ديالۆگی نێوان ماندێلاو کاوە گەرميانی لەناو تونێلی مەرگدا!

Thursday, 12/12/2013, 12:00


ئەو شوێنە تونێلیکی مەرگ بوو کو بۆ يەکەم جار هەردوو کۆچ کردوو لە 05/ديسەمبەری/2013 یەکتريان بينی ،زۆر لەسەروسيمای يەکتر وورد بوونەوە تا لە پڕێکدا کاوەی شەهيدی قەڵەم زووتر کەوتە قسە کردن و ووتی ((ئــــا بەڵی من بەڕێزتان ئەناسم ئێوە نيلسۆن ماندێلان)) ....
ماندێلا کەمێک راماو دوايی بە پرسيارەوە ووتی تۆ کاوەيت پێش هاتنم بۆ ئێرە لە ليستی ئەو ديوارە ناوی خۆمم خوێندەوەو لە تەنيشت ناوەکەم ناوی تۆ هەبوو کەوا بە هاوڕێيەتی ئەم تونێلە پێکەوە تەواو دەکەين ، تکايە پێت نەووتم کە ئێوە کوردی کام پارچەی کوردستانن ؟

کاوە / بە ڕێزەوە باشووری کوردستان
ماندێلا / چاکە من ئاگادارم کە ئێوە ڕاپەڕينتان کردوو خۆتان لە ژێر ستەمی ديکتاتوريەت
ڕزگار کرد و ئێستا هەرێمێکی سەربەخۆتان هەيەو خۆتان حوکمڕانن ئاه بمبوورە
بيرم چوولێت بپرسم بۆئاوها لێهاتووە وبرينداربوويت ئەو فيشەکانە بۆ بەر سەرت و
جەستەت کەووتووە؟
کاوە/ ئەو فيشەکانەی کە بەمنەوەيە لە سايەی حوکمڕانی خۆمانەوە بەرم کەووتووە
ماندێلا / سەيرە بۆچی ؟ خۆ لێم ببوورە هۆی کوشتنی ئێوە ......
کاوە/ نا نا بەڕێز خەياڵت بۆ هيچ شتێکی نەشياوت نەبا،من تەنها و تەنها لەسەردرکاندنی
ڕاسـتی تيرۆر کرام پێش منيش چەندهاوڕێيەکی ترم هەر بە هەمان دەردی من ڕۆيشتن
دڵنيام کە تونێلەکە کۆتايی هات ئەوا دێنە پێشوازيمان......
ماندێلا /بۆ درکاندنی ڕاستيەکان دەبێتە هۆی تيرۆر ،ئەی دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ ناتان پارێزێت
لە کاتێکدا خۆيان شــــۆڕشيان کرد بۆ چەسپاندنی حەقيقەت ،ئايا ئاساييە گەر بپرسم
ئەو ميللەتەی کەوا ڕووبەڕووی جينۆسايد بۆوە و دژی ستەمکاران خەباتی کرد
چۆن ڕازييە بەوەی کە رێگەی ڕاستی لێ قەدەغە بکرێت...
کاوە/ ڕێگەم بدە با بە کورتی وەڵامی پرسيارەکانی ناو دڵت بدەمەوە :
بەڕێزم ، لەدوای ئەوەی کە خەڵکی هەرێمەکەمان ڕاپەڕين و دەزگا بکوژەکانی
ديکتاتوريان لەناو برد جا وويستيان بە ژيانی ئازادی و ياسايی ئاشنا بن بە هەر
هەموومان هەوڵمان دا هەڵبژاردن بکرێت و دەسەڵاتێکی ميللی شايستە بە خەڵکی
قورباني دەر حاکم بێت و بتوانێت ئەو ئازاديەی کە خەڵک لێی مەحروم کرابوو
بيگەڕێنێتەوە بۆمان ، ئاه بمبوورە من ئەو کاتە تەمەنم تەنها نۆ ساڵ دەبوو چاکم
لە بيرە هەر لەسەرەتای دەستبەکار بوونی ئەم دەسەڵاتە ئيتر بۆ ڕازيکردن داگيرکەرانی
کەوتنە شەڕی يەکتر لەگەڵ کوردانی باکوور بۆ ئەوەی ئەجێندای دەرەکی لە ناومان
سەرهەڵبدا و لە بەرامبەر بەوەدا چەند ئێمتيازاتێک بۆ سەرانی دەسەڵات بێت ،
زۆر بە داخەوە بەشێک لە ڕۆڵەی ميللەتەکەمان لە هەردوولا بوونە قوربانی
داڕشتنی ئەو ئەجێندايە ، دوای ئەو کارەساتە و هێشتا بيری ئەو شەڕە خۆکوژييەمان
مابوو کە هەردوو لايەنی پێکهێنەری دەسەڵات کەوتنە شەڕی يەکتر و ئەو بەشەی
کوردستانيان کردە دوو بەشەوەو بوون بە مشەخۆر بەسەر ژيان وکەسابەتی خەڵکی
شارەکان ، ئاه بيرم چوو پیت بڵیم شەڕی ئەمجارەيان لەسەر ڕيزێک دووکان بوو
کە هەتاکوو ئەم ساتەش کە لەگەڵ بەڕێزتانم ئاسەوارەکەی بەسەرمانەوە ماوەو ئەو
بەشەی کوردستان دابەش بووتە سەر دوو ئيدارە ، جا لەڕاستيدا ئەو شەڕە سەرتايەک
بوو نەک بۆ کوشتنی ڕۆڵەکانمان بەڵکوو بۆ کوشتنی ڕاستيەکانيش بە هۆيەوە لە ژێر
کۆنترۆڵی هەردوو دەسەڵات تيرۆر دەستی پێکرد و ووشەکان پێش لە دايکبوونيان
دەخنکێنران ئەو شەڕە سەرەتايەک بوو بۆ کڕينی وويژدانی ئەو کەسانەی کە
نووسينەکانيان لە خزمەتی درێژەدان بەو ناعەدالەتيە بەکار دەهێنن ،سەرەتايەک بوو
بۆ دروستکردنی ميديای زەردی سەر بەخۆيان ،سەرەتايەک بوو بۆ دەست بەرداگرتنی
ژيان و قوتی خەڵک و گەمارۆی ئابووری بۆسەر ناوچەکانی کوردستان کە بووە هۆی
ئەوەی لەشکرێکی يەکجار زۆری خەڵک شوین و زێدی خۆیان و ئاوات و هيواکانيانان
جێبهێڵن و ڕووبکەنە هەندەران، ئەو ئاواتو حەزانەی کە پێش ڕاپەڕين هەيانبوو تەنها
وەکو خۆزگە بمێنێتەوە ،ئەو شەڕەی نێوانيان گەيشــتە ڕادەيەک کە خيانەتی وەکو
28/تەمووزو 31ی ئابی لێبکەوێتەوە هەريەکەەان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆيان بانگی
داگيرکەرانی کوردستان بکات، بە سووپاوە بێتە ناوناوچەکەوە بۆ لێدانی لايەنی نەياری
بە هەرچۆنێک بێت بە هۆی ووڵاتانی داگيرکەری کوردستان و فەرەنسيەکان و
ئينگليزەکانەوە لە واشنتۆن ڕێککەوتنێک مۆر کرا ،دوای ئەوە هەردوولا دانيشتن لەو
ناوچانەی کە تيايدا دەسەڵات دارن بوونە حوکمڕانی ،ئەوکاتە من تەمەنم نزيک دەبووەوە
لە 18 ساڵان ،لەو کاتەوە تاکو ئێستا لە هەردوو مەملەکەتەکەی زەرد و سەوزدا گەر سەر
بە دەسەڵاتی ئەو دووتاقمە نەبيت نابيتە خاوەن کار يان گەر بووشی بە خاوەن کار گەر
جياوازيت هەبێت لە دەنگت و ڕەنگت و بە حاڵ لەوان نەچيت ئەواکارەکەت لە دەست
دەدەيت، خۆ گەر لە بواری نووسيندا وەکو شايەر نەبيت ئەوا جەستەت دەبێتە نيشانەی
ئەو شەقاوانەی کە دروستيان کردوون ،جا خۆگەربەتەنها لێدان يان جنێووببێتە قەدەرت
ئەوا شانست هەيە ، بەڵام زۆر بە دەگمەن ئەو شانسەمان بەردەکەوێت ..
ئێستا لە هەردوو مەملەکەتی زەردو و سەوز دەسەڵات بۆ دەستەو تاقمێک يان بنەماڵەيەکە
گەر ئەوان بڵێن ماست ڕەشە ئەوا دەبێت بەقسەی ئەوان بێت دەنا لێدان وە نانبڕين وە
دوورخستنەوە و زيندانی و تيرۆر وەڵامت دەبێت، ئەوەتا بۆ ماوەيەک دەبێت خنکاندنی
ووشە و شکاندنی قەڵەمە راستەکان بۆتە مۆدێلێک لەلای حاکمانی هەردوو ميرنيشينـەکە
ئەوان لە کاتی خۆيدا دوژمنی يەکتر بوون و شەڕی يەکتريان دەکرد هەر ئێمە زيانمان
بەردەکەوت ئێستاش کە ڕێکن وخاوەنی پەيماننامەی ستراتيژين هەر خەلک زەرەرمەندە
ئەوان بازاڕ و خوێندنگەو زانکۆکان و دەرەوەو ناوەوەيان بۆ خۆيان قۆرخ کردووە هەر
کەسێکيش ڕەخنە بگرێت يان دژايەتی ئەو ناعەدالەتيە بکات ئەوا چارەنووسی لە
چارەنووسی من باشتر نابێت، هيوادارم من دوا قوربانی ڕێگەی حەقيقەت بم ....
ماندێللا / بە داخەوە زۆر بە داخەوە خۆزگە لەم تونیلەدا هاوڕێی ئێوە نەبوومايە من
زۆر بە هيواو ئاواتەوە سەيری دواڕۆژی ميللەتەکەی ئێوەم دەکرد کەچی وا نائومێد
تووشی شۆک بووم و ناچارم بۆ ئەو نەهامەتيەی کە تووشی ووڵاتەکەتان بووە
ئەو دێڕە ووشەيەی کە هەميشە لە خەياڵمدايە دەبێت بۆ ئێوەشی بڵێمەوە،
(مرۆڤی ئازاد هەميشە لە خەباتدايە بۆ چەسپاندنی حەقيقەت).. وا گەيشــتينە کۆتايی
تونێلەکە ئێستا هاوڕێکانی پێش خۆمان دەبينين پێش تيرۆرت بۆ خۆت حەزت بە چی دەکرد.
کاوە/ زۆر تامەزرۆم هەتاکو ئێستاش بمزانيبايە ئەو کۆرپەيەم کە ئێستا هاتۆتە دنياوە شێوەی
چۆنەو زياتر شکڵی من يان دايکی ئەدات حەزم دەکرد بيگرمە ئامێزم پڕ بە هەناسەم
بۆنی بکەم...

لە کۆتايی تونێلەکەدا کاوە بە هەردوو هاوڕێی کاکە سۆران وە کاکە سەردەشت گەيشت و بۆپێشوازی ماندێللاش مارتن لوپەر هاتبوو هەموويان ئامێزەوانی يەکتر بوون کاوە لە هەردوو هاوڕێی خۆی پرسی (بۆ تاکو ئێستا برينەکانتان چاک نەبۆتەوە لە وەڵامدا هەردوو بە يەک دەنگ ووتيان چونکە تاکو ئێستا بکوژەکانمان دستگير نەکراون و نەچوونەتە بەردەم دادگا !!)
ماندێللا دەستی بۆ کاوە بڵند کردەوەو ماڵئاوايی لێکرد و بە دەنگێکی نوساو پڕ لە ئەشک ووتی (کاوە نيازت وابوو چ ناوێک بۆ کۆرپەکەت هەڵب.... ؟ مارتن لوپەر ڕووی کردە ماندێللاو نەيهێشت دێڕەکەی تەواوبکات ووتی کاوە کێیە ؟لە کتێبە مێژوويەکانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵات لە بارەيەوە شتم لەسەر ئەو ناوە بيستووە؟!!ماندێللا بە تێڕامانێکەوە لە کاوە گەرميانی و هاوڕێکانی لەوەڵامی لوپەردا ووتی ئەمە ئەو کاوەيە نيە کە زۆردارێکی لە ناوبرد بەڵکە ئەمە ئەو کاوەيەيە کە زۆردار لەناوی برد !!!!)

دلاوەر قادر
مــــونترياڵ/كــــەنەدا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە