‌و ئێستا لەسوید سکاڵام لەسەر چەند بەرپرسێکی کۆمیتەی یەکێتیی نیشتیمانیی لەو وڵاته‌دا تۆمارکردووه‌".

هه‌ر له‌زنجیره‌ی‌ ئه‌م روداوانه‌دا، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان دوباره‌ له‌ناو هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ر له‌نزیكه‌ی‌ دوو هه‌فته‌، ئاسایشی زاخۆ (پارتیی دیموکراتیی کوردستان)، پەیامنێر‌و وێنەگرێكی‌ کەناڵی ئاسمانی سپێدە (سەر بەیەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان) بۆ ماوەی زیاتر له‌سەعاتێک دەستبەسەرکرد، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدابوه‌ كه‌ ئه‌و دوو رۆژنامه‌نوسه‌ سه‌رقاڵی‌ ئامادەکردنی راپۆرتێکی رۆژنامەوانی‌ بون دەربارەی کێشەیەکی هاووڵاتیانی شاری زاخۆی سەر بەپارێزگای دهۆک.

ئیسلام کەشانی پەیامنێر‌و ئوسامە سندیی وێنەگر، کاتژمێر 11 تا 12.30ی‌ نیوه‌ڕۆ لەئاسایش دەستگیردەکرێن‌و دواتریش رەوانەی قائمقامیەتی زاخۆ دەکرێن. بەپێی قسەی ئیسلام کەشانی بۆ نیقاش قائیمقام پێیاندەڵێت "دەبێت لەمەودوا هەر ئیشێک بکەن، پرس بەقائیمقامیەت بکەن". هەڕەشەی ئەوەشیان لێدەکرێت کە پێویستە بۆ جاری داهاتو پرس بەوان بکرێ بۆ ئامادەکردنی راپۆرت‌و هەواڵ.

ئەنوەر حوسێن بازگر بەرپرسی کۆمیتەی داکۆکی لەئازادیی رۆژنامەنوسیی‌و مافی رۆژنامەنوسان لەسەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان، هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو هەمو پێشێلکارییانەی کە لەم ماوەیەدا رویانداوە بۆ ئەوە گێڕایەوە "هێشتا یاسای رۆژنامەگەری كه‌ لەلایەن پارلەمانی‌ هەرێمی کوردستان دەرچووە، لەلایەن ئاسایش‌و پۆلیسەوە وەک پێویست جێبەجێناکرێ، بەتایبەت لە "سنوری پارێزگای دهۆک‌و هەندێک ناوچەی گەرمیان".

بازگر هیواشی خواست کە لەداهاتویەکی نزیکدا، به‌مه‌به‌ستی‌ چارەسەرکردنی ئەو جۆرە مامەڵە نەشیاوانە، کۆنفڕانسێک بگیرێت‌و ئاسایش‌و پۆلیسیش بەشداریی تێدا بکەن‌و یاساکەیان بەباشیی بۆ رونبکرێتەوە.

لەیاسای رۆژنامەگەریدا کە لەلایەن پارلەمانی کوردستانەوە دەرچووە‌و له‌ساڵی‌ 2008ه‌وه‌ چوه‌ته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئەوە چەسپاوە کە نابێت رۆژنامه‌نوس ده‌ستگیربكرێت، به‌ڵكو له‌كاتی‌ دادگاییكردندا ته‌نها سزای‌ دارایی‌ دێته‌ سه‌ر.

هه‌ر له‌باره‌ی‌ ره‌وشی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌‌و ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌رۆژنامه‌نوسان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌نجامدراوه‌، لەدوا راپۆرتی لیژنەی داکۆکیکردن لەرۆژنامەنوسانی کوردستان کە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا بڵاوکرایەوە، پێشێلکاری‌و رەوشی رۆژنامەگەریی لە 30ی حوزەیرانی 2009وه‌ تاكو 15 کانونی دووەمی هەمان ساڵ تۆماركراوه‌.

ئه‌و راپۆرتە كه‌ تایبه‌ت بوه‌ به‌و شه‌ش مانگه‌، 70 كه‌یسی‌ رۆژنامەنوسانی‌ له‌خۆگرتوه‌، 35 كه‌یسی‌ سكاڵای‌ یاسایی‌ بون له‌دادگاكاندا، 35كه‌ی‌ تریشیان روداوی‌ لێدان‌و گرتن‌و سزای‌ یاسایی‌ بون. زۆرترین ئه‌و كێشانه‌ش، به‌پێی‌ راپۆرته‌كه‌، ئەو رۆژنامەنوسانەی گرتووەتەوە كە ئەندامی‌ سەندیكای‌ رۆژنامەنوسانی‌ كوردستان نین.

له‌به‌یاننامه‌یه‌كی‌‌ هاوشێوه‌شدا، رێكخراوی‌ په‌یامنێرانی‌ بێسنوری‌ فه‌ره‌نسی‌، ئاماژه‌ی‌ رونیان به‌خراپی‌ بارودۆخی‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ كورد كردوه‌. له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا كه‌ تایبه‌ت بو به‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و له‌ماوه‌ی‌ رابردودا بڵاوكرایه‌وه‌‌، تێیدا هاتوه‌ "پێشێلكاریه‌كان دژ به‌ڕۆژنامه‌نوسانی‌ سه‌ربه‌خۆ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا زیادی‌ كردوه‌"، ئۆباڵی‌ ئه‌م بارودۆخه‌ش، به‌پێی‌ به‌یاننامه‌كه‌ "له‌ئه‌ستۆی‌ ئه‌و دوو حزبه‌ سیاسییه‌یه‌ كه‌ كۆنترۆڵی‌ هه‌رێمه‌كه‌یان كردوه‌".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە