بارزانی و تاڵەبانی وەک خۆیان بناسین
Monday, 22/04/2013, 12:00
له ساڵی ١٩٤٣ تا ١٩٤٥ به سه‌رکردایه‌تی مەلامستهفا بارزانی، جه‌ماوه‌ری ناوچه‌ی بادینانی باشوری کوردستان له دژی داگیرکه‌ری ئێڕاق شه‌ڕیان کرد. ئه‌و شه‌ڕه به‌شکستی بارزانیه‌کان کۆتایهات و ناچار ڕویان کرده شاری مەهاباد که ئه‌وکات کۆماری کوردستان له‌و ناوچه‌یه ده‌سته‌ڵاتدار بو. پاش ڕوخانی کۆماری مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦ تا ١٩٦١ مسته‌فا بارزانی لە ڕوسیە نیشتەجێ بوو.
لە ساڵی ١٩٦١ مسته‌فا بارزانی بە هاوکاریی و پلانی دەوڵەتی ڕوسیە گەڕایەوە ئێڕاق و له ١١/٩/١٩٦١ بە پشتگیری خه‌ڵکی باشوری کوردستان له دژی ده‌سته‌ڵاتی "عه‌بدول که‌ریم قاسم" ڕاپه‌ڕی و زۆربەی ناوچەکانی باشوری کوردستانی ئازادکرد. له‌و کاته‌دا عه‌بدول که‌ریم قاسم له ناچاری یاسایه‌کی دانا که تێیدا باسی له دروستکردنی ده‌سته‌ڵاتێکی هاوبه‌شی کورد و عه‌ڕه‌ب کردبو. به‌ڵام دوای ئارام بونه‌وه‌ی بارودۆخه‌که، عه‌بدول که‌ریم قاسم خۆی له دژی کوردان شه‌ڕی ڕاگه‌یاند. کورده‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه له ساڵی ١٩٦١ تا ١٩٧١ له دژی ئێڕاق شه‌ڕێکی قورس و دژواریان کرد. چه‌ند جارێک نوێنه‌رانی کورد و ده‌سته‌ڵاتی ئێڕاق چاوپێکه‌وتنیان کرد و ئاگربه‌ستیان ڕاگه‌یاند. له ١١/٣/١٩٧٠ نوێنه‌رانی کورد و ده‌سته‌ڵاتی ئێڕاق له سه‌ر ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان ڕێککه‌وتن و تا ساڵی١٩٧٤ چه‌ند نوێنه‌ری کوردستانی ئۆتۆنۆم له پاڕلمانی ئێڕاق نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی باشوری کوردستانیان ده‌کرد.
شایەنی باسه که لایه‌نه‌کانی ڕێککه‌وتننامه‌ی ئۆتۆنۆمی له سه‌ر ناوچه‌ی که‌رکوک ناکۆکیان هه‌بو. ده‌سته‌ڵاتی ئۆتۆنۆمی کوردستان داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوکی ده‌کرد بۆ سه‌ر کوردستان، به‌ڵام ده‌سته‌ڵاتی ئێڕاق ئه‌و داخوازیه‌ی په‌سه‌ند نه‌دەکرد. سه‌رئه‌نجام له ساڵی ١٩٧٥ ده‌سته‌ڵاتی ئێران و ئێڕاق په‌یمانی ئه‌لجه‌زایریان واژۆکرد و به‌م جۆره ئۆتۆنۆمی باشوری کوردستان به‌تاڵکرا.
له ساڵی ١٩٦٨ تا ١٩٧٥ محه‌ممه‌د ڕه‌زاشای ئێران هاوکاریی شۆڕشی بارزانی کرد. به دوای واژۆکردنی په‌یمانی ئه‌لجه‌زایر، شای ئێران بارزانی بانگکرد بۆ تاران و ئاشبه‌تاڵ(خۆدۆڕاندن)ی به سه‌ردا سه‌پاند.
شۆڕشی ئه‌و کات ئه‌گه‌رچی زیاتر له سه‌دهه‌زار پێشمه‌رگه‌ی هه‌بو، به‌ڵام به بیستنی کۆتایهێنان بە شۆڕش له زمانی خودی مسته‌فا بارزانییه‌وه، وره‌ی خه‌ڵکی دابه‌زی و ته‌نانه‌ت پێشمه‌رگه‌یەکی زۆر لە داخی ئاشبەتاڵی بارزانی خۆکوژیان کرد. ئه‌و پێشمه‌رگانەی که به‌ناچاری گەڕانەوە ناو ده‌سته‌ڵاتی ئێراق له لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی ئێراقی له پێش چاوی خه‌ڵک سوکایه‌تی زۆریان پێکرا.
به هۆی کێشه‌ی ده‌سته‌ڵات و ته‌کڕه‌وی مەلا مسته‌فا بارزانی له ساڵی ١٩٦٦ ده‌سته‌یه‌ک به سه‌رکردایه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانی و برایم ئه‌حمه‌د له پارتی دێموکڕاتی کوردستان هه‌ڵبڕان و چونه ناو ده‌سته‌ڵاتی ئێڕاق و بونه چه‌کداری ده‌سته‌ڵات. پاشان جه‌لال تاڵه‌بانی و لایەنگرانی کە به "جه‌لالی" ناسرابون، شانبه‌شانی ده‌سته‌ڵاتی ئێڕاق له دژی شۆڕشی کوردەکان شه‌ڕیان کرد.
پاش ئەوەی مەلامستەفا بارزانی ئاشبه‌تاڵی شۆڕشی ڕاگەیاند، ده‌سته‌ڵاتی ئێڕاق پێویستی به جه‌لالیه‌کان نه‌ما و هه‌ر بۆیه جه‌لالیه‌کان له ترسی دەستەڵاتی ئێڕاق ڕایان کرد و له ساڵی ١٩٧٥ "یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردسان"یان دامه‌زراند.
مسته‌فا بارزانی ئه‌گه‌رچی ده‌ورێکی چالاکی هه‌بو له ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌و شۆڕشه، به‌ڵام داروده‌سته‌ی بارزانی له سه‌ر جوتیاران و هه‌ژارانی کوردستان زۆر به زه‌بروزه‌نگ بون و نوێنه‌رایه‌تی زۆردارانیان ده‌کرد.
بارزانی به سه‌ربڕین و ڕادەستکردنەوەی شۆڕشگێڕانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌ک سوله‌یمان موعینی، ساڵح لاجانی و ده‌یان که‌سی تر به شای ئێران و کوشتنی دوکتۆر شوان (سه‌عید قرمزی توپراز) و سه‌عید ئه‌ڵچی له شۆڕشگێڕانی باکوری کوردستان، خزمه‌تی به‌ره‌ی داگیرکه‌رانی کوردستانی ده‌کرد.
ئه‌و دو شۆڕشگێڕه له سیاسه‌تمه‌دارانی به‌توانای باکوری کوردستان بون که به هانای شۆڕشی باشوری کوردستان هاتبون، به‌ڵام له ساڵی ١٩٧٤ له پیلانێکدا بە بڕیاری مسته‌فا بارزانی کوژران.
له‌م براکوژیهدا شه‌وێک بارزانیه‌کان به زه‌بر وزه‌نگ سه‌عید ئه‌لچی ناچار ده‌که‌ن که له خه‌ودا دوکتۆر شوانی هاوڕیی بکوژێ و شه‌وه‌که‌ی تر خۆیان سه‌عید ئه‌ڵچی ده‌کوژن.
دوای ڕاگه‌یاندنی ئاشبه‌تاڵ، مسته‌فا بارزانی و بنه‌ماڵه‌کەی و لایەنگرانی کە بە "مەلایی" ناسرابون، له شاری که‌ره‌جی ئێران خانه‌نشینکران. پاشان مسته‌فا بارزانی له تاران ڕا ڕه‌وانه‌ی ئه‌مریکا کرا و له ١/٣/١٩٧٩ بە نەخۆشی شێرپه‌نجه مرد.
مسته‌فا بارزانی
جێگای زانینە لە ساڵی ١٩٧٨ بە فەرمانی مەسعود بارزانی و هاوکاریی سوپای تورکیە ٧٠٠ کەس لە پێشمەرگەکانی یەکیەتی نیشتمانی کە لە ترسی ده‌سته‌ڵاتی ئێڕاق ئاوارەی چیاکانی حەککاری باکوری کوردستان ببون لە شەڕێکی خەیانەتکارانەدا کۆمەڵکوژکران. عەلی عەسکەری یەکێک لە سەرکردەکانی پارتی دێموکڕاتی کوردستان و پاشان یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بو، پاش بەدیلگیرانی بە دەستی بارزانیەکان کوژرا.
ده‌سته‌ڵاتی ئێڕاق له دوا ڕۆژه‌کانی هاوینی ساڵی١٩٩٠ وڵاتی کوه‌یتی بێته‌قه داگیرکرد. پاشان ده‌سته‌ڵاته‌کانی جیهان له ژێر ناوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان و به‌ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مریکا له دژی ئێڕاق بڕیاری شه‌ڕیان دا. دیاره شه‌ڕه‌که له به‌ر خۆشه‌ویستی و پارێزگاری له مافی مرۆڤی گه‌لی کوەیت نه‌بو به‌ڵکو بۆ خۆشه‌ویستی نه‌وت و گرتنه ده‌ستی ده‌سته‌ڵات له ناوچه‌که‌دا بو. به‌م شێوه‌یه له ١٧/١/١٩٩١ هێرشکرایه سه‌ر ئێڕاق و شه‌ڕه‌که تا ٢٨/٢/١٩٩١ی خایاند. ده‌سته‌ڵاتی ئێڕاق پاش ٤١ ڕۆژ به زیاتر له سه‌دهه‌زار کوژراو و سه‌دان هه‌زار په‌ککه‌وتو و برینداره‌وه، تێکشکا و پاشه‌کشه‌ی کرد و کوه‌یتی به‌جێهێشت.
له باشوری کوردستان ئه‌وکاته دەستەڵاتی ئێڕاق زۆر لاواز بو، بۆیه گه‌لی کورد به‌ده‌رفه‌تی زانی و له ڕۆژی ٥/٣/١٩٩١ سه‌ره‌تا له شاری ڕانیه و پاشانیش له گشت باشوری کوردستان له دژی داگیرکه‌ری ئێڕاق ڕاپه‌ڕین و له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا گشت باشوری کوردستانیان ئازادکرد. له نه‌ورۆزی ١٩٩١ شاری که‌رکوک له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کوردەوە ئازادکرا.
گه‌لی باشوری کوردستان پێیان وابو که چۆن ئه‌مریکا و نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان گه‌لی کوه‌یتیان له دژی هێرشی سه‌ددام حوسێن پاراست، ئاواش ئه‌وان ده‌پارێزن و پشتگیریان لێده‌که‌ن. به‌ڵام نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان ڕاپه‌ڕینی گه‌لی کوردی لە بەرژەوەندی خۆی نەزانی و ترسی هه‌بو که ده‌سته‌ڵاتی سه‌ربخۆی کوردستان دروست بێت، هه‌ر بۆیه مۆڵه‌تیان به ده‌سته‌ڵاتی ئێڕاقدا که هێرش بکاته سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان.
ده‌سته‌ڵاتی ئێڕاق له ڕاگهیاندنەکانیدا هه‌ڕه‌شه‌ی کیمیابارانی گه‌لی کوردی کرد و پاشان له پێش چاوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان له ١٥/٤/١٩٩١ به فڕۆکه جه‌نگیه‌کانی که فڕینیان له لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کانه‌وه له باشوری کوردستان قه‌ده‌غه‌کرابو، شاره‌کانی باشوری کوردستانی بۆمبارانکرد و زیاتر له ده‌هه‌زار کوردی له‌و هێرشه‌دا کوشت. ده‌سته‌ڵاتی ئێڕاق له‌و هێرشه‌دا ناوچه‌کانی که‌رکوک و موسڵی داگیرکرده‌وه. کورده‌کان له ترسی کیمیاباران ڕویان له ڕۆژهه‌ڵات و باکوری کوردستان کرد. له‌م کۆڕەوە زیاتر له دو ملیۆن کورد ئاواره‌ی به‌شه‌کانی تری کوردستان بون. ده‌سته‌ڵاته‌کانی تورکیه و ئێران سنوره‌کانیان به ڕوی ئاواره‌کاندا داخست و سه‌رتا نه‌یانهێشت که‌س به‌م سنورانه‌دا تێپه‌ڕبێت. بۆیه خه‌ڵکێکی زۆر له برسان مردن و له سه‌رمان ڕەقههڵاتن. ته‌نانه‌ت ژاندرمه‌ری ئێران له سنوری تەمەرچیانی نزیک شاری پیرانشار، هێرشی کرده سه‌ر خه‌ڵک و بە ده‌یان که‌سیان کوشت و بریندارکرد. ژاندرمه‌ری تورکیه‌ش له شاره‌کانی سڵوپی و شه‌مزینان، ئاواره‌کانی کوردیان دایە به‌ر ده‌ستڕێژی گوللە و به‌ده‌یان که‌سیان کوشت و بریندارکرد. لەم کۆڕەوە دا بە سەدان کەس به مین گیانیان له ده‌ستدا و په‌ککه‌وته بون.
پاشان نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان هێڵی قه‌ده‌غه‌ی فڕێنی ٣٦ پله‌یان بۆ ده‌سته‌ڵاتی ئێڕاق دیاریکرد تا فڕۆکەکانی نەتوانن له ناوچه‌کانی هه‌ولێر و ده‌هۆک و سلێمانی بفڕن و هاوکات ئه‌و ناوچانه‌ی باشوری کوردستان له ژێر چاوه‌دێری نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان دا مانه‌وه. هێڵی ٣٦ پله ناوچه‌کانی که‌رکوک و موسڵی له خۆی نه‌ده‌گرت و به‌م شێوه‌یه سێ یه‌کی خاکی باشوری کوردستان له ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئێڕاق مایه‌وه.
کاتی ڕاپه‌ڕینه‌که سه‌رکرده‌ی ڕێکخراوەکانی باشوری کوردستان له ئێران ده‌ژیان و پاش ئازاد بونی باشور، گه‌ڕانه‌وه سه‌ر حازری و چون یه‌کسه‌ر ڕومه‌تی سه‌ددام حوسێنیان ماچکرد و ده‌ستکه‌وته‌کانی ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌یان ناشیاوانە فرۆشت.
پاشان پاڕله‌مانێکی هاوبه‌شیان پێکهێنا که ته‌نیا نوێنه‌ری هێندێک له ڕێکخراوه کورده‌کانی تێدا بو. له سه‌ر کێشه‌ی ده‌سته‌ڵاتی چه‌وتی ڕێکخراوەیی پاڕلمانهکه سه‌ری نه‌گرت و جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانی کردیانه شه‌ڕی براکوژی وزیاتر له ده‌هه‌زار کوردیان به‌ده‌ستی یه‌کتر به‌کوشت دا. پاش ٤ ساڵ شه‌ڕی براکوژی، بارزانی و تاڵه‌بانی ئه‌م به‌شه‌ی کوردستانیان کرده دو پارچه و هه‌ریه‌که‌ی پاڕله‌مانی خۆی دروستکرد. تاڵه‌بانی به هاوکاریی ده‌سته‌ڵاتی ئێران له سلێمانی و بارزانی به هاوکاریی ده‌سته‌ڵاتی ئێڕاق له هه‌ولێر ده‌سته‌ڵاتی خۆیان دروستکرد.
ئاشکرایه نه‌مانی سێبه‌ری شومی داگیرکه‌ر له کوردستان جێگه‌ی خۆشحاڵی و شانازی هه‌ر کوردێکی تینوی ئازادی کوردستان بوه و هه‌یه، به‌ڵام شه‌ڕی ناوخۆیی زیانێکی زۆری براکوژی و کۆچڕه‌وی هه‌نده‌رانی بۆ گه‌لی کورد به‌دواوه بو و مێژوی ئه‌و حیزبه به ناو کوردانه‌ی که ساڵه‌هایه زۆربه‌ی یاساکانی ده‌سته‌ڵاتی ئێڕاق له کوردستان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، ڕهشترکرد. پارتی دێموکڕاتی کوردستان به‌ڕێبه‌رایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان به ڕێبه‌رایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی، باشوری کوردستانیان کرده مه‌یدانی سیخوڕیی و چه‌ته‌گه‌ریی ده‌سته‌ڵاته‌کانی داگیرکه‌ری کوردستان. هه‌ر جارە سوپای داگیرکه‌رێکی کوردستان به‌م به‌شه‌ی کوردستاندا تێده‌په‌ڕێت و بنه‌که‌ی خۆی لێدا ده‌مه‌زرێنێت. ته‌نیا ئه‌رته‌شی کوردستان مافی هه‌بون و مانه‌وه‌ی له باشوری کوردستان نیه، ئه‌گینا داگیرکەران لە پێکهێنان و مۆڵدانی سوپا و سیخوڕی خۆیان له کوردستاندا سه‌ربه‌ستن. بۆ وێنە لە ٣١/٨/١٩٩٦ (٣١ ئاب) دا پاش ئەوەی پارتی دێموکڕاتی کوردستان زانی لە گەڵ یەکیەتی نیشتمانی کوردستان هەڵناکات و جێگای لە هەولێردانیە، داوای لە ئەنفالچیەکانی سوپای ئێڕاق و سەددام حوسێن کرد کە بە تانگ و سوپایەکەی لە هێرشکردنە سەر هەولێردا یارمەتیان بکات. لە ئاکام ئەو خەیانەتەی مەسعود بارزانی دا سەدان ڕۆڵەی کورد کوژران و ناوچه‌کانی هەولێر و سلێمانیش کەوتنە ژێردەستی سوپای ئێراق و بارزانیەکان. یەکیەتی نیشتمانی کوردستانیش لە خەیانەت دوری نەکرد و ناوچەی سلێمانی بە هاوکاریی سپای ئێران لە دەست پارتی دێموکڕاتی کوردستان دەرهێناو پڕیکرد لە سیخوڕی ئێران.
جێگای سه‌رسوڕمانه که زیاتر لە ٢٠ ساڵه بنه‌ماڵه‌کانی بارزانی و تاڵه‌بانی به داروده‌سته‌کانیانه‌وه سه‌رمایه‌ی خه‌ڵکی کوردستان به‌تاڵان ده‌به‌ن، به بێ ئه‌وه‌ی که باکیان له لێپرسینه‌وه هه‌بێت. به‌جیاتی سه‌روسامان دان به کوردستان، ڕکهبهرهکی ده‌که‌ن له دراو گواستنه‌وه بۆ بانکه‌کانی داگیرکه‌رانی کوردستان و بانکه‌کانی تری جهان. باشوری کوردستانیان کردۆته مۆڵگه‌ی ئیسلامیه ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌کانی تورک، فارس و عه‌ڕه‌ب. داگیرکه‌ران به‌ناوی ئاینی، فه‌رهه‌نگی، زانستی، سه‌ربازی و بازرگانیه‌وه ده‌یان بنکه‌ی سیخوڕیی و میشکشۆریان بۆ گه‌نجانی کورد کردۆته‌وه. داگیرکه‌ران به‌ناوی خوێندنی زانکۆیی ده‌وره‌ی تایبه‌تی به منداڵه‌کانی به‌رپرسیارانی کورد ده‌ده‌ن که نه‌وه‌ی دواڕۆژ و به‌رپرسیاره‌کانی دواڕۆژ زۆربه‌یان سیخوڕی تورک و ئێران و ئێڕاق بن. دوڕێکخراوی ده‌سته‌ڵاتداری باشوری کوردستان "پ‌د‌ک و ینک"یش به‌شی ده‌یان پشتیان دراو ڕاگوێستی ههندهرانکردوه که نهتیژهکانیشیان له داهاتی دزی ده‌ستی ئه‌وان به‌هره‌مه‌ند ده‌بن.
جێگای زانینه که ئه‌و پاڕله‌مان و ده‌سته‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستانه‌ی که له باشوری کوردستان دامه‌زرێندراوه و پارتی و یەکیەتی به‌ڕێوه‌یده‌به‌ن ته‌نیا بۆ چاوپۆشی خه‌ڵک و به یاسایکردنی خۆیان و یاساکانیان به سه‌ر کوردستاندایه. ئه‌گه‌ر گه‌لی کورد بۆخۆی ده‌سته‌ڵاتێکی کوردستانی به‌ده‌ر له پارتی و یه‌کیه‌تی دامه‌زرێنێت، ئەم دو ڕێکخراوە هه‌روه‌ک له مێژویاندا نیشانیانداوه، ده‌بنه داروده‌سته‌ی هه‌مو داگیرکه‌رانی کوردستان بۆ تێکدان و ڕوخاندنی وه‌ها ده‌سته‌ڵاتێک، ئه‌گه‌رچی ده‌سته‌ڵاته‌که هه‌ڵبژارده‌ی خه‌ڵک بێت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی نیشتیمانیش زۆر باشتر له پارتی و یەکیەتی بپارێزێت.
تێبینی: بۆ خوێندنەوەی زیاتری ئەم بابەتە بە زاراوەکانی سۆرانی و کرمانجی سەیری ئەم پەڕتوکانەی خوارەوە بکە لە کتێبخانەی کوردستانپۆست:
ناسنامەی کوردستان
Nasname ya Kurdistan
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست