گوڵە مێخەکەکان
Saturday, 23/07/2011, 12:00
شکۆی ژیان، لە لای ئەو مرۆڤانەی کە وەکوو مۆم توانەوە و هەموو هەبوونی پیرۆزی خۆیان پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە، لە لووتکە دایە. هیچ کاتێک مردن نەیتوانیوە لە ئاستی هەبوونی سەوزی ئەوان خۆی بنووێنێ. ئەوانەی لە مردن هەراسانن و ترسنۆکانە "دەس بە کلاوەکەی سەریانەوە دەگرن بۆ ئەوەی با نەیبا" مردن زەفەریان پێدەبا و هەر زوو لە دەفتەری بیرەوەرییەکان دەسڕێنەوە. باس کردن لەو مرۆڤانەی کە هەبوونی پیرۆزی خۆیان لە پێناو ئازادی مرۆڤدا داناوە، بە واتای هەڵدان بە شان و باڵی مردن دا نییە. بە پێچەوانەوە رێزلێنانە لە ئامانجی هەموو ئازادیخوازان و بە تایبەت ئەو کەسانەی لە رێگای ئازادیدا هەبوونی پیرۆزی خۆیان داناوە.
لەو ڕۆژەیەوە "زیگوورات " باڵای کرد و خواوەندەکانی دەسەڵات لە سەرەوەی هەموو کەسێک جێگایان بۆ خۆیان خۆش کرد و راهیبە کاسەلێسەکانیان لە ژێرەوەی ئەوان دا و لە سەرەوەی جەماوەر دەستیان بە پێهەڵدان بە شان و باڵی خواوەندەکانی دەسەڵاتدا کرد ، ئیدی ئازادی بوو بەو خەونە پیرۆزەی کە هەتا ئێستا مرۆڤایەتی نرخی گرانی بۆ دەدا. هەتا ئێستا دێوزمەی دەوڵەت کە لە داوێنی "زیگوورات" دا لە دایک بووە، دەستی ناوەتە بینەقاقەی مرۆڤایەتی و بە هەموو شێوەیەک دایدەدۆشێ و ناهێڵی هەناسەیەکی ڕاحەت هەڵکێشێ. لەو پێناوەدا زۆر ئامراز و کەرەستەی بەکار هێناوە و دەستدرێژی بۆ سەر زۆرێک لە نرخە پیرۆزەکانی مرۆڤایەتی کردووە، کە بە ڕای من بۆ ڕێگاخۆشکردن لەو دەستدرێژیانە، هێرشی یەکەم بۆ سەر "ئەخلاقی" کۆمەڵگا کراوە.
ئەگەر ئەخلاق وەکوو یاسای نەنووسراوەی کۆمەڵگاکان بۆ بەرێوە چوونی ژیانی ئاسایی لە بەر چاو بگرین، ئەوا دەبینین کە هەتا شیرازەی ئەو یاسا نەنووسراوەیەی کە هەموو کەسێک بە ویستی خۆی جێبەجێ دەکات و پێویست بە جێبەجێکەر یان بەڕێوەبەرێک بۆ ئەو یاسایانە نییە، هەڵنەوەشێندرێتەوە، ناتوانرێ بە ئاسانی بە سەر کۆمەڵگا و تاکەکانی نێو ئەو کۆمەڵگایەدا حوکمڕانی بکرێت. بۆ ئەو مەبەستە تئۆریسیەنەکانی "لیڤیاتانی" دەوڵەت بۆ بونیادنانی دەزگاکەیان ، یەکەم جار هێرشی ئەخلاقی کۆمەڵگای دایکسالاریان کرد و بەو شێوەیە هەوڵیان دا لە پاڵ بەرزکردنەوەی زیگووراتدا ڕێگا لە بەر داڕمانی بنەما ئەخلاقیەکانی ئەو کۆمەڵگایە خۆش بکەن. هەتا ڕادەیەک کە ئیدی سەردەمی کۆمەڵگای دایکسالاری وەکوو "سەردەمی زێرینی" مێژووی مرۆڤایەتی لە یادگای مرۆڤەکاندا جێگای گرت و هەموو کاتێک مرۆڤایەتی بە حەسرەتەوە یادی دەکاتەوە.
لە درێژایی مێژوودا هەموو کاتێک دەسەڵاتداران هەوڵیان داوە بەو ئامراز و کەرەستانەی کە بەرهەمی تێکۆشانی مرۆڤایەتییە و ئەوان بە زەبری هێز دەستیان بە سەریاندا گرتووە، دەوڵەت پیرۆز بکەن و وەهای پێشان بدەن کە ژیان بە بێ دەوڵەت نە بەڕێوە دەچێ و نە ئیمکانی هەیە. ئەوە لە کاتێکدایە کە دەوڵەت و چینی دەسەڵاتداری نێو ئەو دەزگا مشەخۆرە خۆیان سەرچاوەی هەموو کێشەکانن. بەڵام بۆ ئەوەی هیچ بەرهەڵستکارێک لە بەرامبەریاندا سەرهەڵنەدات و هەموو کەسێک وەکوو کۆیلەکانی سەردەمی کۆیەلایەتی چۆن باوەڕیان بە چارەنووسی ڕەشی خۆیان هێنابوو، فەرمانەکانیان جێبەجی بکەن، ئیدی هەموو کاتێک هەوڵی ڕەشی کردنی بەرخۆدانی مرۆڤە مەزنەکانیان داوە و ئەوانیان وەکوو کەسانی یاخی و تۆقێنەر نیشان داوە. ئەوە لە کاتێکدا ئەگەر ئەو مرۆڤە مەزنانە خودان رێچکەیەکی فیکری و فەلسەفی بووبن، ئەوا هەوڵیان داوە لەپاڵ ناوزڕاندنیاندا وەکوو کەسانی "شێت" پێناسەیان بکەن و ئەگەر ئەوەشیان بۆ نەچۆتە سەر، ئەوجار بە فەرمانی دادگای نامەشروعی خۆیان "سوقرات"یان دادگایی کردووە و حوکمی سێدارەیان بۆ "مەنسووری حەلاج" دەرکردووە و "مانی" پیرۆزیشیان کەوڵ کردووە.
لە سەردەمی ئەمڕۆش دا دەسەڵاتداران بە ڕێگای ئەو دەزگا زەبلاحانەی میدیا کە دایانمەزراندووە رۆژانە هێرشی نرخە پیرۆزەکانی کۆمەڵگا دەکەن و لە جێگای ئەو، هەوڵ دەدەن بە ڕێگای ئەو ئامرازانەوە میکیاژی دەزگا تۆقێنەرەکەیان تۆختر بکەن و ڕواڵەتی ڕاستی خۆیان بشارنەوە. زۆرن ئەو کەسانەی کە نائاگاهانە دەکەونە نێو تەڵەی دەسەڵاتدارانەوە و بێ ئاگایانە "ئاو بە ئاشی" ئەواندا دەکەن.
بە درێژایی مێژوو هەموو کاتێک رۆڵەکانی گەلی کورد بۆ پاراستنی نرخە پیرۆزەکانی کۆمەڵگای کورد کە خۆی دەسپێرێتە یەکەم جڤاتی بوونی مڕۆڤایەتی کە لە سەر خاکی مەزۆپۆتامیا سەریهەڵداوە، فیداکاری مەزنیان کردووە. بە جۆرێک فیداکاری ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە هەموو بوارێکی ژیانی گەلی کورددا رەنگی داوەتەوە. قارەمانی ڕۆڵەکانی گەلی کورد بەشێکی مەزنی کەلتوور و دابونەریتی گەلی کورد پێکدێنن و ڕنگەدانەوەی ئەو قارەمانیەتییە لە نێو کەلتووری کورداندا نیشاندەری حەسرەتی گەلی کوردە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و مافەکانی خۆی. نموونەی ئەو داستانانە زۆرن کە لە کەلەپووری کوردیدا لە سەر قارەمانی ڕۆڵەکانی گەلی کورد گوتراون کە نموونەی هەرە بەرچاویان داستانی "دەروێشی عەبدییە". لەپاڵ ئەوەی کە دەسەڵاتداران و دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان هەوڵیان داوە حوکمی خۆیان بە سەر گەلی کورددا داسەپێنن، هەموو کاتێکیش هەوڵیان دا نەریت و ئەخلاقە جوانەکانی کۆمەڵاگای کوردستان بشێوێنن. بۆ ئەوەش هەوڵ دەدەن کە باس کردن لە قارەمانی ڕۆڵەکانی گەلی کورد وەکوو عەیبێک نیشان بدەن، یان بانگەشە دەکەن کە یادکردنەوە لەو کەسانە بە مانای "مەرگ دۆستییە". لە بەر ئەوەی بەو شێوەیە نەبێ ناتوانن دەسەڵاتی خۆیان بە سەر گەلی کورددا زاڵ بکەن.
دەوڵەتی ئێرانیش وەکوو پاشماوەی یەکێک لە دەوڵەتە کۆنەکانی جیهان، وەکوو نەریتی باو و بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی رەهای خۆی بە سەر گەلانی ئێران و بە تایبەتی گەلی کورددا، بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد. دەیهەوێ کەلتووری بەرخۆدان کە لە دێر زەمانەوە وەکوو میراسێک بۆ گەلی کورد ماوەتەوە لەناو ببات. هەر بۆیە ڕۆژانە بە شێوازی جیاواز هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگای کوردستان. شەڕ بە گەلی کورد دەفرۆشێ، هەوڵ دەدا پرەنسیپە ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگای کوردستان لەناو ببات. سیستەماتیک مادەی هۆشبەر لە نێو جەوانانی کورددا بڵاو دەکاتەوە وسەرەڕای ئەمانەش بە بڵاو کردنەوەی چەواشەکاری مەزن دەیهەوێ خاوەنداریکردنی گەلی کورد لە نرخە پێرۆزەکانی و شەهیدەکانی خۆی، وەک "بانگکردن بۆ مردن " نیشان بدات.
یادکردنەوەی گەلی کورد لە قارەمانییەتی رۆڵەکانی لە پاڵ ئەوەیدا کە وەکوو نەریتێکی لێهاتووە، لە هەمان کاتدا نیشاندەری حەسرەتی ئەو گەلەیە بۆ ئازادی. کاتێ باس لە داستانی بەرخۆدانی رۆڵەکانی گەلی کورد دەکرێ ، لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدرێ ژیانی گەلێک کە تێکۆشانی مەزنی لە پێناو بەدەست هێنانی ئازادیدا داوە بە زیندوویی بهێڵرێتەوە. بە پێچەوانەی ئەوەی کە ئەمڕۆ داگیرکەرانی کوردستان بانگەشەی بۆ دەکەن، گەلی کورد هیچ کاتێک حەزی لە کوشتن و خۆ بە کوشتدان نەبووە، بەڵگەش بۆ ئەوە زۆرن. تەنها ئەوە بەسە کە بە درێژایی مێژووی گەلی کورد هێج کاتێک بە ئامانجی داگیرکردنی خاک ، یان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی گەلانی دراوسێ هێرشی نەکردووەتە سەریان. تەنیا بە ئامانجی بەرگریکردن لە خۆی شەڕی کردووە.
لە ماوەی ڕابردوودا دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان و بە تایبەت دەوڵەوتی ئێران هێرشێکی بەربڵاوی دەروونیان بۆ سڕینەوەی نرخە پیرۆزەکانی گەلی کورد و تێکڕوخاندنی بنەما ئەخلاقییە جوانەکانی دەست پێکردووە. لە کاتێکدا رۆڵەکانی گەلی کورد لە نێو تەڤگەری ئازادی گەلی کورددا لە چیاکانی کوردستان پارێزوانی لە شەرەف و کەرامەتی گەلی کورد دەکەن و لەو پێناوەدا قوربانی دەدەن، دەوڵاتانی داگیرکەری کوردستان تەڤگەری ئازای گەلی کورد بەوە تاوانبار دەکەن کە بە یادکردنەوەی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان، "هانی مردن "دەدا. دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان ڕۆژانە بێڕێزی بە گەلی کورد دەکەن، دەستدرێژی دەکەنە سەر نرخەکانیان و بێشەرمانە نکۆڵی لە هەبوونی گەلی کورد دەکەن و سەرەڕای ئەوەش بانگەشە دەکەن کە بەرخۆدانی گەلی کورد ناڕەوایە و ئەوانەی کە لە بەرامبەر سیستەمی گوایە 'موقەدەسی' ئەواندا سەریان هەڵداوە، کەسانی یاخی و مەرگ دۆستن.
بێگومان لۆمە لە دوژمن ناکرێ! ئەوان قۆڵی دوژمنییان لە بەرامبەر گەلەکەماندا هەڵماڵیوە ، هەر وەکوو دەبینین ڕۆژانە بێشەرمانە و بە هەموو شێوەکان، هێرش و دەستدرێژی دەکەنە سەر گەلی کورد. بەڵام ئەوەی جێگای داخە هەندێ کەس نائاگایانە کەوتوونەتە نێو تەڵەی دەوڵەتی ئێرانەوە و ئەوانیش دەستەواژە ژەهراوییەکانی ئەوان دووبارە دەکەنەوە. بێگومان مەبەستم ئەو کەسانە نییە کە بە زانابوونەوە خزمەتی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران دەکەن، بەڵکوو ئەوانەی کە بۆ خۆیان ماوەیەک تێکۆشانیان کردووە، ئێستا بە هەر هۆیەک هەیە، وازیان هێناوە. ئەو کەسانە بە بەکار هێنانی ئەو دەستەواژانەی کە دەوڵەتی ئێران بە ئامانجی دوژمنایەتی لەگەڵ گەلی کورد دایتاشیون، نائاگایانە دەکەونە نێو ئەو تەڵەیەی کە بۆیان نراوەتەوە و لە هەمان کاتدا لەگەڵ ئەوەی نکۆڵی لە تێکۆشانی ڕابردووی خۆیان دەکەن، دەکەونە سەنگەری ئەو کەسانەی کە نرخە پیرۆزەکان و ئەخلاقە جوانەکانی کۆمەڵگای کوردیان بە ئامانج گرتووە. بێگومان ئەگەر ئەو کەسانە کڵاو لە سەر ویژدانی خۆیان دانەنێن، ئاوڕێک لە ڕابردووی خۆیان بدەنەوە، دەزانن ئەو کارە هەڵەیە و واز لەو کارە دێنن.
ئەوانەی کە لە مردن نەترسان و فیداکاریان لە پێناو ئازادی گەلەکەیاندا کرد و مۆم ئاسا توانەوە، پیرۆزن و بە پیرۆزی لە بیرەوەی گەلی کورددا یادیان دەکرێتەوە. ئەوەی کە تەڤگەری ئازادی گەلی کوردیش بۆ یادکردنەوەی ئەو کەسانە دەیکات، تەنیا نەریتێکی ئەخلاقی پیرۆزی کۆمەڵگای کوردییە و ئەرکی سەر شانی خۆی پێک دێنێ.
"پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین نامڕن ئەوانەی وا لە دڵی میللەت دا دەژین" بێگومان گەلی کورد هیچ کاتێک پیرۆزی ئەو کەسانەی کە لە دڵیاندا جێگایان کردووەتەوە ، لە بیر ناکات و لە بەرامبەر هێرشی بێشەرمانەی دوژمنانی گەلی کورد بۆ سەر نرخەکانی بێدەنگ نابێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست