کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فاروق ره‌فیق.. كوردێكی بێگه‌رد

Monday, 21/03/2011, 12:00


له‌هه‌ر شوێنێك ناوی فاروق ره‌فیق بێت، ئه‌وا بێگومان فه‌لسه‌فه‌ ئاماده‌یه‌و باس باسی عه‌قڵ‌و مه‌نتیقه‌و رۆشنبیر جوانتر به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت. له‌گه‌ڵ فاروق سته‌مكاری دێته‌ له‌رزین. ئه‌گه‌ر ئه‌و هاونیشتیمانییه‌كی كوردیش نه‌بوایه‌ هه‌ر خۆشه‌ویست ده‌بوو، به‌ڵام جیا له‌هه‌موو پێناسه‌كان بۆ هه‌ر كه‌سێك كه‌ ده‌كرێت، ئه‌وا فاروق ره‌فیق لای من یه‌ك پێناسه‌یه‌كی هه‌یه‌ ئه‌ویش (كوردێكی بێگه‌رد)ه‌.
خۆم به‌خۆشحاڵ ده‌زانم له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كم كه‌ بیرمه‌ندێكی وه‌كو فاروقی تێدایه‌، له‌فاروقیش كوردێكی به‌هه‌ڵوێست‌و یه‌كره‌نگ ده‌خوێنمه‌وه‌. منێكی گه‌نج له‌ده‌ڤه‌رێكی فه‌رامۆشكراوی وه‌ك مه‌خمور، بۆ یه‌كه‌مجار له‌رێگه‌ی نووسین ‌و به‌رهه‌مه‌كانی فاروق ره‌فیق ئاشنای دنیای فراوانی فه‌لسه‌فه‌و رۆشنبیری بووم، بۆیه‌ به‌هه‌قێكی ره‌وای ده‌زانم كه‌ لێره‌ به‌وجۆره‌ باسی بكه‌م‌و له‌وه‌ش شانازیتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فاروق له‌نێو ئاپۆرای خه‌ڵك ده‌بینم.. جوانی ئه‌و له‌وه‌دایه‌ كه‌ كه‌سێكی جوان په‌رست‌و مرۆڤ دۆسته‌، به‌ڵگه‌شم بۆ ئه‌و قسه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رچی ماستاوچی‌و به‌عسی‌و خۆفرۆش هه‌ن رقیان له‌و ده‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ك ده‌بینین له‌زۆرێك له‌راگه‌یاندنه‌كانی سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات ‌و ماڵپه‌ره‌كانی ئینته‌رنێت هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر فاروق ره‌فیق، دیاره‌ هۆكاری ئه‌و هێرش كردنه‌ وه‌كو باسمكرد له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ فاروق زۆرچاك ده‌توانێ هه‌موو مه‌رام ‌و بیركردنه‌وه‌كانی ئه‌وان وه‌كو خۆی بخاته‌ڕوو، بێگومان كاتێكیش مرۆڤێك به‌وجۆره‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك هه‌بێت ئه‌وا ئاساییه‌ دژایه‌تی بكرێت.
دیاره‌ ئه‌و شته‌ی وایلێكردم كه‌ زاده‌ی ئه‌و نووسینه‌بوو، بینینی فاروق ره‌فیق بوو له‌نێو خۆپیشاندانه‌كانی شاری سلێمانی، بۆ خۆپیشاندانه‌كانیش چه‌نده‌ گرینگ بوو كه‌ كه‌سێكی وه‌كو فاروق هاوڕاو هاوكارییان بێت، هه‌بوونی فاروق له‌نێو ئاپۆرای سه‌رای ئازادی ‌و ده‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ چه‌ندین نووسه‌رو رووناكبیری كورد دیمه‌نێكی جوان به‌خۆپیشاندانه‌كان نیشان ده‌دات.
لێره‌دا پێمخۆشه‌ باس له‌ دیارده‌یه‌ك بكه‌م كه‌ وه‌كو نوكته‌یه‌كی لێهاتووه‌، لێره‌ له‌هه‌ولێر ئه‌گه‌ر ئێستا كه‌سێك ره‌خنه‌ بگرێ ئه‌وا پێی ده‌ڵێن: "لێمان بووی به‌ فاروق ره‌فیق"، بێگومان فاروق یه‌كه‌م كه‌س نییه‌ له‌نێو كورددا كه‌ ره‌خنه‌ی له‌و بارودۆخ ‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یه‌ گرتبێ، به‌ڵام بۆ ئه‌و ساته‌ مێژووییه‌ی ئێستا ده‌توانم بڵێم هه‌بوونی كه‌سانی وه‌كو فاروق ره‌فیق دیاری قه‌ره‌داخی ‌و مه‌ریوان قانیع و.. هتد، ئاماژه‌یه‌كی زۆر روون و ئاشكرایه‌ كه‌ ره‌وایه‌تییه‌كی زۆر به‌ خۆپیشاندانه‌كان ده‌دات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان له‌و ساته‌ مێژووییه‌ ئاماده‌ییان نه‌بوایه‌ ئه‌وا خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌مان بۆ دروست ده‌بوو ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نووسه‌رو رووناكبیرمان بۆچییه‌ ئه‌گه‌ر له‌كاتێكی گرنگیی وه‌كو ئێستا قسه‌یان نه‌بێت!، هه‌روه‌ك چۆن رووناكبیرێكی وه‌كو به‌ختیار عه‌لی هه‌رزوو دركی به‌ئاماده‌گیی خۆی كردو له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ كه‌ له‌نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان بژیت، بێگومان ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێ كه‌ ئه‌وان بێ جه‌ماوه‌رو ئه‌و خه‌ڵكه‌ شتێك نین كه‌ باس بكرێن .
له‌كۆتاییدا پێمخۆشه‌ ئاماژه‌یه‌كی كورت به‌ هه‌ڵوێسته‌كانی فاروق ره‌فیق بكه‌م، له‌ ساتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كوردستان تا ئه‌مڕۆ، ئه‌و وه‌كو هه‌ر نووسه‌رو رووناكبیرێك سه‌ره‌تا پێویستی به‌وه‌ هه‌بوو كه‌ كار بكات بۆ خۆپێناساندنی خودی خۆی به‌نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات و دواتریش فۆرمه‌له‌كردنی بۆچوون و خوێندنه‌وه‌ تایبه‌تییه‌كانی خۆی بۆ ئه‌و بارودۆخ و واقیعه‌ی كوردستان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر مرۆڤ ده‌ناسێنێ و ئاسانتر ده‌چێته‌ نێو هزرو بیری خه‌ڵكه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵوێستی خۆی به‌ روون و ئاشكرایی بخاته‌ڕوو، ئێمه‌ له‌وڵاتێك ده‌ژین زۆربه‌ی سیاسییه‌كان و بگره‌ زۆرێك له‌ نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس و هونه‌رمه‌نده‌كانیش رووی راسته‌قینه‌ی خۆیان شتێكه‌و ناوه‌ڕۆك شتێكه‌و ده‌ربڕینه‌كانیانیش شتێكی دیكه‌یه‌!. ئێمه‌ی هاونیشتیمانی كوردستانیش پێویستیمان به‌ كه‌سانێكه‌ ئه‌گه‌ر له‌هه‌ر بوارێكدابێت ئه‌وا رووی راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌ربخات و هه‌ڵوێستی ئاشكرای هه‌بێت. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین كه‌ ئه‌و مرۆڤانه‌ی له‌ساته‌وه‌ختی گونجاو هه‌ڵوێستی روونیان ده‌بێت ئه‌وا بێگومان ناویان زۆرتر ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌بنه‌ ره‌مزو نیشانه‌ له‌پاداشتی هه‌ڵویسته‌كانیان. ئه‌گه‌ریش له‌م روانگه‌یه‌وه‌ بڕوانینه‌ كه‌سێكی وه‌كو فاروق ره‌فیق ئه‌وا بمانه‌وێ‌و نه‌مانه‌وێ ئه‌و بوه‌ته‌ یه‌كێك له‌رووناكبیره‌ دیاره‌كانی كورد كه‌ له‌ساتێكی مێژوویی ئاماده‌گیی وه‌كو پێویست هه‌بووه‌، ئه‌مه‌ش وامان لێ ده‌كات كه‌ پێناسه‌ی بكه‌ین به‌كوردێكی بێگه‌رد.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە