بەشى پڕۆژەكانى قایمقامیەتى كۆیە : ئەو پارەیە چى لێ دێت
Wednesday, 08/04/2009, 12:00
من ڕۆژنامەنووس نیم بەڵام دەزانم نابێت تەشهیر بە كەس بكرێت و من پارێزەر نیم بەڵام دەزانم هەركەسێك گومانێكى لێ بكرێت یان بە شتێك تۆمەتبار بكرێت بە بێتاوان ئەژمێردرێت تا ئەو كاتەى دادگا دەتوانێت تۆمەتەكە بسەلمێنێت .
لەبەر ئەم دوو هۆیەى سەرەوە من كەس تۆمەتبار ناكەم تەنها ئەو پرسیارانەى لە مێشكى من دا دروست بوون هەر بە شێوەى پرسیار بەرەو ڕووى بەڕێزتانى دەكەمەوە, هیوادارم وەڵامى گونجاوتان پێ بێت
لە ساڵى 2008 بڕى (16000000000) شازدە ملیار دینار بۆ جێ بەجێ كردنى چەند پڕۆژەیەك لە شارى كۆیە دابین كرا لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاكان .بەو بڕە پارەیە دەست كرا بە جێ بە جێ كردنى چەند پڕۆژەیەك , بۆ هەر پڕۆژەیەك بڕێ پارە تەرخان كرا و بڕى لە سەدا (3) ى ئەو بڕە پارەیە بۆ ئیشراف واتە بەڕێوە بردنى پڕژەكە دانرا . بۆ ئەوەى خوێنەران باشتر لە حساباتەكە تێبگەن پڕۆژەیەك بە نموونە دەهێنینەوە كە پارەى تەرخانكراو بۆى (1000000000)
یەك ملیار دینار بێت . لە سەدا سێ ى ئەو پارەیە دەكاتە (30000000) سى ملیۆن دینار . ماوەى پڕۆژەكە شەش مانكە .
لیژنەى ئیشراف پێك دیت لە ئەندازیارێك و دوو تەكنیكى و موحاسیبێك . تێچووى ئیشراف لە ماوەى ئەم شەش مانگە دا دەكاتە (4800000) چوار ملیۆن و هەشت سەد هەزار دینار بەگوێرەى ئەم خشتەیەى خوارەوە :
لێرەدا حەقى خۆمانە و حەقى خەڵكە و حەقى هەر كەسێكە بپرسێت (30000000) سى ملیۆن لە كوێ و (4800000) چوار ملیۆن و هەشت سەد هەزار لە كوێ .
ئەگەر منیش هەڵە بم كە ئیشاللا وایە . با وا دابنێین ماوەى پڕۆژەكە زیاترە و تێچووى ئیشرافیش زیاترە . ئەو دوو ژمارەیە زۆر لێك دوورن مەگەر هەر عفریتە سیحراوىیەكان بتوانن لێكیان نزیك بكەنەوە . لەو لێكدانەوەى سەرەوە بۆمان دەركەوت كە بڕى (25000000) بیست و پێنج ملیۆن تەنها لە پڕۆژەیەك دیار نیە كە پارەى تەرخانكراو بۆى یەك ملیارە . واتە لە شازدە پڕۆژەى لەو جۆرە شازدە بیست و پێنج ملیۆنى (16 * 25000000) كە دەكاتە بڕى (400000000) چوار سەد ملیۆن دینار دیار نیە . بە بیرى بەڕێزتانى دەهێنمەوە كە ئەمە تەنها پرسیارە و وەڵامى بەڕێزتان چیە ؟؟؟
من كەسێكم كە باوەڕم بە هەموو كەس هەیە و لەخۆوە گومان بۆ كەس نابەم بەڵام هەندێك شت هەیە گومانت بۆ دروست دەكات لە ئەنجامى گومانیش دەست دەكەیت بە لێكۆڵینەوە و لە ئەنجامى لێكۆڵینەوەش دەگەیتە چەند راستیەك .
یەكێك لەو شتانەى كە گومانى لاى من دروست كرد مەسەلەى پارەى هاتو چۆى ئەندازیار بوو . بەشى پڕۆژەكانى قایمقامیەتى كۆیە پارەى هاتوچۆى ئەندازیارى ئیشراف لە بەڵێندەر وەردەگرن كە لە زۆربەى گرێبەستى پڕۆژەكان باس نەكراوە
لەوەش خراپتر ئەوەیە كە ئەو بڕە پارەیەى لە بەڵێندەرى وەردەگرن بە تەواوى نایدەنە ئەندازیارەكە . لە هەر پڕۆژەیەك برى (900000) نۆ سەد هەزار دینار لە بەڵێندەر وەردەگرن و تەنها بڕى (650000) شەش سەد و پەنجا هەزار دەدەن بە ئەندازیارەكە بۆ بەكرێ گرتنى ئۆتۆمبیلى هاتوچۆى رۆژانەیان بۆ سەر كار .
لە هەر پڕۆژەیەك بڕى (250000) دوو سەد و پەنجا هەزاردینار دیار نامێنێت
لێرە دا دەپرسم كە مەوقیفى ئەندازیار چۆن دەبێت كاتیك بەلێندەرەكەى پێى دەڵێ دائیرەكەى تۆ ئەو پارەى كە من بۆ تۆم داناوە بە تەواوى نایدەنە دەستت؟
لێرەدا دووبارە دەپرسم ئایا ناكرێت پارەى هاتوچۆى ئەندازیار لەو پارەیە خەرج بكرێت كە بۆ ئیشراف دنراوە . ؟؟؟
لێرە دا سێ بارە دەپرسم ئایا ناكرێت ئەندازیارەكان بڵێن كە پارەى هاتوچۆى ئێمە بۆ لە بەڵێندەر وەردەگیرێت ؟
كە لە بەڵێندەریش وەردەگیرێت بۆ بە تەواوى ناگاتە دەستمان ؟
لێرەدا سەدبارە دەپرسم دائیرەكانى تر وەكو شارەوانى و فەرمانگەى ئاوى گوندەكان و فەرمانگەى ئاوى كۆیە و فەرمانگەى ئاوەدانكردنەوەى كۆیە و هتد ....... بۆچى نایەنە جواب ؟ یان ئەوانیش شەریكن یان دەسەڵاتیان نیە ؟
ئهندازیاریک
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست