سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین، له موغازه‌له‌ی ئیخوانه‌وه بۆ موغازه‌له‌ی AKP
Wednesday, 22/07/2009, 12:00
سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین، ئه‌مینداری گشتیی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان، له چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی رووداو و توده‌ی زه‌مانی تورکی، ئه‌م قسانه ده‌کات "ئێمه دۆستی AKPین... مه‌وسیمی AKP جێی ته‌قدیره و باشترین مه‌وسیمی کورده و له هه‌ر کاتێک زیاتر ته‌قدیری کورد گیراوه... DTP کۆپی سه‌داسه‌دی PKKیه... هیچ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ DTP نییه چونکه توندوتیژن... DTP ده‌بێت خۆی دووربگرێت له په‌که‌که و ببێته نوێنه‌ری کورد نه‌ک PKK... PKK هه‌موو کورد نییه... نامانه‌وێت له‌گه‌ڵ توندڕه‌وان په‌یوه‌ندیمان هه‌بێت... هتد..."
من، هه‌میشه داکۆکیم له بوونی هێزه ئیسلامییه‌کان کردووه. هه‌روه‌ک چۆن پێم ئاسایی بووه هێزێکی چه‌پ بوونی هه‌بێت، ئاواش بوونی هێزی ئیسلامییم به ته‌ندروست زانیووه. دیموکڕاسی بێ قبوڵکردنی هه‌موو دید و بۆچوونێک و ئایدۆلۆژیایه‌ک، مانایه‌کی پووچی هه‌یه. رابوونه ئیسلامییه‌کان، واقیعێکن له ته‌واوی رۆژهه‌ڵات له هه‌ڵکشاندان. وڵاتی ئێمه‌ش به‌وپێیه‌ی زۆرینه موسڵمانه، زۆر ئاساییه هه‌ندێک یا به‌شێکی زۆر له هاووڵاتییانمان بکه‌ونه ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و رابوونه ئیسلامییانه‌ی که له ناوچه‌که‌دا، به‌تایبه‌تیش ئیخوان، بوونیان هه‌یه.
له باشووری کوردستاندا، چه‌ند هێزێکی ئیسلامیی له رابردوودا، به‌شداریی شۆڕ‌شیان کردووه. چه‌ند هێزێکیش له‌وانه، دوای راپه‌ڕینی 1991 ده‌رکه‌وتن. ئه‌وه‌ی ئێستا له کوردستاندا زۆرتر ده‌بینرێت و خاوه‌نی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی خۆیانن، هه‌ریه‌که له کۆمه‌ڵی ئیسلامیی کوردستان که عه‌لی باپیر رێبه‌رایه‌تیی ده‌کات و یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستانن که سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هادین رێبه‌رایه‌تیی ده‌کات.
ده‌مێک بوو قسه له‌سه‌ر یه‌کگرتووی ئیسلامیی ده‌کرا که به‌شێکی جیانه‌بووه‌وه‌ن له ئیخوان موسلیمین. ئێستاش قسه زۆر له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی به‌هێزی یه‌کگرتوو له‌گه‌ڵ AKP (پارتیی عه‌داله‌ت و گه‌شه‌پێدانی تورکیا) ده‌کرێت. هه‌بوونی په‌یوه‌ندیی به‌هێز له‌نێوان پارته کوردییه‌کان و پارته‌کانی دیکه‌ی ناوچه‌که، پێویستن. به‌ڵام ئه‌و په‌یوه‌ندییانه نابێت له‌سه‌ر حیسابی هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی کوردیی بێت له وڵاته داگیرکه‌ره‌که‌دا.
سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین، ده‌بێت باش بزانێت ده‌وڵه‌تی تورکیا چ دڵڕه‌قییه‌کی به‌رامبه‌ر کوردان کردووه. ئه‌گه‌ر به‌و دڵڕهقییانهش نه‌زانێت، ئه‌وه کاره‌ساته. من سه‌یرم پێدێت سیاسییه‌کانی ئێمه ئه‌وه‌نده بێ‌ئاگا بن و له‌خۆیانه‌وه قسه بکه‌ن. ئێمه چه‌ند ساڵێکه یه‌کێتیی و پارتیی رهخنهدهکهین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی زۆر بێ‌ئاگان له بارودۆخی کوردانمان له ئێران و سوریا و به‌تایبه‌ت تورکیا. به‌هیوام ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتیی و پارتیی نه‌گوازرێته‌وه بۆ هێزه نیمچه-ئۆپۆزسیۆنه‌کان.
جێی خۆیه‌تی له سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین بپرسین، ئه‌گه‌ر ئێوه له تورکیا بووان، چیتان ده‌کرد؟ ده‌ست له ئه‌ژنۆ ده‌وه‌ستان و تا به قودره‌تی قادر گۆڕانکارییه‌ک به‌سه‌ر بارودۆخه‌که دابێت؟ یا ده‌ستتان ده‌کرده خۆپێشاندان و مانگرتن و شه‌ڕی مهدهنییتان ده‌کرد، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی DTP ده‌یکات که بۆخۆی داهێنانێکه له ناوچه‌که‌دا؟
هیوادارم له بێئاگایی خۆته‌وه ئه‌و قسانه‌ت کردبن. ئه‌گه‌ر نا من ئه‌و قسانه به هی سه‌رکرده‌یه‌ک نازانم که وه‌ک هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی خۆی، جلی کوردیی پۆشیووه. ئێوه له کاتی تێپه‌ڕاندنی ده‌ستووریشدا تووشی شۆکتان کردم. وا جارێکی تریش تووشی شۆکم ده‌که‌نه‌وه که به‌و زمانه قسه‌ده‌که‌ن.
ئه‌و ده‌ڵیت "ئێمه دۆستی AKPین." من پێم ناخۆش نییه، به‌ڵکو زۆر به پێویستیشی ئه‌زانم. ئه‌گه‌ریش ئه‌وه‌نده دۆستی ئه‌حمه‌د داڤود ئۆغڵۆن، بۆچی دوو قسه‌ی خێریش بۆ برایانی کوردی باکور ناکه‌ن؟ بیستم له دانیشتنێکتان له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌کان، خۆت و عه‌لی باپیر قسه‌ی زۆر جددیتان به ئێرانییه‌کان گوتبوو. ئه‌وه ئه‌و ساته‌وه‌خته مێژووییه بوو که ئێوه وه‌ک سه‌رکرده ده‌رکه‌وتوون. محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود گوتبووی بچینه‌وه کوردستان ئه‌ڵێم "عه‌لی باپیر بۆته پاسۆک." ئه‌مه ئه‌و چرکه‌ساته‌یه که به‌رپرسیارێتیی سه‌رکردایه‌تیتان تێدا به‌رجه‌سته بووه.
من دۆستایه‌تیی به پێویست ده‌زانم. هیوادارم ئه‌مجاره گه‌ر داڤود ئۆغڵۆت بینی، ئه‌و ئایه‌ته پیرۆزه‌ی بیربهێنیه‌وه که خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت "ئه‌وه‌ی یه‌ک که‌س به ناحه‌ق بکوژێت، وه‌ک ئه‌وه وایه هه‌موو خه‌ڵکی کوشتبێت." باشه تۆ پێتوایه PKK بۆچی له شاخن؟ ئه‌رێ هیچ رۆژێک هاتوویته قه‌ندیل، به‌تایبه‌ت زستانان، بزانیت چه‌ند ناخۆشه چ ژیانێکی سه‌خته؟
تۆ ده‌ڵێیت "مه‌وسیمی AKP باشترین مه‌وسیمه." نازانم پشتت به چ دۆکیۆمێنتێک به‌ستووه. راسته گۆڕانکاریی جدیی له عه‌قڵییه‌تی به‌شێک له ده‌وڵه‌تی تورکیا روویداوه، به‌ڵام ئه‌وه بزانه به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌و گۆڕانکارییه، په‌ستانی ئه‌و شۆڕشه مه‌ده‌نییه‌ی DTPیه که تۆ ناوت لێناوه "توندوتیژی". لێره ده‌رفه‌ت نییه هه‌موو ئه‌و هۆکارانه باسبکه‌م. ده‌کرێت بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و نووسینانه‌ی پێشترم که بڵاومکردوونه‌ته‌وه. ئێمه ناکرێت له جیاتی برایانی باکور بڕیاربده‌ین. ئه‌وان DTP وه‌ک به‌شێک له DTP ده‌بینن. DTP بێ PKK، واتایه‌کی ئه‌وتۆی نامێنێت.
من گه‌ر دۆستی داڤود ئۆغڵۆ بووام، پێمده‌گوت "باشه بۆ شتێک ناکه‌ن PKKش وه‌ک DTP له تورکیا یاساغ نه‌بێت؟" ئه‌وه پرسیارێکی زۆر ساده‌یه. زۆرێک له رۆشنبیره لیبڕاڵ و هه‌ندێک جار ئیسلامییه‌کانیش ئه‌و پرسیاره ده‌که‌ن. پێمده‌گوت "ئێوه ده‌بێت له هه‌موو پارته‌کانی تر که ده‌وڵه‌تیان به‌ڕێوه‌بردووه، جیاوازبن." بیریشم ده‌هێنایه‌وه "ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده خۆتان پێئیسلامه، ته‌نها یه‌کجار ئه‌وه‌ی ئیسلام ده‌یدات به مرۆڤ، ئێوه‌ش بیده‌ن. خوا هیچ جیاوازییه‌کی له‌نێوان تورکێک و کوردێک درووستنه‌کردووه، بۆ تورک ده‌بێت "خوا"ی کورد بێت؟"
ئایا تۆ هه‌واڵی دڵڕه‌قییه‌کانی حکومه‌تی تورکیا و عهسکهرتارهکان ده‌خوێنیته‌وه؟ بیستت چۆن ته‌حه‌دایان له‌و دوو کچه 10 ساڵانه‌یه و 12 ساڵانه‌یه کردبوو که له خۆپێشاندانێک بۆ ئه‌و مافانه‌ی خوای من و تۆ و هی ئه‌وان، به هه‌مووانی به‌خشیووه، به‌شدارییان کردبوو. ده‌زانی که هێشتاش کورد بۆی نییه له تورکیا گه‌ر سه‌ردانی زیندانییه‌کانیان ده‌که‌ن به کوردی قسه‌بکه‌ن. ئه‌مه له‌کاتێکدا، پابه‌ندترین جڤاکێک له تورکیا به ئایینی پیرۆزی ئیسلامه‌وه، کورده‌کانن.
تۆ ده‌بێژی "DTP کۆپیی سه‌داسه‌دی PKKیه." هه‌رکه‌سێک تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستێت، نابێت که‌سێکی موسڵمان ههڵیبهستێت. من تا ئێستا دژی ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه بوومه که گووتویانه یه‌کگرتوو کۆپیی سه‌داسه‌دی ئیخوان موسلیمینه. ئایا ئێوه کۆپیی سه‌داسه‌دی ئه‌وانن؟ خۆ لێدوانی ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی ئیخوانیشم خوێنده‌وه و بیریشم ماوه که له‌کاتی بوونتان به ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی حوکمی عێڕاق، ئێوه پرستان به ئیخوان کردووه و ئیخوانیش ئۆکه‌ی کردووه. که‌چی دڵنیام ئێوه کۆپی سه‌داسه‌دی نه ئه‌وان، نه هی AKP و نه هی تریش نین.
من لێره داکۆکی له DTP ناکه‌م، به‌ڵکو ده‌مه‌وێت بیر سیاسییه‌کانمان بهێنمه‌وه که ئێمه هه‌موومان ده‌بێت به‌رامبه‌ر پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان هێمنانه قسه‌بکه‌ین. وانه‌که‌ین هه‌ستی برایانمان له پارچه‌کانی تر برینداربکهین. هه‌روه‌ک چۆن ده‌بێت ئاگاداریش بین هه‌ستی تورک، عه‌ڕه‌ب و فارسیش بریندارنهکهین. من نه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌په‌رستیی توند دام، نه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدام له‌به‌ر دۆستایه‌تییه‌کی ساده، هه‌ستی برایه‌کی خۆم برینداربکهم و نیشتمان هه‌رزانفرۆش بکه‌م.
" هیچ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ DTP نییه چونکه توندوتیژن." ئه‌مه قسه‌یه‌کی بێمانه‌یه. ئایا ده‌کرێت یه‌ک رووداوم بۆ باسبکه‌یت که DTP توندوتیژه. هیوادارم رۆژنامه‌که به هه‌ڵه ئه‌مه‌ی نووسیبێته‌وه. DTP چی هه‌یه تا تووندوتیژ بێت. ئه‌رگه‌نه‌کۆن و ژیته‌م و میت و عهسکهرتارهکانن ئه‌وپه‌ڕی توندوتیژی به‌کاردێنن و حکومه‌تی AKPی "ئیسلامیی"ش، ئه‌ندامانی DTP ده‌گرێت و راپێچی زیندانیان ده‌کات.
من ئه‌گه‌ر بگه‌مه لای به‌رپرسێکی AKP، پێیده‌ڵێم "چ تاوانێکم هه‌یه که به کوردی قسه‌ده‌که‌م. ئایا هه‌مان ئه‌و خوایه‌ی که زمانی منی کردۆته کوردی، هه‌ر ئه‌و خوایه نییه که زمانی تۆشی کردۆته تورکیی؟ تۆ بۆ بۆت هه‌بێت ناسنامه‌ت هه‌بێت من نه‌مبێت؟"
DTP بۆ خۆی دووربگرێت له PKK؟ DTP کورده و PKKش کورده. ئه‌وه‌ش نه‌ده‌بووا له زاری تۆمان بیستبا، چونکه رۆژانه یه‌کێتی و پارتی به پارته‌که‌ی تۆ ده‌ڵێن خۆت دووربگره له ئیخوان و عه‌ڕه‌به‌کان و هه‌موو شتێک!!!
وه‌ک تۆ ده‌ڵێیت راسته "PKK هه‌موو کورد نییه"به‌ڵام هه‌موو کورد خه‌ون به هاتنه‌دی خه‌ونه‌کانی ئێستای PKKوه ده‌بینێت. له‌وانه‌یه بۆ ئێمه که ئێستا هه‌رێمێکمان هه‌یه ده‌ستی داگیرکه‌ری له‌سه‌ر نییه زه‌حمه‌ت بێت هه‌ست به ناخۆشی چێژی داگیرکاریی بکه‌ین، به‌ڵام بۆ کوردانی باکور، سه‌خته بتوانن بۆ چرکه‌یه‌کیش دڵڕه‌قیی حکومه‌تی AKP و عه‌سکه‌رتارییه‌تی تورکیایان لا ونبێت.
نازانم توندڕه‌وه‌یی DTP له چی دایه؟ با خۆمان دووربگرین له هه‌ر لێدووانێک که له به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ر دایه و به زیانی هێزه شۆڕشگێڕه‌کانی وڵاته‌که بێت.
هیچ عه‌ڕه‌بێکی ئیسلامیی ئاماده نییه له‌سه‌ر قه‌زیه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی گه‌ردیله‌یه‌ک سازشبکات. هیچ تورکێک نییه (به AKPی ئیسلامییشه‌وه) قبوڵبکات هیچ تورکێک له هه‌ر شوێنێکی جیهان بێت، دڵی برینداربکرێت. خۆ تۆ باش فه‌تحوڵا گوله‌ن و بزوتنه‌وه‌که‌ی ده‌ناسیت چۆن که‌وتوونه‌ته کارکردن بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ی ئیمپڕاتۆرییه‌تی عوسمانی. ئه‌وانن به عوسمانییه نوێیه‌کان ناسراون. له 170 وڵاتی جیهانی قوتابخانه و ناوه‌ندیان هه‌یه. ئاماده‌ش نین سازشبکه‌ن له‌سه‌ر تورکایه‌تیی خۆیان، که‌چی پروپاگه‌نده‌ی ئیسلامهتییش ده‌که‌ن.
فه‌تحوڵا گوله‌ن هێشتا ئاماده نییه گه‌وره بیرمه‌ندی کورد شێخ سه‌عیدی نه‌وڕه‌سی به کورد بزانێت، بۆچی من پێموابێت DTP توندوتیژن؟ ئایا شێخ سه‌عید کورد نییه؟ ئه‌ی هه‌ر شێخ سه‌عید نییه به گه‌وره زانای جیهانی ئیسلام داده‌نرێت. بۆ فهتحوڵاچییهکان قبوڵیان نییه به کورد دابنرێت ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده موسڵمانن. ئایا پێغه‌مبه‌ر "د.خ" وا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بیلالی حه‌به‌شی و کابانی کوردی و سه‌لمانی فارسیی ده‌کرد؟
هیوادارم خۆتان به‌دوور بگرن له‌و میتۆده ته‌قلیدییانه‌ی سیاسه‌ت. یه‌کێتی و پارتی ئه‌وه‌نده خۆیان بۆ رۆژئاوا و عه‌لمانییه‌ت هه‌رزانفرۆش کرد، تا وایلێهاتووه ئه‌وان به سووکیش ته‌ماشای کورد ده‌که‌ن. هه‌ر ئه‌و خۆههرزانفرۆشکردنه بوو وایکرد سه‌رۆکی به‌ڕیتانیا دوای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م بڵێت "ئه‌وانه شیاوی ده‌وڵه‌ت نین." ده‌ترسم ئێوه‌ش وابکه‌ن و تورک و عه‌ڕه‌ب فارس، نه‌ک هه‌ر به‌رده‌وامبن له‌سه‌ر ئه‌و دڵڕهقییهیان و ناسنامه‌مان پێڕهوانهبینن، به‌ڵکو "ئیسلامه‌تی"یه‌که‌شمان لێبسه‌ننه‌وه!!!!
تێبینی: ئه‌م وتاره، له ژماره 15ی گۆڤاری رێگا که دوێنێ 16ی تهمووز بڵاوکرایه‌وه، بڵاوکراوه‌ته‌وه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست