باشى مەكەن با خراپ نەبێت
Thursday, 03/03/2011, 12:00
ئەندازیارێک
ئاشكرایە ئەندازیاران توێژێكى گرنگى هەموو كۆمەڵگایەكن و ڕۆڵ و كاریگەرى گەورەیان هەیە لەهەموو قۆناغەكانى پێشكەوتن و ئاوەدانكردنەوەى وڵاتدا. هەربۆیە پێویست دەكات كە حكومەت و دەسەڵات باشترین ژیان و گوزەران و مووچە و هەلى كاریان بۆ دابین بكات, وەك هاندان و ڕێزگرتن و پێزانینى ڕۆڵ و كاریگەریان و دیاربوونى جێگە دەستیان لە ئێستا و ئایندەى وڵاتماندا.
ئەوەى لێرەدا مەبەستە, ئەوەیە كە بە داخەوە لەم حكومەت و دەسەڵاتە خۆماڵیەى خۆماندا و لەم زەمانى داهات و بودجە زۆرەى كوردستاندا تازە بە تازە حكومەت بەبێ بەرنامەیى و بە نیەتێكى دوور لە خزمەتكردنى ئەم توێژە گرنگەوە هەوڵ دەدات كە موچە و دەرماڵەى ئەندازیاران بەتایبەتى و سەرجەم فەرمانبەرانیش بەگشتى بخوات و كەم بكاتەوە. بەبیانووى بێ ناوەڕۆكەوە. یان بە ئارەزو و ویست و خواستى ژمارەیەكى كەمى ئەندازیاران بڕیار و یاسا و ڕێساى وەها دەردەكات كە كەمترین ژمارە لە ئەندازیاران سوودمەندببن لەو زیادكردنە و گۆڕانكاریانەدا. هەربۆیە ئەو پەندە كوردیە بەسەر حكومەتى هەرێم و وەزارەتى دارایى و ئابوریدا دەگونجێت كە دەڵێت ((چاكى مەكە با خراپ نەبێت)). چونكە واكەوتۆتەوە هەركاتێك ڕێكخراوێك یان كۆمەڵە و یەكێتیەكى پیشەیى پڕۆژەیەك پێشكەشدەكات بە حكومەت, بەمەبەستى باشتركردنى ژیان و گوزەرانى ئەندامانى, ئەوا حكومەت و وەزەراتى دارایى ڕێنمایى وادەردەكەن كە زیانى زیاتر بێت نەك سوودەكان و دەخوازرێت كە هەر دەسكاریان نەكردایە.
بۆ نموونە لە ڕۆژى 24/1/2011دا هەردوو ڕێكخراوى ((یەكێتى و سەندیكاى)) ئەندازیارانى كوردستان پڕۆژەیەكى هاوبەشیان تایبەت بە دەرماڵەى ئەندازیاران پێشكەش بە حكومەتى هەرێمى كوردستان كرد((پرۆِژە هاوبەشەكە 1)) لە ڕێگەى هەرسێ بەڕێزان وەزیرانى ئاوەدانكردنەوە وكشتوكاڵ و شارەوانیەوە بەسیفەتى ئەوەى ئەندازیارن. بۆ سەرجەم ئەندازیارانى كوردستان بێ جیاوازى. كە گەر پڕۆژەكە وەكو خۆى جێبەجێ ببوایە ئەوە سەرجەم ئەندازیاران لێى سوودمەند دەبوون. بەڵام بەداخەوە سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایى ڕازى نەبوون لەسەر پڕۆژەكە و گەڕاندویانەتەوە بۆ وەزارەتى ئاوەدانكردنەوە و ئەوانیش بێ گەڕانەوە بۆ ((یەكێتى و سەندیكا)) ى ئەندازیاران بەویست و خواستى هەندێ كەس لەو وەزارەتە گۆڕانكاریان لە پڕۆژەكەدا كردوە. بەمەش ژمارەیەكى زۆر كەم لە ئەندازیاران سوودمەند دەبن نەك هەمووان.
هەربۆیە ئەم پڕۆژە گۆڕدراوە((هاوپێچى ژمارە 2)), نابێتە جێگەى دڵخۆشى ئەندازیاران و دەستخۆشى حكومەتیش و هەردوولاش ((یەكێتى و سەندیكا)) ى ئەندازیاران بەتوندى ڕەتیدەكەنەوە و بەهیچ شێوەیەك ڕازى نابن بە و گۆڕانكاریانە.
هەربۆیە حكومەت و وەزارەتى دارایى , ئەركیانە بەتایبەتیش لەم قۆناغەدا چیدى چین و توێژەكانى كۆمەڵگا لە خۆیان نەڕەنجێنن لەبەر خاترى كەمینەیەكى كەم.
بۆیە داواكارین كە حكومەت زیاتر لە ئێستا بەخشندەتر و دەستكراوەتر بێت بۆ ئەندازیاران و سەرجەم فەرمانبەرانیش و چیدى مافى ڕەوایان پێشێل نەكات و هێندەى سەروەت و سامانى ئەم گەل و وڵاتە بەفیڕۆ دەڕوات لەڕێگەى گەندەڵى و ناعەدلەتى لە دابەشكردندا, هیچ كاتێك بەفیڕۆ ناڕوات بە پێدانى چین و توێژەكانى كۆمەڵگاوە.
بەهیواى ئەوەى حكومەت و وەزارەتى دارایى چاوبخشێننەوە بەو بڕیارەیاندا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست