١٤ی جوڵای بۆ هەتا هەتایە مێژووییە !
Thursday, 14/07/2011, 12:00
لە ئێوارەی ڕۆژی 14ی جوڵای2011 دا گۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک لە دوای کۆبوونەوەیەکی چەندین کاتژمێرەی جڤاتی گشتی خۆیدا " سیستەمی خۆبەرێوەبەرایەتی دیموکراتیکی کوردستانی" راگەیاند.
بێگومان ماوەیەکە خۆبەرێوەبەرایەتی دیموکراتیک لە ڕۆژەڤی گەلی کورد دایە لە باکووری کوردستان. تێکۆشان و هەوڵەکان بۆ بونیادنانی خۆبەرێوەبەرایەتی دیموکراتیک ماوەیەکە دەستی پێکردووە. هەر لە دامەزراندنی مەجلیسی شارەکانەوە بگرە، هەتا بونیادنانی کۆموونەکان و کۆمیسیۆنەکانی تایبەت بە کار و چالاکی هەموو لە چوارچێوەیەی بونیادنانی سیستمەی خۆبەرێوەبەرایەتی بەڕێوە دەچوو. هەتا لە ئاکام دا ئەمرۆ ١٤ی جولای کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک ئەو بڕیارەی کە گەلی کورد و ڕای گشتی دیموکراتیک چاوەڕیی بوو ئاشکرا کرد و بە شێوەیەکی ڕەسمی هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک " ئایسەل توغلوک "خۆبەرێوەبەرایەتی دیموکراتیکی" کوردانی لە باکووری کوردستان راگەیاند.
راگەیاندنی خۆبەرێوەبەرایەتی لە رۆژی ١٤ی جولای دا خاوەن گرینگەیەکی تایبەتە. هەر وەکوو دەزانرێ کادیرە پێشەنگەکانی تەڤگەری ئازادی گەلی کورد لە رۆژی ١٤ی جولای دا لە بەرامبەر زوڵم و زۆر و ئەشکەنجەی گران لە سەر گیراوان لە زیندانی ئامەد دا دەستیان دایە چالاکی مانگرتن لە خواردنی هەتا مردن. لە رۆژی ١٤ی جولای ساڵی ١٩٨٢ دا مەحمەد خەیری دوورمووش یەکێک لە کادیرە پیشەنگەکانی تەڤگەری ئاپۆچیەکان و ئەندامی کومیتەی ناوەندی پارتی کرێکارانی کوردستان لە کاتی دادگایکردن دا لە دادگادا راگەیاند کە ئەوان دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردنی هەتا مردن کردووە. دوا بە دوای ئەو "ئەستیرەی سووری کوردان" عەلی چیچەکی جەوان ، کە هێشتا لە سەرەتای بەهاری تەمەنی دا بوو رایگەیاند ، ئەویش بەشداری چالاکی مانگرتن لە خواردن هەتا مردن دەبێ. لە ئاکامی ئەو چالاکیەدا چوار پێشەنگی تەڤگەری ئازادی گەلی کورد ، محەمەد خەیری دوورمووش، کەمال پیر (شۆرشگیرێکی تورک و یەکێک لە پێشەنگانی تەڤگەری ئاپۆجییە) عاکیف یلماز و ئەستێرەی سووری کوردان عەلی چیچەک تەڤڵی کاروانی نەمرانی رێگای ئازادی کوردستان بوون .
بێگومان ئەو رۆحی بەرخۆدان و ئیرادەیەی کە لە ١٤ی جولای ساڵی ١٩٨٢ دا لە زیندانی ئامەد باڵای کرد و لە هەموو کوردستان بڵاو بوویەوە، رۆڵێکی سەرکی لە گەیشتنی گەلی کورد بە ئەمڕۆژە بینووە. دەسەڵاتدارانی فاشیستی تورکیا کە بە ساڵان بوون بە هەموو رێ و رێبازێکی نامرۆڤانە هەوڵی سڕینەوەی گەلی کوردیان دەدا و هەرچی لە دەستیان هاتووە بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی گەلی کورد تەقسیریان نەکردووە، جارێکی دیکە لە دوای کوودەتای ١٢ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٠ دەیویست لە زیندانی ئامەد دا ئیردای ئازادی گەلی کورد لە کەسایەتی کادیرەکانی پێشەنگەکانی تەڤگەری ئاپۆچی دا تێکبشیکێنن و بەو شێوەیە زنجیرەی ناکامیەکانی گەلی کورد بۆ بە دەستهێنانی ماف و ئازادیەکانی تەواو بکەن. بەڵام بەرخۆدانی قارەمانانەی پێشەنگانی تەڤگەری ئاپۆچی هەموو پیلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەر و دەسەڵاتدارانی کودەتایی سەربازی تورکیایی پووچەل کردەوە. ئەگەر گیراوانی کورد لە زیندانی ئامەد دا بەرخۆدانیان نەکردایە، بەرێوەبەرانی کودەتای سەربازی سەرکەوتنی خۆیان رادەگەیاند و کودەتاچیەکان خۆیان مافدار نیشان دەدا. ئەو وەختە دەیانگووت کە ئەوان لە بەرامبەر گوایە ئانارشیست و تیرۆریستەکان دا کۆدەتایان کردووە و بەو شێویە بۆ دواین جار دەفتەری بەرخۆدانی گەلی کورد و دیموکراتەکانی تورکیایان دەبەست. بەڵام پێشەنگانی تەڤگەری ئاپۆچی بە بەرخۆدانی مێژووی خۆیان رووی راستینی کودەتاچیەکانیان هەڵماڵی و جارێکی دیکە بە هەموو جیهانیان نیشان دا کە دەوڵەتی تورک ناحەقی لە گەلی کورد دەکات و هەوڵی لەناوبردنی دەدا. لەهەمان کات دا بە بەرخۆدانی شکۆداری خۆیان ڕۆحی تێکۆشانیان لە نیو گەلی کورد دا بڵاو کردەوە و لە دوای ئەوە تەڤگەری ئازادی گەلی کورد بە قەڵەمبازی مێژووی ١٥ی تەباخ وەڵامی ئەو بەرخۆدانەی دایەوە و بەو شێویە "داری وشک بوو" ژیایەوە و تێکۆشانی شکۆداری گەلی کورد پەرەی سەند.
بێگومان تێکۆشانی ٣٠ ساڵەی تەڤگەری ئازادی گەلی کورد کە لە سەر بنەمای رۆحی بەرخۆدانڤانی چالاکی پێشەنگانی تەڤگەری ئاپۆچی لە ١٤ی جوڵای دا بەرێوە دەچی ، ئیدی بە هەموو شێویەک چارەسەری پرسی کوردی فەرز کردووە. ئیدی هەموو جیهان و بە تایبەتی گەلانی تورکیاش لەو تێگەهیشتوون کە ئەو تێکۆشانەی کە بە قارەمانیەتی مەزن و بە رۆحی بەرخۆدانی ١٤ی جولای پەرەی سەندووە تێکناشکێ. هەر بۆیە لە سەرەوەی هەموویانەوە گەلی کورد و رای گشتی دیموکراتیکی تورکیا رۆژانە بانگی چارەسەری پرسی کورد بە شێوازی ئاشتی و دیموکراتیک دەکەن. بەڵام هەتا ئێستا دەسەڵاتدارانی تورکیا خۆیان لە ئاستی ئەو داوایانە بێدەنگ کردووە.
بە تایبەتی لە دوای هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی تورکیا هەموو کەسێک چاوەڕی بوو کە دەوڵەتی تورکیا و حکوومەتی ئاکەپە هەنگاوی پراکتیکی لە واری چارەسەری پرسی کورد دا هەڵگرن، بەڵام دەبینین کە حکوومەتی ئاکەپە هێشتا پێداگری لە سەر سیاسەتی نکوولی و ناچارەسەری دەکاتەوە. گەلی کوردستان لە کاتی دەنگدانی هەڵبژاردنەکان دا، دەنگی بە خۆبەرێوەبەرایەتی دیموکراتیک و چارەسەری دەستووری بنچینەی دیموکراتیک دا. لە کاتی خەباتی هەڵبژاردن دا گەلی کورد لە مەیدانەکانی بە یەک دەنگ خۆبەرێوەبەری دیموکراتیکی پەسەند کرد. بەڵام راگەیاندنی خۆبەرێوەبەرایەتی دیموکراتیک بۆ دوای هەڵبژاردنەکان دوا خرا. ئیدی کاتی گەلی کورد بینی دەوڵەتی تورک و حکوومەتی ئاکەپە هەنگاوی چارەسەری هەڵناگرن و دەیانەوێ تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد مارژیناڵ بکەن، هەر وەکوو چۆن بەر لە ئێستاش تەڤگەری ئازادی گەلی کورد رایگەیاندبوو ، گەلی کورد بێ ئاڵتەرناتیڤ نییە، ئیدی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک لە سەر داخوازی نوێنەرانی گەلی کورد لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ١٤ی جولای دا "خۆبەرێوەبەرایەتی دیموکراتیکی " راگەیاند و بەو شێوەیە پێڤاژیەکی نوێ و مێژووی لە تێکۆشانی گەلی کورد دا دەستی پێکرد.
هەر وەکوو ئایسەل توغلووک لە کاتی راگەیاندنی "خۆبەرێوەبەرایەتی دیموکراتیک" دا گووتی؛ ئەگەر چاوەڕیی دەوڵەت و حکوومەتی ئاکەپە بین، ئەوا دەیانەوێ بە سیاسەتی دارزاندن، پارێزوانی کە بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەکەن و بەوشێویە لە نێو کات دا گەلی کورد بێ هێز ببێ و ئیدی هێزی چارەسەری پرسەکانی نەمێنێ. بێگومان ئەو ڕەوشە مەترسیەدارە و لەگەڵ خۆیدا پێکدادان دێنێ. لە بەر ئەوەی گەلی کورد خودان قەوارە تایبەت بە خۆیان نییە و مافەکانی پێشڵ دەکرێ، دەیانەوێ بەو شێویە گەلەکەمان لە ناو ببەن.
گەلی کورد بە راگەیاندنی خۆبەرێوەبەرایەتی دیموکراتیک دیهەوێ لە مافە سرووشتەکانی خۆی وەکوو هەموو گەلانی جیهان بێ بەش بەنێ و هەر بۆیە بە راگەیاند و بونیادن نانی خۆبەرێوەبەرایەتی دیموکراتیک دیهەوێ هەموو پرسەکانی خۆی چارەسەر بکات و ئیدی لە جێگای ئەوی چاوەڕی دەوڵەت بێ، هەنگاو بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک هەڵگرێ و بەو شێویە لەگەڵ چارەسەری پرسەکانی خۆی، هەوڵ بدات یارمەتیدەری گەلانی دراوسێ بێ، بۆ ئەوەی ئەوانیش بەو شێویە پرسەکانی خۆیان چارەسەر بکەن.
ئیدی گەلی کورد بە راگەیاندنی خۆبەرێوەبەرایەتی دیموکراتیک لە ڕۆژی ١٤ی جولای ٢٠١١ دا و لە دوای ٢٩ ساڵ لە بەرخۆدانی مێژووی پێشەنگەکانی تەڤگەری ئازادی گەلی کورد لە ١٤ی جوڵای دا، بە بڕیارە کە بە ئیرادەی ئازادی خۆی کە سەرچاوەکەی بەرخۆدانی ١٤ی جولایە، مێژووی خۆی بە دەستی خۆی بنووسێتەوە و رێگا لە دووبارە بوونەوەی مێژوو بگرێ و بەو شێویە ڵاپەرەیەکی زێرێن لە مێژووی تێکۆشانی خۆیدا هەڵبداتەوە.
هەر وەکوو بەرێز ئایسەل توغلوک لە کۆتایی راگەیاندنی خۆبەرێوەبەرایەتی دیموکراتیک دا گووتی ، منیش دەڵێم ؛راگەیاندنی سیستەمی خۆبەرێوبەرایەتی کوردان لە هەموو مرۆڤە پێشکەوتنخوازنەکانی جیهان پێرۆز بێ . بێگومان هەر وەکوو ١٤ی جولای ١٩٨٢ دا لاپەڕەیەکی زێرینی مێژووی گەلی کوردە، بەهەمان شێویە راگەیاندنی خۆبەرێوەبەرایەتی دیموکراتیک لە ١٤ی جوڵای ٢٠١١ دا ڕۆژێکی مێژوویە لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردستان دا و سەرەتایی پێڤاژۆیەکی مێژووییە ....
١٤ی جولای ٢٠١١
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست