کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خۆپیشاندانه‌که‌ی دژی ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران له‌ له‌نده‌ن

Saturday, 12/09/2009, 12:00


هه‌روه‌کو پێشتر له‌ چه‌ند ڕۆژنامه‌و سایتێکی کوردی دا بانگه‌وازی سازدانی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ له‌ ڕۆژی 7 ی سێپتامبه‌ر دا کرابو، ڕۆژی دوشەممە به‌ سه‌رپه‌رشتی ڕاسته‌وخۆی فیدراسیۆنی سه‌رتاسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی و ئاماده‌بونی خودی سه‌رۆکی فیدراسیۆن به‌ڕێز ده‌شتی جه‌مال، له‌ ده‌مژمێر 12 ه‌وه‌ بۆ 2 ی دوای نیوه‌ڕۆ له‌ به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی کۆنسوڵیه‌تی عێڕاقی له ژماره‌ 3 ی ئێلڤاستن پله‌یس له‌ له‌نده‌ن، له‌ خۆپیشاندانێکی هێمنانه‌ دا کۆمه‌ڵێک له‌ په‌نابه‌ران و پشتیوانانی په‌نابه‌ره‌ به‌شخوراوه‌کان، به‌ ده‌م گوتنه‌وه‌ی دروشمی جۆراو جۆره‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تی خۆمانمان ده‌ربڕی به‌رانبه‌ر به‌و ڕێککه‌وتننامانه‌ی که‌ حکومه‌ته‌ گه‌نده‌ڵه‌که‌ی مالیکی وه‌کو ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و حکومه‌ته‌ ئیفلیجه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سێ ده‌وڵه‌ته‌ سکه‌نده‌نافیه‌که‌ی سوید، نه‌رویج و دانیمارک و ولاتی به‌ریتانیا دا دو سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر واژویان له‌ سه‌ر کردوه‌ له‌ سه‌ر ده‌ستی شانازی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د وه‌کو نوێنه‌ری هه‌م بنه‌ماله‌که‌ی سه‌رۆک تاله‌بانی و هه‌م پارته‌ سۆشیال ئه‌نتی دیموکراسیه‌که‌ی له‌ مه‌ڕ وێرانه‌ هه‌رێمه‌که‌ی خۆمان و هۆشیار زێباری نوێنه‌ری بنه‌ماڵه‌ زه‌به‌لاحه‌ خیانه‌تپیشه‌که‌ی بارزانی، به‌ مه‌به‌ستی دیپۆرت کردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی که‌ له‌ ئه‌نجامی سیاسه‌ته‌ پڕ له‌ هه‌ڵه‌کانی هۆم ئۆفیس و وه‌زاره‌ته‌کانی کۆچ و په‌نابه‌ریه‌وه‌ له‌ پێدانی مافی په‌نابه‌ری بێبه‌شکراون، بۆ ناو باوه‌شی پڕ له‌ قین و دۆزه‌خ ئاسای بنه‌ماڵه‌ی کۆشکه‌کانی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی که‌ بنه‌مای سه‌ره‌کی ڕه‌فتارکردنیان گیانی تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌یه‌.

سه‌ره‌تا له‌ لایه‌ن کاک ده‌شتی ه‌وه‌ به‌خێرهاتنی خۆپیشانده‌ران کراو ڕۆڵی له‌خۆبوردوانه‌یان به‌رز ڕاگیرا. پاشانیش تیشک خرایه‌ سه‌ر ورده‌کاریه‌کانی ئه‌و ڕێککه‌وتننامه‌ ترسنۆکانه‌ی سه‌رانی مافیای عێڕاقی و هه‌رێمی کوردستان له‌ گه‌ڵ وڵاتانی ناوبراودا که‌ به‌ مه‌به‌ستی سه‌رنگون کردنی چاره‌نوسی په‌نابه‌ران له‌ سه‌ری پێک هاتون.

پاشان به‌ گوتنه‌وه‌ی چه‌ندین دروشمی له‌ یه‌ک جیا و به‌ زمانه‌کانی کوردی و ئینگلیزی و عه‌ره‌بی ئیدانه‌ی ئه‌و ره‌فتاره‌ دزێوانه‌ کرا. ته‌وژمی ئه‌و وشانه‌ی که‌ له‌ قوڕگ و ده‌می خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ ده‌رده‌چو باره‌گای کۆنسولخانه‌که‌ی ده‌خسته‌ له‌رزین. ئه‌وه‌ی که‌ زۆر سه‌رنج ڕاکێش بو، سه‌رباری په‌نابه‌ره‌ به‌سته‌زمانه‌کان و به‌شداری ژماره‌یه‌ک له‌ ڕه‌وه‌ندی کوردی له‌ له‌نده‌ن ،ئاماده‌بونی چه‌ندین تاک و لایه‌نی دیکه‌ بو وه‌کو ئینگلیز و ئێرانی و پارتی کۆمۆنیستی کرێکاری پیرۆیی ئه‌مریکای باشور که‌ له‌ته‌کمان دا هاوارێکی زۆر به‌ ته‌وژمتریان ئاراسته‌ی ئه‌مباسه‌ده‌ر ده‌کرد .ئه‌مه‌ له‌ کاتێک دا که‌ جگه‌ له‌ براده‌رانی فیدراسیۆنی په‌نابه‌ران و کامێرای ڕۆژ تی ڤی، ئاماده‌گی هیچ لایه‌نێکی کوردی تێ دا به‌دی نه‌ده‌کرا. تۆ بڵێی شانازی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیری کارتۆنی کۆردیشی نه‌خستبێته‌ ژێر ده‌ستی خۆیه‌وه‌؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر نا، بۆچی له‌و کاره‌ساتانه‌ی که‌ به‌ سه‌ر تاکی کوردی دا دێن له‌ به‌ریتانیا، ئه‌وان وه‌کو لایه‌نێکی په‌یوه‌ندیدار نه‌ک هه‌ر ئاماده‌گی یان نابێت، به‌ڵکو بێهه‌ڵوێستییان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات که‌ له‌ خۆشی دا پێده‌چێت له‌شیان به‌ ڕۆنی قاز چه‌ور کرابێت!!!

ئێمه‌ی گۆڕانخواز، گۆڕان خوڵقێن و هه‌ڵسوڕاوانی لیستی گۆڕان که‌ ده‌مێکه‌ له‌ هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی میکانیزمی کارکردنی سه‌ربه‌خۆیانه‌و سه‌روه‌رییه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌کان داین بۆ ئه‌و مه‌ڵبه‌ندی به‌ ناو ڕۆشنبیری یه‌،که‌ وه‌کو لیستێکی خاوه‌نی چاره‌گی کورسیه‌کانی پارله‌مانی کوردستان و خاوه‌نی زۆرترین لایه‌نگر له‌ به‌ریتانیا و لیستێک که‌ خۆمان به‌ پاریزه‌ری یاسایی مافه‌کانی خه‌ڵکی به‌شمه‌ینه‌تی کورد و کوردستان ده‌زانین.... و بۆ به‌ره‌و سه‌رکه‌وتن و تا ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ ده‌ست ئاماده‌گی چۆک به‌ موسته‌حیل دادانمان تێدایه‌. به‌ڵام ئاماده‌نه‌بونی نوێنه‌رێکمان بۆ ته‌نها دو ده‌مژمێر و له‌ له‌نده‌نێک که‌ پشکی شێری به‌رده‌که‌وێت له‌ ژماره‌ی دانیشتوانی کورد دا، ته‌می گومان له‌ سه‌ر مه‌یدانی پڕاکتیزه‌کردنی به‌ڵێنه‌کان چڕتر ناکاته‌وه‌؟ و پرسیارێک دروست ناکات که‌، ئایا کۆمپانیای وشه‌ که‌ هه‌ندێکجار هه‌والی په‌یوه‌ندیدار به‌ چاره‌نوسی په‌نابه‌رانه‌وه‌ بڵاو ده‌کاته‌وه‌، ته‌نها وه‌کو هه‌وێنێکی ناره‌زایی و به‌س، به‌کاری ناهێنێت له‌ پیشه‌ی ئۆپۆزیسیۆن بونیان دا؟

له‌کوتایی خۆپیشاندانه‌که‌ دا، به‌ڕێز ده‌شتی جه‌مال توانی له‌ ناو ئاپۆره‌ی خۆپیشانده‌ران دا قسه‌ له‌ گه‌ڵ کۆنسوڵگه‌ری عێڕاقی (عه‌لی به‌یاتی) بکات و په‌یامی ئێمه‌ی بۆ شه‌رمه‌زارکردنی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ترسنۆکانه‌ پێبگه‌یه‌نێت و جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌وان وه‌کو فیدراسیۆن جه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ی واژوکراوی لایه‌نی عێڕاقییان لایه‌ بۆ سه‌لماندنی ڕاستیه‌کان. دواییش به‌ڵێنی دانیشتنێکیان پێک دا ، که‌ هه‌مو لایه‌نێکمان هیوادارین چیتر هیچ لایه‌نێک نه‌توانێت وه‌کو کاڵای ناو بازاره‌کانه‌وه‌ یاری به‌ چاره‌نوسمان بکات. هه‌روه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ هوشیار زێباری مه‌سینه‌هه‌ڵگری دیوه‌خانه‌که‌ی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی له‌ به‌رامبه‌ر لێخۆشبونی کۆمه‌ڵێک له‌ قه‌رزه‌کانی سه‌ر عێڕاق ڕێککه‌وتننامه‌ی دیپۆرتی په‌نابه‌رانی واژو کرد له‌ گه‌ڵ ده‌وله‌تی دانیمارک . مامه‌له‌ی (مرۆڤ به‌ پاره‌)ه‌وه‌ ده‌که‌وێته‌ چ قالبێکه‌وه‌؟ (ئه‌م پرسیاره‌ ته‌نها خیزانه‌که‌ی هوشیار زێباری ده‌توانێت وه‌ڵامی بداته‌وه‌).

کاتی ئه‌وه‌ش هاتوه‌ که‌ شاناز بپرسێت، که‌ له‌ فه‌رهه‌نگی ویژدانی بنه‌ماڵه‌ حه‌رامزاده‌که‌ی خۆیان و بارزانی زیاتر،له‌ فه‌رهه‌نگی ویژدانی کام شوێن و لایه‌نی تر دا جێی ده‌بێته‌وه‌، ئارامگه‌که‌ی برایم ئه‌حمه‌دی باوکی 24 ده‌مژمێر کاره‌بای نه‌بڕاوی هه‌بێت؟ به‌لام زۆرینه‌ی خه‌ڵکی سیڤیلی کوردستان و هه‌مو په‌نابه‌ریک دوای دیپۆرتکرانه‌وه‌ی وه‌کو خێر کاره‌بای نیشتیمانه‌ دزراوه‌که‌ی خۆی بۆ چه‌ند ده‌مژمێرێکی که‌م و به‌ شێوه‌ی ته‌زویه‌کی پچڕ پچڕی شێوه‌ پرته‌، پێ بفرۆشرێته‌وه‌؟؟؟

پێویستیشه‌ که‌ وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ک بخرێته‌وه‌ ڕوی بنه‌ماڵه‌که‌ی سه‌رۆکی ته‌زویری هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ چونیه‌تی ژیان و گوزه‌رانیان له‌ دوای ئاشبه‌تاڵی 1974 وه‌کو په‌ناهه‌نده‌ی سیاسی له‌ که‌ره‌ج؟!..... کاتێک که‌ خۆتان ئه‌زمونی تاڵتان له‌ گه‌ڵ ئاواره‌یی دا هه‌بو، نه‌ده‌کرا وه‌کو به‌شێکی له‌یه‌کتر دانه‌بڕاو له‌ گه‌ڵ ژیانی تاکی کورد، له‌ یادی نه‌که‌ن و بزانن که‌ چ ئازارێکی قوڵی هه‌یه‌؟ له‌ کاتێک دا که‌ بونه‌ته‌ هۆکاری ئاواره‌یی خه‌ڵکی کورد و شێواندنی په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان تاک و نیشتیمان و ئاڕاسته‌پێگرتنیان به‌ گۆشه‌ی 180 پله‌ پێچه‌وانه‌، یان له‌ که‌ره‌ج به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ وه‌کو بۆ هه‌میشه‌ سیخوڕی کردن له‌ سه‌ر کورد پیشه‌تان بوه‌،له‌ بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌ویه‌کان جێگاتان گه‌رم و نه‌رمتر بو؟؟

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم که‌ ده‌بێ هه‌ردو بنه‌ماڵه‌که‌ مافی مرۆڤی تاکی کورد به‌ هه‌ند وه‌ربگرن و چاوه‌ڕوانی ئاوابونی خۆری ده‌سه‌ڵاته‌ ژه‌نگاویه‌ سه‌رکوتکه‌ره‌کانیان بن،و له‌ یادیشیان نه‌چێت که‌ هه‌تا سه‌ر ناتوانن به‌ ڕه‌گه‌زنامه‌ ئه‌وروپی و به‌ریتانیه‌کانیانه‌وه‌ بنازن و چۆنیان بوێت هه‌روابێت! چونکه‌ که‌ کاتێک ده‌که‌ونه‌ به‌ر نه‌فره‌تی خه‌ڵکی کوردستان، بۆ نمونه‌ ده‌گونجێت که‌ ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیاش چاوێک به‌ بڕگه‌یاسای لێستاندنه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زنامه‌کانیان دا بخشێنێته‌وه‌ و له‌ لیستی کریمیناڵه‌کان دا بلاک لیستیان بکات، به‌ هۆی کرده‌وه‌ تیرۆریستی و ڕه‌فتاره‌ تۆقێنه‌ره‌کانیانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هاوڵاتیانی سیڤیل. یانیش، تۆ بڵێی :

له‌ سه‌ده‌ی 21 دا ئێمه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد فریای ئه‌وه‌ بکه‌وین، هه‌روه‌کو به‌ریتانیه‌کان له‌ یادی له‌ناوبردنی (گه‌ی فۆوک) دا، که‌ به‌ نیازی ته‌قاندنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌ی پارله‌مانی به‌ریتانی له‌ وێستمینیسته‌ر بو،‌ 5 ی نۆڤه‌مبه‌ری هه‌مو ساڵێک (گه‌ی فۆوک نایت) ، وه‌کو مه‌راسیمی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی پیرۆز ده‌که‌ن..... له‌ناوچونی بنه‌ماڵه‌ ڕوزه‌رده‌که‌ی بارزانی بکه‌ینه‌ جه‌ژنێکی نه‌ته‌وه‌یی به‌ هۆی ئه‌و خیانه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ی 31 ی ئابی 1996 ه‌وه‌ که‌ له‌ سه‌ر مانگه‌وه‌ ده‌بینرا، و به‌رامبه‌ر خه‌لكی کورستانیان ئه‌نجام دا؟؟؟

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە