کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەبەرئەوەى فەرمانبەرى وەزارەت نین، لەخوێندنى باڵا بێبەشدەكرێین

Sunday, 24/01/2010, 12:00


بۆ بەڕێزان:
جەنابى مام جەلال سەرۆك كۆمارى عێراق
جەنابى كاك مەسعود بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان
دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان
بەڕێز كەمال كەركوكى سەرۆكى پەرلەمانى كور دستان
دكتۆر دلاوەر عەلائەدین وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى
سەرۆكى فراكسیۆنى كوردستانى لەپەرلەمانى كوردستان
سەرۆكو ئەندامانى لیژنەى پەروەردەو خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى
پاش سڵاو..
بەڕێزان ئێمە كە 14 هەڵگرى بڕوانامەى ماستەرو بەكالۆریۆسین، بەگوێرەى رێنمایىو رێساكانى وەزارەتى خوێندنى باڵا، بەشداریمان لەكێبڕكێى وەرگرتن لەماستەرو دكتۆرا لەزانكۆى سلێمانى كرد، بەڵام دواى راگەیاندنى ناوى خوێندكارە وەرگیراوەكان لەسەرەتاى ئەم مانگەوە، بۆمان دەركەوت هەمومان نمرەیەكى بەرزمان بەدەستهێناوەو هەندێكیشمان یەكەمو دوەم بوین، بەڵام بەپاساوى ئەوەى ژمارەیەكمان فەرمانبەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا نینو هەندێكیشیان دانەمەزراوین وەرنەگیراوین. بۆیە دەمانەوێت لەو روەوە ئەم رونكردنەوەیەتان پێشكەش بكەین.
1-بڕیارى بێبەشكردنمان لەخوێندنى باڵا پێچەوانەى رێنماییەكى گشتێنراوى وەزارەتى خوێندنى باڵا كابینەى پێشوە كە بەئیمزاى دكتۆر ئیدریس هادى ساڵح لە رۆژى (8/6/2009) بەژمارە (ن/289) ئاراستەى ئەنجومەنى وەزیرانو گشت وەزارەتو زانكۆكانى هەرێمو هەردو دەستەى خوێندنى تەكنیكى هەولێرو سلێمانى كراوەو تیایدا هاتوە (فەرمانبەرانى گشت وەزارەتو دەزگا حكومییەكان دەتوانن مامەڵەى خۆیان پێشكەش بكەن بەزانكۆكان بۆ وەرگرتن بەپێى مەرجو رێنماییەكانى تایبەت بەخوێندنى باڵاو بەشداریى بكەن لەتاقیكردنەوەى توانستى زانستى لەسەر بنەماى كورسییەكانى تەرخانكراو بەپێى پێشبڕكێ). لەو نوسراوەدا كەوێنەیەكى لەگەلأ رونكردنەوەكەماندا هاوپێچە بەهیچ شێوەیەك باس لەوەنەكراوە، كورسییەكانى خوێندنى باڵا (ماستەرو دكتۆرا) تاپۆى فەرمانبەرانى زانكۆ بێت.
2-لەو نوسراوەى وەزارەتو لە رێنماییەكانى وەزارەتى تایبەت بەخوێندنى ماستەرو دكتۆرا، بنەماى وەرگرتن پێشبڕكێیەكە كەپشت بەنمرەى تێكڕاى چوارساڵى بەكالۆریۆس بۆ ماستەرو تێكڕاى نمرەى دوساڵى ماستەر بۆ دكتۆرا دەبەستێت لەگەلأ نمرەى تاقیكردنەوەى توانستى زانستى، ئیتر لەهیچ رێسایەكى وەزارەت باس لەوەناكرێت كە دەبێت تەنیا فەرمانبەرانى زانكۆ لەكۆرسەكانى ماستەرو دكتۆرا بخوێنن، هەروەكو ئەمساڵ لەزانكۆى سلێمانى پیادەكراوەو ئێمە بوینەتە قوربانیى.
3-هەمیشە باس لەپەیوەندى توندوتۆڵى نێوان زانكۆو كۆمەڵگا دەكرێت، باس لەوەدەكرێت دەبێت زانكۆ دەرگاى واڵا بێت لەسەر كۆمەڵگا بەڵام تێناگەین حیكمەتى چییە ئەمسالأ لەزانكۆى سلێمانى بەپێچەوانەى كێبڕكێى زانستى، كورسییەكان تەنیا دراوە بەفەرمانبەرانى زانكۆو فەرمانبەرانى وەزارەتەكانى تر بێبەشكراون، هەرچەندە ئێمە نمرەمان لەهەندێك لەوانە زیاترە كە فەرمانبەرى زانكۆنو وەرگیراون.
4-پاساوى وەرنەگرتنى هەندێكمان ئەوەیە كەئێمە دانەمەزراوین لەزانكۆو فەرمانگەكانى ترى حكومەت. ئەمەش ناهەقییەكى ترە لەئێمە دەكرێت، لەبەرئەوەى گوناهمان چییە كە وەزارەتى خوێندنى باڵا داماننامەزرێنێت. باشە دەبێت پاداشتى چەند ساڵى ماندوبونمان لەخوێندنى بەكالۆریۆسو ماستەردا بەوەبدرێتەوە كە جیاكاریى لەنێوان ئێمەو فەرمانبەرانى وەزارەت بكرێتو لەخوێندنى باڵا بێبەشبكرێین یاخود هەلى خوێندنمان بۆ فەراهەم بكرێتو سود لەتواناكانمان وەربگیرێت. ئەگەر پاساوى وەزارەت ئەوەیە كەئێمە یەكەمو دوەمى بەشەكانى خۆمان نین بۆیە دانامەزرێنرێین، لەناو ئەم لیستەدا هەمانە نەك یەكەمى بەشەكەى بەڵكو یەكەمى كۆلیژەكەیشى بوەو هەلى دامەزراندنى لەناو زانكۆى سلێمانى پێڕەوانابینرێت.
5-ئێمە وەكو هاوڕێكانمان كە وەرگیراونو ئەو فێرخوازانەیشى لەزانكۆكانى ترى هەرێمدا بەشدارییان لەكێبڕكێى وەرگرتن لەماستەرو دكتۆرا كردوە، نمرەى بەرزمان بەدەستهێناوەو مافى خۆمانە بەگوێرەى نمرەكانمان هەلى خوێندنمان لەماستەرو دكتۆرا بۆ بڕەخسێنرێت، بۆیە ئێستا هەست بەنایەكسانییەكو ناهەقییەكى زۆر دەكەینو داواكارین بەچاوى باوكایەتى بڕواننە كێشەكەمانو چارەسەرى گونجاومان بۆ بكەنو دەكرێت هەریەكەو كورسییەكمان لەبوارو پسپۆڕییەكەى خۆماندا بۆ تەرخان بكەن.
6-بەڕێزان ئاراستەى بیركردنەوەى سەرجەم دڵسۆزان ئەمڕۆ لەهەرێمى كوردستان روەو پەرەپێدانى دامودەزگاكانى حكومەتى هەرێمى كوردستانە، لەڕێگەى پەرەپێدانى توانستى زانستیى فەرمانبەران بەگشتىو بەتایبەتیش لەڕێى زیادكردنى ژمارەى هەڵگڕانى بڕوانامەى ماستەرو دكتۆرا تیایاندا.
لەو چوارچێوەیەدا ئەم پرسیارە دەكەین، ئایا دەكرێت فەرمانبەرانى دامودەزگاكانى حكومەتى هەرێم جگە لە دامودەزگاكانى سەر بەوەزارەتى خوێندنى باڵا لەكورسى خوێندنى باڵا بێبەش بكرێن؟

دوبارە رێزوسوپاسمان بۆ هەمو لایەك

هاوپێچ
-لیستى ناوەكان
-رێنمایی گشتێنراوى وەزارەتى خوێندنى باڵا
بۆ بینیی دۆکۆمێنته‌کان تکایه‌ کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ بکه‌:
https://www.kurdistanpost.nu/biz/pdf_files/wxwendniballdawkare.pdf

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە