کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کوڕی ناو حه‌کایه‌ته‌کان له‌م زه‌مانه‌دا زۆر بوون

Thursday, 16/12/2010, 12:00


که‌ مناڵ بوین زۆر جار حه‌کایه‌تی ئه‌و کوڕه‌یان بۆ ئه‌کردین که‌ چۆن بازه‌که‌ به‌سه‌ریه‌وه‌ ئه‌نیشێته‌وه‌و ئه‌بێته‌ پاشا، ئێمه‌ش به‌و حه‌کایه‌تانه‌ زۆر دڵخۆش ئه‌بوین چونکه‌ هه‌میشه‌ باسیان له‌ کوڕێکی هه‌تیوی بێ دایك و باوك یان که‌سێکی فه‌قیر که‌ نانی نیه‌ بیخوات یان بێ که‌سێك که‌ ڕێی ئه‌که‌وێته‌ شارێك، ئیتر ئه‌بێته‌ پاشاو له‌نه‌بونی و بێکه‌سی ڕزگاری ئه‌بێت. به‌ڵام ئێسته‌ ئه‌و حه‌کایه‌تانه‌مان لێبوه‌ به‌ڕاست و هه‌ر ڕۆژه‌ ناڕۆژێك به‌ حه‌ول و قودره‌تی خوا یه‌کێك ئه‌بێته‌ کوڕی ناو حه‌کایه‌ته‌که‌و له‌سایه‌ی یه‌کێتی و پارتیه‌وه‌ خێرو بێری دنیای به‌سه‌ردا ئه‌ڕژێت!
به‌ڵام ئه‌و حه‌کایه‌ته‌ ڕاستیانه‌ی ئه‌مڕۆ دڵمان خۆشناکات! چونکه‌ ئه‌و که‌سانه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌چکه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندن، بوده‌ڵه‌، لێنه‌زان، زوڕناژه‌ن و هه‌لپه‌رستن، بازیش ئه‌ده‌ن به‌سه‌ر ده‌یان که‌سی له‌خۆیان شاره‌زاتر و به‌شی ده‌یان که‌سی تریش ئه‌خۆن، جگه‌ له‌وه‌ش به‌هۆی نه‌شاره‌زاییانه‌وه‌ زیانیش به‌ وڵاته‌که‌مان ئه‌گه‌یه‌نن.
له‌م ڕۆژانه‌دا به‌رهه‌م ساڵحی سه‌رۆك وه‌زیرانی وڵاته‌ ته‌زویر چیه‌که‌مان، پله‌ی ئه‌ندازیارێکی میکانیکی به‌ ناوی (به‌رهه‌م ساڵح) گه‌یاندۆته‌ پله‌ی (به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌نفیزی) که‌ ئه‌میش پله‌یه‌که‌ ئه‌دررێت به‌ ئه‌ندازیارێك خزمه‌تی به‌لایه‌ن که‌مه‌وه‌ بیست ساڵێك هه‌بێت و شاره‌زابێت، له‌ کاتێکدا ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ مناڵی دوێنێیه‌و چه‌ند ساڵێك خزمه‌تی هه‌یه‌! به‌مه‌ش هه‌قی ده‌یان ئه‌ندازیاری مسته‌حه‌ق و شاره‌زا فه‌وتاوه‌. هه‌ر ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێش، که‌س نه‌یزانی چۆن به‌هرۆز ساڵحی فه‌قێ ڕه‌شی بوو به‌ پارێزگاری سلێمانی له‌کاتێکدا سه‌دان خه‌ڵکی له‌و به‌ تواناتر و شاره‌زاتر له‌ شاره‌که‌دا هه‌بوو.
ئنجا له‌م زه‌مانه‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نازانیت ده‌ره‌جه‌ی وه‌زیفیه‌و دابه‌ش ئه‌کرێت! بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ په‌یڕه‌وی سه‌ندیکای ئه‌ندازیاران و له‌ هه‌موو بواره‌کانی تریشدا هه‌رهه‌مان باسه‌، ئه‌م پاشاگه‌ردانیه‌ش بۆته‌ مایه‌ی ناڕه‌زایی فه‌رمانبه‌ران.
له‌ زه‌مانی به‌عسدا یه‌ك عوده‌ی هه‌بوو که‌ له‌سه‌ر کورسی زانکۆش دانه‌نیشت و بوه‌ ئه‌ندازیاریش به‌ڵام له‌سایه‌ی حکومه‌تی خۆمانه‌وه‌ ده‌یان دکتۆراو شه‌هاده‌ی ته‌زویر پێشکه‌ش ئه‌کرێت، باشتر وایه‌ ناوی کوردستان بکه‌ین به‌ ته‌زویرستان، چونکه‌ هه‌ر له‌سه‌رۆکه‌که‌مانه‌وه‌ تا بچوك ترین مه‌سئول به‌ته‌زویر پله‌ی‌ وه‌ر‌گرتوه‌. 
 ئه‌ندازیارێك

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە