ئـــەرێ گەلــــــۆ ئەوە لە پەرلەمان چـــــــــــی دەگوزەرێ؟؟!!
Tuesday, 02/07/2013, 12:00
زۆر جار کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە گوێ بۆ دیالۆگی نێوان دوو کەسی بیروڕا جیاواز دەگرم کە هەندێک جار لە گفتووگۆکانیان دابۆ بەهێز کردنی بۆچوونەکانیان ئەوروپا بە نموونە دەهێننەوە کە گوایە ئەوەتا لە ئەوروپا و هەندێک جار لە ئەمریکاش وەزعیەتی حوکم بەو جۆرەیە جا بۆیە ئاساییە کە لە کوردستانیش وابێت....
من لێرەدا دەمەوێت ئەو پرسیارە ئاڕاستەی ئەو نوخبە سیاسـیە و ڕۆشنبیرانە بکەم کە ئایا گەر ئاوها کوردستان دەشوبهێنن بە ئەوروپا و ئەمریکا دەتوانن وەڵامی ئەم بەراووردانەی خوارەوە بدەنەوە ؟!
1 / لە ئەورووپا هاتووچۆکردن بە زۆر وەسائێلی جۆراوجۆرە وەکو هێڵەکانی شەمەندەفەر و پاس و تاکسی و میترۆو تەنانەت لە هەندێ شوێنی بە پاپۆڕوو باسکیل فەراهەم کراوە ، ئەی لە کوردستان چی هەیە؟؟
2 / لە ئەورووپا ڕێگاو جادەکان وا دروستکراوە کە خەڵکی بۆ گەیشتن بە کارەکانیان کەمترین ئاڵۆزیان بۆ دروست دەبێت ، لە کاتێکدا لە کوردستان کەمترین ئاسانکاری لە بواری ڕێگاو بان هەیە .ئایا کامەتا ئەو لەیەکچوونەی نێوانیان؟؟
3 / لە ئەورووپا کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و ئابووری وبانک و گەشتوگوزار و بەرهەمهێنان و نیشتەجێبوون و هونەری و ئەدەب و خوێندن و تەندروستی و زانکۆو ژینگە وبازرگانی هەمیشە لە ئاستی پێویســت و باشدان بۆ هاووڵاتی ،دەتوانن پێمان بڵێن لە کوردستان تاچ ڕادەیەک هاووڵاتی سوودمەندن لێی؟؟
4 / لە ئەورووپا بیمەی بێکاری یان زەمانەتی کارو پاراستنی گیانی کارمەندان و کرێکاران بە باشترین شێوە مسۆگەرە ، هەروەها نەقابەکانیش نەقابەی زەردیان پێ ناووترێت،ئەی لە کوردستان چۆنە وتا چەند لە خزمەتی خەڵکن؟؟
5 / لە ئەورووپا دەزگاکانی ڕاگەیاندن پەیوەست نین بە حیزبەکانەوە و بە دەسەڵاتی چوارەم دەناسێنرێن وە هەروەها ناوەندی فشارن بۆ سەر دەسەڵات کە ئەمە بە داخەوە لە کوردستان نەک هەر سەربەخۆ نین بەڵکە دانراون بۆ جوانکردنی حیزبەکان !!
6 / لە ئەوروپا سوپا بۆ خزمەتی خەڵکەو بێلایەنە ،کەچی لە کوردستان پێشمەرگە ئەداتی دەستی حیزب وبنەماڵەکانن و هەندێ جار لە لایەن کەسانی ناو حیزبەکانەوە بەکاردێت بۆ کوشتن و گرتن و تۆقاندنی خەڵک و پاراستنی بکوژان و ئەنفال چیەکان ...هتد
7 / لە ئەورووپا سامانە نیشتمانیەکانی وەکو نەووت و گاز و..هتد موڵکی کەس و لایەن نین و ژێر بەژێر فەرهوود ناکرێت وەکو لە کوردستان بەڵکو بە شێوەیەکی یاسایی مامەڵەی پێوە دەکرێت و سەرجەم کۆنتراکەتانی بە بەر چاوی پەرلەمان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بە شەفافی دیارە کە وابزانم ئەوە ئاواتی خەڵکی کوردستانە بەڵام بە داخەوە بۆی نایەتە دی مەگەر بە قودرەتێکی خوایی نەبێت!!!!!
8 / لە ئەورووپا دادگا سەربەخۆیەو بۆی هەیە لێپرسینەوە لە سەرۆکی ووڵات یان سەرۆکی حوکمەت یان سەرۆکی پەرلەمان یان هەرکەسێکی تر بکات چونکە هەموو کەسێک لەژێر یاساوەیە ،کە چی لە کوردستان دادگا تا ئێستاش نەیتوانیوە تاوانبارانی 17/ شوبات دەستگیر بکات !!
جا من لێرەدا ڕادەوەستم لە بەراووردکرنەکەم لەبەرئەوەی زۆر زۆرە و گەر وابڕوات ئەم نووسینەم لە هیچ گۆڤارو ڕۆژنامەو سایتێکدا جێی نابێتەوە بۆیە دەگەڕێمەوە سەر ناوونیشانی نووسینەکەم بەراووردەکە دەبەمەوە سەر پەرلەمانە بێدەسەڵاتەکەی هەرێمی کوردستان .
بەڕاستی دەمەوێت تیشک بخەمە سەر ئەو بڕیارەی ئەمڕۆ 30/06/2013 کە زۆرینەی سەر بە دەسەڵات بە بێ هیچ یاساو ڕێسایەک و بێ گوێ دانە پەیڕەوو پرۆگرامی پەرلەمان هەر زۆر بە ئاشکراو بە بەرچاوی دۆست و دوژمن بێحورمەتیان بە بەشێکی بەرچاوی خەڵکی کوردستان کرد و بێ ئاوڕدانەوەیان بۆ ئەو سوێندە یاساییەی کە خواردیان و بێ لەبەرچاوگرتنی شەرەفی میهنەکەیان و نەسڵەمینەوە لە زیاد لە نیو قەڕن خەباتی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان و بێوەفاییان بۆ کەس وکاری شەهیدان وئەنفالکراوان و سەرجەم خەباتی گەلی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان واژۆیان لەسەر ئەو دوو بەناو یاسایە کرد کە درێژ کردنەوەی دەسەڵاتەکەیان و سەرۆکەکەیان مسۆگەر دەکات ، کە بەڕای من هەر پەرلەمانتارێک ڕازی بێت بەو یاسایانە ئەوە بێ قەیدووشەرت خیانەتی گەورە دەکات و هەق وایە گەر خەباتگێڕێکی کۆن بێت ئەوا ئەو ڕابووردوەی یەکسان بکرێت بە سفر ،لێرەوە لەو داکۆکی کارانەی دەسەڵات دەپرسم بە گشت نووسەران و دەربارانیان گەر ئەم کارەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی بەغدا ڕوویبدابا بە وویژدانتان چۆن لەسەریتان دەنووسی بە کام پەرلەمانی ووڵاتانی دواکەوتوو دەتان شوبهاند ، خۆ (بەڕیزینە) ئەم بەناو یاسایەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردســتان نە لە ئەورووپاو نە لە ئەمریکاو نە لە ئەفریقاو نە لە ئاســیاو نە لە ئوسترالیا نیە تەنها لە عیراقی ێدام و ئێرانی ئاخوندەکان و سوریای بەشارەکان و لیبیای قەزافیەکان و تونسی بن عابدینەکان و میسری ئێستاو کۆن وبەناو ووڵاتانی شیخەکانی خەلیج هەیە ،هەرچەندە ئەوانە بەهانەی ئەوەیان هەبووەو هەیە کە ئیسرائیل هەڕەشەیە بۆ سەرمان بۆیە هەمیشە ئێمە لە باری نائاسایین و کاتێک دەستوورو دیموکراتیمان ئەبێت کە خەتەری سەر ئوممەی عەرەبی نەما ،بەڵام لە کوردستان لەسایەی دەسەڵاتە حەکیمانەکەیەوە هیچ جۆرە خەتەرێک نیەو ئەوەتا سەرۆکی هەرێم خەریکە کوردستان وەکو دوبەی لێدەکات و یادی بەخێر تاڵەبانیش زوو زوو ئاماژەی بەوە دەکرد کە لە کوردســتان دەیان میلیاردێری دۆلاری لێیەو والەسایەی ئەو ئارامیەی کوردستانەوە زۆرینەی کۆمپانیاکانی دنیا سەرمایە گوزاری دەکەن ئیتر ئیوەی دەربار ناتوانن بڵێن خەتەری دوژمنانمان لەسەره ! چونکە وا هەر چەند هەفتەیەکە بەر لەئێستا بوو کە برای چاوڕەشی مالکیم لە هەولێر دەستەملانی سەرۆک بوو ئەردۆغانیش لە ئەستەمبووڵ زوو زوو بە باشی ناومان دێنێ ، وە لەبەر ئەوەی هاوپەیمانی کوردو شیعە هەیە!!! ئێرانیش مسۆگەرە ،بەشـــاریش ئەوە کافر بە حێڵی بێت ،ئیتر ئەی دەربارەکان ئێمە سەرۆکی زەروورەمان بۆ چیە؟؟ با ئەو درێژکردنەوەیەی بۆ نەکرابا ،خۆ کوردستان بێ ئەویش هەر بەراورد دەکرێت بە ئەورووپا خەمتان نەبێت سەرجەم ئەو دەستکەوتانەی کە ئینسانی کورد بە دەستی هێناوە لە باشووری کوردستان لە ناووچەوانی سەرۆکی دەزانین خۆ گەر ئەویش نەبێت ئەوا بێخەم بن ئێمە هەر ئەو بە سەرۆکی (مهمات الێعبه) دەزانین هەق وایە ئێوە لە لای خۆتانەوە بە بەناو پەرلەمانتارەکانی دەسەڵات ڕابگەیەنن کە گوناهتان دەگات لێگەڕین با سەرۆک هەندێک پشوو بدات و چەند سەردانێک بۆ دوورگەکانی هاوای و دۆمینیکان وئەمارەتی مۆناکٶ بکات تکایە ئەوەندە ماوەی بۆ درێژ مەکەنەوە خۆ گەر لەبەر نەوتەکەی کوردستان بێت ئەوا بێخەم بن ئەوەندەی کارمەندی ناو بنەماڵە لە دەسەڵاتە ناهێڵن سەنت نوقسان بێت لە کۆتاییشدا هەر هەمووی بۆ بانکەکانی ئەورووپا دەچێت ، ئە ه بیرم چوو !!! پێویستە ئێوە هەمیشە ئەم بەراووردە بکەن ئەویش سەرجەم مشەخۆرانی سەر میللەتان بەوانەی کوردستانیشەوە پارەکانیان لە بانکەکانی ئەورووپا دەخــــــەوێنــن!!!!!!!!!!!!!!...
تێبـــــــینی...
ئەم نووسینەم پێشکەش دەکەم بە شەهیدی جوانەمەرگی پیرە هەولێرم کاکە (سەردەشت عوسمان) وەکو وەفایەک بۆئەو شکۆمەندە،بە داوای لێبووردنەوە لە کەس وکاری چونکە ساڵی پار نەمتوانی ووتاری یادکردنەوەی بۆ بنێرم ، هەر ســــەربەرزبن .....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست