نامەیەكی كراوە بۆ دایكی شەهید گەرمیان
Monday, 14/03/2011, 12:00
سڵاو دایكی شەهید ......
سڵاو دایكی جەرگ سووتاو دایكی خۆراگر دایكی هەموو رۆڵەكانی ئەم گەلە ، دەزانم كە هەناسەت تاساوەو دڵت پرە لەحەسرەت و قوڵپی گریان هەست بە پری ناخت دەكەم هەست بە ئازارەكانت دەكەم ، لەگەل ئەوەشدا وەك مامۆستایەكی ئەكادیمیاو خاوەن ئەزموون فێری ئەلف و بێ ی خۆراگریمان دەكەی فێری ئەوەمان دەكەی كە چۆن لەگەڵ پێشهاتە تاڵەكانی رۆژگاردا بەرەو روو ببینەوە بەراستی شانازیت پێوە دەكەم ،ئەمەوێ ئەو راستیەت پێ بڵیم كەلەگەڵ بینینی ئەو ریپۆرتاژەی لەگەڵ بەرێزتاندا ئەنجامیان دابوو سەبارەت بە كاكە گەرمیانی جوانەمەرگ دڵم لەت لەت بووەو هەموو كات وێنەی شەهید كردنی كاكە گەرمیانم لەپێش چاوەو هەموو ئەندامانی خێزانەكەشمان شینمان گێرا بۆ ئەو غەدرە گەورەی لەم منداڵە روح سووكە كرا ،بەڵام لەگەڵ بینینی ئازایەتی و خۆراگری تۆدا كە مۆركێكی رەشت دا لەناوچاوانی دەسەڵاتداران زمانم نایەتە گۆو توانای تەنانەت دەربرینی هیچ ووشەیەكیشم نیە كە هاوتای ئەو هەستەم بێت كەلەناخمدا هەڵدەقوڵێت ،دایكی ئازیز دڵنیابە ووشە بە ووشەی تۆ دەبێتە ئاگرێك و گر لەجەستەی دەسەڵات بەردەدا دڵنیابە ئەو گرەی لەدڵی تۆو لە دڵی دایكانی شەهیدانی دوای 17ی شوبات سەرتاپای ئەم فیرعەونە تێرنەخواردوانە دەسووتێنێ و جلە رەشەكانت و لەچكە خوێناویەكەت دەبێتە خێوێك و هەمیشە بەدوای تۆڵەی كورەكەتدا دەگەرێ، دڵنیابە شەوانە دەچێتە گیانی یەك بەیەكی بكوژانی كورەكەت و دەیانخنكێنێت ، لەبەر ئەوەی كورەكەی تۆ جیا لەوەی كە منداڵێكی روح سووك و بێ گوناه بوو تەنانەت نەیدەزانی مانای خۆپیشاندانیش چیە ،بەڵام هێزە دەمامەكدارەكانی دەسەڵاتی شكست خواردوو زۆر بێ رەحمانەو بێ هەستی لێپرسراوانەو دوور لە ئەخلاق و بەهاكانی مرۆڤایەتی كەوتنە گیانی رۆڵەكانی ووڵاتەكەمان و تەنانەت دەست پار ێزیشیان لەمنداڵ وپیرو گەنج نەكرد وەك شەمشەمە كوێرە نامۆ بە رووناكی بەگەل كەوتنە شكانی باڵە نەخشینەكانی پەپولەی گوڵی بەهاری ووڵاتەكەمان ،دایكی بەرێز هەرچیەك بنوسم ناتوانم گوزارە لەو ئازارەی ناخم بكەم بۆ كۆرپەكەت كە بە كۆرپەی خۆمی دەزانم و بۆ رۆڵەی ئەم گەلەم ، دلنیاشم كە ووتەكانم ناتوانن ببنە دڵۆپێك رەوانەوە لە دەریای خەمەكانت هەر ئەوەندەم ماوە بڵێم هاوخەمتم و سەربەرزی بەوەی كورە تاقانەكەت بێ ویستی خۆی ناوی چووە رێزی ئەو شەهیدە سەربەرزانەی كە هەمیشە لە دڵماندا زیندوون هاتە رێزی شەهیدان (سۆران ،سەردەشت ،ریژوان ،سوركێو ،شێرزاد،بیلال،سەركار) كە هیوادارم خوێنی ئەم لاوانەی ووڵاتەكەم ببێتە پردێك بۆ گەیاندنی لاوانی دیكەی ووڵاتەكەم بە ئازادی هەمیشەیی و دەسەڵات تێیدا نغرۆ ببێت . هەزاران هەزار سڵاوو
سەر نەوینی بۆ گیانی پاكتان شەهیدانی ئازادیخواز
ئارامی و سەبوریش بۆ دڵی باوكان و دایكانی شەهیدان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست