کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قوتابخانەكان بەسەرمنداڵانى هەژارو گەڕەكە شەعبییەكاندا جێمەهێڵن

Sunday, 24/07/2011, 12:00




لەهەموو دنیادا قوتابخانەى ئەهلى لەبرەوسەندندان، لەوێدا لەرووى كوالێتى و زانستەوە بەردەوام لەهەڵكشاندان و بەپلەیەك ئامانج بەرەوپێشبردنى دۆخى خوێندنە، لەكوردستانیشدا رۆژدواى رۆژ قوتابخانەو باخچەى ساوایانى ئەهلى دەكرێنەوە، بەڵام لێرەدا كوالێتى و زانست بەردەوام لەداكشاندایەو ئامانجیش ئەوەندەى بازرگانیكردن وپارە پەیداكردنە بەخوێندن ئەوەندە گرنگیدان نییە بەخەمخواردن لە بارى خوارو ناهەموارى پەروەردە، لە وڵاتانى ئەوروپاو لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا حكومەت نایەت لەسەرحسابى قوتابخانە حكومییەكان قوتابخانەى ئەهلى بكاتەوە، نایەت قوتابخانە دەوڵەتییەكان فەرامۆش بكات و بەسەر منداڵانى هەژارو بێ جلوبەرگدا جێیبێڵێت، لەوێدا هاوشان سیاسەتى پەرەدان بە هەردوو كەرتى حكومى و ئەهلى دەگیرێتەبەر،لەراستیشدا لەزۆربەى وڵاتانى سەرمایەداریدا تەواوى كەرتى پەروەردەیى لە وڵاتدا بۆتە پارە، پارە بدەو بخوێنە، بەڵام خۆ ئێمە وڵاتێكى سەرمایەدارى نین تاكو خوێندن ببێتە پارە؟! راستە كەرتى پەروەردەییمان سەربەدەوڵەتەو دەوڵەت خۆى خەرجى دەكێشێ و ساڵانەش دیارە بودجەیەكى زۆرى بۆ دابین دەكرێت، بەڵام حكومەت چۆن گرنگى بەبوارى پەروەردە دەدات؟ چ سیاسەت و سیستەمێكى بۆبەرەوپێشبردنى واقیعى قوتابخانەكانى كوردستان و بارودۆخى خوێندن بەگشتى هەیە؟ چۆن رەنگڕێژى سیاسەتى پەروەردەیى و لەسەر چ بنەماو فەلسەفەو میتۆدێك ئاراستەى دەكات؟ ئەوەى تا ئێستا تەنانەت دواى گرتنەبەرى سیستەمى نوێش هاتووە كاریگەرییەكى ئەوتۆى لەدروستكردنى پەروەردەیەكى هاوچەرخدا وەك پێویست جێنەهێشتووە، ئەوەتا زەمینەخۆشكردن بۆ قوتابخانەى ئەهلى و پڕكردنیان بە منداڵانى دەوڵەمەندو لەگەڵیدا جێمان لە دروستكردنى ژینگەیەكى پەروەردەیى تەندروست بۆ قوتابخانە حكومییەكان پێمان دەڵێت سیاسەتى پەروەردەیى حكومەت بەم بیركردنەوەیە لە بیناكردنى سیستەمێكى مۆدێرندا كورتدەهێنێ، تاك و خێزانى دەوڵەمەند خۆى ئازادەو مافییەتى بەپارەى خۆى منداڵەكەى بنێرێتە باشترین شوێن، بەڵام ئەو منداڵە نەدارو خێزانە بێ دەرامەتەش مافییانە كوڕو كچەكانیان ئەگەر لەباشترین قوتابخانەش نەبێت لە قوتابخانەیەكى بەماناى وشە قوتابخانەدا بخوێنن، ئەى ئەركى حكومەت نییە حاڵى سەرجەم قوتابخانەكان چاك بكات و هاوشانى ئەم قوتابخانە ئەهلییانەى بكات؟ ژوورێك پەنجا تا شەست قوتابى تێدا بێت، كەموكوڕى لە نەبوونى كتێب و مامۆستا، بچووكى ژوورەكان، بەزستان ساردى و هاوین گەرمى، نەبوونى كەش وژینگەیەكى ئارام، نەبوونى مەرجى تەندروستى ئەمانەو زۆرێكى دیكە، خوێندن بەم جۆرە دەچێتە خانەى برەودانى حكومەت بە بوارى پەروەردەى حكومى؟ خوێندن لەم چەشنە قوتابخانانەدا تەنیا بڕینى قۆناغەكانەو بەس، قوتابى لەم ژینگەیەدا چى فێردەبێت؟ بەپێچەوانەوە قوتابخانە ئەهلییەكان تەواوجودان و زۆربەى پێداویستیی پەروەردەیى سەردەمانەیان بۆفەراهەم كراوە، ئەم دۆخەى ئێستا لەقوتابخانە حكومییەكانیشدا هەیە خۆى پاڵنەرە بۆئەوەى هەركەسێك تۆزێك بارى دارایى باش بێت منداڵەكەى بۆ قوتابخانە ئەهلییەكان ببات و لەگەرەلاوژەو بێسەروبەرى دەریبێنێ، ئەمە نەبەومانایەى لەوێدا ئیدى منداڵ لە رووى پەروەردەو زانست دروست دەكرێت، چونكە لەمانەشدا دنیایەك گرفت هەیەو ئەمانیش بەدەرنین لە كێشە پەروەردەییەكان و ئەو عەقڵییەتەى تێگەیشتنى بۆ پەروەردەى هاوچەرخ لە ئیشكالیەتدایە، حكومەت و وەزارەتى پەروەردە بەرپرسى یەكەمى دانەدواوەى قوتابخانە حكومییەكانن، بەرپرسن لە جێهێشتنى قوتابخانەكان بەسەر منداڵانى هەژاردا، منداڵێكى گەڕەكێكى میللى و سیخناخ بە خەڵكى هەژار تاوانى چییە ژینگەیەكى وەك قوتابخانە ئەهلییەكانى بۆ ناڕەخسێنرێت؟ مەگەر ئەمانەش منداڵ و نەوەى داهاتووى ئەم وڵاتە نین؟!
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە