كارەبا، كێشە و چارەسەر
Saturday, 14/01/2012, 12:00
لەوەتەی نەتەوەی كورد هەیە هیچ كێشە و خەمێك (جگە لەخەمی شەهید و ئەنفال كە برینێكن هەرگیز ساڕێژ نابن) ئەوەندەی كارەبا لەماوەی ئەم چارەكە سەدەیەی ڕابردوودا ئازاری نەداوین و كاریگەریی خراپی لەسەرمان نەبوە.
خەمەكانمان بە درێژایی مێژوو .. وەك ژێردەستەیی، هەژاری، تاعون، ڕەشبگیر، پارچەكردنی نیشتیمان، چەوسانەوە، ئەشكەنجە، داگیركردنی خاكمان، ڕاگواستن، سوكایەتی پێكردنی ملازم محسن، تۆپبارانی ئەم و ئەو، ڕەوەكە، شەڕی براكوژی، بێكاری، گەندەڵی، ... ئەمانە و هەموو ئەو خەمانەی تریش كە خوێنەری ئازیز لە دڵیدایە، هێندەی خەمی كارەبا سەخت نین.
من دەڵێم، ئەگەر ئەدیسۆن دۆستی كورد بوایە و بیزانیایە كارەبا ئەوەندە ئازارمان دەدات، كارەبای نەدەدۆزیەوە.
بەڵێ ڕاستە كارەبا لەچاو ساڵانی ڕابردوودا باشتر بووە و ئاشكرایشە ژمارەی دانیشتوان و یەكەكانی نیشتەجێبوون بەردەوام ڕوو لە زیادبوونن و كارەبا بەم هەنگەشەلێیە فریایان ناكەوێت، بەڵام بەبێ هاوكاری هاووڵاتیان كێشەكە چارەسەری ئاسان نابێت، جگە لەوە دەبێ پلانی گونجاو دابنرێت و بەدوای سەرچاوەی تری ووزەدا بگەڕێین لەوانەش بۆ نمونە:
هوشیاركردنەوەی هاووڵاتیان بۆ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی كارەبا بە پێی پێویست وەك كوژاندنەوەی ئەو گڵۆپانەی كە پێویست نین وە هەروەها لە دائیرەكانیشدا كارمەندان دەبێت هەست بە بەرپرسیاری بكەن و دەست بە كارەباوە بگرن، خۆم بینیومە لەیەكێك لە دائیرەكانی كارەبا خۆیدا لەدەرەوە پلەی گەرما ٢٨پلەی سەدی بوە كەچی كارمەندەكە سپلیتی داگیرساندوە لەسەر ٢٤ پلەی سەدی دایناوە واتە تەنها بۆ جیاوازی ٤ پلەی سەدی سپلیتی داگیرساندبوو.
دیارە ئەگەر لێپێچینەوە هەبێت هەموو كەس بە قەدەر پێویست كارەبا بەكار دەهێنن، بۆیە پێشنیار دەكەم لە بەڕێز وەزیری كارەباوە هەتا هەموو بەڕێوەبەرانی بەشەكانی كارەبا بۆ نمونە هەفتەی چوار سەعات (دوو سەعات بە ڕۆژ دوو سەعاتیش بە شەو) دابنێن بۆ گەڕان بەسەر ماڵاندا بۆ ئاگاداركردنەوەی هاوڵاتیان و ڕێنمایی كردنیان سەبارەت بە بەكارهێنانی كارەبا بەقەد پێویست.
سوود وەرگرتن لە سەرچاوەی تری كارەبا وەك ووزەی با، ووزەی خۆر، ووزەی سووتەمەنی، ووزەی ناوكی، و... هتد.
وەك هەموومان دەزانین لە دنیادا زۆر كێشە هەیە بە پارە چارەسەر دەكرێت، كێشەی كارەباش لەو كێشانەیە كە بە پارە و بودجەی تەواو بنبڕ دەكرێت، خۆ ئەگەر بودجە نیە و بەش ناكات، با بدرێت بە كۆمپانیای جیهانی لەبواری وەبەرهێنانی كارەبادا، یاخود ڕێگای تەقلیدی پیتاك كۆكردنەوە بگیرێتە بەر، من دڵنیام تەنانەت هەموو منداڵێك ئەگەر دەغیلەكەی نەكاتە دیاری ئەوا ئامادەیە لە ڕۆژانەكەی خۆی بەشێك بداتە كارەبا. ئەمڕۆ لە ئەڵمانیا هەموو كەسێك ڕێژەیەك لە مووچەكەی تەرخان دەكرێت بۆ بنیاتنانەوەی ئەڵمانیای شەرقیی ئەوسا، بۆیە ئەگەر پێویستی كرد ئێمەش دەتوانین ڕێژەیەك لە مووچە یان بە هەر شێوەیەكی تر پارە لە هەموو هاووڵاتیەك وەربگرین بەمەرجێك پرۆژەكان ڕوون و ئاشكرابن و كات و بودجەیان زانراو بێت و دامودەزگاكانی ڕاگەیاندن بەردەوام زانیاریەكانی هەموو پرۆژەكانیان بە دەست بگات.
من دڵنیام ئەگەر كارەبا بەقەدەر پێویست بەكاربهێنرێت پێویستیمان بە كارەبای موەلیدە نامێنێت و كارەبای نیشتیمانی بەشمان دەكات و هەرزانتریش لەسەرمان دەوەستێت.
سەیر ئەوەیە هاووڵاتیان لە هاویندا سپلیت و تەبریدی سەیارەكانیان دەخەنە سەر ١٦ پلەی سەدی، كەچی كاتێك لەم زستانە بەهاریەدا پلەی گەرما دەبێتە ١٦ پلەی سەدی، سپلیت دەخەنە سەر ٣٢ پلەی سەدی و لە سەیارەشدا گەرمی دەخەنە سەر ٣٢پلە و بەرەوژوور و هەروەها لەماڵەوەش چەند زۆپایەكی نەوت دادەگیرسێنن هەروەك كەس دەستەواژەی "پاشەكەوت كردنی ووزە" ی نەبیستبێت.
با هەریەك لە ئێمە لە ئێوارەی ئەمڕۆوە سەیر بكات و ببێتە چاودێر،
ئایا حەوشەی ماڵێك و سەردەرگاكەی لەیەك گڵۆپ زیاتری بۆچیە دابگیرسێنرێت؟
ئەگەر ژوورێك كەسی لێ نەبێت بۆچی گڵۆپەكانی دابگیرسێن؟
دەبێت هەموو كەس فێر ببێت گڵۆپەكانی چێشتخانە و حەمام و تەوالێت دوای بەجێهێشتنیان بكوژێنێتەوە.
تكایە لەو ژوورەی تەلەفزیۆن ٢٤ سەعات ئیش دەكات گڵۆپی زۆر دامەگیرسێنن خۆ زنجیرە دۆبلاجكراوەكان سەیر كردنیان دووبارە و سێبارە لە جەوی نیمچە تاریكدا خۆشە!!
سەردەمی پاپۆڕی چارۆكەدار نەماوە، نابێ چاوەڕێی با بكەین بەرەو پێشمان بەرێت، بەڵكو دەبێت خۆمان كاری بۆ بكەین و وەك بەرپرسایەتیەكی نەتەوەیی كوردستان بكەینە پێشڕەو و ساڵی ٢٠١٢ بكەینە ساڵی بنبڕكردنی ئەم كێشەیە.
ئەندازیار تایەر عەلی ڕەسوڵ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست