هێشتا بۆنی سێوی لێدێ... هەڵەبجە، داهێنانێکی نوێ لە قەتڵوعامکردنی مرۆڤ
Thursday, 15/03/2012, 12:00
لە مێژوی کوشتوبڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هیچ تاوانێک ئەوەندەی تاوانی هەڵەبجە گەورە و ناشیرین و جەرگبڕ نەبووە. بەعس داهێنانێکی نوێی تۆقێنەرانەی لە قەتڵوعامکردنی ئینسان کرد.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەو پێیەی مەملەکەتی یەکترسڕینەوە و کوشتنی جیاوازییەکان و شەڕ و شۆڕی زۆر بوە بەهۆی ئەو جیاوازییە فیکری، دینی و نەتەوەیی و مەزهەبی و سیاسییانەی لە ناوچەکەدا بونیان هەبوە، هەمو جۆرەکانی کوشتنیان تاقیکردۆتەوە. لێ هیچ سەردەمێک نەگەیشتۆتە رادەی دڕندەیی کیمیابارانکردنەکەی هەڵەبجە.
لە حیکایەتەکان و چیڕۆک و بەسەرهاتە کۆنەکانەوە بۆمان دەردەکەوێ ناشیرین‌ترین و ترسنۆکانەترین جۆری کوشتن، کوشتن بوە لەڕێی ژەهرپێدان. چیڕۆک و روداوەکانی کوشتن لەڕێی ژەهرپێدانەوە زۆرتر چیڕۆکەکانی دیکەی کوشتن لە نەوەکانی کۆنەوە بۆ نەوەکانی داهاتو گواستراونەتەوە.
کیمیابارانکردن دوا ئاستی دڕندەیی و دڵڕەقیی هەر هێزێکە. بەعس بەو دڕندەیییەی، مێژویەکی نوێی داهێنا لە قەتڵوعامکردن کە تا ئێستا لە ناوچەکەدا تاقینەکراوەتەوە. دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی دووەم و قەتڵوعامەکانی هیتلەر، هیچ دیکتاتۆرێک ئەوەندەی سەدام حوسێن بەربەریی نەبووە. مێژوی سڕینەوەی دەستەجەمعیی نەتەوەیەک، بە هەڵەبجە گەیشتە لوتکە.
شەهیدکردنەوەی هەڵەبجە لەژێر دەستی حوکمڕانانی کورددا
ئێستا دوای ٢٤ ساڵ رەتبون بەسەر کارەساتێکی وا دڵتەزێندا، کوردستان کەوتۆتە قۆناغێکی نوێوە. دەستەڵاتدارانی کورد لەدوای راپەڕینەوە، کەمترین ئیشێک کردبێتیان ئیش‌کردن بوە بۆ کەیسی هەڵەبجە و ئەنفالکراوان و هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان و کەسوکاری ئەنفالکراوان. حکومەتی هەرێم لە دو لاوە غەدرێکی گەورەی لە خەڵكی هەڵەبجە کردووە؛ لە لایەکەوە هەوڵی نەداوە لەسەر ئاستی جیهانییدا بەجدی کار بۆ بە جینۆسایدناساندنی کەیسی هەڵەبجە و ئەنفال بکات، لە لاکەی تریشەوە، لە ناوخۆی هەرێمدا شتێکی وای نە بۆ خەڵکەکە کردووە و نە بۆ ئەو شار و شارۆچکانەش کە کەوتونەتە بەر شاڵاوی هێرشی نامرۆڤانەی سەدام حوسین.
لە هەمو ئەوانە کارەساتبارتر، یەکێتی و پارتی بونەتە پارێزەری توندی ئەو جاش و خۆفرۆشانەی بەشداربونە لە شاڵاوەکانی سڕینەوەی گەلی کورددا.
هێنانەوەی قاسـماغا لە هەولێر و راکردنی فڕۆکەوانەکە، تاریق رەمەزان، دو نمونەی زیندوی خیانەتی هەردو هێزی حوکمڕانی کوردستانن، یەکێتی و پارتی.
ده‌زگای مۆسادی ئیسڕائیلی، یه‌کێکبو له‌و ده‌زگا سه‌ره‌کییانه‌ی که توانی شه‌رعییه‌تێکی نێوده‌وڵه‌تی بۆ هۆڵۆکۆستی جولەکە دروستبکات، ئه‌میش له‌ڕێی هێنانه به‌رده‌م دادگای تاوانباران. جوله‌که، دوای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسڕائیل و کۆتایی هاتنی جه‌نگی جیهانی دووه‌م، هه‌موو هه‌وڵه‌کانی خۆی خسته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رعییه‌تێکی نێوده‌وڵه‌تیی بداته هۆڵۆکۆست. مۆسادیش، وه‌ک ده‌زگایه‌کی کاریگەر، توانی ئه‌و شانازییه بۆ خۆی ببات که توانی چه‌ندان تۆمه‌تبار به هۆڵۆکۆست، په‌لکێشی دادگا بکات.
مۆساد توانی تاوانبارێکی هۆڵۆکۆست له‌ناو جه‌رگه‌ی ئه‌رجه‌نتینه‌وه بڕفێنێت و بیهێنێته‌وه ئیسڕائیل بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رعییه‌تێک بداته هۆڵۆکۆست و دادگایی بکات. کوردیش، له‌ناو جه‌رگه‌ی ئه‌مینترین شاری عێڕاق و له‌ناو جه‌رگه‌ی سێ ده‌زگای بەناو سیخوڕی "زانیاری و دژه تێرۆر و پاراستن" و پۆلیس و خه‌ڵکی کورد و خودی قوربانییه‌کان، تاکه یه‌ک که‌سی تاوانباری راسته‌وخۆی هه‌ڵه‌بجه‌ی له‌ده‌ست بو، کەچی بۆی دەرچو. حکومەتی هەرێم تا ماوە دەبێ شەرم دایبگرێ ئەگەر باسی کەیسی تاریق رەمەزان و هەڵاتنەکەی بکرێ.
ئه‌رجه‌نتین، ئارامبه‌خشترین شوێن بوو بۆ نازییه‌کان دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی دووەم، هه‌ر بۆیه ئه‌دۆڵف ئایخمانی به‌شداری سه‌ره‌کیی هۆڵۆکۆست و بکوژی گه‌وره‌ترین رێژه‌ی جوله‌که‌کان، له‌وێ نیشته‌جێبو. ساڵی 1957 مۆساد زانی ئه‌و تاوانباره مەترسیدارە له ئه‌رجه‌نتینه، دوای سێ ساڵ ئیش بۆ کردن، توانیان له‌ناو جه‌رگه‌ی ترسناکترین ده‌وڵه‌ت بۆ ئاشکرابونی ئه‌و بانده‌ی رفاندنی ئه‌و گه‌وره بکوژه‌یان گرته ئه‌ستۆ، راکێشی ئیسڕائیلی بکه‌ن.
ئەگەر مرۆڤ تەنها جارێک سەردانی هەڵەبجە بکا، لە ئیهمالیی حوکمڕانانی کورد تێدەگا لە بەرامبەر بێخەمییان بۆ خەڵکی هەڵەبجە و خودی شارەکە.
رێکخراوی (چاک) و حکومەتی هەرێم
رێکخراوی (چاک) یەکێکە لەو رێکخراوە قازانجنەویستە سەربەخۆییانەی کە لەلایەن چەند چالاکوان و نوسەر و رۆژنامەنوسێکی کورد لە ئەوروپا و ناوخۆی کوردستان دامەزرا بۆ داکۆکیکردن لە کەیسی هەڵەبجە و کیمیابارانکراوان و ئەنفال و قەتڵوعامی کورد.
بۆ من ئەو رێکخراوە لە دو روانگەوە گرنگییەکی لە رادە بەدەری هەیە؛ روانگەی یەکەم؛ سەلماندیان کاری سەربەخۆ و بێ پشتیوانیی حکومەت و حیزبە سیاسییەکان دەتوانرێت سەرکەوتو بێ و کاریگەریی گەورە دروستبکا. روانگەی دوەم؛ سەلماندیان کورد لە دیاسپۆڕا ئەگەر بیەوێت، دەتوانێت کاری جدیی بکا.
من بێ دودڵی دەڵێم رێکخراوی (چاک) زیاتر هەوڵی بەجینۆسایدناساندنی کەیسی هەڵەبجە و ئەنفالی داوە لە کۆمەلگەی نێودەوڵەتیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەگەر زۆر نەکەوێتە خانەی پێداهەڵگوتنەوە، من بێ دودڵی دەڵێم (چاک) توانی حکومەتی هەرێم بەخەبەربێنێتەوە و کەمێک چالاکی بکا لە کارکردن بۆ هەڵەبجە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
هەڵەبجە هێشتا بۆنی سێوی لێدێ، هێشتا رەنگی غوربەت و نامۆیی بەر نەداوە. لەژێر دەستی ئەو دو هێزە حوکمڕانەدا، زەحمەتە برینی هەڵەبجەییەکان ساڕ‌ێژ بێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست