کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گله‌یی و بێزاریی هه‌ولێریه‌کان له‌ هه‌ڵوێستی سیاسی کاک کۆسره‌ت

Monday, 01/02/2010, 12:00




گومانی تیا نیه‌ کاک کۆسره‌ت سیمبولی خه‌ڵکی هه‌ولیره‌و که‌سێکی قاره‌مان و شۆڕشگێر بووه‌. رۆژگارێک ئه‌و به‌رگری له‌ کوردستان ده‌کرد، گه‌رمای هاوین وه‌ک لوله‌ی تفه‌نگه‌کانی شه‌ڕیان پێده‌کرد هه‌ڵپڕوکێن بوو، شه‌وگارێک ئه‌و و هاوڕێکانی هه‌ڵیانده‌کوتایه‌ سه‌ربه‌عسییه‌کان تفت هه‌ڵدایه‌ ده‌یبه‌ستی و به‌ر زه‌ویی ناکه‌وت. کۆسره‌ت یانی هه‌ڵسانه‌وه‌ی یه‌کێتی له‌دوای 31ی ئاب، کوسره‌ت یانی ره‌مزی قاره‌مانیی و به‌ره‌نگاری به‌رامبه‌ر دوژمنانی کوردستان.

ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش له‌هه‌ولێر بووم، زۆرینه‌ی خه‌ڵکی هه‌ولێر، هه‌روه‌ک چۆن زۆرینه‌ی خه‌ڵکی هه‌رێم له‌ده‌ست ده‌سه‌لاتی ئه‌م دووحیزبه‌و حکومه‌ته‌که‌و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم گله‌یییان هه‌یه‌، بێزاریان هه‌یه‌ توڕه‌ن و به‌شوێن به‌دیلێکدا ده‌گه‌ڕین که‌ له‌هه‌ڵبژاردندا تۆڵه‌ی خۆیان بکه‌نه‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ کاك کۆسره‌ت منیش وه‌ک زۆربه‌ی هه‌ولێریه‌کان خۆشم ده‌وێی به‌ڵام له‌م هه‌ڵوێسته‌ سیاسیه‌تدا به‌قسه‌ی تۆو حیزبه‌که‌ت ناکه‌ین، هه‌رچه‌نده‌ به‌ بڕیاری حکومه‌ته‌کی کاک نێچیر و سه‌رۆکی هه‌رێم کاک مه‌سعود کورده‌کانی تاراوگه‌ له‌ ده‌نگدان بێبه‌شکران، منیش وه‌ک هه‌ولێریه‌ک که‌ ئێستا له‌ئوسترالیا ده‌ژیم ویژدانم قبوڵ ناکات بێده‌نگی هه‌ڵبژێرم و خزم و دۆست و براده‌رو که‌سوکاره‌که‌ی خۆم له‌ مه‌ترسی تێپه‌ڕاندنی ده‌ستوری سه‌قه‌تی کوردستان ده‌رنه‌بڕم و داوا له‌هه‌موولایه‌ک ده‌که‌م که‌ ده‌نگ مه‌ده‌ن به‌لیستی کوردستانی و کاندیده‌که‌ی .

منیش وه‌ک زۆرینه‌ی خه‌ڵکی هه‌ولێر چاوه‌ڕێی موفاجه‌ئه‌یه‌کی سیاسیی و ئازایانه‌ی به‌ڕێزت بووین که‌ بێیته‌ پاڵ لیستی گۆڕان یان لانی که‌م بێده‌نگییت هه‌ڵبژاردایه‌و بانگه‌شه‌ت بۆ خولقێنه‌رانی 31ی ئاب نه‌کردایه‌، بانگه‌شه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ نه‌کردایه‌ که‌ له‌ 1996 شاره‌که‌ی تۆیان ، شاره‌که‌ی منیان ، شاری هه‌موو هه‌ولێریی و هه‌موو خه‌ڵکی هه‌رێمیان ئاوا داگیر نه‌کردایه‌و حوکمی مه‌له‌کی بنه‌ماڵه‌ی بارزانییان تیادا نه‌کردایه‌.

ببووره‌ کاک کۆسره‌ت، وه‌ک هه‌ولێریی ، وه‌ک خه‌ڵکی کوردستان زۆرمان خۆشده‌وێی ، به‌ڵام له‌مه‌یاندا به‌قسه‌ت ناکه‌ین، ده‌نگ ناده‌ین به‌ بارزانی و به‌ تاڵه‌بانی، ده‌نگ ناده‌ین به‌لیستی گه‌نده‌ڵیی، ده‌نگ ناده‌ین به‌ لیستی ئه‌وانه‌ی شاره‌که‌یان ئه‌تک کردین، ده‌نگ ناده‌ین به‌ لیستی بنه‌ماڵه‌کان، ده‌نگ ناده‌ین به‌ ده‌ستورێک که‌ حوکمی مه‌لیکیی بۆ کوردستان بخوازێ، ده‌نگ ناده‌ین به‌و لیسته‌ی که‌ ته‌نها کۆمه‌ڵی بازرگانی چاوچنۆکی گه‌وره‌ی دروست کردوه‌ و زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستانیش له‌ هه‌ژارییدان، ده‌نگ ناده‌ین به‌ لیستی عه‌شیره‌تچییه‌کان ، لیستی تایه‌فه‌چییه‌کان ، لیستی دوو حیزب که‌ بازاڕی کوردستان و ژیانی خه‌ڵکیان قۆرغ کردووه‌ ...

بۆیه‌ کاک کۆسره‌تی خۆشه‌ویست بمانبووره‌ وه‌ک زۆرینه‌ی خه‌ڵکی هه‌ولێر پێده‌تده‌ڵێم ئه‌گه‌ر حکومه‌تی بنه‌ماڵه‌کان و دووحیزبه‌که‌ ساخته‌کاریی و فڕوفێڵ نه‌که‌ن، زۆرینه‌ی ره‌های خه‌ڵکی هه‌ولێر ده‌نگ به‌ لیستی گۆڕان ده‌ده‌ن، ده‌نگ به‌ لیستێک ده‌ده‌ن، که‌ لای که‌می عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئازادیی و حیزب له‌حکومه‌ت جیایی دابین بکات، ده‌نگ به‌ لیستێک ده‌ده‌ین، ، که‌ لیستی خه‌ڵکی ئۆپۆزیسیۆن و بێزاری خه‌ڵکی کوردستان بێ، ده‌نگ به‌کاندیدێک ده‌ده‌ین که‌ سه‌رۆکی راسته‌قینه‌ی هه‌رێم بێت، نه‌ک سه‌رۆکی عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه‌یه‌ک بێت.

بمانبووره‌ کاک کۆسره‌ت، هه‌ر خۆشه‌ویستیی ، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ به‌قسه‌ت ناکه‌ین


 





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە