بانگەوازێک بارودۆخى کوردستان پێویستى بە هەڵوێستى نەتەوەى و خەباتى جەماوەرییە

Saturday, 16/10/2010, 12:00


بەهۆى هەستکردن بە بەرپرسیارى مێژووى و نەتەوەى و بە هۆى ئەو بارودۆخە سیاسییەى ئێستا لە باکور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایى کوردستان هاتۆتە ئارا و ئەو سیاسەتەى بۆ لە ناوبردن و تواندنەوەى کورد لەو سێ بەشانەى کوردستان پەیڕەو دەکرێ کە هەست بە بونى شەڕ و کوشتار دەکرێ و وەکو هەوڵێک بۆ ڕێگرتن لە هەر پێکدادان و خوێنڕشتنێکى نوێ لە ناوچەکە، بە تایبەتیش لە دواى بڕیارەکەى پارلەمانى تورکیا کە ڕێگەى داوە بە سوپایى وڵاتەکەى بۆ ماوەیى یەک ساڵى تریش ئۆپەڕاسۆن و لەشکرکێشى بۆ سەر باشوورى کوردستان ئەنجام بدات.
ژمارەیەک لە مامۆستایانى زانکۆکانى باشورى کوردستان و پارلەمانتار و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان، لە شارى سلێمانى کۆبوونەوە و لە دوایى تاتوێ کردنى پێشهات و ئەگەرەکان و ڕووداوەکانى ڕابردوو، کە ئەوەیان سەلماندووە هیچ لایەک لە شەڕ و کوشتارەکاندا سەرکەوتوو نەبووە و هیچ لایەکیش نەیتوانیوە لایەنى بەرامبەر لە ناوببات، بۆیە ئێمە ڕێگەى ئاشتى و پێکەوە ژیان بە باشترین چارەسەر دەزانین و پێویستە داگیرکەرانى کوردستانیش دان بەوڕاستیەدا بنێن کە بە شەڕ و لە ناوبردن و ئینکارى کردن کێشەى کورد لە تورکیا و ئێران و سوریا چارەسەر ناکرێ و پێویستە دان بەمافەڕەواکانى کورد دا بنرێ و لەسەر بنەمایى پێکەوە ژیانى ئاشتیانەش کێشەى کورد لەو بەشانەى کوردستان چارەسەرى بۆ بدۆزرێتەوە.
دواى تاوتوێ کردنى بارودۆخەکە لە گشت ڕوویەکەوە ئامادەبوانى کۆبوونەوەکە، بە هەستکردن بەرپرسیارێتى نەتەوایەتى، بە پێویست زانرا ئەم خاڵانەى خوارەوە بۆ ڕایى گشتى بڵاو بکرێنەوە:
1- هەوڵى جدى بدرێ بۆ ئامادەکردنى ڕایى گشتى لە باشوورى کوردستان بۆ پشگیرى کردنى خەباتى نەتەوەیى کورد لە باکور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایى کوردستان و دۆزینەوەى چارەسەرى گونجاو و ئاشتیانە لە سەر ئاستى هەرێمى و نێو دەوڵەتى و دروستکردنى فشار لە سەر حکومەت و پارلەمانى ئەو وڵاتانە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کورد بە ئاشتیانە.
2- پێمان وایە پێویستە دەزگاکانى ڕاگەیاندن لە باشورى کوردستان زیاتر ڕۆڵى نەتەوەیى خۆیان ببینن، بۆیە داوا لە گشت دامودەزگاکانى ڕاگەیاندن لە هەرێمى کوردستان دەکەین بە شێوەیەکى بەرفراوانتر باسى دۆزى کورد لە بەشەکانى ترى کوردستان بکەن و پێکەوە هەولڕ بدەین هەموومان بەشێک بین لە چارەسەرى ئاشتیانەى دۆزى کورد لە تورکیا و ئێران و سوریا.
3- پشگیرى لەوە دەکەین کە کۆنفرانسى (KNK) (کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان) لە باشوورى کوردستان ببەسترێ بۆ باسکردنى پڕۆژەى ئاشتیانەى چارەسەرى کێشەى کورد لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.
4- داوا لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەندى بەغدا دەکەین هەولڕ بدەن بۆ هەڵوەشاندنەوەى گشت ئەو پەیمانانەى پێشتر لە نێوان حکومەتى عێراق و حکومەتى تورکیا دا ئیمزاکراون بۆ سنوور بەزاندنى یەکترى بۆ لێدانى بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد.
5- داوا لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەندى بەغدا دەکەین هەولڕ بدەن بە ڕێگەى ناوەندە نێودەوڵەتییەکان ڕێگە لە هاتنەناوەوەى سوپایى تورکیا بۆ ناو خاکى هەرێمى کوردستان بگرن.
6- داوا لە حیزبە کوردستانیەکانیش دەکەین سیاسەتى دەرەوەیان یەک بخەن و هەڵوێستێکى یەکگرتوویان هەبێت بۆ چارەسەرى ئاشتیانەى کێشەى کورد و بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەى و کوردستان بخەنە پێش گشت بەرژەوەندییەکیان.
7- داوا دەکەین هەوڵى جدى بدرێ بۆ ڕێگرى کردن لە هەوڵى داخستنى (ROJ TV) کە دەنگى زوڵالى کوردانە.

کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنووسان و مامۆستایانى زانکۆ و ڕۆشنبیران و پارلەمانتاران
سلێمانى 15/10/2010


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە