كۆنگرەی وڵاتانی عەرەبی و ملیارێك و دووسەدو پەنجا ملیۆن دۆلار؟!
Thursday, 22/03/2012, 12:00
پار ساڵ لە گەڵ هاتنی بەهاری عەرەبی هەموو وڵاتە عەرەبێكان تاو لەرز گرتیانی، پار هەموو دەسەڵاتە پاوانخوازەكان بۆ لەیلاكەی خۆیان دەگریان، هەر یەكەیان لە هەوڵی رزگاركردنی رۆحی خۆیدا بوو بۆ ئەوەی باهۆزی راپەڕین پەرێزیان نەگرێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو بەهارە لە دەرگای زۆریانی نەدا، لە وڵاتی سوریا تووشی لەنگەر گرتن بوویەوە، ئەم لەنگەر گرتنەش بووە بە هۆكاری ئەوەی بەستنی كۆنگرەی لووتكەی عەرەبی لەمساڵدا بكەن بە رۆژەڤ، هەر چەندە بەستن یان نە بەستنی ئەو كۆنگرەیە هیچ لە واقیعی حاڵ ناگۆڕێت، بەڵام ئەوەی لێرەدا جێی نیگەرانیە، ئەویش ئەوەیە: پوولێكی زۆری عێراق بە هەدەر دراوە لەو پێناوەدا، لە كاتێكدا ژێرخانی ئەم وڵاتە وێرانەو زۆرێك لە خێزانە عێراقیەكان بەدەستی برسێتی و بێ كاریەوە دەناڵێنن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی باری ئەمنی و ئابووری عێراق نا سەقامگیرەو رۆژانە كۆمەڵانی خەڵكی دەبن و دەكرێن بە قووربانی كردەوە تیرۆریستیەكان، حكومەتی عێراق لە شوێن ئەوەی هەموو هەوڵە ماددی و مەعنەویەكانی بۆ ئاشتی سیاسی و كۆمەڵایەتی خەرج بكردایەو هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشانەی بدایە كە بەهۆی ملهوڕی سیاسەتی مالكیەوە بوونە بە قەیران و بە بنبەست گەیشتوون، كەچی دەبینین بە پێچەوانەوە وەكو پیشەی هەموو سەرۆكە فاشیلەكان تەنها لە هەوڵی ئەوەدایە مەوقیع و مەكانەتی خۆی قایم و رووتووش بكاو سیاسەتی ناوخۆی ئەم وڵاتە دەكات بە قووربانی سیاسەتی دەرەوەی حكومەتەكەی، ئەوەی ئێستا دەیبینین راست ئەو پەندەمان وەبیر دێنێتەوە كە دەڵێ: " ماڵ لە خۆی نەبوو، كەچی میوانیش رووی تێكرد " !
ئەوەی ئەمڕۆ لە سیاسەتی مالیكی دەیبینین، نابێت تووشی شۆكمان بكات، چونكە دەبێت ئەوەمان لە بەرچاو بێت، هیچ وڵاتێك بە درووشم نابێت بە دیمۆكراتی، مالیكیش زادەی واقیعی ئەم كۆمەڵگەو وڵاتەیە، ئەویش وەكو ئەوانەی پێش خۆی تەنها لە هەوڵی ئەوەدایە مێژوو بۆ خۆی تۆمار بكات، ئاخر ئەمانە ئەوەندە تامەزرۆن ناویان بچێتە مێژووەوە، بۆیە وا دەزانن مێژوو ئەو كەسانە تۆماری دەكەن وا پشت لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەیان دەكەن و روو لە بێگانە دەكەن، ئەوان هەمیشە پەلاماری بەردێك دەدەن كە نەك ناتوانن بەرزی بكەنەوە، بەڵكو پێیانیش ناجووڵێت، ئاخر ئەگەر بمانەوێت لە گۆشەی لۆژیكەوە لە دەرەنجامی ئەم لووتكەیە بنواڕین، دەبێت مەنتیق لە كوێی ئەم لووتكەیەدا بێت، لە كاتێكدا كام وڵات لە وڵاتە عەرەبیەكان بە نموونە وەربگرین، سیخناخن لە كێشەو نغرۆن لە قەیران، بیست و دوو وڵاتی عەرەبی تا ئێستا نەیانتوانیوە گرێ كوێرەیەك بكەنەوە، ئاخر دەبێت لووتكەیان بۆچی بێت؟!
لێرەدا پێم باشە ئەوە وەبیر سەركردایەتی سیاسی كوردستان بهێنمەوە، ئەگەر كورد خۆی بە شەریك لەم وڵاتە دەزانێت، دەبێت تەحەفوزی هەبێت لە بەستنی ئەم كۆنگرەیە، هەمووان باش ئەو راستیە دەزانن عێراق پارەیەكی زۆر قەرزارەو ئەگەر ملیارێك و دوو سەدو پەنجا ملیۆن دۆلاریش بۆ بەستنی ئەم كۆنگرەیە لە بەدجەی ئەم دوو ساڵە خەرج كرابێت، ئەمە وەكو ئەوەی لێدێت، مالیكی لەشوێن ئەوەی ئابووری ئەم وڵاتە ببووژێنێتەوە ریسوای دەكات، چونكە بەستنی كۆنگرەكە لە هەر شوێنێك بێت هیچ لە بڕیارەكانی ناگۆڕێت، ئەگەر شوێن ئەو رۆڵەی هەبێت، وا باشترە دەسبەرداری دەرەنجامەكەی ببن!
حكومەتی دەوڵەتی قانوون، نۆ ساڵە گەمەی كات لە گەڵ كورددا دەكات و پارەی ماددەی سەدو چل بە مینحە وەكو ئەوەی سواڵی لێبكرێت لە بودجەی ساڵانە بۆی تەرخاندە كات، بەڵام بۆ بەستنی لووتكەیەك چونكە پەیوەندی بە شەئنی خۆیانەوە هەیە، ئامادەن پارەیەكی وا زەبەلاح لە كون فە یەكونێكدا دابین بكات، ئەمە ئەو عێراقەیە وا سەركردایەتی سیاسی كوردستان داوای ئەوەی لێدەكات بە دەستوورو ماددە دەستووریەكانەوە پا بەند بێت، ئەمە ئەو حكومەتەیە وا كورد رۆڵی هەبووە لە درووستكردنیدا؟! ئەوەی لێرەدا بە پێویستی دەزانم تیشكی بخەمە سەر، ئەویش ئەوەیە، لە ماوەی ئەم نۆ ساڵەدا عێراق كۆنگرەی عەرەبی لێنەبەستراوە دانمان لێ جیڕ دەكەنەوە، جا وەرە كۆبوونەوەی لووتكەی وڵاتانی عەرەبی لێببەسترێت، دەبێت چۆن فش ببنەوەو بە چی شێوەیەك وەڵاممان بدەنەوە؟!
بەراستی ئەگەر هەندێك پێیان وایە بە بەستنی ئەو كۆنگرەیە عێراق رووی گەش دەبێت، ئەوانە زۆر سەهوون، چونكە هەرچی وڵات هەیە بە باش و خەراب پشكدارن لە داڕشتنی سیاسەتی ناوخۆی عێراق، ئەگەر هەندێكیانیش بەشداری یان پاڵپشتی تووندوو تیژیان نەكردبێت، ئەوا هەر دەعمی لایەكیان كردووە، ئەوان لە ئێمە باشتر واقیعی عێراق دەزانن، ئیتر دەبێت حكومەتی عێراق چی پێویستیەكی بە نمایشكردنی هێزی ماسوولكە هەبێت، ئەگەر كۆنگرەیەك بەلای هاوڵاتیانەوە هیچ ئەرزشێكی نەبێت، ئەگەر حكومەتێك لە ئێش و ئازاری گەلەكەی نەگات، هەر ئەمەی لێ شین دەبێت، وەكو ئەو پەندە عەرەبیەی كە دەڵێت: " الاناوُ تنچحُ بما فیها "؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست