بەیاننامەى ناڕەزایى ژمارەیەك ڕۆژنامەنوس و چالاكى كۆمەڵگەى مەدەنى لە گەرمیان
Tuesday, 28/02/2012, 12:00
بەیاننامەى ناڕەزایى ژمارەیەك ڕۆژنامەنوس و چالاكى كۆمەڵگەى مەدەنى لە گەرمیان
لە ماوەى ڕابردوودا ئێمەى گەرمیانى شاهێدى بینینى چەندین پێشێلكارى ئاشكراین بۆ سەر ماڵ و موڵكى گشتى و دزینى سەروەت و سامانى خەڵك و زیادەڕۆیى كردن ، بە داخەوە هەتا ئێستاش نەمانبینیوە تاقە كەسێك لە سەر ئەو كارانە سزا بدرێت و سنورێك بۆ دەستدرێژى كردنە سەر موڵك و ماڵى گشتى و ئاسایشى خەڵك دابنرێت، هەموو ئەو كارە خراپ و نایاساییانەش خەڵكێكى دەست ڕۆشتوو و بەرپرسانیان لە پشتەوەیە بۆیە كارە نایاساییەكان لە زیاد بووندایە،لامان ڕوونە نزیكەى مانگێك دەبێت باندێكى تەزویركردنى مۆر و پسولەى سوتەمەنى و نوسراوى فەرمانگە حكومیەكان لە لایەن ئاسایشەوە دەستگیركراون و هەتا ئێستاش هیچ شتێك لە سەر ئەم باندە بۆ ڕاى گشتى و جەماوەرى گەرمیان ئاشكرا نەكراوە كە ئەمە بووەتە مایەى دروست بوونى گومان لە سەر ئەداى دەزگا ئەمنیەكان و دادگاى كەلار .
دادوەرە بەڕێزەكان ... دەزگا ئەمنیەكان ... لایەنە بەرپرسەكان
ئەنجامنەدانى لیكۆڵینەوەى جددى بەرامبەر بەم باندە و چەندین دەستە و باندى ترى نایاسایى و تەزویر ئۆباڵەكەى لە ئەستۆى ئێوەیە و ئەبنە شەریكى تاوانباران و جەلاد و دز و گەندەڵ و تەزویرچیەكان ،بۆیە پێویستە بە زوترین كات ئەنجامى لێكۆڵینەوە لەو باندە تەزویر چیە و تەواوى باند و كارە نایاسایەكانى تر ئاشكرابكەن ، ئەگەر نا پێویستە مەسئولیەتى پەردەپۆشكردنى ئەم تاوانە لە ئەستۆ بگرن و لە حاڵەتى ئاشكرا نەكردنى ئەم باندە و پەردەپۆشكردنى بە بەڵگەوە هەموو زانیاریەكانى تایبەت بەم باندە بۆ هەموو لایەك ئاشكرا ئەكەین و هەموو ئەو كەسانەشى لە كارى ئەم باندەوە گلاون و بە شێوەیەك لە شێوەكان پشكیان لە بەهەدەربردنى سوتەمەنى گوندەكان و هاوڵاتیان و تەزویركردنى چەندین پێناس و ناسنامەدا هەیە و ئەو بەرپرسانەشى كە پشتیوانى ئەم جۆرە باندانە ئەكەن ئەخەینە بەردەم ڕاى گشتى ...
حزبە سیاسیەكان لە گەرمیان ، ڕێكخراوە جەماوەرى و مەدەنى و پیشەییەكان ..
ئێستا كاتى ئەوەیە هەموو پێكەوە هەنگاو بەرەو چاكسازى و ئاشكرا كردنى تاوانباران و گەندەڵكاران بنێین و ڕێگە نەدەین چیتر ژێر بە ژێر هەرچى كارى نایاسایى و خراپەكارى هەیە پەردەپۆشبكرێن و ببینە پێشەنگ و خۆمان ڕێكخراو بكەین و خزمەتكردنى تەواوى هاوڵاتیان بكەینە ئامانجى لە پێشەینەى خۆمان و دەزگا ئەمنیەكان و دەسەڵاتى دادوەرى بخەینە بەردەم مەسئولیەتى مێژوویى و ئەخلاقى و نیشتمانى بەرامبەر بەم تەزویر و باند و دەستە مافیایانەى لە گەرمیاندا دروست بوون .
هاوڵاتیانى بەشخوراو و قوربانیدەرى گەرمیان
وەك هەمووتان ئاگادارن ئێمەى ڕۆژنامەنوس و چالاكەكان هەمیشە لە ڕیزى پێشەوەدا بووین بۆ دیفاع كردن لە ئێوەى هاوڵاتى و بەو پەڕى سەربەرزیەوە تا دوا هەناسە هەوڵى ئاشكرا كردنى تاوانەكان و ناپاكى و خیانەت و تەزویر بۆ بەرچاوى ئێوەى هاوڵاتى ئەكەین و بە توندى بەرپەرچى هەموو ئەو كەسانە ئەدەینەوە كە لە پشت ئەم كارە نایاساییانەوەن ، هەروەك ئەركى هەموو لایەكمانە پێكەوە لە بەرامبەر ئەم نایەكسانى و تەعەداكردنە لە ماڵ و موڵكى گشتى بێینە دەنگ . لە نزیكترین كاتدا هەموو كەیسەكانى گەندەڵى و تەزویر و دەستدرێژى بۆ سەر موڵكى گشتى و قووتى ئێوەى هاوڵاتى ئاشكرا ئەكەین .
ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس و چالاكى مەدەنى لە گەرمیان 27/2/2012
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست