کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێڵاوەكانم

Friday, 10/09/2010, 12:00


كە لەدایك بووم پیرێژنەكەى دراوسێمان بە دایكمی گوتبووى: ئەو منداڵەت سەرەخۆرەیە، چونكە ئەو ڕۆژەى كە هاتمە دنیا بابم وەفاتى كرد، هەر ئەو ئێوارەى كە چاوم بەم دنیا بێ ڕەحمە هەڵێنا پڕ بە گەرووم قیژاندم و گریام، تا مناڵە تازە لە دایك بووەكەى دراوسێمان خەبەرى بووەوە، ئەو مناڵەى كە دوو سەعات پێش من لە دایك ببوو، كەچى تا ئێستاش هەر خەوتووە، من نە بۆ مەرگى باوكم و نە بۆ خۆشى هاتنە دنیام دەگریام، لەم ژوورەى كە بۆ خۆى زیندانێك بوو، لە نێو ئەم زیندانە گەورەى دنیا، بۆ كوێرەوەرى مرۆڤ بوونى خۆم دەگریام، من لەسەر شەقامەكان پێم گرت و لە نێو پاسەكان گەورە بووم و لە بازاڕەكان فێرى قسەكردن بووم، لە نێو سینەمایەك خۆم ناسى و لە بەردەرگەى ماڵە هەژارێك خۆم دۆزییەوە، من غەیرى یەكەم ڕۆژى لە دایك بوونم، لە كوێ ماڵم دیوە، لە كوێ دیوار و دەرگەم ناسیوە، من ڕقم لەم زیندانەبوو. ئەو كاتەى لە مەیدانى كرێكاران كە لەسەر سنیەك پاقڵاوەم دەفرۆشت، خۆم كوڕى خۆم بووم و هەم باوكى خۆم، ئەو كاتە نیوەم ببوو بە مرۆڤ و نیوەكەى تریشم ببوو بە سەگ، لەسەر ئەم شەقامانە دەسوڕامەوە و شەوانیش لە نێو كۆنە مقەباو كارتۆنە تێهەڵدراوەكانى پێش باڵەخانەكان دەنووستم، ئەم شەوەى لە خەونێكى شیریندا خۆم ناسى، لە خەو ڕاپەڕیم و پانتۆڵەكەم تەڕببوو و گۆناكانم ئارەقەى لێ دەتكا، لە نێوان شەرم و ترس، بە هەناسە بڕكێ ڕووە چایخانەى مەچكۆ چووم و كە لە جامخانەكە نزیك بوومەوە، چ سەیر بوو، لە زۆڕەویم لە نێو جامخانەكە سەگێكم بینى لە ناوخۆم بەمن حەپى، لە دڕندەیم شێرێكم لە خۆمدا دیت و بەسەرما نەڕاندى، لە نێو تەڵەكە بازییەكانى خۆم، ڕێویك چاوى لە من مۆن كردبووەوە، ترسیش لە شێوەى ڕووناكییەكى سوور لە پەنجەكانى پێمەوە چووە ناو جەستم و لە تەوقى سەرم دەرچوو، ڕۆحم لە جێگەیەك گیربوو و دەرنەدەهات، مەرگى خۆم بینى لە سەر شێوەى بازێكى چاو گەورە بە سەر سەرمەوە دەخولایەوە، لە كەلێنى دەرگەى چاخانەكەوە خشپە خشپێك هات و كورسییە دارینەكانم بە چاوى خۆم بینى دەبوونە مرۆڤ و لە دیوى ژوورەوەى بەردەم دەرگە قفل بووەكەوە، بە ناڵە و گریانەوە داواى یارمەتیان لە من دەكرد، منیش جگە لە باوەشى خۆم قوژبنێكم شك نەدەبرد خۆمى تیا بشارمەوە، بیر چووبوو زیندووم یا مردوو، لەگەڵ دەنگى بۆیاخچى بەردەم چایخانەكە، لە خەو ڕاپەڕیم و سەری خۆم لە بن پێى بۆیاخچییەكە بینى و پێڵاوەكانیشم لەسەر سەرى بەرپرسانى شار.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە