لەهەڵەبجە ئابڕووى محكەمەشیان برد

Friday, 18/06/2010, 12:00



لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا دادگاى كەتنى هەڵەبجە دوو بڕیارى دژبەیەك دەردەكات حاكم تەها عومەر دادوەرى دادگاى كەتن باس لەوەدەكات كەدەرچوونى ئەودوو بڕیارە دژبەیەكە كاریكى ئاساییەو ئەوكەسانەى ناڕازین لەبڕیارەكانى دادگا دەتوانن لەدادگاى تەممیز داواى پێاچونەوەى داواكانیان بكەن، لەماوەى ڕأبردوودا لوقمان عبدالقادرى سەرۆكى كۆمەڵەى قوربانیانى كیمیاباران كەتۆمەتبارە بەئەنجامدانى گەندەڵی و سودوەرگرتنى ناڕەوا لەپۆستەكەى داوایەكى یاسایی لەدژى ژمارەیەك لەكەسوكارى شەهیدانى كیمیاباران و ڕۆژنامەنوس هاوكارمحمود تۆماركرد، هەریەكە لەهاوكارى ڕۆژنامەنوس و كەسوكارى شەهیدان تۆمەتی ئەوەیان خستوەتە پاڵ لوقمان كەگوایە لەناردنەدەرەوەى بریندارانى كیمیاباراندا سەرۆكى كۆمەڵە كەسوكارەكەى خۆى دەخاتە پێش بریندارانى دیكەى كیمیابارانەوە، هاوكارى ڕۆژنامەنوس لەڕاپۆرتێكیدا باسی لەوەكردووە كەتەنها لەیەك وەجبەى برینداراندا كەڕەوانەى دەرەوە كراون 7كەس لەخوشك و ئامۆزا و پورزاكانى لوقمان نێردراونەتە دەرەوە، ژمارەیەك لەكەسوكارى شەهیدانیش لەیاداشتێكدا كەئاراستەى كەناڵەكانى ڕاگەیاندیان كردبوو هەمان تۆمەتیان خستوەتە پاڵ لوقمان عبدالقادرى سەرۆكى كۆمەڵە، هەربۆیە لوقمان تۆمەتەكەى ڕەتكردەوەو لەدادگاى هەڵەبجە دووسكاڵاى یاسایی لەدژى هەردوولایان تۆماركرد، بەپێی ئەو زانیاریانەى دەستمان كەوتووە سكاڵاى یەكەمیان لەدژى ڕۆژنامەنوس هاوكار محمود بووەو دۆسێكەیش خراوەتە بەردەم تەها عومەر دادوەرى دادگاى كەتن، سكاڵاى دووەمیش كەلەدى كەسوكارى شەهیدان بووە خراوەتە بەردەست دادوەر كەمال رەشید، بەڵام لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا لقی 12ى پارتى دیموكراتى كوردستان بەشێوەیەكى چڕوپڕ دەستى خستوەتە ناو دادگاى هەڵەبجەو لەڕێگەى پاداشتێكەوە داوایان لەدادوەر تەها عومەر كردووە سزاى توند بەسەر هاوكارى ڕۆژنامەنوسدا بسەپێنێت، هەربۆیە لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا دادوەر تەها عومەر سزاى 90هەزار غەرامەى بەسەر هاوكاردا سەپاند، بەڵام هەر لەژوورەكەى تەنیشتى ئەو دادوەرەدا حوكمێكى جیاوازتر بۆ سكاڵاى دووەم دەرچوو، داوەر كەمال ڕەشید بڕیاریدا بەسەپاندنى تۆمەتەكان بەسەر لوقمان عبدالقادر، بەمشێوەیەش تەنها لەماوەى دوو ڕۆژدا دوو بڕیارى جیاواز بۆ سكاڵایەكى هاوبەش لەدادگاى هەڵەبجە دەرچوو، ئێمە لێرەدا نامانەوێت باس لەوەبكەین كەئەم حاڵەتە حاڵەتێكى دەگمەن و ناوازە بووە، بەڵكو ئەوەى مایەى نیگەرانییە دادوەرێكى دادگاى شارێكى وەك هەڵەبجە لەپێناو لەوەڕى چەند ڕۆژێكیدا حوكمێكى ناعادیلانە بەسەر لاوێكى ڕۆژنامەنوسدا دەسەپێنێت، ئەى ئایا ئەگەر كەسانى پیاوكوژ و مافیاكانى دەسەڵات بدرێنە دادگا خەڵكى داماو و ڕەش و ڕووت چۆن بتوانێت داواى مافی خۆى لەدادگایەكدا بكات كە دادوەرى دادگاكە لەپێناو پارەو ئافەرینێكى شەرمهێنەردا بڕیاری دروست دەربكات، برادەرێكى پارێزەرم كەلەشارى هەولێر دادەنیشتێت باسی لەوەكرد كە تەها عومەرى دادوەر لەماوەى ڕأبردوودا لەڕێگەى چەند بەرپرسێكى نابەرپرس و مشەخۆرەوە بڕوانامەى دكتۆراى بۆ دروستكراوەو دەست بەجێش ڕەوانەى شارى هەڵەبجە كراوە، ئایا بەپێی چ یاسایەك لەدوو ڕۆژدا دوو بڕیارى جیاواز بۆ سكاڵایەكى هاوبەش دەردەكرێت، ئایا دادوەرێك لەماوەى سێ ڕۆژدا چەندجارێك لەگەڵ بەرپرسێكى لقی 12ى پارتیدا گفتوگۆبكات و دواتر بەپیلانى لق بڕیارێكى ناجوامێرانە لەدژى ڕۆژنامەنوسێك دەربكات، دەبێت خەڵكى هەلەبجە چاوەڕێى چی لەپوش پیاوێكى لەمجۆرە بكات؟ دەبێت خەڵكى هەڵەبجەو كەسوكارى شەهیدان چاوەڕوانى چی لەمجۆرە پیاوانە بكات كەلەپێناو مشتێك پارەدا یاساكان ژێراوژوور دەكەن و هەموو بڕیارێكى نادروست دەكەن بەدروست، من وەك هاولاتییەكى دانیشتووى هەڵەبجە هەتا ئێستا تاكە دامەزراوەیەك كەجێگەى شانازیم بوبێت دادگاكان بووە، بەڵام ئێستا پارەو پول و سەرمایەو دەستكەوت و بەرتیل و نەفس نزمی هەندێك حاكمى ناحاكم بەتەواوەتى ئابروى محكەمەشیان بردوو دادگایشیان كردە یەكێكی تر لەدەزگا گەندەڵ و پۆخڵەواتەكانى شارەكەم،ڕۆژانى داهاتوووردەكارى دەرچوونى ئەو بڕیارە جیاوازەو هەموو ئەو دەستانەیش دەخەینەڕوو كەلەڕێگەى پارەو لەوەڕى جۆربەجۆرە حاكم تەهایان پێ فریوداوە، چاوەڕوانبن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە